
خۆپیشاندانی هەفتەی ڕابردووی پێکهاتەی مەسیحییەکانی سنووری بادینان، تەنیا شەو و ڕۆژێکی نەخایاند و وەک زۆربەی ڕووداوە زووتێپەڕەکان لە میدیاکاندا گوزەری کرد، بەڵام ئەمە بە مانای کۆتاییهاتنی چیرۆکەکە نایەت.
بۆ پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە هەرێمی کوردستان، «زەوی» تەنیا ڕووبەرێکی جوگرافی یان سەرمایەیەکی ئابووری نییە، بەڵکوو ڕەگ، ناسنامە، مێژوو و بەشێکە لە بوون و شوناسیان. کاتێک زەوییەک لە خاوەنە ڕەسەنەکەی دەسەندرێتەوە، تەنیا پارچە خاکێک ون نابێت، بەڵکوو پەیوەندییەکی مێژوویی دەپچڕێت کە دەبێتە هۆی لەقکردن و هەژاندنی متمانە و پێکەوەژیان.
ئێمە وەک تیمێکی ڕۆژنامەوانیی بنکۆڵکاری لە ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی، لە ساڵی ٢٠١٦دا، کاتێک هەستمان بە مەترسییەکانی تێکچوونی دیموگرافی و زیادبوونی فشارەکان لەسەر کەمینەکان کرد، ڕاپۆرتێکی مەیدانیی بەرفراوانی بنکۆڵکاریمان لەژێر ناونیشانی «کەمینەکان و کێشەی زەوی و زار؛ مەسیحییەکانی هەرێمی کوردستان بە نموونە» ئامادە کرد؛ لەوێدا پەردەمان لەسەر کۆمەڵێک ڕاستیی تاڵ هەڵدایەوە.
دۆڵی نەهلە لە پارێزگای دهۆک، وەک نموونەیەکی زەق لەو ڕاپۆرتەدا وەرگیرا. ئەم ناوچەیە کە مێژوویەکی دێرینی لە نیشتەجێبوونی کریستیانەکاندا هەیە، چەندین قۆناغی سەختی داگیرکاریی بەخۆوە بینیوە. لە لایەکەوە، پاشماوەی سیاسەتە ڕەگەزپەرستانەکانی ڕژێمی بەعسە کە بە مەبەستی سزادانی ئەو مەسیحییانەی بەشداریی شۆڕشی کوردییان کردبوو، زەوییەکانی لێ زەوت کردن و بە کەسانی دیکەی بەخشین. لە لایەیەکی دیکەشەوە، ئەوەی جێگەی سەرنج و هەڵوێستەیە، بەردەوامیی ئەو دەستبەسەرداگرتنەیە لە دوای ساڵی ١٩٩١ و لە سایەی دەسەڵاتی هاوپەیمانیی فەرمانڕەوادا.
لە دەرئەنجامی ڕاپۆرتەکە و بەڵگە فەرمی و مێژووییەکاندا دەرکەوت کە کەسانی دەستڕۆیشتوو و خاوەن هەژموونی عەشیرەتگەری و حزبی، زەوی و زاری گوندە مەسیحییەکانی وەک (کەشکاوا، هیزانکێ، خەلیلانی و شۆلی/ژۆلێ)یان داگیر کردووە.
ئێمە لە ڕێگەی ئەنجامدانی چەندین چاوپێکەوتنی مەیدانی لەگەڵ خاوەن زەوییەکان و بەرپرسانی ناوچەکە، گەیشتینە ئەو دەرئەنجامە مەترسیدارەی کە کێشەکە لە «نەبوونی یاسا»دا نییە، بەڵکوو لە «جێبەجێکردن»دایە. زۆرێک لەو خێزانە مەسیحییانە، بڕیاری کۆتایی و یەکلاکەرەوەی دادگایان لە گیرفاندا بوو کە سەلمێنەری خاوەندارێتییانە، بەڵام کاتێک دەگاتە قۆناغی جێبەجێکردن، دامودەزگا ئەمنییەکان و ئیدارەی ناوچەکە لەبەر خاتری «سەرۆک عەشیرەتەکان» یان «بەرژەوەندییە سیاسییەکانی حزب» پاشەکشە دەکەن. ئەمە نەک هەر بێهیوایییەکی گەورەی لای هاووڵاتیانی کریستیان دروست کردووە، بەڵکوو وای کردووە کەسانی دەستدرێژیکار خۆیان لە سەرووی یاساوە ببینن.
لە ڕاپۆرتەکەماندا هۆشداریمان دابوو کە ئەم دۆخە تەنیا کێشەیەکی موڵکداریی سادە نییە، بەڵکوو جۆرێکە لە «گۆڕینی دیموگرافیی نەرم و هێواش» کە دواجار مەسیحییەکان ناچار بە کۆچکردن دەکات بۆ دەرەوەی وڵات. هەرچەندە پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٥دا «یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان»ی پەسند کرد، کە لە ماددەکانی چوار و پێنجیدا بە ڕوونی جەخت لە قەدەغەکردنی گۆڕینی دیموگرافی و گێڕانەوەی زەوییە زیادەڕۆییە لێکراوەکان دەکاتەوە، بەڵام وەک لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، یاسا بەبێ «ئیرادەی سیاسی» ناتوانێت ببێتە قەڵغانی پاراستنی ماف و ئازادییەکان و جێبەجێکردنی دادپەروەری لە قۆناغی ڕاگوزەریدا. تەنانەت لێژنەی فەتوای یەکێتیی زانایانی ئیسلامیش کە داگیرکردنی زەویی کەمینەکانی بە «حەرام» لەقەڵەم دا، نەبووە هۆی ئەوەی پێشێلکارییەکان ڕابگیرێن.
ئەمڕۆ، دوای چەندین ساڵ، کاتێک لەگەڵ هاواری مەسیحییەکاندا سەیری ئەو ڕاپۆرتە و پێشنیارەکانی دەکەینەوە، دەبینین برینەکە هێشتا ساڕێژ نەبووە. چارەسەری ئەم قەیرانە پێویستی بە بڕیارێکی سیاسیی ئازایانە هەیە کە تێیدا «هاووڵاتیبوون» بکرێتە پێوەر، نەک «عەشیرەت و حزب». دەبێت حکومەتی هەرێم تێبگات کە پاراستنی زەویی مەسیحییەک لە نەهلە یان هەولێر، تەنیا پاراستنی موڵکی شەخسی نییە، بەڵکوو پاراستنی دوا تاڵەکانی ئەو پێکەوەژیانە و ئەو متمانە نێودەوڵەتییەیە کە هەرێمی کوردستانی پێ دەناسرێتەوە.
گەڕانەوەی ماف بۆ خاوەنەکەی، تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی دروشمی «هەموومان هاونیشتمانیین» لە چوارچێوەیەکی میدیاییەوە ببێتە واقیعێکی بەرجەستە.
سەرچاوە: https://www.google.com/url?sa=E&q=https%3A%2F%2Fpfo-ku.org%2Findex.php%2Fku%2Fwtar-drasat%2F79-2017-05-28-18-28-41
