
دامەزراوەکانی بەتورککردن و ئاسیمیلەکردن لە چاوی ئەو منداڵە هەتیوانەی ئەرمەنەوە کە هەڵاتن و دەرباز بوون
لێکۆڵینەوەی: پرۆفیسۆر د. ڕوبینا پێرومیان
لە ئینگلیزییەوە:محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
پوختە
هەرچەندە منداڵە هەتیوەکانی ئەرمەنستان جێگەی سەرنجی ئەم توێژینەوەیەن، بەڵام لە چوارچێوەیەکی فراوانتردا وەرگیراون، بەڵام مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵە هەتیوەکانی یۆنانی و ئاشووری و ئەرمەنی - بە هەموو هاوبەشی و جیاوازییەکەوە - نیشاندەری مەبەستە بۆ لەناوبردنی گرووپە بەئامانجگیراوەکانی مرۆڤ وەک لە ڕێککەوتننامەی جینۆساید پێناسەی دەکات.
ئەم توێژینەوەیە باس لەو مێتۆد و شێوازانە دەکات کە حکوومەتی عوسمانی وەریگرتووە و ئەو ڕێوشوێنە تەواوکەرانەی کە پێویستن لە پرۆسەی جێبەجێکردنی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو منداڵە بێشومارانەی لە چوارچێوەی سیاسەتی قڕکردنی گشتگیر و تەواودا. ئەمەش بریتی بوو لە دامەزراندنی خانەی منداڵانی هەتیو لە تورکیادا، کە هەندێکیان بە شێوەیەکی مەجازی پێیان دەگوترا مەکتەب (قوتابخانە ئایینیەکان) و بە شێوازگەلی دڕندەییانە ناچاری بوون بە ئیسلامیان دەکردن و دەیانناردن بۆ ماڵە موسڵمانەکان -هاوڕێ لەگەڵ ئازار و ئەشکەنجەدانێکی بێئاماندا و لە هەمان کاتدا بە ئامانجی نهێنی و شاراوەی باشکردنی ڕەگەز لە ڕێگەی دەزگا و دامەزراوەی بەتورککردنیانەوە و بێجگە لەوەش، مامەڵەی قێزەونانەی ئەم منداڵانە، لە ئەشکەنجەدان و دەستدرێژیکردنە سەر و کوشتنیان بە درێژایی ڕێگاکانی ڕاگواستنیان. باسەکە ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەزموونی دەستە و تاقمی دیاریکراوی ئەم منداڵانە قوربانیانە، لەوانەی لەم پیلانەدا گیانیان لەدەستدا وئەوانەی ڕزگاریان بووە و گەیشتوونەتە جیهانی دەرەوە یان بەردەوام بوون لە ژیان لە تورکیادا، وەک موسڵمان، ڕاستیان کردبێت یان بە خۆنواندن بووبیت، بێجگە لە مەسیحییانەش کە ئایین و باوەڕی خۆیان پاراستبوو سەرباری هەموو ئاستەنگ و سەختییەک کە بەرەوڕووی بووبوونەوە. بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتن و گێڕانەوەی کەسیی ئەم منداڵە هەتیوانە و لێکۆڵینەوە نوێیەکان لەسەر بارودۆخی دەروونیی نەوەکانیان، ئەم توێژینەوەیە تیشک دەخاتە سەر ئاسەوار و کاریگەرییە کورتخایەنەکان دەخاتە ڕوو، چونکە بە زۆری ئەم نەوەیە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە بووە بە نەوەیەکی مردوو و ناتوانێت بە تەواوی بەشدارییتەواو بکات لە بەردەوامبوونی گەل و نەتەوەی ئەرمەندا، سەرەڕای ئاسەوارە درێژخایەنەکانی جینۆساید کە پشتاوپشت دەکەن و بارگرانییەکی دەروونییان لەسەر خەڵک و نەتەوە دروستکردووە بە جۆرێکی وا کە دۆخەکەیانئاڵۆز کردووە و بوون بە ڕێگر لە پرۆسەی چاکبوونەوە و ساڕێژبوونی برینەکان.
ڕێککەوتننامەی جینۆسایدیشئاماژە بە کاریگەرییەکانی ئەم مامەڵە جینۆسایدییانەی ناکات کەوا گەل و نەتەوەی ئەرمەن هێشتا لە هەوڵ و خەباتدایە بۆ تێپەڕاندنی.
وشە سەرەکییەکان: تەکنیکەکانی کۆمەڵکوژی، چاوپێکەوتنی مێژووی زارەکی، بیرەوەرییەکانی ڕزگاربووان، هەتیوخانە ئەمریکی و ئەوروپی وئەرمەنییەکان و هەتیوخانەکانی تورکیا، ماڵە موسڵمانەکان، تەکنیکەکانی دەربازبوون و مانەوە، کۆکردنەوەی منداڵە هەتیوەکان، کاریگەرییەکانی نەوە دوای نەوە، مۆتەکە و وێنە و هێما ئایکۆنییەکان.
ئەم باسە لە گۆڤاری نێودەوڵەتیی توێژینەوەکانی جینۆسایدی ئەرمەن International Journal ofArmenian Genocide Studies،ژمارە ٢، ٩ی ساڵی ٢٠٢٤دا بڵاوکراوەتەوە.
پێشەکی
ڕێککەوتننامەی ڕێگریکردن و سزادانی تاوانی جینۆساید،"گواستنەوەی زۆرەملێی منداڵانی گرووپی ئامانج بۆ گروپێکی تر"(مادەی دووەم، فەسڵی هـ) وەک تاکە بڕگەیەک دەناسێت کە بە ئاشکرا پەیوەندیی بە کردەوە تایبەتەکانی منداڵانەوە هەیە و هیچ باسێکی تر لە سیاسەتی جینۆسایدی ئامانجدار لە دژی ئەم گرووپە نەکراوە و مەبەست لێی زەقنەکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەزموونی زەبربەخش دژ بە منداڵە ڕزگاربووەکان بووە و لە هەمان کاتیشدا گەلانی ڕزگاربوو لە خەباتی بێکۆتایی خۆیاندا بۆ زاڵبوون بەسەریدا و چاکبوونەوەیان. ئەم باسە تیشک دەخاتە سەر منداڵانی ئەرمەن بۆ زیاتر ڕاڤەکردن و ڕوونکردنەوەی مەسەلەی ئەرمەنی. بەڵام لە چوارچێوە فراوانەکەیدا دەتوانێت هەندێک ڕۆشنایی بخاتە سەر مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵانی هەتیوی یۆنانی و ئاشوورییەکانەوە- بە هەموو هاوبەشی و جیاوازییەکەوە - بۆ سەلماندنی وێنە گەورەکە وەک نیشاندەری نیاز و مەبەستی تورکە لاوەکان بۆ لەناوبردن لە ڕێگەی جینۆسایدەوە.
بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ، بایەخی سەرەکییتوێژەران و مێژوونووسانی ئەرمەن سەلماندنی ڕاستی و دروستیی جینۆسایدی ئەرمەنییەکان بوو کە بە شێوەیەکی سەرەکی سەرنجیان لەسەر بەڵگەنامەکردنی مێژوویی ڕووداوەکە بوو. تێکەڵکردنی بیرەوەری و کار و بەرهەمی ئەدەبی بۆ باشتر تێگەیشتن لە کارەساتەکە و لایەنە مرۆییەکەی دیاردەیەکی نوێیە. دواجاریشناتوانرێت جینۆسایدی ئەرمەنەکان وەک تەنها ڕووداوێکی مێژوویی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەو پێیەی وردەکاری و کاردانەوەکانی لە ئێستادا حاشا هەڵنەگرن و میللەت لە دەرئەنجامەکانیدا دەژی، کە بەپێی پێویست دانیان پێدا نانرێت و مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت.
ئەم باسە بەدواداچوون بۆ ئەو شێوازانە دەکات کە حکوومەتی عوسمانی پیادەی کردووە و ئەو ڕێوشوێنە تەواوکەرانەی کە پێویستن لە پرۆسەی جێبەجێکردنی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی منداڵانەدا لە چوارچێوەی سیاسەتی قڕکردن و لەناوبردنیگشتگیریدا. هەروەها لێکۆڵینەوەش لە کاریگەرییە کوشندە و پڕووکێنەکانی ڕابردوو و ئەو برینە هەرگیز ساڕێژنەبووانە دەکات کە ئەم هەتیوانە بە درێژایی ژیانیان هەڵیانگرتووە و کاریگەرییان لەسەر تەواوی کردار و ڕەفتاریان و تێڕوانینیان بۆ ژیان هەبووە. بەڵام لە پێشدا دەمەوێت سوپاسی کارەکانی پرۆفیسۆر ڤاهاکن دادریان بکەم، کە دەرکەوتووترین زانایە لە توێژینەوەکانی جینۆسایدی ئەرمەندا، کە دەستی بە باسەکە کرد و زەمینەی سازکردبۆ لێکۆڵینەوەی منداڵانی وەک لقێکی جیاواز لەناو تێکڕا قوربانییاندا١.
بۆ پێشکەشکردنی پاشخانێکی ئەم مشتومڕە سەبارەت بە سیاسەتەکانی قڕکردنی تایبەت بە منداڵان، سەرەتا تێڕوانینێکی گشتی لە شێوازانە دەخەمە ڕوو کە قووڵتر و ناسراوترن (لە هێنری مۆرگنتاوەوە تا ڤاهاکن دادریان)، بە پشتبەستن بە نموونەی وەرگیراوی یادەوەریی ئەو کەسانەی هێشتا لە ژیاندا ماون. پاشان قسە لەسەر ئەو هەتیوخانانەی تورکیا دەکەم کە کەمترین بەڵگەیان لەسەرە و بە دەگمەن لە بیرەوەرییەکانی ڕزگاربوواندا باسکراون و هۆکاری ڕواڵەتیی ئەوەیە کەوا کەم کەس لەم دامەزراوانە هەڵاتوون یان ڕزگاریان بووە. دیارە ئەگەر منداڵانی دەستبەسەر لەم دامەزراوانەی تورکیادا زۆر بچووک بوونو ڕەگ و ڕیشەی خۆیان لەبیرکردووە و بە تەواوی لە کۆمەڵگەی تورکیادا تواونەتەوەو ئاسەواریان بزر بووە،خۆ ئەگەر تەمەنیان ئەوەندە بووبێت کە لەبیریان مابێت، ئەوە لەگەڵ یادەوەرییەکی تاڵ وئازاربەخشی ناتەبا لەگەڵ دۆخی خۆیاندا ژیاون و بێدەنگی و هیچ نەدرکاندنیان بەسەردا سەپاوە.
منداڵان وەک بەشێک لە ڕاگوێزراوان لە ڕێگاوبانەکانی ڕاگواستندا
بە فەرمانەکانی ڕاگواستن قۆناخی یەکەمی چارەسەری کۆتایی دەستیپێکرد. بە زۆرییش پێش ئەوە گرتن و سەربڕینی خەڵکە نێرینە و باڵقەکان جێبەجێ دەکرا و زۆربەی ژن و منداڵ و پیرەکانیان ڕاپێچی ڕێپێوانی مەرگ دەکرد. بەڵام دیارە بەتەنها ڕاگواستن و تەنانەت بەئەنقەست توندکردنەوەیستەم و شەکەتی و ماندوێتییڕێگا چارەسەرێکی خێرا و یەکلاکەرەوەی لێنەکەوتەوە. لەبەر ئەوە جەندرمەکانی یاوەری کاروانەکان، ئەو پیرەژن و پیرەمێردانەی کە جێدەمان و نەیاندەتوانی بە ڕێکردنی کارواندا بگەندارکاری دەکرد و دەیانکوشتن. برسێتی و تینوێتی و نەخۆشی کە لەناو ئۆردووگاکانی ئاوارەکاندابڵاو بووبووەوە هێشتا کارەکەی تەواو نەدەکرد. بەڵکو هێرشە ڕێکخراوەکانی تورک و کوردەکان بۆ سەر گوندەکانیئەرمەن و تاڵانکردن و ڕووتکردنەوە و کوشتن وفڕاندنی منداڵ و ژنانی گەنج زیاتر کاریگەریی خۆیان سەلماندبوو.
هۆڤانس موگردیچیان لە لاپاجلێ (گوندێکە لە چیای ئامانوس) ئیفادە و شایەتی ئەوە دەدات کە: "... بە پاچ و تەور و چەقۆ وکوتەک و بێڵ و داس نزیکەی پێنج سەد کەسیان کوشت. ئەوان بەمکوشتارە دانەکەوتن بەڵکو زۆرێک لە ژنە گەنجەکانیان لەگەڵ خۆیان بە دیلی برد". پاشان زیاتر لەسەری دەڕوات و دەڵێ: "ساڵح کە زاوای کوێخای گوندەکە بوو لە کاروانێکدا دەستی بەسەر کچێکی سێزدە ساڵانی ئەرمەنیداگرت و لەگەڵ خۆیدا بردی و نانی نەدەدایە و ئەویش لە تاو برسێتی هێلکەیەکی دزیبوو خۆیی پێ تێر بکات و سزاکەی ئەوە بووە کە فڕێیداوەتە ناو بیرێکی وشکەوە کە قووڵیی چل مەتر بووە. هەڵبەت نامرۆڤایەتی هیچ سنوورێک ناناسێت!"2
هەر لە دۆخ و سیاقی ئەم بابەتەدا، ئەم شایەتحاڵانە و زۆر کەسی تری هاوشێوەیان راستییەک پیشان دەدەن تەواو پێچەوانەی ئەو ئیدیعایەی حکوومەتە کە جەندرمەکان بۆ پاراستنی ڕاگوێزراوان یاوەریی کاروانەکانیان دەکرد. دیروهی کویمجیان هایگاس لە کۆنیا ئەو ئیدیعایەی تورکیا ڕەتدەکاتەوە کە جەندرمەکان کاروانەکانیان دەپاراست و باند و تیرۆریستانیش تاوانی زۆریان دەکردلە دژی ئەرمەنییەکان. "من شایەتحاڵێکی زیندووی ئەم درۆ و دەلەسانەم و شایەتیی ئەوە دەدەم کە ئەوان ئێمەیان نەپاراست و لەڕاستی ئەوان خۆیان سەرچاوەی ئەنجامدانیتاوان بوون..."3
هێرش و هەڵکوتانەسەری بچڕبچڕ و تەقەکردنی هەڕەمەکیی بەردەوام نەدەبڕایەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەزاران ڕاگوێزراو، کە لەو هەموو دەرد و مەینەتی و ئازارەیڕێ ڕزگاریان بوو، لە کۆتاییدا بە حاڵ و بارێکی زۆر خراپ گەیشتنەدوا مەنزڵیان بیابانی سووریادا. زۆرێک لە بەرپرسانی ناوخۆیی کوشتنی بەکۆمەڵیان بە شێوازی جیاواز وەک تاکتیکێک بەکارهێنا بۆ ڕزگاربوون لەو کۆمەڵە گەورەیەی ئاوارەکان کە لە خاک و ناوچەکانیان کۆبووبوونەوە. گارۆ پۆلادیان لە بیرەوەرییەکانیدا ئەو شێوازە پیشان دەدات کە "ئەحمەد بەگی دڕندە" لە بیابانی سووریادا پەیڕەویی دەکرد، کە لە قوستەنتینیە تازە نێردرابوو بۆ ئەوەی جێگەی ئەو کەسە بگرێتەوە کە ئاسانکاریی دەکرد و شێوازە نەرمتری پیادە دەکرد. ئەحمەد بەگ چیچانییەکانی بەکاردەهێنا، کە دڕندەترین هۆزی بیابان بوون و بەڵێنی دەسکەوت و تاڵانیی باشی پێدابوون و تفەنگی بەسەریاندا دابەشکرد و بەرپرسیارێتیی پاکتاوکردنی یەکجارەکیی ئەرمەنەکانی پێسپاردن. ئەوانیش "بە تفەنگی دەستیانەوەو بەسەر ئەسپەوە، ئەرمەنەکانیان ڕاپێچ دەکرد و لە ژێر پێی ئەسپەکانیاندا دەیانشێلان و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەیان دەکرد و هەندێکیان کوشت و هەندێکی دیکەیان بریندار کرد و دەستدرێژییان کردە سەر کچە گەنجەکان و بەجێیاندەهێشتن تا بمرن و پاشان ئەو چەند کەسەی لە کوشتارەکە ڕزگاریان بوو ڕیزیان کردن".4گەلێ جاریش کە ڕاگوێزراوان دەرباز دەبوون و دەگەیشتنە بیابانی سووریا، لەوێ بێ نان و بێ ئاو و بێ هیچ لانە و پەناگەیەک پەرش و بڵاو دەبوون و بەجێیاندەهێشتن بۆ ئەوەی لەناوبچن.
منداڵان وەک بەشێک لە قوربانیانی کوشتنی بەکۆمەڵ
شێوازێکی تری کوشتنی بەکۆمەڵ کە وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ ڕاگواستن بەکارهێنرا و ئەویشبەندکردنی خەڵک بوو لە کەنیسەکان و سووتاندنیان بە زیندوویی بە ئاگرتێبەردانی کەنیسەکە. کۆستان زاریان یەک نموونەیەک ئەو حاڵەتانە دەگێڕێتەوە لە کتێبەکەیدا "دەنگەکانی ناو کەنیسە". هەریپسیمێ زینیان (عەجەمیان) لە ماڵگارە ڕووداوێکی تری بەزیندوویی سووتاندنی ڕاگوێزراواندەگێڕێتەوە و دەڵێ: پاشماوەی کاروانەکەیان گەیشتبووە دێرەزور کاتێ کە جەندرمەکان دەستیان کرد بە کۆکردنەوە و جیاکردنەوەی منداڵان. دایکی هریپسیمێی کچە تەمەن هەشت ساڵان کە تاکە ڕزگاربووی خێزانە گەورەکەیان بوو، بەرگەی ئازاری ئەم دابڕانەی نەگرت و لە بەر چاوی هریپسیمێ ڕایکرد بۆ ڕووبارەکە و خۆی فڕێدایە ناو ئاوەکەوە. کۆمەڵێک لەو ئاوارانەی کە مابوونەوە بە زیندوویی سووتێنران و ئەوانی تریان پاڵ پێوەنان پێواوە بۆ ناو ڕووباری فورات بۆ ئەوەی بخنکێن. منداڵان ئاگرەکەیاندەبینی و بۆنی تەرمی سووتاوەکانیان دەکرد و گوێیان لە قیژە و هاواریان بوو.٦
شۆغەر تۆنایان ئەو ڕۆژەی دێتەوە یاد کە چۆن عەسکەری تورکپەلاماری ڤارتێنێسەی گوندەکەیان دان لە نزیک موش و داگیریان کرد وتەواوی گوندنشینەکانیان لە دوو تەویلەی گەورەدا کۆکردەوە و ئاگریان تێبەردان. ئەو دەمە شوگەر تەمەنی چواردە ساڵ بوو. لەو چاوپێکەوتنەی لەگەڵ ڤێرجینێ سڤازلیاندا، شۆغەر هەوڵدەدات ئەو کارەساتە وێنا بکات کە لەناو تەویلە بڵێسەدارە پڕ لە دووکەڵەکەدا ڕوویدا. هەندێکیان لەم دۆزەخە ڕزگاریان بوو تەنها لەبەر ئەوەی پێش ئەوەی بڵێسەی ئاگرەکە هەمووان بخوات، ساپیتەکە داڕمابوو. ئەو و خوشکەکەی توانییان بەسەر داروپەردووی وێرانەکەدا سەربکەون و هەڵبێن. بەڵام لە کاتی چاوپێکەوتنەکەدا بەردەوام دەیگوت "خۆزگە منیش دەرباز نەبوومایە، ئای لەو دەرد و مەینەتییەی پێیدا تێپەڕیم".٧ ئەوەندە ساڵ دوای ئەوە، یادەوەرییەکان هێشتا زیندوون و هێشتا ژیانی ئەویان هەر بەدبەختو پڕ کوێرەوەری کردووە.
لە هەموو ئەو شایەتییانەی سەرەوەدا هیچ مامەڵەیەکی تایبەت لەگەڵ منداڵانی بچووکدا نییە. منداڵان بەشێکن لەو دانیشتوانی گشتییبەئامانجگیراو کە بەدرێژایی ڕێگای ڕاگواستنەکە تووشی ستەم و پاکتاوکردن بوون.
مێتۆد و شێوازە تایبەتەکانی منداڵان
ڤەهاکن دادریان ئەو شێوازە ئەهریمەنییانەی کە حکوومەتی تورکیا، یان نوێنەرە ناوخۆییەکانی جێبەجێیان کردووە بۆ ڕزگاربوون لە هەزاران منداڵی بچووک، ژمارەی زیادەی هەتیو لە پرۆسەی کۆمەڵکوژی و ڕاگواستندا دەژمێرێت و بەڵگەی لەسەر دەکات.8 ئەوباس لە ژەهراویکردنی بەکۆمەڵ و "حەمامی هەڵم" دەکات -واتە کوشتنی کۆرپە بە هەڵمی گەرم - خنکان، دەستدرێژیکردنە سەر کچان و تەنانەت کوڕانی گەنجیش، سووتاندن یان ناشتنی منداڵان بە زیندوویی و ئەو منداڵانەی کە لەلایەن تورک و کورد و عەرەبەکانەوە هەڵگیراونەتەوە بۆ ئەوەی یان لای خۆیان بیانهێڵنەوە یان لە بازاڕی کۆیلەدا بیانفرۆشن.
لە کتێبی "ئیندێکسی بابەتیی" کۆمەڵە قەبەکەیدا کە سەدان چاوپێکەوتنی ڕزگاربووانی تێدایە و زۆربەیان لە ئەرمینیای سۆڤیێت بوون، لە کتێبی "ئیفادەکانی جینۆسایدی ئەرمەنی بۆ شایەتحاڵە ڕزگاربووەکانTheArmenianGenocideTestimoniesofthe Eyewitness Survivors"، ڤێرجینێ سڤازلیان ١٣١ چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەو کەسانەدا کردووە کە یان شایەتحاڵی دەستدرێژیکردنە سەر برا و خوشکێکیان بوون یان خۆیان دەستدرێژییان کراوەتە سەر، 32 باس و گێڕانەوە لە هێرشکردنە سەر کاروانەکانی ڕاگوێزراوان لەلایەن چیچان و چەرکەسییەکانەوە، بە مەبەستی جیاکردنەوەی منداڵان بۆ سەربڕینیان و فڕاندنی منداڵانی گەورەتر بۆ بەکارهێنانیان وەک کۆیلەی سێکسی و کرێکاریی زۆرەملێ، یان فرۆشتنیان، لە ناو ئەوانەدا ١٢٦ باس و گێڕانەوە لە تورکاندن یان بەئیسلامکردنی زۆرەملێی ئەو قوربانیانە هەیە کە دواتر هەڵهاتوون و گەڕاونەتەوە بۆ ئایین و باوەڕی یەکەمجاریان، 74 باسی منداڵ و کۆرپەی سووتاو یان بە زیندوویی نێژراو یان لە کەندڕێکەوە فڕێدراونەتە خوارەوە یان فڕێدراونەتە ناو چاڵێکەوە یان خنکاون، یان دەستدرێژی کراوەتە سەریان و کوژراون، 78 باس و گێڕانەوە لە ڕزگاربووانێک کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە قوتابخانە و کەنیسە و ماڵو تەویلە و گەوڕ و چاڵ و ئەشکەوتەکان لە ئەرمەنەکان پڕ کراون و ئاگریان تێبەردراوە.
ژەهراویبوون- گێڤۆرگ چیفتچیان تەمەنی شەش ساڵ بوو کاتێ سەربازەکان هەڵیانکوتایە سەر کابووسێی گوندەکەیان و گوندنشینەکانیان دایەبەر خۆیان پێش ئەوەی دەرفەتی سەرکەوتنیان بۆ سەر شاخی موساداغ بۆ بڕەخسێت و بەرگریی لە خۆیان بکەن. ئەو کاروانەکەی لەبیرە کاتێ گەیشتووەتە حەما و لەوێ ٥٥ منداڵی تەمەن ٥-٦ ساڵ لە ئەشکەوتێکدا بەند کرابوون بۆ ئەوەی بەهۆی برسێتی و گەستن و پێوەدانی مار و مێرووەوە بمرن. وەک کوڕە بچووکەکان لەبیریانە، پاشایەکی تورک گێڤۆرگی بردووەتە ماڵەکەی خۆی بۆ گسکدان و پاککردنەوەی و پاشان هێندەی فەلاقە کردووە تا بێهۆش بوو. هەرچۆنێک بێت گێڤۆرگ توانیوێتی ڕابکات و دواتر بیستبووی کە هەمان پاشا منداڵەکانی ناو ئەشکەوتەکەی ژەهرخواردوو کردووە بۆ ئەوەی مردنیان خێراتر بکات.٩
لێڤۆنتی ئازادیانی تەمەن هەشت ساڵان باس لە سەختیی ڕاگواستنەکە دەکات کە چۆن جەندرمەکان ئاوارەکانیان کوشتووە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەیان. ئەو کچە منداڵە هەتیوخانەیەکی تورکیای لەبیرە کە ماوەیەکی کورت تێیدا ژیاوە و دەگێڕێتەوە کە ڕۆژێکیان هەموو منداڵە هەتیوەکانی ئەرمەنیان لە هەتیوخانەکەدا کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی گوایەخواردنیان پێبدەن. ئەو نەیدەزانی چی لەو خواردنەدا هەیە کە منداڵەنابیناکان خواردوویانە و پاشان ئەم منداڵە کوێرانەیان فڕێداوەتە دەرەوە بۆ ئەوەی بمرن. بەڵام ئەو چۆن لەم کارەساتە پڕ دڕندەییە ڕزگاری بووە، یان لە ناو ئەم منداڵانەدا بووە و بە موعجیزەیەک ڕزگاری بووە، ڕوون نییە.١٠
خنکان - نێرگز ژەمکۆچیان خەڵکی کوتۆرا (کە ئەمڕۆ ئۆردووە) لە سەر دەریای ڕەش، دەگێڕێتەوە کە هە موو ئەرمەنەکانی شارۆچکەکە دەرکراونەتە دەرەوە و پێش دەستپێکردنی ڕاگواستنەکەکوژراون. داپیرەی نێرگزی تەمەن چوار ساڵ و هاگۆپی برا دوو ساڵانەکەی بە دراوسێیەکی یۆنانی دەسپێرێت. منداڵەکان تا دەرچوونی فەرمانی حکوومەت بۆ لەسێدارەدانی هەرکەسێک کە ئەرمەنییەکانیان داڵدە دابێت یان شاردبێتەوە، لای ئەو خێزانە داڵدەدراون. پاش ئەم بڕیارە منداڵەکان فڕێدرابوونە سەر شەقام. تەمەنی نێرگز زۆر لەوە بچووکتر بووە کە هەموو ئەمانەی لەبیر بێت، بەڵام چیرۆکەکە زۆر دواتر لەلایەن دایکی و داپیرەیەوە بۆ گێڕدراوەتەوە. بەڵام ئەوەی لە هەست و بیریدا پاراستوویەتی و هەرگیز لە یادی ناکات ئەو ساتەوەختە بووە کە بە هۆی پاڵنەر و خووی مانەوەوە دەستبەرداری برا نەخۆشەکەی بووە و لەناو ئەو کۆمەڵە منداڵەدا جێیهێشتووە کە جەندرمەکان لە کەناری دەریادا کۆیان کردبوونەوە و لەوێ دووریانخستبوونەوە. ئەو لە پشتی دار و دەوەنەکانەوە بینیبووی کە چۆن زەبتییەکان ژنە تورکەکانیان دووردەخستەوە، کە لەوێ کۆبووبوونەوە بۆ یارمەتیدانی منداڵەکانبە پێدانی پارچە نانێک و کووپێک ئاو. هەروەها گوێی لە هاوارکردنی زەبتییەکان بووە:"خەمی تنوێتیی ئەوان مەخۆن، چونکە بەم زووانە ئاوێکی زۆریان دەبێت بۆ خواردنەوە"و بە ترس و تۆقینەوەتەماشای دەکرد چۆن زەبتییەکان منداڵەکان بە دەم قیژە و گریانەوە هەڵدەدەنە ناو ئاوی دەریاوە بۆ ئەوەی بخنکێن. ئەوە دواجار بوو کە براکەی تێدا بینێت، بەڵام ئەم بە درێژایی ژیانی یادەوەریی ئەو دیمەنە و ئەو نیگا ترسناکەی کە لە سەر دەموچاوی براکەی بوو لە ئاگایی و لە خەویشدا بەرۆکی بەرنەدەدا و سەردانی دەکرد.
هەرچەندە نێرگز هەموو تەمەنی گەورەیی خۆی لە سوخومی لە کەناری جوانی دەریای ڕەشدا بەسەربردووە، بەڵام هەرگیز نەیتوانی خۆی لەگەڵ دیمەنی دەریادا ئاشت بکاتەوە. بۆ ئەو، "ئاوەکانی دەریا بەڕواڵەت بێباکانە جەستە و ڕۆحی ئەرمەنە لەناوچووەکان، خنکاو و لەدایک نەبووەکانی گرتبوو، فرمێسک و هاوارەکانیان لە ڕێگەی خوێ و تاڵیی ئاوی تاریک و نرکە و ناڵەی شەوانەی شەپۆلەکانیەوە هەستیان پێدەکرا و ئازار و ترس و تۆقینیان هێشتا بەرەو شێتبوونم دەبەن ئەگەر زاتم هەبێت و دوای چەندین ساڵ بوێرم لە دەریا نزیک ببمەوە!"11
خنکانی بەکۆمەڵ تەنیا هەر لەسەر ویلایەتی تراپیزۆن قۆرخ نەبوو. ڤەهاکن دادریان گەلێ نموونەی خنکانە بەکۆمەڵەکانی باسکردووە کە لە ناوچە جیاوازەکانی ڕووباری فورات ڕوویانداوە.12 دادریان بە ئاماژەدان بە کچە ڕزگاربوویەکی ئەرمەنی باس لە خنکانی ٢٠٠٠ منداڵی ئەرمەنی دەکات بە فەرمانی مستەفا سیدقییسەرۆکی پۆلیسی دێرەزور، لە ٢٤ی ئۆکتۆبەری ١٩١٦دا. "ئەوا دوو دوو هەڵدەدرانە ڕووبارەکەوە لەبەرچاوی سەرۆکی پۆلیس کە چێژێکی تایبەتی لە شوێنی دراما و کارەساتی خنکانەکە وەردەگرت".13
لە گێڕانەوەیەکی زۆر زەق و کاریگەردا لەبارەی ئەزموونە دڵتەزێنەکەیەوە، کە دوای گەیشتن بە ئەمریکا لە ساڵی ١٩١٧دا نووسراوە، ئارشالویس ماردیگیان (گۆڕاوە بۆ ئاورۆرا ماردیگانیان لە ئەمریکا) بە وردییەکی زۆرەوە باس لەو دڕندەیی و بەربەرییەت و ئەشکەنجە نامرۆڤانە باوەڕپێنەکراوانە دەکات کە بەسەریهاتووە یان شایەتحاڵی بووە.14 ئیعدامکردنی دڕندانەی کوڕە بچووکەکان بە خنکاندنیان لە ڕووبارەکەدا. هەروەها دەگێڕێتەوە کەوا کاروانەکە گەیشتبووە مەلاتیە و وەک ئەوانیتر کە پێشتر گەیشتبوون و لە دەرەوەی شارەکە هەواریان خست.
"لەوێسەربازەکان چوونەکەمپ یان خێوەتگەکانەوە و هەموو ئەو منداڵانەیان لەگەڵ خۆیان بردکە تەمەنیان لە پێنج ساڵان زیاتر بوو. پێم وایە ژمارەیان لە هەشت نۆ هەزار زیاتر بووبێت. تەنانەت سەربازەکان هاتنە ئەو ماڵەی کە من تێیدا لەگەڵ ئەرمەنییە 'گۆڕاو یان هەڵگەڕاوەکاندا' بووم و سەرەڕای بەڵێنەکانی سەرۆکی شارەوانی کچ و کوڕەکانمانیان برد....ئەوان منداڵەکانیان بردە پەڕی شارەکە کە تیپێک لە کوردانی ئاغجە داغی چاوەڕێیان دەکرد. ... کوردەکان وەک ڕانە مەڕ بەرەو ڕووباری تۆکمە ڕاپێچیان کردن. لە کەناری ڕووبارەکەدا کوڕەکان فڕێدرانە ناو ڕووبارەکەوە و کچەکانیشیان برد بۆ شارە کوردییەکان بۆ ئەوەی وەک محەممەدی پەروەردە بکرێن"15(محەممەدی بە واتای موسڵمان دێت - وەرگێڕ).
فرۆشتن لە بازاڕی کۆیلەدا - بازاڕەکانی کۆیلە هەمیشە شانۆیەکی ئەزموونی ئازار و ئەشکەنجەدان بوون بۆ ئەو کچ و کوڕانەی کە بەم شێوەیە زەلیلکەر و نامرۆڤانە نمایش دەکران. ئاورۆرا ماردیگانیان تیرۆری خۆی لە ماڵی بەکران ئاغای کۆیلەفرۆشی بەدناوی موش بیر دەکەوێتەوە. "دە هەزار کچی ئەرمەنی، کچە ناسک و هەڵبژاردەکانی ماڵە مەسیحییەکان، کچانی زانکۆ و کۆڵێجەکان، مامۆستایانی گەنجی قوتابخانە، کچی ماڵە دەوڵەمەند و هەژارەکان، ئەزموونی هەمان هەستی تۆقین و تێرۆریان دەکرد کە ئەو ڕۆژە بەسەرمندا هات کاتێ تێگەیشتم کە لە ماڵی ئەم کۆیلەفرۆشە بەدناوەدا دیلم". ئەوجا باسی ئەم پرۆسە قێزەونە و ئەو کچە کڵۆڵ و چارە ڕەشانە دەکات کە تووشی بوون. بازاڕ پڕ بوو لەم کاڵا بازرگانییە، بۆیە نرخهێجگار هەرزان و کەم بوو. ئەرشالویس بە یەک مەجیدی (نزیکەی ٨٥ سەنت) کڕدرا و بردیانە ئەو ماڵەی کە جەودەت بەگی والیی وان، کە دواتر بوو بە فەرماندەی سوپای تورکیا کە دژی ڕووسەکان کاری دەکرد.
هریپسیمێ زینیان (عەجەمیان)ی تەمەن هەشت ساڵان، وەک پێشتر باسمانکرد، لە نێو ئەو کۆمەڵە منداڵەدا بوو کە لە کەمپی ئاوارەکانی دێرەزور لە دایکیان جیاکرابوونەوە، ئەو باس لەوە دەکات کە ئەو منداڵانەی لە دۆڵێکی ئەو نزیکانەدا کۆکرابوونەوە، هاواریان دەکرد و دەگریان. ئەو شەوە منداڵەکانیان بە بێ نان و ئاو هێشتەوە و خەریکبوو لە تینواندادەخنکان،دنیا تاریک بوو،چەم و جۆگە ئاوێکیان دۆزییەوە و بە هەڵاداوان کەوتنە سەری و تا توانییان لێیان خواردەوە. بۆ بەیانیەکەی بە ترسەوە دەموچاوی یەکتریان بینی کە پەڵە پەڵە خوێنی پێوەبوو. تومەز ئەم جۆگەیە خوێناوی خزم و کەسوکارە کوژراوەکەی خۆیان بووە کە لێیان خواردووەتەوە.دواجار منداڵەکان بۆ دوور بران و فرۆشرانە بەدووەکان. ناوی هریپسیمێ گۆڕدرا بۆ حەمدیە و دەموچاو و قۆڵەکانی خاڵکوت (تاتۆ) کرابوو، وەک هەموو ژنانی خێڵە بەدووەکان ولەو ماڵە عەرەبەدا ژیاوە تا لە ساڵی ١٩١٩دا لەلایەن ئاردرانیک و هێزەکەیەوە ڕزگارکرا.16
دەستدرێژیکردن - دەستدرێژیکردنە سەر کچان و ژنانی گەنج و پیر و تەنانەت کوڕانیش بەربڵاو بوو. بەگوێرەی دادریان، لە هەندێک ناوچەدا "کەنیسەکانی ئەرمەنی وەک سۆزانیخانەی کاتی بەکاردەهێنران".17
هێنری مۆرگنتاو بەبێ بەکارهێنانی ئەم وشەیەشدەستدرێژیی سێکسیی بەربڵاودەسەلمێنێت و دەڵێت: "لە پشتەوە سوپایەکی بچووکی کچان بەجێماوە کە وەک کۆیلە فرۆشرابوون - کە زۆرجار لە بەرانبەر یەک مەجیدی، یان نزیکەی هەشتا سەنتدا- و کە دوای خزمەتکردنی مەبەستە دڕندەکانی کڕیارەکانیان، ناچار بوون ژیانی لەشفرۆشی بەڕێوەببەن".18کەرۆپ بێدوکیان، ئەو کوڕە تەمەن نۆ ساڵەی خەڵکی سیڤاز بە ڕێگای ڕاگواستنیانەوە، ئەو هێدمە و شۆکە ترسناکەی بیر دێتەوە کە تووشی بوو کاتێبە چاوی خۆیئەو ئەتککردنە قێزەونەی بینی کە لەلایەن شەش کوڕی تورکەوە دژ بە کچێکی جوان ئەنجامدرا. ئەوان جلەکانی دڕاند و دەستدرێژییان کردە سەری و ئەوجا فەرمانیان پێکرد هەستێت و بە ڕووتی سەما بکات،دواجاریش بینی کە چۆن بە ترس و تۆقینەوەبەرەو ڕووبارەکە (فورات) ڕایکرد و خۆی خنکاند.١٩
دیرۆهی کۆیمجیان هایگاس بە نووسینی چیرۆکی ژیانی بە ئەرکی خۆی دەزانێت قسە بۆ هەزاران کچ و ژنی ئەرمەنی بکات کە "بۆ هەمیشە لەلایەن دەستدرێژکارانی تورکەوە تێکشکان و وێران بوون".٢٠
ئێستەر/ گێزیر خەدیجەی دایکی مارگرێت ئانهێرستعەجەمیان، ژیانێکی نوێی لە ئەمریکا دەستپێکردبوو بەڵام بە ئازاری یادەوەریی ئەزموونە تاڵ و ترسناکەکەیەوە دەژیا: "تەنها شتێک کە لەگەڵ خۆم هێنابووم بۆ ئەمریکا یادەوەریم بوو -ئەو شتەی کە بەتوندی دەمویست لە دوای خۆمەوە بەجێیبهێڵم"٢١. ئەو تەنانەت پێش ئەوەی چیرۆک و بەسەرهاتەکەی بۆ کچەکەی بگێڕێتەوە، بە بێمەبەست کاریگەریی ئەو ئەزموونە ترسناکەی بۆ گواستەوە. مارگرێت بە دەم ترسی تورکەکان و خراپە و شەڕخوازیی سێبەرێکی بەدقوومەوە گەورە بوو کە بەسەر ماڵەکەیاندا دەسووڕایەوە. ئێستەر لە تەمەنی ٩٨ ساڵیدا بڕیاریدا چیرۆک و بەسەرهاتەکەی بگێڕێتەوە، "هەر کاتێ من مردم، ڕاستی لەگەڵمدا دەمرێت. دەبێت تۆ و منداڵەکانت بزانن من چیم بەسەرهاتووە و بە چیدا تێپەڕیوم". ئێستەر و خێزانەکەی لە ئەماسیاوەکەوتنەڕێ و ئەو کاتە تەمەنی سێزدە ساڵ بوو. ئەم خێزانە خۆیان ڕادەستی ستەم و مەینەتیی درێژایی ڕێگەی ڕاگواستن کرد و تا دەهات لێیان کەم دەبووەوە، تا لە دواجاردا ئێستەر خۆی بە تەنها مایەوە، نەخۆش و لەڕ و لاواز خەریکبوو لەبرسا بمرێت. ژنێکی ئەرمەنی بەتورککراو ڕزگاری کرد و خستیە ژێر بەزەیی و چاودێریی خۆیەوە.بەڵام دواتر دایە دەست ژن و مێردێکی بەساڵاچووی بێ منداڵی تورکەوە. لەو ماڵە تورکەدا ناوی گۆڕدرا بۆ گێزیر خەدیجە و وەک کچێکی ماڵەکە مامەڵەی لەگەڵدا کرا بەڵام لەلایەن یوسف بەگی "باوکیەوە"، کە ئەفسەرێکی سەربازیی خانەنشینکراو بوو دەستدرێژیی سێکسیی کرایە سەر. بەڵام گاڵتەجاڕییە ترسناکەکە ئەوەبوو کە هانمی هاوسەری یوسف بەگ، بەڵێنی دابوو وەک ئەو کچەی کە هەرگیز نەیبوومامەڵەی لەگەڵ بکات و ئاگاداری بێت، کەچی "منی وەک سۆزانییەک بۆ هاوسەرەکەی بەکاردەهێنا". ئێستەر ڕایکرد بۆ خانەیەکی هەتیوان کە هەموو هەفتەیەک تورک و کوردەکانی دەوروبەری دەهاتن بۆ ئەوەی یارمەتیدەرێک، منداڵێک، یان هاوسەرێکیان دەستبکەوێت. لەوێ گەنجێکی تورک ئێستەری هەڵبژارد و وەک ژنی خۆی بردیەوە بۆ ماڵەکەی، بەڵام دوای ئەوەی کە زانی پەردەی کچێنیی نەماوە، بە بەردەوامی لێی دەدا و جنێوی بە ئایینەکەی دەدا، "دینینی سیکترdinini siktir"، واتە هەی بێدین. ئەو بەردەوام بەرگەیلێدان و جنێودان و سووکایەتیکردن بە ئایینەکەی و باوباپیرانی و بەو هیوا و ئیرادەیەی کە ڕۆژێک هەر دێت بەرەو ئازادی هەڵبێت، بەرگەی گرت. ئێستەر لەو ماڵەدا تەنها کەنیزەک و کۆیلەی سێکس بوو، بەڵام خۆشبەختانە منداڵی نەبوو. لەو کاتەشەوەکە تووشی هێدمە و شۆکە ترسناکەکانی ڕێپێوانی مورگ بوو، لە سووڕی مانگانە کەوت. بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو ستەمکاری و دڕندەییانەی بەرانبەری ئەنجامدرا، ددان بەوەدا دەنێت کە ئەو پیاوە دڵڕەق و دڕندەیەی خۆشویستووە. ئاخۆلێکدانەوەیەکی دەروونیی هەیە بۆ ئەم جۆرە پەیوەندییە، کە لە ناو ژنانی فڕێنراویسەردەمی جینۆسایددا شتێکی نامۆ نەبووە؟
ئێستەر بە خراپ مامەڵەکردن و لێدان و دەستدرێژیی سێکسی، ژیانی خۆی لەو ماڵەدا بۆ ماوەی سێ ساڵ ڕاکێشا تا دەرفەتێکی بۆ هەڵهاتن بۆ شوێنی لەدایکبوونی دۆزییەوە. بەڵام کاتێ لە کۆتاییدا هەڵهات و گەڕایەوە بۆ شارەکەی خۆی، لەلایەن ئەو ئەرمەنانەی کە بووبوون بە موسڵمان و خۆیان لە ڕاگواستن بەدوورگرتبوو و دەیانویست ساڵانی سەخت و تاریکی لەبیر بکەن، تووشی سەرکۆنە و سووکایەتی پێکردن هات. "مۆرتسیرMortseer(لەبیرکردن!) بوو بەو وشەیەی کە هەموویان بەکاریاندەهێنا". ئێستەر گاڵتە و سووکایەتیی زۆری پێکرا چونکە "کەوتبووە ناو 'بۆیاخی ڕەش'ەوە [کە توانج و ناتۆرەیەکی ئەرمەنییە بۆ کەسێک کە لەگەڵ دوژمندا خەوتبێت] و جارێکی تر هەرگیز پاک نابێتەوە". دواجار لەلایەن خێزانێکی ئەرمەنییەوە داڵدەدرا و بردیانە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
لە سەرەتای ژیاننامەکەیدا کە لەلایەن مای ئێم دەرداریانەوە نووسراوە22 ڤێرگین بۆ جیهانی ڕایدەگەیەنێت، "من لەوێ بووم! شایەتحاڵ بووم! قوربانی بووم!"، ئەوەی کە بینیم و بەسەرمهات و بەرگەم گرت، لە خەیاڵبەدەرە. ڤێرگین خوێنەر دەباتە مەیدانەکانی کوشتن بۆ گوێگرتن لە هاواری ئازار و پاڕانەوە بۆ بەزەیی و بانگەوازی بێدەسەڵات کە "ئەڵڵا نێردەهسەنAllahnerdehseen؟" (خوایە تۆ لە کوێی؟). ڤێرجین بێتاوانی خۆی و ڕۆحی خۆی و باوەڕەکەی لەدەستدا بەهۆی دڕندەییەکانەوە: "باوەڕم بە ئایین نەما، لەو کاتەوەی لە دەستی دەستگیرکەرە عەرەبەکانم هەڵهاتوومنە نوێژم کردووە و نە چوومەتە کەنیسە و لەو کاتەوە بەردەوام ڕقم لە نوێژە".
ڤێرگین تەمەنی سێزدە ساڵ بوو کاتێک لە ماڵی منداڵییەوە لە شاری قەیسەری لەگەڵ دایکە بێوەژنەکەی خستیانە سەر ڕێی ڕاگواستن، چونکە بژاردەی ڕزگاربوونی بە موسڵمانبوون ڕەتکردبووەوە. لە ڕێگەیاندا بە قەتمەدا تێپەڕین و ئەوجا حەڵەب و دواجاریش گەیشتنە سەرێ کانی(رأس العین) لە بیابانی سووریا کە ئاوارە ڕزگاربووەکانیان تێدا ترنجاندە کەمپێکی تەنگەبەرەوە بۆ ئەوەی لە برسێتی و نەخۆشیدا بمرن. دوای چوار مانگ سەربازەکان هەڵیانکوتایە سەر کەمپەکە و ئەو ئاوارانەی کە مابوونەوە بۆ پاکتاوکرد و لەناوبردن کۆکردەوە. ڤێرجین لەوەدا بوو بمرێت کاتێ عەرەبێکی بەدوو پێشنیازی داڵدەدانی کرد لە ماڵی خۆیدا و ئەویش ڕازی بوو، بە مەرجێدایکی و چەند ژنێکی تریش ببات و بۆ ماوەیەک ڕزگاری بوو. لێرە ناوی گۆڕدرا بۆ نورا و دەموچاویان پڕکرد لە خاڵ(تاتوو). بەڵام کابرای عەرەبی بەدوو نەخشە و پلانێکی تری داڕشتبوو. ئەو هاوڕێکانی ڤێرجینی کوشت و لە خێوەتگەی خێڵەکەی خۆیی دوورخستەوە و دەستدرێژیی سێکسیی کردەسەر. ئەم کچە منداڵە سێزدە ساڵانی کڵۆل و بەدبەختە چەند جارێک هەوڵیدا ڕابکات و هەموو جارێک دەگیرایەوە. بەڵام دواجار توانی هەڵبێت بۆ حەڵەب. ڤێرجین زیاتر لە نیو سەدە دوای هاتنی بۆ ئەمریکا دەستی بە نووسینی بیرەوەرییەکانی کرد: وێنە و خەیاڵە ترسناکەکان هێشتا هەر ڕۆحیان دەکوتا و هەرچەندی دەکرد نەیدەتوانی ڕابوردووی بیربچێتەوە و تاتۆکانی سەر ڕوومەتی بیرهێنانەوەیەکی بەردەوام و سەرچاوەی شەرمەزاری و خەمۆکی بوون بۆی. دواجار لە ڕێگەی زنجیرەیەکی درێژخایەنی نەشتەرگەرییەوە ڕزگاری بوو، بەڵام هەرگیز لە بارگرانیی یادەوەرییەکانی ڕابوردوو ڕزگاری نەبوو.
گەیانێی داپیرەی لیۆناردۆ ئەڵیشانئەتک نەکرابوو بەڵام ئەو ڕووداوەی کە شەرەفی ڕزگار کرد و ژیانی سەندەوە بەردەوام ئازاری دەدا. لیۆناردۆ دەنووسێت "وازی لە کچ بوون هێنا و بوو بە پەیکەرێکی تاوانباری". کاتێ کە بە تەنها دەبوو دەگریا، یان پێی وابوو تەنهایە، وەک لیۆناردۆ لەبیریەتی و جارجار دەبرایە کلینیکی دەروونی بۆ چارەسەر و شیاندن. لیۆناردۆ تەمەنی تەنها نۆ ساڵ بوو کاتێداپیرەی ئەو نهێنییەی لەلا درکاند کە بۆچی ئەوەندە کڵۆڵ و بەدبەختە و هۆکاری گریانە بەردەوامەکەی چییە:
"ڕۆژێکیان کاپتنە تورکەکە بە ئەسپێکی بەڵەک بەڵەکەوە بەلایدا تێپەڕیوە. ئەم سەرپۆشێکی سووری بەسەرەوە بووی کە بەنرخترین شت بووە لای. کاپتنەکە پێیگوتووە: 'ئەمشەو دێم بۆ لات' پیرەژنێکیشپێیگوتووە کە سەرپۆشەکەی فڕێبدات و ئەویش بە گوێی کردووە. ئەو ئێوارەیە تەماشای کردووە کاپتنەکە لەگەڵ کچێکدا ڕۆیشتووە کە سەرپۆشە سوورەکەی ئەمی بەسەرەوە بووە. پاشان کاپتنەکە بەبێ کچەکە گەڕاوەتەوە. ئەمیش لەو شەوەدا فرمێسکی ئاسوودەیی هەڵوەراندووە، بەڵام تا کۆتایی ژیانی بە فرمێسکی پەشیمانی باجەکەی داوە".٢٢
گەیانێ بوو بە ڕوخساری خەمباریتەواوی دەرد و ئازارەکانی گەل و نەتەوە و لە هۆنراوەکانی لیۆناردۆدا وەک ژنێکی شێت دەردەکەوێت کە سوارەکانی تورک لە چواردەوری تەختی مردنەکەیدا دەبینێت لە نەخۆشخانەیەکی ئەقڵی و دەروونیدا لە لەندەن. لیۆناردۆ ئەڵیشانی نەوەی سێیەمی ڕزگاربووی جینۆسایدی ئەرمەن، لە چنگی مۆتەکەی کارەساتەکەدا دەژیا و ئەویش هاوبەشیی دەرد و ئازاری داپیرەی دەکرد وبووبووە بەشێک لەو ئازارە. "هەوڵدەدەم ببمە بینەری ئەو کارەساتە کە لە ژوورێکی نەخۆشخانەی لەندەن لە ساڵی ١٩٧٨دا گەیشتبووە لووتکەی ئەوەی کە نەنکم پێش مردنی سوارە تورکەکانی لە دەوری جێگاکەی بینی. بەڵام بەداخەوە من بینەر نیم،بەڵکو کارەکتەرێکیهەڵواسراوی ئەو شانۆگەرییەمکە هەرگیزا و هەرگیز ناگاتە هاوسەنگیی خۆی".24 کاریگەرییە دەروونییە زیانبەخشەکانی ڕابردوو نەک تەنها هەر تەنها ژیانی بابەتەکە تێکدەدات بەڵکو بەردەوامیشە لە کاریگەریدانان لەسەر نەوەکانی کە دادێن.
من چاوپێکەوتنی زۆرم کردووە و شایەتی و ئیفادەی زۆرێک لە ڕزگاربووانم خوێندووەتەوە کە کچی منداڵ و گەنج بوون لە سەردەمی جینۆسایددا. مەسەلەکە زۆر ئازاربەخش بوو بۆ ئەوان ددان بەوەدا بنێن کە دەستدرێژییان کراوەتە سەر یان بە زۆر لەگەڵ تورکێک یان کوردێک یان عەرەبێکدا ژیانی هاوسەرگیرییان بەڕێکردووە و زۆر کەمیشیانوایان کردووە. ئەوە لاپەڕەیەکی تاریک بوو لە ژیانیاندا و پێیان باش بوو بە نهێنی بیهێڵنەوە. ساتێنیک کینۆسیان نیگەران نەبوو ددان بەوەدا بنێت کە لەبەر داماوی و پێویستییەکی زۆر لە مووسڵ، کە دوا مەنزڵی ڕاگواستن و ڕێپێوانە پڕ دەرد و مەینەتییەکەی بوو لە کارتز (نیکۆمێدیا)ی زێدی خۆیەوە، ناچار بوو لە ماڵە تورک و عەرەبەکاندا وەک کارەکەرئیش بکات. بەڵام ساتنێیکی تەمەن پانزە ساڵ بۆ ڕزگارکردنی شەرەفی خۆی ناچار بوو لەم ماڵانە هەڵبێت و ڕۆژێکیان دیسان لەبەر هەژاری و پێویستییەکی لەڕادە بەدەر، براکەی فرۆشتی بە حیلمی بەگ کە ئەندازیارێکی تورک بوو و ئەویش بە ناچاری خۆیی ڕادەستکرد. ساڵی ١٩١٨ کاتێ کە سوپای بەریتانیا مووسڵی گرت، حیلمی بەگ بەرەو قوستەنتینیە (ئیستانبوڵ - و) هەڵهات و ساتێنیکی بەجێهێشت. دواجار ساتێنیک توانی بگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی خۆی و لەوێ لەگەڵ ساموێل سپانداریان، کە ئەندامی سوپای خۆبەخشی ئەرمەنستان بوو، هاوسەرگیریی کرد.٢٥ئاخۆ پاڵنەری ئەم هاوسەرگیرییە بەزەیی پێدا هاتنەوە بوو وەک گەلێ جار ڕوویدەدا؟ ئاخۆ ئەم پیاوە دەیزانی کەوا بووکەکەی دەستدرێژیی کراوەتە سەری؟ ئەمەش کێشەیەکی گەورە بوو بۆ زۆرێک لەو کچانەی کە لە دەستی دەستگیرکەرە موسڵمانەکانیان ڕزگاریان بوو یان هەڵهاتن.
ئەمانە نموونەیەکی کەم بوون لە شایەتی و ئیفادەی ئەو کەسانەی کە بەرگەیئەو دۆخەیان گرت و لە ژیاندا مانەوە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکانیان. بێگومان چیرۆک و بەسەرهاتی نەگێڕدراوەی تر زۆر زۆرن لەبارەی ئازار و ئەشکەنجە و دەستدرێژی و پاشان خۆکوشتن بۆ ئەوەی کۆتایی بە بوون و ژیانی ڕیسواکراویان بهێنن.
شێوازێکی دیکەی قێزەون بۆ لەکۆڵکردنەوەی بەکۆمەڵی ژمارەیەکی هێجگار زۆری منداڵانی ئەرمەن وەک ئەوەی دادریان بەبەڵگەی کردوون، سووتاندن یان زیندەبەچاڵ کردنی منداڵان بوو . "لە سووتاندنی بەکۆمەڵی منداڵە هەتیوەکانی ئەرمەندا، شەیتانگەراییەکی سادیستی ئاشکرا زیاتر لە کاردا بوو. دوای لەناوبردنی خەڵکی ئەرمەن، ئەوانەیان کە بەجێمابوون بووبوونە مایەی بێزاری و نیگەرانی بۆ تاوانباران. لە چەند ڕوویەکەوە کۆتاییهێنان بە کڵۆڵی و نەهامەتییەکانیان لە ڕێگەی سووتاندنی بەکۆمەڵیانەوە بە گونجاوترین و ئابووریترین ڕێگە دادەنرا".26 گارۆ پۆلادیان دیمەنێکی لەم شێوەیەی خوارەوە لە بیابانی سووریا وێنا دەکات، کاتێ کە چیچانەکان بە فەرمانی ئەحمەد بەگ کوشتارەکە ئەنجام دەدەن، "ناڵە و هاوار و هاوارێکی سامناک بوو! ئاگرێکی گەورە گەورە بەدی دەکرا و چیچانەکان ئەو منداڵانەی کە کۆیان کردبوونەوە بە زیندوویی دەیانسووتاندن. دەستڕێژ و تەقەکردنە هەڕەمەکییەکانی جەندرمەکان قیژە و هاوارەکانی بێدەنگ دەکرد".27
هایکۆ ڤاردانیان، کوڕێکی گەنجی خەڵکی شارور بوو لە کاری ڕۆژانەی لە کێڵگەکاندا هاتەوە ماڵ بۆ ئەوەی دیمەنێکی ترسناک ببینێت. دوو خوشکە زەندەقچووەکەی پێیان وتووە کەواعەسکەرەکان خۆیان کردووە بە ناو کۆڵیتەکەیاندا و لەبەردەم دایک و باوک و دوو برا بچووکەکەیاندا دەستدرێژییان کردووەتە سەریان. ئەوان دایک و باوکیان ئەشکەنجە داوە و کوشتوونیان و دوو کوڕە بچووکەکەشیان فڕێداوەتە ناو تەنوورەکەوەو بە زیندوویی سووتاندوونیان [تەنوور جۆرە فڕنێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە لە زەویدا هەڵکەندراوە و بو نانکردن بەکاردێت].
هاروتیون گریگۆریان کە لە ساڵی ١٩١٥دا هەرزەکار بووە، بە وردی باسی ڕێگای ڕاگواستنەکەیان دەکات لە گوندی ئاڤردنیک لە ئەرزڕووم و ئەو شوێنانەیکە پێیاندا تێپەڕیون و ئەو سەختی و مەینەتییەی بەسەریان هاتووە و بەرگەیان گرتووە.دواجار کاروانەکەیان گەیشتووەتەقەراخ شارۆچکەی دێرەزور. قایمقامی نوێی شارەکە، کە پیاوکوژێکی ڕاستەقینە بووە، فەرمانی سەربڕینی نەخۆشەکانی دەرکردووە. هاروتیون دەگێڕێتەوە کەوا "ڕۆژێک، 40 عەرەبانە منداڵیان کۆکردووتەوە و پیاوێک بە ناوی ئیسماعیل حەقی بردوونی و گشت ئەو بوونەوەرە بێتاوانانەی سووتاندووە".29
بە گوێرەی دادریان کۆمەڵکوژی لاوەکی یەکێکی ترە لە شێوازەکانی پاکتاوکردن و لەناوبردنی منداڵان:
"بەشێکی بەرچاوی تری منداڵانی ئەرمەن بوونە قوربانی ئەو کۆمەڵکوژییە بەرفراوانەی لاوەکی کە لە هەموو گۆشەکانی ئیمپراتۆرییەتەکەدا ئەنجامدرابوون، کۆمەڵکوژییەک کە لە خۆیاندا بە شێوەیەکی نائاسایی دڕندانە بوون. وەک باڵیۆزی ئەمریکا هێنری مۆرگنتاو باسی دەکات کە بۆ دەستپێوەگرتنی 'بارووت و تەقەمەنی' جووتیارانی موسڵمان لە دێهاتدا، وەک گرووپی پشتیوانی بۆ باندە تاوانکارەکان کە بۆ ئەرکی کۆمەڵکوژی دەستنیشان کرابوون، ڕۆڵیان دەگێڕا و'کوتەک، چەقۆ، تەور، پاچ، داس، بێڵ و مشاریان بەکاردەهێنا. ئەم جۆرە ئامێرانە... بووە هۆی مردنێکی ئازاربەخشتر لە تفەنگ و دەمانچە".30
ئورۆرا ماردیگانیان دەگێڕێتەوە:
"بە دڵنیاییەوە نزیکەی پێنجسەد منداڵ و مێرمنداڵی کوڕ لەگەڵ ئێمەدا بوون کە تەمەنیان لە نێوان هەشت بۆ پانزە ساڵدا بوو. ئەمانە هەموویان کۆکرابوونەوە و سەربازەکان بۆ شوێنێکی دوور ڕاپێچیان کردن و هەموو منداڵە بچووکەکان دەگریان و هاواریان دەکرد وئێمە بۆ ماوەیەکی زۆر گوێمان لە قیژە و هاواریان بوو. کاتێکیش گەیشتینە عەرەبکیر، لە لایەن ئاوارەکانی ترەوێ لەوێ پێمان گوترا کە هەموو کوڕەکان هەر کە گردەکانیان تێپەڕاندنبۆ ناو دۆڵەکە و ڕاستەوخۆ لە حەسەن چەلەبی بەولاوە، هەموویان کوژراون. لەوێ سەربازەکان بە کۆمەڵی دە و پانزە کەسی دەیانبەستن بە یەکەوە و پاشان بە شمشێر و نێزەسەریانبڕین. ئەو ئاوارانەی لە سیڤازەوە (یان سیواس - و) بەو ڕێگایەدا تێدەپەڕین، تەرمەکانیان لەسەر ڕێگاکە بینیبوو".31
ئۆهانێس ئاکاراکیان لە ئێگین (ئاغن) باس لە ئەزموونی لێقەومانی خێزانەکەی دەکات لە کاتی ڕێپێوانە هەشت ڕۆژییەکەیان لە ئێگینەوە بۆ فورونجولار لە نزیک مەڵاتیا. لەو کاتەدا ئەو تەمەنی پانزە ساڵ بوو، کوڕێکی بەهێز بووە و توانای بەرگەگرتنی ئەو دۆخە سەختەی گرتووە. زۆرێک بەهۆی برسێتی و نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە. ڕێگاکە پڕ بووە لە تەرمی ئەو کەسانەی پێشتر ڕاگوێزرابوون و ئاوەکان بە تەرمی شیبووە و بۆنکردوو پیس بووبوون کە بە سەر ئاوەوە بوون. لە فورونجولار جەندرمەکان هەموو کوڕە بچووکەکانیان لە کاروانەکەدا کۆکردبووەوە و سەریانبڕیبوون. ئۆهانێس لەلایەن خاوەن هێسترێکەوە ڕزگار کرا و بردیەوە بۆ ئاغەن وئەودوای خێزانەکە لەسەر ڕێگای حەڵەب هەموویان لەناوچوون.32
لە کۆتایی ساڵانی کارەساتەکەدا هەڵمەتێکی بەرچاوی کۆکردنەوەی منداڵان و کردنەوەی خانەی هەتیوان لەلایەن ئەمریکی و ئەوروپییەکانەوە و تەنانەت میسیۆنێرە ئەڵمانەکانیش دژی درێژەکێشانی ئەم پرۆسەی کاریان دەکرد و بەگژ نیاز و مەبەستی حکوومەتدادەچوونەوە بۆ لەناوبردنی تەواوەتی. ئەم هەتیوخانانە بە بودجەیەکی کەم کاریان دەکرد و نەیاندەتوانی هەلومەرجێکی گونجاوی ژیان و گوزەران بۆ ئەو منداڵە هەتیوانە دابین بکەن لەم دەزگا و دامەزراوە قەرەباڵغانەدا. بەڵام کێشەی سەرەکی ئەوە بوو کە نەیاندەتوانی لە بەرانبەر هێرشی تورک یان عەرەب ئەمان و سەلامەتی دابین بکەن. لە زۆر حاڵەتدا، بە تایبەت لە دۆخی نادڵنیایی دوای جەنگدا، ئەم هەتیوخانانە لەلایەن سەربازانی تورکیاوە هەڵیانکوتایە سەر و منداڵەکان ڕفێنران بۆ ئەوەی بکوژرێن یان لە بازاڕی کۆیلەدا بفرۆشرێن.
کورتەی ئەزموونی منداڵان لە ماڵە موسڵمانەکاندا
چارەنووسی منداڵانی ئەرمەنی بە شێوازی جیاواز لە ماڵە موسڵمانەکاندا کۆتاییان هات. چارەسەرە تایبەتەکانی منداڵان، کە لەم توێژینەوەیەدا باسکراون، ئاماژەیان بە 1) سەربازانی تورکیا، یان زەبتییەکان کە یاوەری کاروانەکان بوون، جیاکردنەوەی منداڵان بە درێژایی ڕێگاکانی ڕاگواستن، سەربڕینی منداڵان بە تایبەتی زۆر بچووک بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ئەوانیتر لە بازاڕدا لەلایەن بازرگانانی کۆیلەوە دەفرۆشران،2)چیچان و چەرکەسییەکان هێرشیان دەکردە سەر کاروانەکان، سەربڕینی منداڵی بچووک، ڕفاندنی منداڵی گەورەتر بۆ ئەوەی وەک کۆیلەی سێکسی و کرێکاری زۆرەملێ بەکاریانبهێنن، یان بیانفرۆشن، 3) گوندنشینانی موسڵمان بەدرێژایی ڕێگاکانی ڕاگواستن کە ئازادییان پێدرابوودەستکەوتی خۆیان لەو کاروانانە بەدەستبێنن کە بە گوند و ناوچەکانیاندا تێپەڕ دەبوون، وەک مێرمنداڵانی تەمەنی کارکردن وەک یارمەتیدەر و کۆیلە و ئافرەتانی گەنج وەک هاوسەر و کەنیزەک و کۆیلەی سێکس، 4) دایک و باوکان، بە هۆی نائومێدییەوە منداڵەکانیان بە خێزانە موسڵمانەکان دەسپارد، لە پێش ڕاگواستندا یان بەدرێژایی ڕێگاکان بە هۆی مەترسیی فەوتان و فڕاندنەوە، 5) سەربازانی تورکی هەڵیاندەکوتایە سەر هەتیوخانەکانی ئەرمەنی و میسیۆنەرییەکان و دەرکردنی منداڵەکان و مامەڵەکردن لەگەڵیان وەک لە خاڵی یەکەمدا هاتووە، 6) بەرپرسانی تورکدەسکەوتی تایبەتی خۆیان هەڵدەبژارد بۆ ئەوەی لای خۆیان بیانهێڵنەوە یان وەک دیاری بۆ سەرووی خۆیانی بنێرن، 7) تورک و کورد و عەرەبەکان لە ناوچەکانی خۆیاندا "سەردانی" خانەکانی هەتیوانیان دەکرد و کچان و کوڕانیان وەک یاریدەدەر و کرێکاری کۆیلە و هاوسەر و کەنیزەک و کۆیلەی سێکس دەبردە ماڵەکانی خۆیان. ئەمانە تەنها ئەو کەناڵە سەرەکییانە بوون کە منداڵانیان بەرەو چارەنووس یان گۆڵگۆتای کۆتایی دەبرد کە لەوێوە ئازارە گەورە و سەختەکانیان دەستی پێدەکرد بە گۆڕینی ناو و سووکایەتیکردن بە ئایین و باوباپیرانی منداڵەکە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دووبارەبوونەوەی پێشێلکاری و دەستدرێژیی سێکسی بەسەر کچان و کوڕان و بێگومان ناچارکردن و ئەشکەنجەدانی موسڵمانبوون، ئەم دواییشیان بە هۆیفەتوای سوڵتان عەبدولحەمیدەوە بوو کەوا کۆیلەکردنی ئەرمەنەکان و مەسیحییەکانی تری لە ماڵ و خێزانە تورکەکان قەدەغە دەکرد ئەگەر نەهێنرابنە سەر ئاینی ئیسلام.پاڵنانی ئەو منداڵ و کچ و ژنە گەنجانە بۆ ناو خێزانە موسڵمانەکان سیاسەتێکی دیراسەکراو بوو بە ئامانجی قووتدان و تواندنەوەیان بوو لە کۆمەڵگەی تورکیادا. حکوومەت بە ڕاگەیاندنی فەرمانێک بۆ ئەو مەبەستە هانی ئەم کارەی دا و تەنانەت لە ڕێگەی تەرخانکردنی بودجەیەکی تایبەتەوە کە ناوی "سندووقی پەنابەران" بوو بۆ کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی لەسەر ئەو جۆرە خێزانانەی ئەو منداڵانەیان دەگرتە خۆیان، یارمەتیی دەدان. لە هەندێک حاڵەتدا مڵک و خاوەنداریی خێزانی منداڵە ڕفێنراوەکە دەگوێزرایەوە بۆ سەر خێزانە موسڵمانەکە.
بە حوکمدان و هەڵسەنگاندنی ئەزموونی منداڵانی ئەرمەنی لە ماڵە موسڵمانەکاندا لە شایەتحاڵەکان خۆیانەوە کە لەم توێژینەوەیەدا باسکراون و کورتەکەی سەرەوە، دەمەوێت هێما بۆ ئەو بەڵگانە بکەم کە بەڕاستی ئەم ماڵانە هەریەکەیان دامەزراوەیەکی بەئیسلامکردن بوون و جیاوازییەکی زۆریان لەگەڵ ئەو هەتیوخانانەی تورکیادا نییە کە لە خوارەوە باسیان لەسەر کراوە.
ئەزموونە دڵتەزێنەکانی منداڵانی ئەرمەن لە هەتیوخانەکانی تورکیادا
پێشوازی کردنی منداڵانی ئەرمەنی لە هەتیوخانەکانی تورکیادا، کە وەک دامەزراوەیەکی بەتورککردنی بێبەزەییانە و بێوچان کاریان دەکرد، پێشهاتێک بووکە دواتر پەرەسەندنی بەخۆوە بینی یان بیرۆکەیەکی لاوەکی بوو بۆ بەکارهێنانی ئەو منداڵە هەتیوانەی کە مابوونەوە و بەرهەمهێنانی نەوەیەکی تورک لێیان و کە تەنها هەندێکیان تەمەنیان ئەوەندە بوو کە ڕەگ و ڕیشەی ئەرمەنی خۆیان لەبیر نەکەن. هەرچەندە ئەم ئۆپەراسیۆنانە پێویستیان بە ڕێکخستن و ستاف و بودجەی دیاریکراو هەبوو، ئەگەرچی کەمیش بوو، بەڵام بەڵێنی ئەنجامێکی باشتریان بە حکوومەت دا بەراورد بە کوشتنی ڕاستەوخۆ بە مێتۆد و شێوازە سەرەتاییەکان کە تێچوویان لەسەرحکوومەت شتێکی ئەوتۆ نەبوو لە کاتێکدا جەنگ شڕوهووڕی کردبوو. بەڵام وەک پۆلادیان و سورمێلیان و زۆری تریش ئیشارەتی پێدەدەن، حکوومەتئامراز و توانای پێویستی نەبوو بۆ ئەوەی لە هەموو گۆشەیەکی وڵاتدا خانەی هەتیوان دابنێت و بەو پێیە پرۆسەی کوشتنی بەکۆمەڵ بەردەوام بوو.
بەگشتی هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر بوونی خانەی هەتیوان یان پەناگە تەنانەت بۆ منداڵە هەتیوەکانی تورکیاش. ئەمە دیاردەیەکی جەنگی جیهانیی یەکەم بوو. دەوڵەت پێویستی بە دابینکردنی ئەم جۆرە دامەزراوە و ئاسانکارییە بوو بۆ منداڵانی سەربازانی تورکیا کە لە شەڕدا گیانیان لەدەستدابوو یان بە سەختی بریندار و کەمئەندام بووبوون، بەتایبەتی لە بەرەی جەنگی ڕووسیادا. ئەم هەتیوخانە تازە ڕێکخراوانە لە زۆر ناوچە لە سەرانسەری ئیمپراتۆرییەتەکەدا کاریان دەکرد، زۆربەیان لە بیناکاندا دانرابوون کە لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگدا لە دامەزراوە ئەوروپییەکان دەستیان بەسەردا گیرابوو. نزیکەی ٨٠ خانەی هەتیوان هەبوون،٣٣ کە هەندێکیان منداڵانی ئەرمەنیشیان وەردەگرت سەرەڕای ناڕەزایەتیی حکوومەت لە سەرەتاوە بۆ ئەوەی منداڵانی ئەرمەن وەرنەگرن و خۆراکیان پێ بدەن.34جێی داخەکە هەندێک لە دایکانی ئەرمەن، لەوانەی لە ڕێگای ڕاگواستنیاندا شەکەتی و بێبەشبوون و برسێتی ڕووی تێکردبوون منداڵەکانیان بردە ئەم دامەزراوانە بە ترووسکاییەکی هیواوە کە لە ژیاندا بمێننەوە. بەڵام کاتێ کە منداڵە ئەرمەنییەکان وەردەگیران دەستبەجێ ناوێکی تورکییان پێدەدرا و ناچار دەکران ببنە موسڵمان و ئەگەریش کوڕ بوونایە خەتەنە دەکران. پاسان ناچاری خوێندنی قورئان دەکران و ڕۆژانە چەندین جار نوێژی تورکییان پێدەکردنو وتەی "تەنها خودایەک هەیە و پێغەمبەرەکەی محەممەدە - لا إلە إلا اللە محمد رسول اللە" دووبارە بکەنەوە. هەروەها بەکارهێنانی هەر زمانێک جگە لە تورکی قەدەغە کرابوو. ئەو زۆرەملێیە کاری خۆی کرد پاش ماوەیەک ئەم منداڵانە و بەتایبەتی زۆر بچووکەکان ڕابردووی خۆیان لەبیرکرد و ناسنامەی زۆرەملێیان وەرگرت. ئەم چارەسەرە تایبەتەی منداڵان لە کاتی خۆیدا شێوەی گرت و بوو بە شێوازێکی فەرمی و هاندەری قڕکردنی تەواو.
دیارە شایەتحاڵەکان سەبارەت بە ژیان لە هەتیوخانەکانی تورکیادا زۆر نین. بەڵام هەموویان باس لەو ئەشکەنجە جەستەیی و دەروونییە ترسناکانە دەکەن کە منداڵە هەتیوەکانی ئەرمەن تووشی بوون بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن ناوی خۆیان و باوانیان و کولتوور و زمان و ئایینەکەیان لەبیر بکەن. دیارە یەکەم هێدمە بۆ هەموویان ئەو ناوە تورکییە بوو کە پێیاندرا بێجگە لە کردەوەی ئازاربەخشی خەتەنەکردنی زۆرەملێش.٣٥
لە ڕۆمانی"تانتانTantane"دا، هاگۆپ ئۆشاگان باس لە هەڵهاتنی کوڕێکی تەمەن پێنج ساڵانی ئەرمەنی دەکات لە خانەی هەتیوانی تورکیا لە قوستەنتینیە.36 گێڕانەوەکە ڕەنگدانەوەی شڵەژانی دەروونیی منداڵەکە دەردەخات کە لە ئەنجامی ئەزموونی ئەو جیابوونەوە زەبربەخشە لە دایکی دروستبووە، کە بە هەر جۆرێک بووە لە کاتی ڕاگواستن و ڕێپێوانی مەرگدا لەدەستیداوە و لەو ترس و تۆقین و بێزارییەیکە هەتیوخانەکە وروژاندوویەتی لای. بە گوتەی ئۆشاگان، "تورکێکی خێرخواز" منداڵە کوڕەکەی بە زیندوویی لە ژێر ژمارەیەک تەرمی ڕاگوێزراوی کۆمەڵکوژکراودا دۆزیوەتەوە و بە ئیلهام وەرگرتن لە "خواپەرستی و تەقوای ناوازەی ڕەگەزەکەی و بە دڵخۆشییەکی دادپەروەرانەی کە کارێکی چاکەی کردووە"،37 منداڵەکەی بردووە بۆ خانەی هەتیوان کە بۆ پەروەردەکردنی منداڵانی ئەرمەنی وەک موسڵمان دامەزرابوو. چیرۆکەکەی ئۆشاگان بەرجەستەکردنێکیڕوون و ئاشکرایە بۆ ئەو بارە دەروونییە سەختەیکە بەرەوڕووی هەموو منداڵانی هەمان چارەنووس بووەتەوە لە دۆخی ئەو کاتەیان و دواتر لە ژیانی گەورەییاندا کاتێ بە ڕێگەی یادەوەریدا گوزەر دەکەن. لە یادەوەرییەکانیدا منداڵە پێنج ساڵانەکە بە پێی پەتی و برسێتی و مێزەرە شڕێکی سپی بە سەریەوە لە کاروانێکی مەرگدا ڕێدەکات. خوشک و براکانی هەموویان لەگەڵیدان، هەموو منداڵانی شارۆچکەکە ... و خوشکەکانی ڕۆژ بە ڕۆژ کەم دەبنەوە ... و براکانی یەک لە دوای یەک لە ڕێگالێی دادەبڕێن". یادەوەرییەکانی منداڵەکە تێکەڵەیەک دیمەنی ترس و تۆقینی لە خۆیدا کۆکردووەتەوە، لە پاڵ ئەو دەگ و ڕەنگانەدا کە لە گوندە بنەڕەتییەکەی خۆی و ماڵە پڕ بەختەوەرییەکەیدا ئاشنا بوون پێی. بەڵام ڕۆژێکیان دەرگایەکی بچووکی دۆزییەوە لە دەروازە گەورەکەی لەم کۆشکە کۆنەدا کە لە زیندان دەچێت و بە کراوەیی هێڵراوەتەوە و کوڕە بەپەلە خۆی دەخزێنێتە دەرەوە و چاوی بە تەلار و ساختمانەکان دەکەوێت، تاریک و چۆڵن بە شێوەیەک کە دڵەڕاوکێیان دەرووژاند و ئەمیش کەوتە ڕاکردن. لە مەودایەکی دوورتردا دەگاتە ئاپۆرەیەکی زۆری خەڵک کە قەشەیەک پێشیانکەوتووە. ئەو سروودەکە و پۆشاکە درێژەکەی پیاوەکە دەناسێتەوە. "تێر پاپا" (قەشە - باوک) هاوار دەکات، بەڵام کەس گوێی لێناگرێت. دڵتەنگە بەڵام بەدوای جەماوەرەکەدا دەڕوات و لەناکاو شەقامەکان چالاکتر دەبنەوە. تەنانەت گوێی لە وشەی ئاشنا دەبێت کە لە ماڵەکانی پەنجەرەی کراوەدا دەگوترێ. پاشان گوێی لە زرنگەی زەنگەکان دەبێت، "تان، تان، تان" هەر وەک زەنگی کەنیسەی گوندەکەیان. ڕادەکاتە ژوورەوە و ڕاستەوخۆ بەرەو ئەو پیرە پیاوەکە دەڕوات کە پەتی زەنگی کەنیسەکە ڕادەکێشێت. گێڕانەوەکە بە دیمەنێکی دراماتیکیی دۆزینەوە و ژنێکی ڕەشپۆش کۆتایی دێت، کە منداڵەکانی و هەموو خێزانەکەی لە بیابانەکەدا لەناوچوون، دەستی کوڕەکە دەگرێت و هەردوکیان بە هیوایەکی نائومێدەوە دەڕۆن بۆ دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ.
هامپارتزوم چیتجیانیش هەموو ئەو ترس و زەلیلییەی ئەزموون کرد کە دامەزراوەکانی تورکیا بوون بە هۆکاری. ئەو و براکانی لە مەکتەبێکی (واتە قوتابخانەیەکی) تورکیدا دانران.
هەر چوار براکە،پێکەوە لەگەڵ ١٥٠ - ٢٠٠ کوڕ کە تەمەنیان لە نێوان چوار بۆ شانزە ساڵدا بوو، لە مەکتەبەکەدا مانەوە، ئەو "بینا ترسناکە"، وەک هامپارتزوم بیری دێنێتەوە، سەربازێکی تورک پاسەوانی دەرگاکەی دەکرد. شەوی یەکەم پڵاوی ساوەریان هێنا، لە ماڵێکی چۆڵکراوی ئەرمەنییەکانەوە، بەڵام کۆن و بۆگەنیکردبوو. مەنجەڵەکە پڕ بوو لە کرم. کوڕەکان برسی بوون، بەڵام کەس دەستی لێ نەدا.
ئەم قوتابخانە تورکییە بە دڵنیاییەوە ناوەندێکی بەتورککردن بوو بە زۆر، بە هەر جۆرە زۆرەملێیەک بووە. ناوی هامپارتزۆم گۆڕدرا بۆ ڕوشدی. کوڕەکان پارچەیەک نانی وشکیان پێدرا و ڕێگەیان پێدرا ئاوی فوارەکە بخۆنەوە. بەڵام وێرانکەرترین ئەزموون بۆ ئەم کوڕانە نادڵنیایی چارەنووسیان نەبوو، یان دوورکەوتنەوە لە دایک و باوکیان، بەڵکو ئەو کارە پڕ شەرمەزارییە بوو کە چەند ڕۆژێک لە دوای یەک ناچار بوون ئەنجامی بدەن. کوڕە گەورە و بەهێزەکان ڕەوانەی دەرەوە کران بۆ تاڵانکردنی ماڵە ئەرمەنییەکان کە ئێستا هەموویان چۆڵ بوون، هەروەها بۆ هێنانی کەلوپەل بۆ ئەو کەنیسە ئەرمەنییەی دەستی بەسەردا گیرابوو کە تاڵانی و دەستکەوتەکانی وەک موڵکی حکوومەتی تورکیا تێدا بپارێزرێت. بێگومان ئەو ئەفسەرە تورکانەی کە سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنەکەیان دەکرد، ئەوەی پێیان خۆش بوو، دەیانبردە ماڵەوە. نە یاسا هەبوو، نە لێپرسینەوە. نزیکەی ساڵێک دواتر لە کاتی یاخیبوون و هێرشی کورد بۆ سەر پێری، کوردەکان ئاگریان لە شارۆچکەکە بەردا. شوێنەواری منداڵیی هامپارتزۆم لە دووکەڵدا نوقم بوو. لە دوورەوە سەیری دەکرد، کەنیسەی ئەرمەنیش سووتا و هەموو ئەو گەنجینە و کەلوپەلە بەنرخە ئەرمەنییەکانی بیرهاتەوە کە منداڵانی قوتابخانەی تورکی ناچار بوون بۆ ئەوێیبگوازنەوە و هەڵیانبگرن. هەستی بە ئازاری لەدەستدانی هەمیشەیی دەکرد بۆ ئەو شتەی لە لای خۆشەویست و بەنرخ بوو، تێکەڵ بە هەستێکی تۆڵەکردنەوەبۆ ئەوەی دەیزانی کە تاوانباران خۆشی لە ماڵ و سامانی ئەرمەنیش نابینن.
چەند ڕۆژێک لە مەکتەبدا مامۆستا و مەلاکان هەوڵیان دەدا کوڕەکان فێری ئیسلام بکەن، بەڵام دواتر ڕەنگە بەو بیرکردنەوەی کە بەتورککردنی کوڕە گەورەکان زۆر قورس دەبێت، جیایان کردنەوە. هامپارتزوم و کاسپاری برا جمکەکەی لەو کەسانە بوون کە چارەنووسیانوابوو بکوژرێن. هامپارتزۆم بە شێوەیەکی موعجیزەئامێز هەڵهات -کە خۆی ناوی ناوە"یەکەم هەڵهاتنی من"-و تورکێک بە ناوی کۆر مامۆی خستیە لای خۆی. بەڵام ویژدانی ئازاری دەدا، چونکە دەستبەرداری برا بچووکەکانی بوو بۆ ئەو تورکە ستەمکارانەدا. شەوانە ڕادەچڵەکی ولە خەودا ناوی براکانی بانگ دەکرد. کۆر مامۆی زۆر میهرەبان بوو وهەستی بە خەم و پەژارەی دەکرد، بۆیە دیدارێکی بۆ ڕێکخست بە نهێنی چاوی بە برا بچووکەکانی بکەوێت کە هێشتا لە خانەی هەتیوانیتورکیادا بوون و خواردنی پێدان. دوایین جار کە هامپارتزوم براکانی بینی، پێیانگوت تورکەکان دەیانبەن بۆ لای باوک و دایکیان. ئەم دەیزانی ئەوە مانای چییە، بەڵام هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەبوو جگە لەوەی لێیانگەڕێ بڕۆن.دەرد و مەینەتییەکانی هامپارتزوم بەردەوام بوو بە وەسفکردنی وردی ئەو شوێن و کەسانەی کە چاویان پێی کەوتبوو، ژیانی ناخۆشی، ئەو چەندین جارەی کە نزیک بوو لە مردن بەهۆی برسێتی و برینەکانیەوە کە لەسەر ئەو ڕێگا سەختەی وەک هەڵاتوویەک گرتبوویەبەر و لە ترسێکی بەردەوامدا دەژیا لەوەی بیگرن و بیکوژن.٣٨
بیرەوەرییەکانی چیفتجیان تایبەت و دەگمەن نییە، بەڵکو تەنیا یەکێکە لەوانەی کە وردەکارییەک لەو جیهانە دۆزەخییەی دڕندەییەکانی تورکیات پێدەبەخشێت. ئەمانە کتێبن، زۆربەیان بە زمانی ئەرمەنی ڕەسەنی خۆیان، کەمێکی تریان وەرگێڕدراون بۆ زمانی ئینگلیزی، کە دەبێت بیخوێنینەوە. ئەمانە کتێبن کە دەتوانن بۆ چەند ڕۆژێک لە خەمۆکی و شڵەژان و نیگەرانیدابمانهێڵنەوە. ئەوان لەوە زیاترمان داوا لێدەکەن کە ئێمە دەمانەوێت.ئەگەر بمانەوێت لە جینۆسایدی بەردەوامی ئەرمەنییەکان تێبگەین، بدەین. کافکا جارێک وتی: ئەم کتێبانە "وەک بەختی دێنە سەرمان و بە قووڵی ناڕەحەتمان دەکەن، وەک مردنی کەسێک کە لە خۆمان زیاتر خۆشمان دەوێت، وەک خۆکوشتن .... [ئەوان] پاچی سەهۆڵشکێنن .... بۆ شکاندنی دەریای بەستوو لە ناخی ئێمەدا".39
بەدناوترین خانەی هەتیوانی تورکیا کە ژمارەیەکی زۆر لە منداڵە هەتیوەکانی ئەرمەنی لەخۆگرتبوو لە عەنتۆرا بوو، چیای لوبنان لەسەر موڵکێککە پێشتر بە خاوەندارێتیی باوکانی لازاریی (ئیلیعازەری - و) فەرەنسی بوو کە کەنیسە و کۆڵێج و بەشی ناوخۆییان لەوێ دامەزراندبوو بە هەموو بەش و کارمەندەکانیانەوە. دوای هەڵگیرسانی جەنگ فەرەنسییەکان ئەوێیان بەجێهێشت و موڵکەکە بە شێوەیەکی سروشتی لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە دەستی بەسەردا گیرا و کرایە هەتیوخانەی تورکیا. ئەم دامەزراوەی بەتورککردنە نزیکەی هەزار منداڵی هەتیوی ئەرمەنی لەخۆگرتبوو کە زۆربەیان کوڕ بوون و لە سەرانسەری وڵاتدا کۆکرابوونەوە و نزیکەی چوارسەد منداڵی کوردیشی لەخۆدەگرت. دیارە جەمال پاشا گرنگییەکی تایبەتی بەم هەتیوخانەیە دابوو و خالیدە ئەدیبی چالاکوانی تورکی لەسەر دامەزراندبوو بۆ ئەوەی بە تاقمێکی گەورەی مامۆستا و پاسەوان و چێشتلێنەر و هتد دامەزراوەکە بەڕێوەببات.بەڵام سەرەڕای ناوبانگی وەک بیرمەندێکی خوێندەوار و پێشکەوتنخواز، خالیدە ئەدیب بوو بە ئامرازی جێبەجێکردنی نامرۆڤانەترین هۆکار بۆ سڕینەوەی هەموو ئاسەوارێکی ئەرمەنیبوون لەم منداڵانەدا بە مەبەستی بەرهەمهێنانی ئەو هاوڵاتییە تورکەیکە جەمال پاشا ئارەزووی دەکرد.
هەرچەندە لە ماوەی دەیەی ڕابردوو یان زیاتردا، بڕێکی بەرچاوی زانیاری لەسەر ئەم دامەزراوە ترسناکە و ئەو دڕندەییانەی لەوێ ئەنجامدراون، دەرکەوتن،بەڵام تۆمارەکانی ئەو هەتیوخانەیە کە ناوی هەموو منداڵە هەتیوەکانی تێدابوو- ناوە ئەرمەنییەکانسڕابوونەوە و ناوی تورکییانبۆ دانابوون. لە ساڵی ٢٠١٠دا یادگارییەک دانرا بۆ ڕێزلێنان لەو هەتیوانەی کە بەهۆی ئەشکەنجەدان و برسێتییەوە گیانیان لەدەستدابوو، تەنیا دوو تۆماری یاداشت و بیرەوەریی سوودمەندانی پێشووی ئەم هەتیوخانەیەم دۆزییەوە، کە ئەوانیش هاروتیون ئەلبۆیاجیان و کارنیگ پانیان بوون.
ئیفادەی هاروتیون ئەلبۆیاجیان کە زۆر کورتە و زانیاریی زۆر کەم و باسی کوت و بچڕی تێدایە و لەلایەن ڤێرجینێ سڤازلیانەوە تۆمارکراوە.40 لەم ئیفادەیەدا، هاروتیون سەرەتا باس لە ڕاگواستنی تەواوی گوندی فەندێجاک دەکات، لە نزیک زەیتون، پاشان بە ئەزموونی خۆی لە "هەتیوخانەی تورکیی جەمال پاشا" دەستپێدەکات، بەبێ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە کە چۆن براوەتە ئەوێ. هەڵبەت ناوی گۆڕراوە بۆ شوکری بە ژمارە ٥٣٥ وەک پاشناوی و خەتەنەش کراوە. ئەوجا باسی سزای ئەو منداڵانە دەکات کە بوێریی ئەوەیان هەبووە بە زمانی ئەرمەنی قسە بکەن، یان بۆ دایکیان گریاون، یان لەتاو ئازاری برسێتی خواردنیان دزیوە. مێتۆد و شێوازەکان قێزەون بوون، سووکترین سزا بۆ چەند ڕۆژێک خواردنیان لێدەگرتنەوە. پاشان ئەوە هەبوو کە گوناهباران لە دەرەوە بوەستن و بۆ چەند کاتژمێرێک سەیری خۆر بکەن تا بیناییان زیانی پێدەگەیشت و بۆ ماوەیەکی کاتی کوێر دەبوون. سزایەکی تری جەستەیی فەلاقەکردن بوو، کە بە تەلی پۆڵا یان دار لەژێرپێی قوربانییەکەیان دەدا و منداڵەکە بەرگەی ئەو ئێش و ئازارە سەختەی نەدەگرت و بێهۆش دەبوو، بەڵام سزاکە بەردەوام دەبوو.
هەروەها شایەتیی ئەوە دەدات کە منداڵەکان هەمیشە برسی و لاواز بوون و زۆرێکیان تووشی نەخۆشیی ئیسکۆرڤی (ئێسکە نەرمە - و) بوون و گیانیان لەدەستداوە (نەخۆشییەکە بەهۆی بەدخۆراکی و کەمیی سەوزە و میوەی تازە و ڤیتامین سییەوە دروست دەبێت). نهێنی مانەوەی ئەو لێهاتوویی بوو لە پیشە دەستییەکان کە لە باوکی ئاسنگەریەوە فێری بووبوو و خزمەتێکی بچووکی پێشکەش بە هاوڕێ هەتیوەکانی و کارمەندانی هەتیوخانەکە دەکرد و بەمەش پارچە نانێکی زیادە یان تەنانەت پارەشی بەدەستهێناوە. ئەو سەردانێکی جەمال پاشای لەبیرە، و چۆن وەک کوڕێکی بەهرەمەند پێی ناسێندراوە. زانیاریی گرنگ لە ئیفادەکەیدا سەبارەت بەو ڕۆژەیە کە منداڵە هەتیوەکان بەیانیی زوو لە خەو هەڵساون و بینیویانە کەس لەوێ نەماوە. سوپای تورکیا پاشەکشەی کردبوو، بەیرووت ئازاد کرا و تەواوی کارمەندان و پاسەوانەکان و بەڕێوەبەرەکە، هەموویان دیارنەمابوون، و هەڵهاتبوون، جگە لە ئەزرا بەگی دەرمانسازەکە. هەروەها کوردێکیش بە ناوی سلۆ جێمابوو کەوا کوڕە گەورەکان زۆر باشیان لێدابوو، چونکە بە کوڕێکی هەتیوی گوتبوو بە ناوی خورێن، کە٩٩ ئەرمەنیی کوشتووە و ئەگەر ئەمیش بکوژێت ئەوە ژمارەکە دەبێتە سەد. هاروتیون دەگێڕێتەوە کە ئەزرا بەگ فەرمانی بە منداڵە هەتیوەکان کردبوو کە لە هۆڵی کۆبوونەوەکەدا کۆببنەوە و لە مێزێکەوە بۆ مێزێکی تر دەچوو و پرسیاری لە هەتیوەکان دەکرد کە ناوی ئەرمەنییان چییە و دواتر ڕایگەیاندبوو کە "لە ئێستا بەدواوە ناوە ئەرمەنییەکانتان بپارێزن چونکە ئێوە ئەرمەنن".ئەزرا بەگ لای منداڵەکاندرکاندبووی کە ڕێنمایی پێدراوە منداڵە هەتیوەکان ژەهرخواردوو بکات، بەڵام ئەم پابەندی فەرمانەکان نەبووە و دەیزانی لەسەر ڕابردووی لە خانەی هەتیواندا سزا دەدرێت.
بە هۆی کارنیگ پانیان و بڵاوبوونەوەی بیرەوەرییەکانیەوە بوو بە زمانی ئەرمەنی لە دوای مردنی، بە ناوی(هەتیوخانەی عەنتۆرا، ١٩٩٢) کە کۆمەڵگەی ئەرمەنی ڕێگەیان پێدرا بچنە ناو ئەو جیهانە تاریکەی هەتیوخانەکەی جەمال پاشاوە، کە هێشتا شوێنەکەی نادیارە.41بەڵام لەم بەینەدا میساک کەلەچیانی توێژەر شوێنی ئەم خانەیەی هەتیوانی دەستنیشان کردووە ولە درێژەی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکانیدا، تۆمار و گۆڕی ٣٠٠ منداڵی هەتیوی دۆزیوەتەوە کە لە ژێر زەبری ئەشکەنجەدان و برسێتیدا گیانیان لەدەستداوە. باوکانی لازاری (ئیلیعازەری) ئێسکوپرووسکەکانیان دۆزیبووەوە کاتێک دەستیان بە بیناسازی کردبوو بۆ زیادکردنی پۆلی نوێی خوێندن لە ساڵی ١٩٩٣دا و ئێسکەکان لە گۆڕی بێ ناونیشانی گۆڕستانی کۆمپاوندەکەدا نێژران. هەروەها کەلەچیان ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە کۆکردنەوەی پارە و یارمەتی بۆ دروستکردنی مۆنۆمێنتێکی یادگاری لە شوێنی هەتیوخانەکە و گۆڕستانەکەدا.
بیرەوەرییەکانی کارنیگ پانیەن، وەک زۆربەی بیرەوەرییەکانیلەم چەشنە، بە وەسفێکی ورد و ناسکی منداڵییەکی بەختەوەر دەست پێدەکات، لە کەشێکی نموونەیی و ئایدیاڵدا، ماڵێکی پڕ لە خۆشەویستی و خۆشی، لەگەڵ دایک و باوک، خوشک و برا، باپیر، خاڵ و مام و پوور و ئامۆزا و پوورزادا و پاشان لێقەومان و کارەسات دێت. کارنیگ پانیان تەمەنی تەنها پێنج ساڵ بوو کاتێڕاگواستنە پڕ کارەساتەکە دەستیپێکرد. لە میانی ڕێپێوانی مەرگ لە کیورین (گورون)ی زێدی خۆیەوە بۆ حەما لە لێواری بیابانی سووریا، کارنیگ دایکی و برا و خوشکەکەی لەدەستدا. مردنی هەریەکەشیان بۆ ئەو کارەساتێک بوو بۆ خۆی. باوکی لە سوپای تورکیادابە سەرباز گیرابوو و هەرگیز نەگەڕایەوە. کارنیگ بە تاق و تەنیا و بە هەتیوی لە ژێر چاودێریی باپیرە و باپیرە نەخۆشەکانیدا بوو. ژیان لە کەمپی ئاوارە و پەنابەران لە دەرەوەی حەما هێند سەخت بوو بەرگەی نەدەگیرا. نەخۆشی و برسێتیی ڕۆژانە دەیهاڕین و بەرۆکی بەرنەدەدان. بۆ ڕزگارکردنی کوڕە بچووکەکە، باپیرە و داپیرە بە دوودڵییەوە ڕازی بوون کە بینێرن بۆ خانەیەکی هەتیوانلە شارۆچکەکەدا کە لەلایەن قەشەیەکی پرۆتستانتەوە بەڕێوەدەبرا. بۆ ئەو خانەی هەتیوان بەهەشتێک بوو بەراورد بە ژیانی هەفتەکانی کۆتایی لە کەمپەکەدا. لێرە منداڵەکان بە سکێکی نیوە تێر و نیوە برسییەوە دەژیان، بە هۆی سەختی و ئاستەنگی پەیداکردنی خواردنەوە، بەڵام بە باشی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. لە کۆتاییدا کارنیگ ڕەوانەی خانەی هەتیوانی عەنتۆرە کرا و لەوێ بیری دێتەوە کە پرۆسەکە بە گۆڕینی ناوی ئەرمەنی منداڵان دەستی پێکردووە و بە لێدانی توند بۆ ئەوانەی بەرەنگاری دەبوونەوە و خوویان بە ناوە ئەرمەنییەکانیانەوە گرتبوو، یان ئەوانەی کە هێشتا بە زمانی ئەرمەنی قسەیان دەکرد. زۆرێک لە منداڵان بەهۆی ئەوەی یەک وشەی زمانی تورکییان نەدەزانی، ناچار بە بێدەنگی ناچار بە بێدەنگی دەمانەوە. نۆرەی کارنیگ هات و مامۆستای قوتابخانەکە زللەیەکی لە دەموچاوی کارنیگ دا، چونکە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکرد کە ناوی کارنیگە. پاشان، ئەملا و ئەولای منداڵە داماوەکەی بەر شەق دا کە کەوتبووە سەر زەوی. کارنیگ لە تاو ئازاری سەخت بێهۆش کەوت و بردیان بۆ کلینیکی بێ پزیشک و بێ دەرمان، هەروەها بەشەخۆراکی ڕۆژانەی پارچە نانێک و جامێک ئاو. پاشان بە ناوێکی تورکیی مەحمود و ژمارەی ٥٥١ بۆ ناوی خێزان هاتە دەرەوە. بەدخۆراکی هەڕەشەیەکی مەترسیدار بوو و زۆرێک لە منداڵەکان نەخۆش کەوتن. "دکتۆر" پشکنینی نەخۆشەکانی کرد و دەرمانی پێدان. "لەبری چاکبوونەوە، زۆرێک لە منداڵە کوڕەکان گیانیان لەدەستدا".
کوڕەکان یاخی بوون و بە هەر شێوەیەک کە لە توانایاندا بوو بەرەنگارینەخشە و پلانەکانی جەمال پاشا بوونەوە کە بە دڕندەترین شێواز جێبەجێ دەکران. "ئەوە شەڕێکی نایەکسان بوو لە نێوان ئیدارە و قوتابییاندا. بەڕوونی پلانی جمال پاشا ئەوە بوو کە ئێمە بە تورک بکات، بەڵام ئێمە بڕیارماندا بەرەنگاری ببینەوە - نەک بە هۆی نەتەوەگەریی دەمارگرژانەوە، کە ئێمە لەو کاتەدا هێشتا زۆر منداڵ بووین بۆی،بەڵکو تەنها لەبەر ئەوەی دەمانویست دەست بە شوناسی خۆمانەوە بگرین، کە تەنها شتێک بووبۆما مابووەوە".
کارنیگ سەردانەکەی جەمال پاشای لەبیرە کە ڕووداوێکی نائاسایی بوو لە خانەی هەتیواندا و ئەو خانمەی کە لە ناو یاوەران و تاقمەکەیدا بوو، کە لە دوای خۆی مانەوە و ڕۆڵی بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکەی گرتە ئەستۆ. ئەو خالیدە ئەدیب بوو کە کارنیگ وەک ژنێکی دڵڕەق و بێبەزەیی لەبیریدا ماوە، کە بایەخی بە چارەنووسی منداڵەکان و کارەکەی نەدەدا و پەیوەندیی لەگەڵ منداڵاندا نەدەکرد بەڵام هەمیشە لە دانیشتنەکانی سزای ئێواران و ئەشکەنجەداندا ئامادە بوو. دەنگۆی ڕەفتارە سەیر و نامرۆڤانە و شەیتانییەکانی لە ناو منداڵەکاندا بڵاو بووبووەوە.
سەردانەکەی جەمال پاشا هەروا بە ئاسانی نەڕۆیشت. لە کاتێکدا کە پشکنینی ڕیزەکانی منداڵە هەتیوەکانی دەکرد، هەندێک لە کوڕە گەورەکان لێی چوونە پێشەوە و بە بوێرییەوە گلەیییان لە کەمیی بەشە خواردن کرد، "ئێمە خەریکبوو لە برسا دەمردین و تۆش ڕزگارت کردین. بەڵام پاشا، ئێمە هێشتا هەر برسیمانە! ڕۆژانە تەنها دوو نانی بچووکمان پێدەدەن، ئێمە وەکو پێش هاتنە ئێرە هەر برسین و بەم زووانە دەمرین ئەگەر فریامان نەکەویت و یارمەتیمان نەدەیت!". هەرا و غەڵبەغەڵبێک سەریهەڵدا و منداڵان هاواریان دەکرد "برسیمانە، برسیمانە"، پاشان بە دارەکاندا هەڵزنان و دەستیان دەکرد بە لێکردنەوەی بەری دارە کێوییەکان و خواردنیان. لەوئاژاوە و پشێوییەدا کە دروستبوو، جەمال پاشا ڕووی وەرچەرخاند و لەگەڵ دەستە و تاقمەکەیدا ئەو شوێنەی بەجێهێشت. ئەوەی جێگای سەرنجە، هاروتیون ئەلبۆیاجیان لە کاتی سەردانەکەی جمال پاشادا باسی ڕووداوێکی ئاوها گرنگ ناکات. بێگومان منداڵە هەتیوەکانلەسەر ئەم"یاخیبوونەیان" سزادران وئەو ڕۆژە هیچ نان و خواردنێکیان نەدرایە. لەم سەروبەندەدا شەڕێکی گەرم دژی قسەکردن بە زمانی ئەرمەنی بەردەوام بوو و ئەوانەی وشەیەکی ئەمەنییان لە زار دەرچووبایە دەگیران و بە توندی سزا دەدران "بە لێدانی بێبەزەییانە و سووکایەتی پێکردن و جنێودان"و دواتریش ترسناکترینیان کە فەلاقە بوو،42 وەک هاروتیونیش دەیگێڕێتەوە. ئەڵقەکانی مامەڵەی بەربەریانە لەگەڵ منداڵانی شەش تا دە ساڵان کارێکی زۆر قێزەون و دزێو بوو، تەنها لەبەر ئەوەی دەگریان و ناوی دایکیان دەهێنا یان نیشانەی خاچیان دەکێشا. سزادان بە فەلاقەکردن بەردەوام بوو و منداڵەکە لەتاو ئازاری سەخت دەیقیژاند و هاواری دەکرد و دواتر هۆشی لەدەستدا و ئەمەش ڕێکارەکەی ڕانەگرت. سزایەکی تری ترسناک ئەوەبوو کە منداڵەکە بۆ چەند ڕۆژێک لەبەر تیشکی ڕاستەوخۆی خۆردا بوەستێت بەبێ ئەوەی هیچ نان و ئاوێکی بدرێتێ و پاسەوانێکی دڕندەش چاودێریی دەکرد و ئەمە بەسەر ئەبراهامدا هات.کارنیگ لە یادیەتی کەوا: "دوای سێ ڕۆژ، کوڕە داماوەکە بە تەواوی لەناوچوو". بەڕێوەبەر لەبری ئەوەی ئەو شەپۆلە گەورەیەی تووڕەیی و ناڕەزاییە چارەسەر بکات، شێوازێکی نوێی ئەشکەنجەدانی داهێنا. ئەو هەموو ئێوارەیەک منداڵی هەتیوەکانی لە حەوشەکەدا کۆدەکردەوە و ناوی ئەوانە دەخوێندرایەوە کە ئەو ڕۆژە شایستەی فەلاقەکردنن. ژمارەی لێدانەکان بەندبوو بە قورسیی "تاوانەکەوە" و لەوانەبوو لێدان بگاتە تا دوو سەد یان تەنانەت سێ سەد جاریش و ... بەزۆری بەڕێوەبەر یەکەمجار دەستی بە لێدان دەکرد و پاشان، پاسەوانەکان کارەکەیان لەئەستۆدەگرت تا ئەو کاتەی ماندوو دەبوون. ڕۆژێک، ناوی کارنیگ بانگ کرا و خستیانە ژێر دار و فەلاقەوە و دوای ئەوە دە ڕۆژ لە کلینیکەکەدا بوو تا بنی پێیەکانی چاک بووەوە و جارێکی تر توانی بە پێ بڕوات.
بەردەوام ئەوەیان بیری منداڵان دەخستەوە کە "ئەرمەنی بوون تاوانە و سزای لەسەرە". کارنیگ شایەتیی ئەوە دەدات کە زمانی تورکی بوو بە زمانی زاڵ و وردە وردە منداڵ کەمتر سزا دەدرا بەهۆی پێشێلکردنی ئەو بنەما و یاسایەوە. بەڵام ئازارە سەختەکانی برسێتی پاڵی بە منداڵانەوە دەنا بۆ دزیکردن، تاوەکو هەر شتێکیاندۆزییەوە بیخۆن، لە کاغەزو مرەکەبەوە تا مێرووی تۆپیو. کارنیگ چووبووە پاڵ کۆمەڵێک منداڵی هەتیو کە بەردەوام شەوانە هەڵیاندەکوتایە سەر چێشتخانەکە یان لە کۆمپاوندەکەوەدزەیان دەکردە دەرەوە و سەوزە و میوەیانلە ماڵە دەراوسێکان دەدزی و بە دەستکەوتەکەیانەە دەگەڕانەوە و دەیانشاردەوە و ئەمەش یارمەتیی دەدان کە بۆ چەند ڕۆژێک بەرگەی برسێتی بگرن. ئەوان هەندێ جار ئێسقانی ئاژەڵ یان هەتیوی مردوویان دەدۆزییەوە کە چەقەڵ و ڕێوی گۆڕانەکانیان هەڵدەکەندن و دەریاندەهێنان و گۆشتی لاشەکانیان دەخوارد و ئێسقانەکانیان بەجێدەهێشت. ئەمان فێری وردکردنی ئەو ئێسقانانە بووبوون بە بەرد و پاشان هاڕاوەکەیان بە ئاوەوە دەخوارد. کارنیگ پێ لەوە دەنێت کە "برسێتی ئێمەی نائومێد کردبوو و لە مرۆڤبوونی خستبووین. من هەستم بە قێز و بێز نەدەکرد لەمئایدیایە و ... لە نزمیدا تەو نوقم بووبووین".
هەوڵەکان بۆ بە تورککردنی منداڵە هەتیوەکانی ئەرمەن لە هەتیوخانەکانی تورکیادا سەرکەوتوو نەبوون، ڕەنگە بەهۆی ئەو مێتۆد و شێوازانەوە بووبێت کە بە دڕندەییەکیڕەها جێبەجێکرابوون. کارنیگ پانیان ڕاستی بۆچووەلەو تێبینییەیداکە: "هەوڵ و کۆششی ئیدارە بۆ بەتورککردنمان شکستێکی بێئەنجام بوو". ئەوجا هۆکارەکان لە پرسیاری پڕ لۆجیک زمانپاراویدا دەخاتە ڕوو "ئایا مامۆستاکانمان درکیان بەوە دەکرد کە ئەوان بوون ئیرادەی ئێمەیان لە دژی ئەوان بەهێزتر کردووە؟ چۆن دەمانتوانی هەوڵبدەین وەک مامۆستاکانمان بین لە کاتێکدا ئەوان ئەهریمەنێکی دڕندە و سادی بوون؟ چۆن دەمانتوانی شوناسە نوێیە تورکییەکانمان قبووڵ بکەین لە کاتێکدا تورکەکان کە ئەرکی چاودێریکردنی ئێمەیان پێسپێردرابوو، بێبەزەییانە بە بچووکترین سەرپێچیی ئێمە سووکایەتییان پێ دەکردین و لێیانداین؟".
کێشەکانی کۆکردنەوەی هەتیوەکان لە هەوڵەکانی دوای جەنگدا
بارودۆخی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دوای جەنگ و بەتایبەتی قوستەنتینیەی داگیرکراوی هاوپەیمانان، کەشێکی لەباری بۆ ئەرمەنە ڕزگاربووەکان و و ئەو ڕێکخراوانە ڕەخساند کە سەرلەنوێ دامەزرانەوە بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتێکی بەرفراوان بۆ وەرگرتنەوەی منداڵە هەتیوەکانی ئەرمەن لە ماڵە موسڵمانەکان و خانەکانی هەتیوان. بێگومان ئەو کارەش ئاسان نەبوو، هەرچەندە حکوومەتی عوسمانیی دوای جەنگ هاوکار بوو یان خۆی وا پیشان دەدا. دوای هەڵاتنی سەرکردەکانی تورکە لاوەکان و لەژێر فشاری هاوپەیماناندا وەک مەرجێک بۆ ئاگربەست، حکوومەتی نوێ فەرمانی ئازادکردن و ڕادەستکردنی ئەو کچ و کوڕە ئەرمەنیانەی دەرکردبوو کە لە ماڵە موسڵمانەکاندا بە دیل گیرابوون. هامپارتزوم چیتجیان ڕووداوە ئەم چارەنووسسازە تۆمار دەکات کاتێک لە ساڵی ١٩١٨ حکوومەت فەرمانی بە تورک و کورد کرد کە منداڵە ئەرمەنییەکانی ژێر دەستی خۆیان بهێننە گۆڕەپانێک لە خاربێرت. "خزم و کەسوکار بەپەرۆشەوە بەدوای خۆشەویستە ونبووەکانیاندا دەگەڕان. ئەو منداڵە هەتیوانەی کە هێشتا لەبیریان مابوو بانگی ناوی خێزانەکانیان دەکرد. بەڵام زۆرێک لە منداڵە بچووکەکان لە 'دایە و بابەیان' زیاتر لەبیر نەمابوو". ئەگەر کەس ئیدیعای منداڵە هەتیوەکە نەکردایە، ئەوە ئەو خاوەن ماڵەی کە منداڵەکەی لەلابوو دەیتوانی بیباتەوە. هەر لەم گۆڕەپانەدا بوو کەواخزمێککیرۆپی برا بچووکەکەی هامبارتزومی دۆزیبووەوە.43
زاڤن دێر یاغییان، پاتریارکی ئەرمەن لە قوستەنتینیە، شایەتیی ئەوە دەدات کە زۆرێک لە تورکەکان "لە ترسی ئەوەی کە ڕەنگە لەلایەن هاوپەیمانانەوە سزا بدرێن، دەسبەجێ ئەم منداڵە هەتیوانەیان گەیاندووەتەکەنیسەی ئەرمەنی لە گەڕەکەکەیان یان ڕادەستی دراوسێ ئەرمەنەکانیان کردوون".44 ئەوان کەمینە بوون. لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا هەڕەشەیان لە منداڵە هەتیوە ئەرمەنییەکان دەکرد کە ئەگەر ناسنامەی ئەرمەنیی خۆیان ئاشکرا بکەن، دەکوژرێن. دێر یاغییان باسلەوەش دەکات کە هەندێک لە منداڵە هەتیوەکان "بە زۆر لە ماڵەکانی تورکەکان وەرگیراون، بە زەبر و پشتیوانیی پۆلیسی هاوپەیمانان و هەندێجار تەنانەت بە زەبری پۆلیسی تورکیاش". بەڵام لە هەمان کاتدا پۆلیسی تورکیا ئیدیعای دەکرد کە زۆر سکاڵای وەرگرتووە گوایە داواکارییەکانی ئەرمەن درۆیە و ئەو هەتیوانەی کە براون تورکی ڕاستەقینە بوون نەک ئەرمەن. "ماڵی بێلایەن" کە لەسەر فەرمانی باڵیۆزخانەی بەریتانیا دامەزرابوو، بۆ هێشتنەوەی ئەو منداڵانەی کە ناکۆکی لەسەر ناسنامەیان هەبوو. هاوکات دەنگۆ و تۆمەتبارکردن بە گەندەڵی و بەهەڵە حوکمدان لەلایەن کارمەندان و شەڕ و پێکدادانی ناوخۆیی لە نێوان سەرکردایەتیی ئۆرگانەکانی حوکمڕانیدا، شکۆمەندی و تەنانەت بوونی ماڵی بێلایەنیشی خستبووە ژێر پرسیارەوە. بەهەرحاڵ و بە پێی پاتریارک، ٣٠٠٠ منداڵی هەتیو ڕزگار کران کە زۆربەیان لە قوستەنتینە بوون.
کۆکردنەوەی منداڵانی هەتیو لە ناوچەکانی ناوخۆی تورکیادا ئەرکێکی قورستر بوو، کە بە هەزاران لەو منداڵانە لە ماڵەکان و هەتیوخانەکانی تورکیادا بە دیل مابوونەوە. بە گوتەی پاتریارکیش هۆکارەکەی ئەوە بوو کە سوپای هاوپەیمانان نەچووبوونە ناوچەکانی ناوەوەی وڵاتەوە. هەروەها ڕەنگە ئەمەش هۆکارێک بووبێت کە بزووتنەوەی کەمالی لە ماوەیەکی کورتدا توانی سەربکەوێتو ڕەوتی بووژانەوەی تازە سەرهەڵداوی ئەرمەنبگۆڕێت و بە هەمان شێوەش چارەسەری منداڵانی ئەرمەن کە ڕۆڵێکیچارەنووسسازیان هەبوو بۆ بەردەوامبوونی گەل و نەتەوەی ئەرمەن.
یەکێکی تر لەوئاستەنگانەی کە بەرەوڕووی هەڵمەتی کۆکردنەوەی منداڵە هەتیوەکان بووەوە، دوودڵیی خودی ئەو منداڵانە بوو لە جێهێشتنی خێزانی موسڵمانەکانیان دوای ساڵانێکیڕاهاتن لەگەڵ ژینگەکەدا و لەبیرچوونەوەی زمانی دایک و باوکیان و ڕاهاتن و گونجان لەگەڵ شوناسە تورکییەکەیاندا وبەتایبەتی کاتێ مامەڵەیەکی باشیان لەگەڵدا دەکرا. هەندێکی تریان لەو نادڵنیاییە دەترسان کەچاوەڕێی دەکردن لە کۆمەڵگەی ئەرمەنیدا یان شەرمیان دەکرد لەوەی کە بوون بە موسڵمان و ئەو شوناسەیان قبووڵ کردووە کە بە زۆر بەسەریاندا سەپێنرابوو. هەندێکی تریشیان کە زۆربەیان کچانی کەم تەمەن بوون و دەستدرێژییان کراوەتە سەر و ناچاری ژیان کراون لە ماڵە موسڵمانەکاندا، بەتایبەتی کاتێ منداڵێک یان زیاتریان لەو کەسانە کە فڕاندوونیان و ڕازی نەبوون واز لەو منداڵانەیان بێنن و بە هەتیوی بێ دایک بەجێیانبێڵن.بڕیاردان لەم مەسەلە چارەنووسسازە بۆ هەندێک لە ژنە گەنجەکان هێدمە و شۆک بوو بۆ ئەوانەیان کە مامەڵەیەکی باشیان لەگەڵدا کرابوو، وەک لوسەنتاگ کەوا کیرۆپ بێدوکیان چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە. ئەو ژنە بە کوڵ گریاوە چونکە نەیدەزانی چی بکات و ئاخۆ"مێردە" تورکەکەی جێبهێڵێت کە لەگەڵیدا باش بووە یان بگەڕێتەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی خۆی، بۆ نیشتمان و نەتەوەکەی؟ لە کۆتاییدا لوسەنتاگ بڕیاریدا بمێنێتەوە.45
کیرۆپ بێدوکیان دەگێڕێتەوە کە چۆن گرووپە خۆبەخشە ئەرمەنییەکان، بە هاوکارییمیسیۆنەرە ئەوروپی و ئەمریکییەکان و بە پشتیوانیی سوپای بەریتانیا، منداڵی هەتیویان کۆدەکردەوە، هەندێ جار بە زۆر لە دایک و باوکی بەخێوکەریان دەسەندەوە، ئەوەش ئەو کاتە بوو کە منداڵەکە دەیویست بڕوات و "دایک و باوک" ڕێگەیان نەدەدا.٤٦
مەحاڵە بزانین چەند لەو منداڵ و کچە گەنجانە لە ماڵە تورکەکان یان کوردەکان یان عەرەبەکاندا ماونەتەوە. هەندێکیان بە تەواوی بێئاگا لە ڕەگ و بنەچەی خۆیان گەورە بوون، بەڵام ئەوانەی تەمەنیان ئەوەندە بووە کە لەبیریان بێت، دەبێ هێدمە و ترۆمای دەروونی بە درێژایی ژیانیان لەگەڵدا بووبێت. هەرچۆنێکبووبێت هەردوو لایانگەل و نەتەوەی ئەرمەنیان لەدەستدا وبزر بوون.
تا ئەو کاتەی ئەم هەتیوانە دواجار گەیشتنە ناوەندی وەرگرتنی پەنابەران لە حەڵەب کە پێی دەوتراقشڵە (سەربازگە)، بێدۆکیان شایەتیی ئەوە دەدات، ئەوان کۆمەڵێکی بەدبەخت بوون و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگوازرانەوە. کاتێ کیرۆپ کە تازە لەگەڵ دایکی و دوو خوشکە گەورەکەی و برا بچووکەکەیدا یەکتریان گرتەوە، دەستی بە کارکردن کرد لەوێ (تەنها نۆ کەس لە شەست ئەندامی خێزانە گەورەکەی ڕزگاریان بوو)، نزیکەی هەزار ژن و منداڵ لە قشڵەداجێگیر کران. کیرۆپ شایەتیی ئەوە دەدات کە هەموو ڕۆژێک منداڵانی هەتیو دەهێنران و ناویان تۆمار دەکرا و دەنێردرانە هەتیوخانەکان. هەندێک منداڵ ناوی ئەرمەنی خۆیان لەبیر بوو، بەڵام هەندێکیشیان تەنها ناوی تورکی خۆیان هێناوە. نزیکەی نیوەیان دەیانزانی لە کوێ لەدایک بوون، بەڵام کەسیان مێژووی لەدایکبوونی نەدەزانی... ئەوان ئەگەر ناوی خۆیان نەزانیایە، ناوێکیان پێدەدرا. ئەگەر نەیانزانیایە لە کوێ لەدایک بوون، نزیکترین شار لەو شوێنەوە کە لێوەی هێنرابوون وەک شوێنی لەدایکبوونیان تۆمار دەکرا. لەوەش قورستر مێژووی لەدایکبوون بوو کە نزیکەی هیچیان نەیانزانیبوو. مێژووەکە بەپێی قەبارەیان مەزەندە دەکرا و بە تەنها کاتی گەیشتنی ئەوان بۆ قشڵە بە وردی و بە ڕۆژ و مانگ تۆمار دەکرا.
جۆن میناسیان بە خەمبارییەوە دیدارەکانی لەگەڵ کچانی ئەرمەنی لە دیلێتیی عەرەب یان کوردەکان لە بیاباندا بەبیر دێنێتەوە. لە نسێبین ژنێکی گەنجی ئەرمەنی کاڵ و شۆخ و ڕەنگ پەڕیوی ناسی کە بە پاڕانەوە داوای لێکرد یارمەتیی بدات بۆ ئەوەی جارێکی تر پەیوەندیی بە خەڵکەکەی خۆیەوە بکاتەوە٤٧. ژنێکی تری بینیبوو لەم منداڵتر و کەمتر سەرنجڕاکێش، بە ناوی ماکروهی و زۆر کڵۆڵ و نائومێد بوو چونکە ئاغاکەی خاوەنی بڕیار دابوو چیتر نانی نەداتێ و بەجێیهێشتبوو. هەروەها میناسیان باسی کوڕێکی مێرمنداڵی ئەرمەنی کە تەمەنی نزیکەی نۆ ساڵ بووە و ڕۆژێکیانهاتبووە کەمپەکە و لەسەر دزینی نان لێی درابوو. ئەم مێرمنداڵە چەند ڕۆژێک برسی بووە و لە ماڵە عەرەبێک هەڵاتبوو کە شوانیی بۆ دەکردن و دایک و باوکی خۆی لەبیر نەمابوو و بە زمانی ئەرمەنی قسەی نەدەکرد، بەڵام ناوە ئەرمەنییەکەی خۆی کە کیکۆر بوو لەبیر مابوو. میناسیان باڵی کێشابوو بەسەر ئەم منداڵە هەتیوەدا و خستبوویە ژێر چاودێریی خۆی و بەخێوی کردبوو و بە "بابە حەبیب" بانگی دەکرد (جۆن میناسیان ناوی حەبیبی لەخۆی نابوو بۆ ئەوەی وەک عەرەبێک بناسرێت). ئێستا کیکۆر و ماکروهی و ژنە شۆخەکە "گوڵە نامۆکان"ی بیابانن، وەک ئەوەی ناوی لێنابوون و هەموویان پشتیان بەم و بەڵێنەکەی بەستبوو کە لەو شوێنە وێرانەیە و لە ناوجەرگەیناشوێندا دەریانبهێنێت.48
ماکروهی کەمترین بەختی هەبوو، میناسیان لە کەمپەکەی بیابان جێی هێشتبوو دوای ئەوەی پێیزانی کە لەگەڵ دیلێکی ئوسترالیدا خەوتووە. بەڵام هەستی بە گوناە دەکرد لەو بارەیەوە. "باشە من هاوڕێ بووم یان لە پشتەوە خەنجەرم لێداوە؟ یان... ڕەنگە لەمخێوەت بۆ ئەو خێوەت چووبێت و دۆخی هێندەی تر داڕووخابێت؟"49 بەڵام ئایا دەبێ ماکروهی لۆمە و سەرزەنشت بکرێت؟ئاخۆ چەند ژنی گەنجی تری ئەرمەنی تووشی هەمان چارەنووس بوون و بەجێهێڵران بۆ ئەوەی بمردن، یان زیاتر و زیاتر نوقمی ژیانی لەشفرۆشی بێن یان ببنە کەنیزەکی خراپەکار لە شار و گوندەکانی کورد و عەرەبەکاندا لەو بیابانییە خنکێنەرەدا؟ ئاخۆ چەند ژنیان لە شارە گەورەکانی وەک حەڵەبدا گەڕانەوەیان ڕەتکردەوە بۆ ناو خێزانەکانیان لە ترسی شەرمەزاری و سووکایەتی کردن بە شکۆ و کەرامەتیان؟ ڤارتوهی، کە هۆڤانێس مەگردیچیان لە حەڵەب بینیبووی یەکێک بوو لەو "پەپوولە بەهارییانەی کەوا کەوتبووە داوەکەوە، نەمامێکی سیس و ژاکاو بوو کە هەرگیز گوڵ ناکات، زۆرێک لەوانەی پێی سەرسام بوون دەستیان لەگەڵ تێکەڵ کرد و دڵڕەقانە پیسکرا و تێکشکێنرا و تووڕدرایە زێرابەوە".٥٠
هەتیوخانەکانی دوای جەنگ کە لەلایەن ڕێکخراوە ئەرمەنییەکان یان مسیۆنێرەکانەوە و هەروەها "ماڵی بێلایەن" بەڕێوەدەبرا، بە بودجەیەکی کەم و لە دۆخێکی زۆر خراپدا کاریان دەکرد. کارمەندانی بەڕێوەبردن هەوڵێکی تایبەتییان دا بۆ دۆزینەوەی کەسوکاری ئەو منداڵە هەتیوانە و ناردنی منداڵەکان بۆ لایانتاوەکو لەگەڵیان بژین. کێشەکە لەگەڵ ئەو ژنە گەنجانەدا بوو کە لە ژیانیاندا لەگەڵ دیلکەرەکەیان وەک هاوسەر یان کەنیزەک دەستدرێژیی کرابووە سەریان. هەندێک لەو ژنانە هەڵاتبوون و منداڵەکانیان لەگەڵ خۆیان بردبوو، هەندێکیان دووگیان بوون و لە خانەی هەتیواندا منداڵیان بوو، هەندێکی تریان منداڵەکانیان بەجێهێشتبوو و هەڵاتبوون. لە بیرەوەرییەکانیدا بە ناوی "کچێکی پەنابەرRefugee Girl" دیروهی کۆیمجیان هایگاس ئەرکی داکۆکیکردن دەگرێتە ئەستۆ لەو "هەزاران کچ و ژنە ئەرمەنانەیکە لە 'هاوسەرگیریی' زۆرەملێ هەڵاتوون لە هاوسەرە تورکەکان" و هەندێکیان "بە منداڵە کۆرپە نیوە تورکەکانیانەوە لە باوەشیاندا، ئەو منداڵانەیان بەجێدەهێشت کە نەیانتوانیوە هەڵیانبگرن" و باس لە زۆرێکلەو ژنانە دەکات کە بۆ هەتا هەتایە بە تێکشکاوی بەجێهێڵران لە ژێر دەستی دەستدرێژکارانی تورکدا".51
لە هەموو حاڵەتەکاندا ئەم بوونەوەرە هەژار و داماوانە ڕووبەڕووی زەبرێکی دەروونیی بوونەوە کە هەرگیز چاکبوونەوەی بەخۆوە نەبینی. وەک هاگۆپ ئۆشاگان تێبینی کردووە، ئەمە ئەو نەوەیە بوو کە "ڕاستەوخۆ لە هەتیوخانەکانەوە ئازادکرا بۆ ژیانی دەرەوە، تەنها بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لەنێو نەهامەتی و بێبەشییەکانی ژیاندا هەتیو ببنەوە"٥٢و لە سەرووی ئازارەکانی خۆیانەوە، کۆمەڵگەی ئەرمەنی، بە تایبەت لە قوستەنتینیە، کە کۆمەڵکوژی و ڕاگواستنی ئەزموون نەکردبوو، بە چاوێکی سووکەوە سەیری ئەم قوربانیانەیان دەکرد.
بەڕێوەبەرایەتی لە خانەکانی هەتیواندا دوای جەنگ هەوڵیدا ئەم ژنانە هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو پیاوە ئەرمەنانەدا بکەن کە ڕزگاریان بووە و بیاننێرن بۆ جیهانی دەرەوە ئەوەی پشت بە خۆیان ببەستن و متمانە پەیدا بکەنەوە بەخۆیان. بەڵام زۆربەی ئەم پیاوانە لە ژنە تاتۆکراوەکان ناڕازی بوون و دەیانزانی کە بەکارهێنراون وڕێکوڕەوان وەک کۆیلەی سێکس لە ماڵە موسڵمانەکاندا بەکارهێنراون. بێگومان مەسەلەیەکی کوتوپڕیی گەورە بوو بۆ من کە زانیم پزیشکێکی ئەرمەنی یەکەم نەشتەرگەریی جوانکاریی ئەنجامداوە بۆ لابردنی خاڵ یان تاتۆ لەسەر ژنانی ئەرمەنی. ئەم پزیشکە باشە تاتۆکانی لابرد، بەڵام شتێکی سەیرتر و نائاساییتری لەو ماوەیەدا کرد و ئەویش نەشتەرگەریی دوورینەوە و گەڕاندنەوەی کچێنی بوو. بەم کارە ئەو کچە ئەرمەنییەی کە دەستدرێژیی کرابووە سەر، دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا کە پاکیزەیی کچێنی بۆ بگەڕێتەوە و لەگەڵ ئەو پیاوەی کە داخوازیی کردووە هاوسەرگیری بکات. ڕوون و ئاشکرایەکەوا ئەو منداڵانەی کە لە ئەتککردن و دەستدرێژیی سێکسی ڕزگاریان بووە، كچ بووبن یان کوڕ، بە درێژایی ژیانیان هەستیان بە گوناه و شەرمەزاری کردووە.
گرێ ساڕێژنەبووەکانی ڕابردوو
هەتیوە کڵۆڵ و بەدبەختەکانیڕزگاربووانی جینۆسایدی ئەرمەن، زۆر هەوڵیان دەدا لەبیری بکەن، یان وەک زاناکانی دەروونناسی دەیڵێن، هاوسەنگی ڕابگرن لە نێوان بیرکردنەوە و وێنە و یادەوەرییەکانی پەیوەست بەو ئەزموونە زەبربەخشە و نموونە مەعریفییەکانی ئێستای جیهان. بەڵام وەک ماردی جۆن هۆرۆڤیتز دەڵێت و وەک لە درێژەی ئەم توێژینەوەیەدا باسکراوە، ئەم زانیارییە پەیوەندیدارەی هێدمە و تراوما توانای ئەوەی هەیە بەرگرییەکانی قوربانییەکە بشکێنێت و لە شێوەی فلاشباک و مۆتەکە و بیرکردنەوە نەخوازراوەکاندا دەستوەرداتە ناو هۆش و ئاگاییەوە. وێنە ترسناک و تۆقێنەرەکانی دایک و باوکیان کاتێ ئەشکەنجە دەدرێن و دەکوژرێن، خوشکەکانیان کاتێ دەستدرێژی دەکرێتە سەریان و دەفڕێنرێن، یان ئەزموونی خۆیان، ئەتککردن و دەستدرێژیی سێکسی، شەوانە سەردانیان دەکردن و بە ترس و لەرزەوە هاواریان دەکرد. وێنەی زەینیی ئەزموونە زەبربەخشەکە لەپڕ دەردەکەوێت لەگەڵ بۆنێک، دەنگێک، بینینێک، یان دەستلێدانی شتێکدا و نائاگایی دەکەوێتە زاڵبوون بەسەر ئاگاییدا و قوربانییەکە دەباتەوە بۆ ئەزموونە زەبربەخشەکە.
کابوسەکانی هامبارزوم چیفتجیان دووبارە دەبوونەوە و هەرگیز نەیتوانیوە ئەو ئەزموونە خەمناک و هەندێ جاریش نەفرەت لێکراوانە ڕام بکات و مامەڵەی لەگەڵدا بکات. ئەو ئەزموونانە بە زیندوویی مانەوە و لە قووڵایی زەین و مێشکیدا جێگیر بووبوون و لە هەمووشی سەختتر و ناهەموارتر لە شێوەی مۆتەکەی ترسناکدا سەریان هەڵدەدایەوە کاتێ کە ئازاد و لە ژینگەیەکی سەلامەت و پڕ ئەماندادەبوو. "ئەو وێنانەی بە توندی هەڵگیراون دەست دەکەن بە دەرکەوتن و شیبوونەوە و تا ئەمڕۆش لە مۆتەکەکانمدا دووبارە دەبنەوە و .... هەرگیز فێر نەبووم چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو وێنانەدابکەم و ئەوان بۆ هەمیشە ڕاوم دەنێن و هێرش دەکەنە سەرم".
مۆتەکەکان تاکە ڕووداوی هەڕەشەئامێز نەبوون لە ژیانی ئەم ڕزگاربووە بەدبەختانەدا. وەک دەروونناسەکان و لە نێویاندا ماریان ماککۆردی وەسفی دەکەن، زەبر وێنەیەکی ئایکۆنی یان ڕەمزی دروست دەکات، "وێنەیەکی زەینی کە لە قووڵایی مێشکدا و لە سیستەمی لیمبیکدا هەڵدەگیرێت و بە ئاسانی بۆ توێکڵی مێشک بەردەست نییە"، بەڵام "هەندێکجار بەبێ بانهێشت دەردەکەوێت کاتێک بۆن دەکەین، دەبیستین، دەیبینین، یان دەست لە شتێک دەدەین کە دەمانباتەوە بۆ ئەو کاتەی کە ڕووداوە زەبربەخشەکە ڕوویداوە".53 زۆرجار شتێکی تایبەت دەنگ، شوێنێک، یان بۆنێک بەسە بۆ ورووژاندنی سەرهەڵدانەوەی یادەوەرییەک، خۆشبێت یان خەمناک، کە پەیوەندیی بە ئەزموونێکی ڕابوردووەوە هەیە. هەموو ئەوانەی لە مردن ڕزگاریان بووە باس لەو جۆرە هەستانە دەکەن کە پەیوەندییان بە تاقیکردنەوە دڵتەزێنەکەیانەوە هەیە لە سەردەمی جینۆسایدەکەدا. هامپارتزوم چیتجیان بە بینینی تەرمی بەستووی کوڕێکی ئەرمەنی کە لە ماڵێکی کورددا لەگەڵیدا کاریان کردووە، تووشی شۆک بووە. ئەو و ژنێکی ئەرمەنی ویستبوویان بە شێوازی مەسیحییانە تەرمی ئەو کوڕە بنێژن و بە دەستی خۆیان لە زەوییەکی بەستەڵەکدا گۆڕیان بۆ هەڵکەند. دوای شەست و پێنج ساڵ، لە ٦ی کانوونی دووەمی ١٩٨٠دا، کاتێ تەماشای هاوسەرەکەی دەکرد کە خەیکی ئامادەکردنی مریشکێکی بەستوو بوو بۆ ژەمی ئێوارەیان لە جەژنی ئیپیفانیی (غەتتاس)ی ئەرمەنیدا، هامبارتزۆم سەرلەنوێ ئەو هەستەی ئەو سەردەمەی بۆ گەڕایەوە و هەمان ئەو ئازارەی بۆ نوێ بووەوە لە ڕۆحیدا. "ئاخ، ئاخ هەوڵ بدەن نەوەی ئەرمەنەکان لەبیر بکەن، منداڵانی خەم و ئازێتباری". بێ ئەوەی هیچ هۆکارێک هەبێت بۆ هامبارتزۆم کە یادەوەرییە تاڵ و ترسناکەکانی سەرهەڵبدەنەوە کەچی گەلێ جار زۆرجار گوێی بە دەنگە دەنگ دەزرنگایەوە. "تا ئەمڕۆش جەستەم دەلەرزێت". لە منارەی مزگەوتەکانەوە گوێی لە هاوارکردن و بانگەواز دەبێت "هەرکەسێک ئەرمەنییەک داڵدە بدات، پێنج ساڵ زیندانی دەکرێت و زنجیر دەخرێتە ملی!"ئەو بەردەوام هەست بەو ترسە دەکات کە وەک هەڵاتوویەک هەستی پێدەکرد، کە بێ ئامانج دەگەڕا و سەرگەردان بوو، بەردەوام بیری لەوە دەکردەوە ئاخۆ چی ڕوودەدات ئەگەر بگیرێت.
ئەم پیاوە لە ڕووی داراییەوە سەرکەوتوو بوو بەڵام لە ڕووی دەروونییەوە وێران بوو، برینەکانی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبوو هەرگیز نەیتوانی لەگەڵ یادەوەری ئەو بەڵایەی بەرگەی گرتبوو و ئەو دڕندەییانەی کە بەسەریهاتبوو، ئاشت بێتەوە. ئەو وەک ڕزگاربوویەک خۆی پێناسە ناکات بەڵکو وەک قوربانییەک و ڕوونی دەکاتەوە، "مرۆڤ هەرگیز لە جینۆسایدێک ڕزگاری نابێت، ڕەنگە لە ڕووی جەستەییەوە ڕزگارت بێت، بەڵام مێشک و ڕۆحت بۆ هەمیشە ئازار دەچێژێت، ئەگەر لە دۆزەخێکدا بوویت، تاماویت و بۆ هەتا هەتایە ئەو گرێ دەروونییە بەرت نادات". هەروەها ئەو گرێ و برینەگواستبوویەوە بۆ منداڵەکانی، بەبێ ئەوەی بزانن، بەبێ خواست و ئارەزووی خۆیان. "هەر زوو کەوتمە هاوسۆزی لەگەڵ ترس و تۆقینی ئەوەی کە بە تەنیا و بە هەتیوییبمێنیتەوە - ترس و تۆقینێکی سامناکی وا کە هێشتا لە دەروونی مندا خۆی حەشارداوە..." ئەمە ددانپێدانانی سارای کچی هامبارتزومە. بە تێپەڕین کات کە سارا تەمەنی بوو بە دە ساڵ، چووە ناو جیهانێکی نادیاری فرمێسک و خەم و پەژارەوە کە باوک و دایکیشی هاوبەشییان دەکرد. ئەو نەوەی دووەم بوو کە دەرد و ئازارەکەی بە میرات بۆ مابووەوە. "ئەوەی زیاترم لەبیرە لەبارەی دایکمەوە چەندین جار بوو کە بە تەنیا دەمبینی فرمێسکەکانی بە ڕوومەتیدا دەهاتنە خوارەوە و دەمزانی کەسەرلەنوێ گەڕاوەتەوە بۆ ئەو ساتەوەختەسامناکانەیکە دایکی و براکانی بە چاوی خۆیان بینیبوویان کە چۆن تورکە بەربەرییەکان دڕندانە سەری باوکە خۆشەویست و بێتاوانەکەیان بڕیوە.... ئازاری ئەو ساتەوەختە ترسناکە بۆ هەمیشە لە ڕۆحیدا چەسپیوە و فرمێسکەکانی هەرگیز نەدەوەستان...".
لیۆناردۆ ئەڵیشان تەمەنی تەنها نۆ ساڵ بوو کاتێک داپیرەی تێکەڵ بە جیهانی تاڵی ئازارە سەخت و نەبڕاوەکانی خۆیی کرد. ئەویش بوو بە نەوەی سێیەمی ڕزگاربووی جینۆسایدی ئەرمەنەکان و کەوتە بەر چڕنووکی مۆتەکەی کارەساتەکە و بوو بە هاوبەشی دەرد و ئازاری داپیرەی و بوو بە بەشێک لێی.
ئازارەکانی ئۆرورا ماردیگانیان تەنانەت دوای گەیشتن بە ئەمریکاش بەردەوام بوو. ئەو بە ئازایەتییەوە پابەند بووبوو بە ڕۆڵی کارەکتەری خۆی لە فیلمی "ئەرمینیایزەوتکراوRavished Armenia" (١٩١٩)دا، کە لەسەر بنەمای بیرەوەرییەکانی ئەو وەرگیرابوو. لە ماوەی دوو ساڵی گێڕانەوەی چیرۆکەکەیدا، تاقیکردنەوەی خۆی زیندوو کردەوە و نواندنەکەی زیانێکی زۆری بە تەندروستیی گەیاند، چونکە نەیدەتوانیتەنها شەوێکیش لە گەشتە دوور و درێژەکەی بەناو دۆزەخدا لەبیر بکات. لە دەرەوەی ماڵەکەدا چیچانەکان پاسەوانیی دەستکەوتەکانیان دەکرد کە ژنە ئەرمەنەکان بوون و کوشتنی بەکۆمەڵی ئاوارە و پەنابەران بە درێژایی شەو بەردەوام بوو. گوێی لە قیژە و هاواری تیژ و زرمەی سمی ئەسپەکان بوو. "هەندێ جار ئێستاش ناتوانم بخەوم، هەرچەندە بۆ هەمیشە سەلامەتم و لە ئەماندا دەژیم، بەڵام لە شەودا ئەو هات و هاوارانە دێنە گوێم و تەنانەت لەو کاتەشدا کە هاوڕێکانم لە دەورمن و ناتوانم لە گوێمدا بێدەنگیان بکەم". ئەو هەرچەندە لەگەڵ کەسێکی ئەرمەنیدا هاوسەرگیری کردبوو و کوڕێکی لێی هەبوو، بەڵام ئەو ئاسەوارە لە مێشکیدا نەدەسڕایەوە، بۆیەخۆی لە کۆمەڵگە دابڕی و ژیانێکی تەریک و تەنیایی دەگوزەراند و بەردەوام بە خەیاڵ وای هەست دەکرد تورکەکانلە پشت دەرگای ماڵەکەیەوەن و لە ئامادەباشیدان هەڵبکوتنە سەری، تا ئەو کاتەی بە تەنها مرد وحکوومەت تەرمەکەی گواستەوە و لە گۆڕێکی بێ ناونیشاندا بە خاک سپێردرا.
ڕزگاربووانی ئەرمەن هەرگیز دەستیان بە هیچ چارەسەرێکی دەروونیداڕانەگەیشت بۆ ڕەواندنەوە و سڕینەوەی زانیارییە زیانبەخشە کەڵەکەبووەکان لە یادەوەریی چالاکیاندا و بۆ ڕەخساندنی ئەگەرێکی ئاشتەوایی و مەحاڵ بوو ئەو داخ و دەردە لەبیربچێتەوە. منداڵە هەتیوەکانی جینۆساید بۆ هەمیشە ئەو ئاڵۆزی و گرێ دەروونییانە بەرۆکی بەرنەدان. ژیانیان بۆ ئەوە نەبوو کە چێژی لێ وەربگرن، تەنانەت ئەگەر جیهانی نوێیش (مەبەست ئەمریکایە - و) دەرفەتی نوێ و ژیانێکی خێزانیی ئاسوودەی بۆ ڕەخساندبێتن. "هەرچەندە من لە ئەمریکا سەلامەتم و لە ئاماندا دەژیم، بەڵام شەوەکانم ئارام نین"، ئەمە قسەی ژنێکی ئەرمەنە کەددان بەوەدا دەنێت. یەکێکی تریش ئەوەندە کاریگەریی ڕابوردووی لەسەر بوو کە بڕیاریدا هەرگیز هاوسەرگیری نەکات و بە تەنها بژی و بە تەنها ئازارەکانی خۆی بچێژێت، بێئەوەی لەوە بترسێت کە منداڵێکی هەتیو لە دوای خۆی بەجێبێڵێت.
کاریگەرییەکانی ئەو ئەزموونە زەبربەخشە بۆ نەوەی داهاتوو گوازرایەوە، تەنانەتلە ڕێگەی گواستنەوەی بۆماوەییەوە54بە بێ شایەتحاڵ و گێڕانەوەی چیرۆکە خێزانییەکانیش.
سەرچاوە: گۆڤاری نێودەوڵەتیی توێژینەوەکانی جینۆسایدی ئەرمەن
ژمارە ٩، ٢ (٢٠٢٤)
پرۆفیسۆر د. ڕوبینا پێرومیان
International Journal of Armenian Genocide Studies 9, no. 2 (2024)
THE INSTITUTIONS OF TURKIFICATION AND ASSIMILATIONINTHEEYESOFARMENIANORPHANS WHO FLED THEM
RubinaPeroomian Ph.D. USA
پەراوێز
1 VahaknDadrian,“ChildrenasVictimsofGenocide:TheArmenianCase,”
منداڵان وەک قوربانیی جینۆساید: حالەتی ئەرمەنییەکان
JournalofGenocideResearch5, no. 3 (2003): 421-437.
2 HovhannesMugrditchian,ToArmenianswithLove:TheMemoirsofaPatriot
بۆ ئەرمەنەکان لەگەڵ خۆشەویستیدا: بیرەوەریی نیشتمانپەروەرێک ...
(HobeSound,FL:PaulMart, 1996),56,71.Forfurtheranalysisofthismemoir,seeRubinaPeroomian,TheArmenianGenocideinLiterature, PerceptionsofthosewhoLivedthroughtheYearsofCalamity(Yerevan:ArmenianGenocideMuseum-Institute, 2014), 260-268 and elsewhere in the book.
بۆ شیکاریی زیاتری ئەم یادەوەرییە، بڕوانە ڕوبین پێروومیان، جینۆسایدی ئەرمەن لە ئەدەبدا، وێناکردنی ئەوانەی لە ساڵانی لێقەومان و کارەساتەکەدا ژیان...
3Dirouhi Kouymjian Highgas, Refugee Girl کچی پەنابەر یان ئاوارە(Watertown, MA: Baikar, 1985), from the “Prologue.” Further analysis in Peroomian, the Armenian Genocide in literature, 253-259 and elsewhere in the book.
بۆ شیکاریی زیاتر بڕوانە پێروومیان، جینۆسایدی ئەرمەن لە ئەدەبدا...
4 GaroPoladian,EaglesintheDesert هەڵۆکان لە بیاباندا (Paris:Araxes,1958).Forpagereferences, see Peroomian, The Armenian Genocide in Literature, 111-115.
5Kostan Zarian, Voices in the Church, دەنگەکان لە کەنیسەدا...inArby Ovanessian ed.,Anthology of Armenian One-act Plays ئەنتۆلۆجیای شانۆییە ئەرمەنییە یەک پەردەکان (Paris, Yerevan: Spiurk, 2001), 11-27.
6 IinterviewedHripsiméZeneyan,AjemianonApril30,1980,aspartofmyoralhistorycourseworkatUCLA with Prof. Richard G. Hovannisian. The audiotapes were kept at UCLA and later trusted to the USC Shoah Foundation in LosAngeles for indexing and digitization. The collection is accessible on their website.
7 Verjiné Svazlian, the Armenian Genocide, Testimonies of the Eyewitness Survivors (Yerevan: Gitoutyoun, 2011), 97, Testimony # 9.
- Dadrian,“ChildrenasVictimsofGenocide:TheArmenian”
- Svazlian,theArmenianGenocide,488-89,Testimony#295.
- InterviewedbyMichaelHagopianonJuly17,1985,inDetroit,Michigan.TheinterviewisapartofMichael Hagopian’s Armenian Film Foundation collection at the Shoah Foundation, Interview code:AFF288.
- VitaliIanko,thePromiseattheSeaبەڵێن لە دەریادا(NewYork:VintagePress,2004),221.Forfurtheranalysisofhermemoir, see Peroomian, The Armenian Genocide in Literature, 282-292, 382-387.
- Dadrian,“ChildrenasVictimsofGenocide:TheArmenianCase,”
منداڵان وەک قوربانیی جینۆساید: حاڵەتی ئەرمەنییەکان ...
- RavishedArmenia:TheStoryofAuroraMardiganian,theChristianGirlWhoLivedthroughtheGreatMas- sacres, interpreted by H. L. Gates (New York: Kingfield, 1918).
زەوتکردنی ئەرمینیا: چیرۆکی ئۆرورا ماردیگانیان، ئەو کچە کریستیانەی کە لە ترس و بیمە گەورەکەدا ژیا ...
- AnthonySlide,RavishedArmeniaandtheStoryofAuroraMardiganian(Lanham,MD:Scarecro 1997),121.All subsequent references to Mardiganian’s memoirare from this publication. See also Peroomian,TheArmenianGenocideinLiterature,314-324andelsewhereinthe
- See ft. #8 for
- Dadrian,“ChildrenasVictimsofGenocide:TheArmenianCase,”424-
- HenryMorgenthau,AmbassadorMorgenthau’sStory(NewYork:GardenCity,1918),هێنری مۆرگێنتاو، چیرۆک و گێرانەوەی باڵیۆز مۆرگێنتاو ...
- Kerop Bedoukian, Some of Us Survived: The Story of anArmenian Boy
هەندێ لە ئێمە ڕزگار بوون: چیرۆکی کوڕێکی ئەرمەنی ....
(NewYork: Farrar Straus Giroux, 1979), 49-50.FurtheranalysisinPeroomian,TheArmenianGenocideinLiterature,232-237andelsewhereinthebook.
- #5andPeroomian,theArmenianGenocideinLiterature,254.
- MargaretAjemianAhnert, the Knock at the Door:AJourney through the Darkness of theArmenian Genocide لە دەرگادان، گەشتێک بە ناو تاریکیی جینۆسایدی ئەرمەندا ...(New York: Beaufort Books, 2007), 177. The subsequent page numbers in parenthesis refer to this publication. Further analysis of the author’s rending of her mother’s story in Rubina Peroomian, The Armenian GenocideinLiterature,TheSecondGenerationResponds(Yerevan:AnArmenianGenocideMuseum-Institute publication, 2015), 128-133 and elsewhere in the book.
- Derdarian,Vergeen: A Survivorofthe ArmenianGenocide ڕزگاربوویەکی جینۆسایدی ئەرمەن(Los Angeles: AtmusPress,1997). The page numbers in parenthesis refer to this publication. Further analysis of the author’s rending of Vergeen Meghruni’sstoryinPeroomian,TheArmenianGenocideinLiterature,TheSecondGenerationResponds,119- 122 and elsewhere in the book.
- RubinaPeroomian,“TheRestlessWorldofLeonardoAlishan(March1951–January2005),ABurntOffering ontheAltaroftheArmenianGenocide”inGenocideStudiesandPrevention1,no.3(2006):289-303.Citation from p. 291, from the story “The Lady-Bug and the Persian Rug.”
- LeonardoAlishan,“AnExerciseonaGenreforGenocideandExorcism,”inTheArmenianGenocide:History,Politics,Ethics,ed.RichardG.Hovannisian(NewYork:St.Martin’sPress,1992),340-54.Quotationfrom 352-3.
ڕاهێنانێک لەسەر ژانرێکی جینۆساید و دەرپەڕاندنی ڕۆحە خراپ و شەڕخوازەکان، لە کتێبی جینۆسایدی ئەرمەن: مێژوو، سیاسەت، ئێتیک ...
- IinterviewedSatenik Spandarianon May 28, 1980. See ft. # 8 for
- Dadrian,“ChildrenasVictimsofGenocide,”
- Poladian,EaglesintheDesert,
- Svazlian,TheArmenian Genocide,501, testimony #308.
- , 213, testimony #87.
- Dadrian, “Children asVictims of Genocide:TheArmenian Case,” 423; Morgenthau, Ambassador Morgenthau’s Story, 312.
- RavishedArmenia:TheStoryofAuroraMardiganian,
- IinterviewedOhannesAkarakianonMay31, 1980.Seeft. #8for
- Nazan Maksudyan, “For the Holy War and Motherland. Ottoman State Orphanages (Darüleytams) in the Context of the First World War and theArmenian Genocide,” L’Homme 34, no. 1 (2023): 44.
بۆ جەنگی پیرۆز و خاکی دایک. هەتیوخانەکانی (دار الأیتام) لە دۆخ و سیاقی جەنگی جیهانیی یەکەم و جینۆسایدی ئەرمەندا ...
- InherrecentworkNarineMargaryanhasidentified30orphanageswhereArmenianchildrenwereturkified duringtheArmenian Genocide. See Narine Margaryan, “TheTurkification ofArmenian Children in the Ottoman Empire’s State Orphanages (1915 -1918),” in Silenced Crime: Forcible Child Transfer during the Armenian Genocide, edited by Edita Gzoyan (Brill, 2025), forthcoming.
- لە بەرهەمە نوێکەیدا نارین مارگەریان ٣٠ هەتیوخانەی دەستنیشان کردووە کە منداڵانی ئەرمەنی تێدا بەتورککراون لە ماوەی جینۆسایدی ئەرمەندا. بڕوانە نارین مارگەریان، "بەتورککردنی منداڵانی ئەرمەن لە هەتیوخانە حکوومییەکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا (١٩١٥ - ١٩١٨)"، لە کتێبی تاوانی بێدەنگ: ڕاگوێزانی زۆرەملێی منداڵ لە ماوەی جینۆسایدی ئەرمەندا ....
- Edita G. Gzoyan, Regina A. Galustyan, Shushan R. Khachatryan & Narine V. Margaryan, “In the Beautiful Heaven, a Golden Cage: Race, Identity and Memory in Turkification of Armenian Children in State Orphanages during the Armenian Genocide,” بەهەشتێکی خۆش، قەفەزێکی زێڕین: ڕەگەز و شوناس و یادەوەری لە بەتورککردنی منداڵانی ئەرمەن لە هەتیوخانە حکوومییەکاندا لە ماوەی جینۆسایدی ئەرمەندا ...Journal of Genocide Research 26, no. 3 (2024): 243-263. DOI: 1080/14623528.2023.2237700.
- Tantane,wasfirstpublishedinChakatamartnewspaper(June27andJuly4,1920)inConstantinople and belonged to a collection of stories Hagop Oshagan intended to publish separately under the title (Imperial Song of Triumph) which, due to ominous political developments and his exodus from Constantinople, he never did. The book was later published in Beirut in 1983.
تانتان یەکەمجار لە ڕۆژنامەی چاکاتامارتدا (١٩٢٠) لە قوستەنتینییە بڵاوبووەوە و بریتییە لە کۆکراوەیەکی چیرۆک و گێڕانەوە و هاگۆپ ئۆشاگان بەنیاز بوو بە جیا بڵاویان بکاتەوە لە ژێر ناونیشانی (گۆرانیی ئیمپراتۆریی سەرکەوتن) کە بە هۆی پەرەسەندنە سیاسییە شوومەکان و هەڵاتنی لە قوستەنتینییە، هەرگیزچاپی نەکرد. دواتر ساڵی ١٩٨٣ کتێبەکە لە بەیرووت بڵاوکرایەوە.
- HagopOshagan,ImperialSongofTriumph(Beirut:Altapress,1983),
- Fordetailsofhis“journey,”seePeroomian,TheArmenianGenocideinLiterature,293-302andelsewherein the book.
- CitedinAlvinRosenfeld,ADoubleDyingReflectionsonHolocaustLiterature(BloomingtonandIndianap- olis, Indiana University Press, 1988), 18.
ڕەنگدانەوەکانی دوو جار مردن لە ئەدەبی هۆڵۆکۆستدا ...
- Svazlian,theArmenianGenocide,426-428,Testimony#247.
- The English translation with the addition of Chapter 9, left out in theArmenian publication, was published in 2015. See Karnig Panian, Goodbye,Antoura:AMemoir of theArmenian Genocide (Stanford, CA: Stanford University Press, 2015).
بڕوانە کارنیگ پانیان، "خوا حافیز عەنتۆرا: یادەوەریی جینۆسایدی ئەرمەن ....
- ThetranslatorofPanian’smemoirsexplainsinafootnotewhatfalakhais:“Acaneorstrapusedtostrikethe solesofthefeet,alsoknownasabastinado,falanga,andfalaka.Inthemodernworld,itsuseisconsideredaform of torture. ئەمە باسی فەلاقەیە و بۆ خوێنەری کورد ئاشنایە - وەرگێڕ
- Chitjian,AHair’sBreadth,156.
- ZavenDerYeghiayan,MyPatriarchalMemoirs یادەوەرییە پاتریارکییەکانم (Barrrington,RI:Mayreni,2002),
- Bedoukian,Some of UsSurvived: TheStory of anArmenian Boy, 153-
- ,154.
- ManyHillsYettoClimb,158-163andPeroomian,theArmenianGenocideinLiterature,
- ManyHillsyettoClimb,165-
- ,193andPeroomian,TheArmenianGenocideinLiterature,250.
- ToArmenianswithLove,196andPeroomian,theArmenianGenocideinLiterature,
- Peroomian,theArmenianGenocideinLiterature,
- HagopOshagan,Վկայութիւնմը(Atestimony)(Aleppo:NairiPress,1946),
- MarianMacCurdy,“FromTraumatoWriting,”لە ترۆماوە بۆ چاوەڕێکردنinWritingandHealing,TowardanInformedPractice,ed.M.AndersonandM.MacCurdy(Urbana,IL:NationalCouncilofTeachersofEnglish,2000),162.
- SeethediscussionofKellermannNathan’stheoryofgenetictransmissionoftraumaappliedtotheexperiences of the offspring of Armenian Genocide survivors throughout Peroomian, The Armenian Genocide in Literature, The Second Generation Responds.
مشتومڕ لەسەر تیۆریی کێلەرمان ناتان لەبارەی گواستنەوەی ترۆما (هێدمە، شۆک، زەبر) بەگوێرەی ئەزموون و تاقیکردنەوەکانی نەوەی ڕزگاربووانی جینۆسایدی ئەرمەن لە کتێبەکەی پێروومیان، جینۆسایدی ئەرمەن لە ئەدەبدا، کاردانەوەکانی نەوەی دووەم.
BIBLIOGRAPHYبیبلۆگرافی
- Alishan, Leonardo. “An Exercise on a Genre for Genocide and Exorcism” in the Armenian Genocide: History, Politics, Ethics, ed. Richard G. Hovannisian, 340-354. New York: St. Martin’s Press, 1992, 340-354.
- Ahnert Ajemian, Margaret. The Knock at the Door:AJourney through the Darkness of the Armenian Genocide. New York: Beaufort Books, 2007.
- Bedoukian, Kerop. Some of Us Survived: The Story of an Armenian Boy. New York: Farrar Straus Giroux, 1979.
- Chitjian, Hampartzoum Mardiros. A Hair’s Breadth from Death, The Memoirs of Hampartzoum Mardiros Chitjian. Reading: Tanderon, 2003.
- Dadrian, Vahakn. “Children as Victims of Genocide: The Armenian Case” Journal of Genocide Research 5, no. 3 (2003): 421-437.
- DerYeghiayan,Zaven,Arch.MyPatriarchalMemoirs,RI:Mayreni,
- Derdarian, M. Mae. Vergeen: A Survivor of the Armenian Genocide. Los Angeles: Atmus Press, 1997.
- Gates, H. L., interpreted by. Ravished Armenia: The Story of Aurora Mardiganian, the Christian Girl Who Lived through the Great Massacres. New York: Kingfield, 1918.
- Gzoyan Edita G., Regina A. Galustyan, Shushan R. Khachatryan and Narine V. Margaryan.“IntheBeautifulHeaven,aGoldenCage:Race,IdentityandMemory in Turkification of Armenian Children in State Orphanages during the Armenian Genocide.” Journal of Genocide Research 26, no. 3 (2024): 243-263. DOI: 1080/14623528.2023.2237700.
- Ianko, Vitali. The Promise at the Sea. New York: Vintage Press, 2004. IWitness, USC Shoah Foundation, Armenian Genocide Testimonies.
- Kellermann,NatanP.F.“TransmissionofHolocaustTrauma”(n.d.),http://yadvashem.il/yv/en/education/languages/dutch/pdf/kellermann.pdf.
- KouymjianHighgas,Dirouhi.RefugeeGirl.Watertown,MA:Baikar,
- MacCurdy, Marian. “From Trauma to Writing.” In Writing and Healing, Toward an Informed Practice, edited by C. M. Anderson and M. MacCurdy, 158-200. Urbana, IL: National Council of Teachers of English, 2000.
- Maksudyan, Nazan. “For the Holy War and Motherland. Ottoman State Orphanages (Darüleytams) in the Context of the First World War and the Armenian Genocide.” L’ Homme 34, no. 1 (2023): 39-
- Margaryan, Narine. “The Turkification of Armenian Children in the Ottoman Empire’s State Orphanages (1915 -1918).” In Silenced Crime: Forcible Child Transfer during the Armenian Genocide, edited by Edita Gzoyan. Brill, 2025, forthcoming.
- Minassian, John Hovhannes. Many Hills Yet to Climb: Memoirs of an Armenian Deportee. Santa Barbara: Jim Cook, 1986.
- Morgenthau, Henry. Ambassador Morgenthau’s Story. New York: Garden City, 1918.
- Mugrditchian,Hovhannes.ToArmenianswithLove:TheMemoirsofaPatriot,HobeSound,FL:PaulMart,
- Panian, Karnig. Goodbye, Antoura: A Memoir of the Armenian Genocide. Stanford, CA: Stanford University Press, 2015.
- Peroomian, Rubina. And those who Continued Living in Turkey after 1915, The MetamorphosisofthePost-GenocideArmenianIdentityasReflectedinArtisticLiterature, 2nd Yerevan: Armenian Genocide Museum-Institute, 2012.
. The Armenian Genocide in Literature, Perceptions of those who lived throughthe Years of Calamity, second edition (Yerevan: Armenian Genocide Museum-Institute, 2012).
.TheArmenianGenocideinLiterature,TheSecondGenerationResponds(Yerevan:AnArmenianGenocideMuseum-Institutepublication,2015).
. “The Restless World of Leonardo Alishan (March 1951-January 2005),A Burnt Offering to the Altar of the Armenian Genocide” in Genocide Studies and Prevention 1, no.3 (2006): 289-303.
- Pilibossian,Helen.MyLiteraryProfile:AMemoir.Watertown,MA:OhanPress,2010. Poladian,Garo.EaglesintheDesert.Paris:Araxes, 1958.Rosenfeld,Alvin.ADoubleDyingReflectionsonHolocaustLiterature.BloomingtonandIndianapolis:IndianaUniversityPress,
- Slide, Anthony. Ravished Armenia and the Story of Aurora Mardiganian. Lanham, MD: Scarecrow Press, 1997.
- Surmelian, Levon Zaven. I Ask You Ladies and Gentlemen. New York: E. P. Dutton,
- Svazlian,Verjiné.TheArmenianGenocide,TestimoniesoftheEyewitnessSurvivors.Yerevan:Gitoutyoun,
- Zarian, Kostan. Voices in the Church, in Arby Ovanessian ed., Anthology of Armenian One-act Plays. Paris, Yerevan: Spiurk, 200.
دەربارەی نووسەر
ڕوبینا پێرومیان، دکتۆرا لە زمان و کولتوورەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک (UCLA). پێشتر وانەبێژی توێژینەوەی ئەرمەنی بووە لە زانکۆی UCLA. لە ئێستادا، زانای سەربەخۆ. ئەو بە شێوەیەکی بەرفراوان وتارێکی پێشکەش کردووە و لە سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیدا سەبارەت بە جینۆسایدی ئەرمەنەکان پێشکەشکاری کردووە، چەندین بابەتی توێژینەوەی لە گۆڤارەکانی زانستیدا بڵاوکردووەتەوە و بەشداری لە بابەتەکانی کتێبدا کردووە.
ئەو کتێبی دەرسی، پۆلەکانی ١٠، ١١، ١٢، بە زمانی ئەرمەنی لەسەر پرسیاری ئەرمەنی و جینۆساید، هەروەها کتێبی ڕێنمایی مامۆستایانی نووسیوە، کە ماددە و میتۆدۆلۆژیای گونجاوی تەمەنی تێدایە بۆ فێرکردنی پۆلەکانی جینۆسایدی ئەرمەنی K-12 (هەروەها بە شێوەی ئۆنلاین بەردەستە).
مۆنۆگرافیاکانی لەسەر جینۆساید بریتین لە:
- کاردانەوە ئەدەبییەکان بۆ کارەسات: بەراوردێک لە نێوان ئەزموونی ئەرمەن و جوولەکەکان.
- ئەوانەی لە دوای ساڵی ١٩١٥ لە تورکیا بەردەوام بوون لە ژیان.
- جینۆسایدی ئەرمەنییەکان لە ئەدەبدا، تێڕوانینەکان بۆ ئەوانەی کە ساڵانی کارەساتەکەدا ژیاون.
- جینۆسایدی ئەرمەن لە ئەدەبدا، کاردانەوەکانی نەوەی دووەم.