ئاسۆ گەرمیانی

 

پوختە

لە نێوان ئەو گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکیانەی کە ساڵانێکە جیهانیانی گرتووەتەوە، بەهۆی قووڵبوونەوەی قەیران و کێشە پێکهاتەییەکانی سەرمایەداری جیهان، چین خۆی وەک هێزێکێ کارا لە ئاستی جیهانیدا ئەسەپێنێت و، هەوڵدەدات ڕێساکانی سیستەمی نێودەوڵەتی دووبارە دابڕێژێتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ قورسایی و خواستەکانیدا بگونجێت، هەروەها بەرژەوەندییەکانی خۆی، وەک دووەم گەورەترین ئابووری جیهان لە ڕووی بەرهەمی ناوخۆیی ناوەکییەوە، بپارێزێت.

لەگەڵ فراوانبوونی کاریگەری چین و چالاکییەکانی لە چەندین وڵات لە سەرانسەری ئاسیاو ئەفریقاو ئەمریکای باشوور، هەڵسەنگاندنی ئەزموونی چینی بووەتە جێگەی سەرنجی بەرچاو بۆ ئێمەی شیوعییەکان. جگە لەوەش، پێشنیاری هاوکاریکردنی سەرکردایەتی چین بۆ پارتە کۆمۆنیستەکان، لەوانەش حزبی شیوعی کوردستانیمان، ناچارمان دەکات بە جددی لەسەر سروشت و ئەگەری ئەنجامەکانی ئەم پەیوەندییە پێشنیار کراوە راوەستین. ئەمەش بەشێوەیەک پێش هەموو شتێک خزمەت بەبەرنامەی سیاسی حزبەکەمان لەم قۆناغەدا بکات و بە دۆزەکانی سۆسیالیزم لە جیهانیدا، لە نێوان ئەم گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییە پێکهاتەییە، پڕ لە گرژییە، لە هاوسەنگی هێز لە نێوان ناوەندە سەرمایەدارییەکان و هاوپەیمانییەکانیاندا- ئەم گۆڕانکارییانە بەڕووی هەموو ئەگەرەکاندا کراوەن، کە هەندێکیان کاریگەریی قورسیان لەسەر ناوچەکەمان و دۆزی رەوای گەلەکەمان دەبێت.

کۆماری گەلی چین بە فەرمی خۆی وەک دەوڵەتێکی سۆسیالیستی پێناسە دەکات (بروانە دەستووری کۆماری گەلی چین

 بەشی یەکەم – بنەما گشتییەکان – مادەی یەکەم). بەڵام بە پێچەوانەی ئەزموونی ووڵاتانی ”سۆسیالیستی“ ی سەددەی رابردوو، ئامێزگرتنی پەرەسەندنی سۆسیالیزم لە ئاستی جیهانیدا یان پاڵپشتیکردنی بزووتنەوە سۆسیالیستیەکان لەسەر ئاستی جیهانی، لە سیاسەتی دەرەکی چینی ئەمرۆ ڕەنگدانەوەی نییە. ئەم ووتارە موجادەلەی ئەوە دەکات کە ئەم جیاوازییە ئاماژە نیە بۆ وازهێنانی چین لە ئایدیۆلۆژیا، بەڵکو گۆڕانکارییە لە فۆرم و ئەرکەکەیدا. چین لەبری ئایدۆلۆژیایەکی سۆسیالیستی ئینتەرناسیۆنالیستی، ئایدۆلۆژیای گەشەسەندن- سەروەری گرتۆتەبەر کە لە دەرەوە لەڕێگەی ئامرازەکانی ئابووری سیاسی و ژێرخانی ئابووری و بنیاتنانی تۆڕی وابەستە بە یەکترەوە مومارەسە دەکرێت. دەستپێشخەری ”پشتێن و ڕێگا“ دیارترین دەربڕینی ئەم گۆڕانکارییە.

بەشی یەکەم

پێشەکی

سەرکردایەتی چین لە گوتاری فەرمی و بەڵگەنامەکانی حزبی شیوعیدا پابەندبوونی خۆی بە کۆمۆنیزم و سۆسیالیزم وەک بناغەی ئایدیۆلۆژی سیستەمی سیاسی دووپات دەکاتەوە. بەڵام ئەم پابەندبوونە بە ڕوونی لە سیاسەتی دەرەوەی چینی هاوچەرخدا ڕەنگ نادات، کە هیچ هەوڵێکی سیستماتیکی نییە بۆ بڵاوکردنەوەی سۆسیالیزم یان ئاراستەکردنی وڵاتانی تر بۆ وەبەرگرتنی مۆدێلی سیاسی - ئابووری چین.

ئەم پارادۆکسە پرسیارێکی ناوەندی دەوروژێنێت:

ئایا سیاسەتی دەرەوەی چین لەدەستدانی ئایدۆلۆژیا دەگەهێنێت، یان دووبارە پێناسەکردنەوەی ئەرکەکانی؟

 

ئەم ووتارەو و ئەوانەی بەدوایدا دێن لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراون کە چین نەچووەتە قۆناغی “پۆست ئایدیۆلۆژی” بەڵکو ئایدۆلۆژیای خۆی دووبارە داڕشتووەتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەولەویەتەکانی دەوڵەت- نەتەوەو داواکارییەکانی سەرهەڵدانی لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا بگونجێت. ئایدۆلۆژیای چینی هاوچەرخ لە ڕێگەی حزب و شۆڕشەکانەوە بڵاو ناکرێتەوە، بەڵکو لە ڕێگەی ئابووری، بازرگانی، ژێرخانی ئابووری، ڕێکخستنەوەی وابەستەیی یەکتر لەسەر ئاستی جیهانی و، لە ڕێگەی "فەرهەنگ"ەوە، بە پێکهێنان و پارەدارکردنی تۆڕی ڕێکخراوو کەسایەتییە کاریگەرەکان لە وڵاتە جۆراوجۆرەکان.

کۆمۆنیزم و ئینتەرناسیونالیزم: چوارچێوەی تیۆری مارکس

لە هزری مارکسی دا، کۆمۆنیزم پەیوەندییەکی ئەندامانەیی هەیە بە مەفهومی ئینتەرناسیونالیزمی چینایەتی، چونکە وەک پرۆسەیەکی جیهانی سەیر لەململانەی چینایەتی دەکرێت. لەم تێگەیشتنەدا، سۆشیالیزم لەسنووری نەتەوەیی خۆی قەتیس نابێت. چین لە قۆناغی ماۆیزمدا، بەتایبەتی لە پەنجا و شەستەکانی سەدەی بیستەمدا، ئەم تێگەیشتنە وەبەرگرت، ئەمەش لە پاڵپشتکردنی بزووتنەوە شۆڕشگێرەکان خۆی بینی و لەناساندنی خۆی وەک جێگرەوی ئایدیۆلۆژیی ”لادانیی سۆڤێتی“. بەڵام ئەم ئاراستەیە بە شێوەیەکی هێواش لاواز بوو، تا ئەو کاتەی کە لە دوای چاکسازییەکانی دینگ شیاو پینگ دا گۆڕانکارییەکی بنچینەیی ڕووی دا.

ئەم گۆڕانکارییە تەنها گۆڕانی تاکتیکی نەبوو، بەڵکو دووبارە بیرکردنەوەیەکی قووڵ بوو لە ئەرکی ئایدیۆلۆژیا. حزبی شیوعی چین کۆمۆنیزمی هێشتەوە وەک وتاری ڕەوایی ناوخۆیی، بەڵام سیاسەتی دەرەوەی لە لۆژیکی مارکسی ڕاستەوخۆ جیاکردەوە، بە بێ ئەوەی وازبهێنرێت لە بەکارهێنانی ئایدیۆلۆژیا لە گۆڕینی پەیوەندییە ئابوورییەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

«سۆسیالیزم بە تایبەتمەندییە چینییەکان»: لە شۆڕشەوە بۆ گەشەپێدان

مەفهومی «سۆسیالیزم بە تایبەتمەندییە چینییەکان» ئەو چوارچێوەیە پێکدەهێنێت کە حزبی شیوعی لە ڕێگەیەوە پەیوەندی نێوان ئایدیۆلۆژیا، دەوڵەت و ئابووری دووبارە پێناسەکرد. لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، باسکردنی سۆسیالیزم لە چین دا وەک پرۆژەیەکی شۆڕشی جیهانی نەماوە، بەڵکو وەک سیستەمێکی حکومڕانی کە ئامانجی ئەنجامدانی گەشەپێدانی ئابوورییە، وەک مەرجێک بۆ مانەوەو بۆ شەرعیەتی سیستەمی حکومرانی.

دێنگ شیاوپینگ سۆسیالیزمی لەسەر بنەمای پراگماتیکی داڕشتەوە، لە هەمان کاتدا قۆرخکاریی حزبەکەی لەسەر دەسەڵاتی سیاسی پاراست. لە ئەنجامدا ناوەندی کێشکردنی ئایدیۆلۆژی لە ململانەی چینایەتییەوە بۆ گەشەی ئابووری و لە ئینتەرناسیۆنالیزمەوە بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی گواسترا. لەگەڵ سەرهەڵدانی شی جین پینگ، ئەم دیدگا پراگماتیکییەی گەشەپێدان لەگەڵ گێڕانەوەیەکی ناسیۆنالیستی دیاردا تێکەڵ بوو، کە سەنتەری "هەڵسانەوەی مەزنی نەتەوەی چین" ـە.

تێبینی ڕەخنەیی لە ڕوانگەی مارکسیزمەوە

ئەم مەفهومە کاتێک بەراورد دەکرێت لەگەڵ ئەو دیدەی کە کارل مارکس و فریدریش ئەنگڵس فۆرمولەیان کردووە، مشتومڕێکی تیۆری قووڵ دەوروژێنێت. بەپێی مارکسیزم، سۆسیالیزم لە سەر وێرانەکانی سەرمایەداری وەک سیستەمێکی جیهانی سەرهەڵدەدات. چونکە سەرمایەداری پێکهاتەیەکی جیهانیە، بەهەمان شێوە تێپەڕاندنی کارەکتەرێکی نێونەتەوەیی ئەسەپێنێت، نەک نەتەوەیی.

لە سایەی ڕۆڵی چالاکانەی چین لە سەرخستنی جیهانگیری سەرمایەداری و بازرگانیی جیهانیی ئازاددا، ئەمرۆ ئابوریی چین لە ئابوری سەرمایەداری جیهانی ئێستادا یەکگرتوەتەوە (إندِماج). ئەگەر ئەمە لەبەرچاو بگرین، دەتوانرێت لەم ڕوانگەیەوە بڵێین کە بانگەشەی جێبەجێکردنی "سۆسیالیزم بە تایبەتمەندییە نیشتمانییەکان" نوێنەرایەتی پچڕانێکی تیۆری لەگەڵ مارکسیزم دەکات، بە لێکدانەوەی دووبارەی هەڵبژێردراوی مارکسیزم، کە تێیدا پێویستییەکانی دەوڵەتی نەتەوەیی و پێداویستییەکانی گەشەپێدان لەسەرووی پێداویستییەکانی گۆڕانکاری مێژوویی جیهانی، کە لە دژایەتییە ناوخۆییەکانی سەرمایەداریدا هەیە، دەخرێنەڕوو.

ئەم ڕەخنەیە لە کاتی لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەی ئابووری-کۆمەڵایەتی چینی هاوچەرخ بەهێزتر دەبێت. ئەمڕۆ چین ئاستێکی بەرزی زەق لە نایەکسانی بەخۆیەوە دەبینێت، کە زۆرینەی کارکەری زەحمەتکێش لەگەڵ کەمینەیەکدا دەژین، کە خاوەنی ملیارەها دۆلار سامانن. ئەم تێبینییە مەبەست لێی نکۆڵیکردن نییە لەو سیمایە بەڕواڵەت ”سۆسیالیستییە"ی کە لە سیستەمی چینی هەن، بەڵکو بۆ ئەوەی تیشک بخاتە سەر ئەوەی کە "سۆسیالیزم بە تایبەتمەندی چینی" نوێنەرایەتی فۆرمولەیەکی تێکەڵاو دەکات، سۆسیالیزم بە شێوەیەک پێشکەش دەکات کە خزمەت بە سەقامگیری سیاسی و گەشەی ئابووری بکات، تەنانەت لەسەر حیسابی ئاوازی تیۆری لەگەڵ مارکسیزمدا.

 دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا: ئایدیۆلۆژیای نەوتراوی بەرزبوونەوەی چین ی

 ”دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا“ نوێنەرایەتی ڕوونترین دەربڕینی فۆرمی نوێی ئایدۆلۆژیا لە سیاسەتی دەرەوەی چین دەکات. هەرچەندە بە فەرمی وەک پڕۆژەیەک بۆ هاوکاری ئابووری و سوودی هاوبەش پێشکەش دەکرێت، بەڵام دیدێکی فراوانتری لە خۆیدا دەگرێت بۆ ڕێکخستنەوەی سیستەمی ئابووری جیهانی لە دەوروبەری چین.

دەستپێشخەرییەکە هەوڵی گۆڕینی سیستەمی سیاسی یان پاڵنانی وڵاتان نادات بەرەو سۆسیالیزم، بەڵکو هەوڵی بنیاتنانی تۆڕێکی جیهانی ژێرخانی ئابووری و بازرگانی و زنجیرەی دابینکردن ئەدات کە وابەستەیی یەکتر پەروەردە بکات بۆ سوودی ئابووری چین. ئەم ستراتیژە بە تایبەتی گرنگە بە لەبەرچاوگرتنی پشتبەستنی زۆری گەشەسەندنی ئابوریی چین بە هەناردەکردن و، وەدەستهێنانی زیادە بازرگانییە مەزنەکان و، پێویستی پێکهاتەیی بە دابینكردنی وزەی هاوردەو ماددە خاوەکان.

جگە لەوەش، چین ئامرازی ڕیتۆریکی و کولتووری بەکاردەهێنێت بۆ بەرزکردنەوەی کاریگەریی دەرەکی. لە زۆرێک لە وڵاتان باڵیۆزخانەکانی چین پشتگیری لە دامەزراوەو ناوەندە کولتووریی و پرۆژە ئەکادیمی و میدیاییەکان دەکەن، کە وەک دەستپێشخەرییەکی ناسیاسی پێشکەش دەکرێن، وەک لە ژێر ناوی «گفتوگۆی کلتووری» یان «هاوبەشی زانستی». بەڵام  ئەم چالاکییانە هەوڵی راکێشانی ئەکتەرە ناوخۆییەکان ئەدەن، کە دەبنە پرۆپاگاندستی گێڕانەوەی فەرمی چینی و بەرگریکاری لەسیاسەتەکانی، بەتایبەتی لەسەر پرسە مشتومڕاوییەکان. بەم مانایە ئایدۆلۆژیای چینی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا غیابی نییە؛ بەڵکو بە شێوەیەکی نەرم و بێ ڕووبەڕووبوونەوە پراکتیزە دەکرێت، بە ئامانجی چاندنی ژینگەیەکی گوتاری نێودەوڵەتی کە لەبار بێت بۆ سەرهەڵدانی هێمنانەی چین.

 کۆتایی

ئەم توێژینەوەیە ئەوە نیشان دەدات کە ناتەبایی نێوان ناسنامەی ئایدیۆلۆژیای ڕاگەیەندراوی چین و سیاسەتی دەرەوەی چین ڕەنگدانەوەی دژایەتییەکی پێکهاتەیی نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکە لە فۆرم و ئەرکی ئایدیۆلۆژیادا. چین ئایدۆلۆژیای سۆسیالیستی - ئینتەرناسیۆنالیستی گۆڕیوە بۆ ئایدۆلۆژیای گەشەپێدان- سەروەری، کە لە ناوخۆدا بۆ ڕەوایی حکومڕانی پێویستەو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بۆ دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی هێز، لە ڕێگەی ئابووری سیاسییەوە بەکاردێت.

بۆیە تێگەیشتن لە سیاسەتی دەرەوەی چین پێویستی بە تێپەڕین هەیە لە دووبەرەکی سادە لە نێوان ئایدۆلۆژیا و پراگماتیزم و بە سەیرکردنی ئایدۆلۆژیا وەک توخمێکی دینامیکی گۆڕاو، نەک غایب، لە پرۆژەی سەرهەڵدانی جیهانی چیندا.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا