
هۆشیاری عەبدولعەزیز
مێژووی ململانێ و کێشمەکێشە سیاسیەکان لە هاوکێشەی ڕەوتی گۆڕانکاریە جیهانیەکاندا، بە درێژایی سەدەکانی ڕابردوو تا دەگاتە ئەمڕۆ، لانکەی بەردەوامی پێکدادانی نێوان دوو جیهانبینیی دژبەیەکن: جیهانبینیی بانگەشە ئەخلاقییەکان و جیهانبینی ئەو دیدوتێڕوانینە ئیفلیجانەی بەرژەوەندی کەسی دەکاتە پێوەری سەرکەوتن. لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، نیفاقی سیاسی یان ئەوەی پێی دەگوترێت دووڕوویی سیاسی، تەنها هەڵەیەکی خوڕسک و ڕەفتارێکی تاکەکەسیی نییە، بەڵکو سیستمێکی کارکردنی تەواوە کە زۆرجار دەبێتە بڕبڕەی پشتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و بزووتنەوە سیاسییەکان. ئەم دیاردەیە لە سەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا ڕەگ و ریشەی قووڵی هەیە و تێێدا زمان و کردار دوو هێڵی هاوتەریبن کە هەرگیز یەکتر نابینن.
لە بنەڕەتدا، بناغەی دروستبوونی نیفاقی سیاسی لەو درزە گەورەیەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە نێوان تیۆری و پراکتیکدا دروست دەبێت. کاتێک هێز و ڕەوتێکی سیاسی، سەرکردەیەک، یان دەستەبژێرێکی دیاریکراوو لە قۆناغەکانی ئۆپۆزسیۆنبوون یان لە کاتی ڕکابەری هەڵبژاردنەکاندا دەکەونە بانگەشە، زمانێکی پڕ لە دروشمی بەهێز بۆ دیموکراسی، شەفافیەت، مافی مرۆڤ، و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بەکار دەهێنن. ئەم زمانە وەک کەرەستەیەکی سەرەکی بۆ ڕاکێشانی سۆزی گشتی و کۆکردنەوەی جەماوەر بەکار دەهێنرێت. بەڵام کاتێک هەمان ئەو هێزانە دەگەنە لوتکەی کورسی دەسەڵات، واقیعێکی دیکە سەرهەڵدەدا؛ دەسەڵات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی، سەرجەم ئەو پرەنسیپانە پێشێل دەکات کە پێشتر بانگەشەی بۆ دەکرد. لێرەدا دووفاقی لە دیاردەیەکی کاتییەوە دەگۆڕێت بۆ ستراتیژێکی بەردەوامی مانەوە، کە تێیدا بەهاکان دەکرێنە قوربانیی کورسی و دەسەڵات.
لە ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و جووڵەی دەوڵەتە گەورەکانیشدا، نیفاقی سیاسی سیمایەکی زۆر زەقتر و مەترسیدارتر بە خۆیەوە دەبینێت و بووەتە سەرچاوەی بەرهەمهێنان و خوڵقاندنی سەدان قەیرانی کوشندە لەکایەی سیاسی و ئابووری جیهانیدا.
بۆیە گەر لەجەوهەری دیاردەکە و ڕووداوو کارەساتە مەترسیدارەکانی ئەم نیفاقە وردبینەوە زۆر بەڕوونی درک بەوە دەکەین و تێدەگەین کە ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە مافی مرۆڤ و دیموکراسی لە گەمەی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا نەبووەتە بنەمای ئەخلاقی، بەڵکو ئامرازێکی شکڵیە بۆ سەرکوتکردنی نەیاران و ڕەوایەتیدانە بە دەستێوەردان.
یەکێک لە دەرئەنجامە هەرە وێرانکەرەکانی نیفاقی سیاسی لەسەر ئاستی ناوخۆیی، دروستبوونی نامۆییەکی قووڵە لە نێوان تاک و کۆمەڵگەدا لە لایەک، و دەسەڵات و سیستم لە لایەکی ترەوە. کاتێک هاووڵاتی دەبینێت کە یاسا، دادپەروەری و دروشمە گەورەکان تەنها بۆ هاوڵاتی ئاسایی و چین و توێژە پەراوێزخراوەکانە، تێدەگات لەوەی کە کارەکتەرە دەسەڵاتدارەکان و گروپە سیاسییە مافیاییەکان لە سەرووی یاساوەن و بە ئارەزووی خۆیان کارلەسەر بەهەدەردانی سامانی گشتی و بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵگە دەکەن، متمانەی تێکدەشکێت و بڕوای بەهیچ نامێنێ. ئەم تێکشکاندنە تەنها بۆشاییەکی سیاسی دروست ناکات، بەڵکو دەبێتە هۆی بێهیوابوونی کۆمەڵایەتی، ساردبوونەوەی تاکی نیشتمانپەروەر، و پەنابردن بۆ هەڵهاتن لە ڕاستییە تاڵەکانی کۆمەڵگە.
سیاسەت، لەم بارودۆخەدا، لە چالاکییەکی بەکۆمەڵ بۆ بنیادنانی داهاتوو، دەگۆڕێت بۆ بازاڕێکی گەورەی فێڵکردن و کڕین و فرۆشتن بە هەستی خەڵکەوە.
وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە ناو پانتایی کایەی حوکمڕانی کوردیدا دەبینرێ و بووەتە نەخۆشییەکی کوشندە و جەستەی کۆمەڵگەی گرتووەتەوە. لێرە دەسەڵات بە هەمان ئاراستەی پێوەرە دووفاقیەکە هەنگاو دەنێت و لە هەموو ئاستێکدا هەستی پێدەکرێ؛ ڕۆژانە دروشمی نیشتمانپەروەری، بونیاتنان و خزمەتکردن بەرز دەکرێتەوە، کەچی لە کرداردا و لەو ژینگەی سیاسیەدا کە خەڵک چاوەڕوانی باشترە ، سامانی گشتی و مافی هاووڵاتییان دەکرێنە قوربانیی بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی و تێکڕا خەریکی بازرگانی و ڕووتاندنەوەی کۆمەڵگەن. ئەم دووڕووییە لە ڕەهەندە گشتیەکەیدا وەک برینێکی قوڵ ڕۆحی نیشتمانپەروەری و گیانی دڵسۆزیی گەلی داغان کردووە و متمانەی لە بنەڕەتەوە هەڵتەکاندووە و بوەتە خۆرکەی لە ناوبردنی ئەو فۆڕمە مێژوویەی کە کورد قوربانی پێدەبەخشی. تەنانەت دەرئەنجامی ئەم ستەمە سیاسییە وای لێ هاتووە کە ئەمڕۆ تاکی کورد لە ناو قەوارەکەی خۆیدا هەست بە غەریبی و بێبەشی دەکات و، بە پێچەوانەی چاوەڕوانییە مێژووییەکانەوە، دڵی بەم حوکمڕانییە خۆش نییە کە تەنها ژان و بێهیوای بۆ بەرهەم هێناوە و بوەتە هۆکاری سەرهەڵدانی کەمینەیەکی ئۆلیگاریشی دەسەڵاتدار کە لە هەموو لێپرسینەوەیەک بەدەرن و مافیا ئاسا کۆمەڵگە دەڕووتێننەوە.
بۆیە یەکەمین و گەورەترین مەترسییەکانی ئەم نیفاقە سیاسییە رووخانی تەواوەتیی متمانەی گشتییە، کاتێک هاووڵاتی دەبینێت خەمخۆریی بۆ نیشتمان تەنها ڕوپۆشێکە بۆ قۆرخکردنی داهات و سامان، ئیتر پەیوەندیی نێوان تاک و دەسەڵات دەپچڕێ و پرۆسەی سیاسی بنەمای جەماوەریی خۆی لەدەست دەدات. لە لایەکی ترەوە، ئەم نیفاقە ناوخۆییە گوتاری کوردی لە بەردەم مەترسییە دەرەکییەکاندا بە تەواوی لاواز کردووە. دوژمنان و نەیارانی قەوارەی هەرێم پێویستیان بە هیچ هەوڵێکی زۆر نییە بۆ تێکشکاندنی پێگەی دەستووریی هەرێم، چونکە خودی سەرکردایەتییە سیاسیەکەی لە ڕێگەی دووڕووی و ناکۆکییە شاراوەکانیەوە دەرگاکانیان بۆ دەستوەردان و لاوازبوون کردووەتەوە.
لە سایەی ئەم دۆخە دووڕووەدا، بە حیزبیكردنی نیشتمان گەیشتووەتە لووتکە؛ "حیزب" بووەتە جێگرەوەی نیشتمان و لایەنگری حیزبی کراوەتە مەرجی ژیان و مانەوە، ئەمەش شیرازەی کۆمەڵایەتیی تێکشکاندووە و دامەزراوە فەرمییەکانی وەک پەرلەمان و حکومەتی کردووەتە پاشکۆی ئیرادەیەکی تاکلایەنەی حیزب و هیچ دەرفەتێک نەماوەتەوە بۆ ڕای گشتی و بەرژەوەندیە نیشتمانییەکان ، کە زۆرترین قوربانی لە پێناویدا بەخشراوە.
