
سەدیق سەعیدڕواندزی
هەڵبەتە هوشیاری، زادەی خوێندەوارییە، چونكە بێ خوێندن، پەروەردەو فێربوون، هزری مرۆڤ بە ئاراستەی هوشیاربوون ناكرێتەوە ، هوشیاریش پێوەرێكە بۆ بە ئەقڵانیكردنی دیاردەكانی ژیان و بینینی دیاردە و دەركەوتەكانی ژیانە، بە دیدگایەكی ئەقڵانییەوە. بێگومان لە دوای سەردەمی ڕۆشنگەری، ئیدی هزری مرۆڤ بەرەو ئاراستەی ئەقڵگەرایی وەرچەرخاو كلێساو ئەقڵی لاهوتی و ئایینی كە تا ئەو كات پەیوەندی مرۆڤ و كۆمەڵگەیان ڕێكدەخست، بوونی نەما، بەڵكو ڕۆشنگەری كولتووری بە ئەقلانیكردنی بوون و ژیان و لێكادانەوەی ئەقڵیانەی بۆ دیاردەو بووەكان داهێناو ئەقڵ بووە سەنتەری ڕامان و بیركردنەوە و لێكدانەوەی دیاردەكان و ڕووداوەكان. چیڕۆكی خوێندەواریبوونی مرۆڤ، زۆر بەرلەو مێژووە دەگەرێتەوە، هەر لە سەرەتای سەدەی یانزەوە، دوای ئەوەی گۆتەنبێرگ، لە گەشتێكی ئاساییدا، سەرنج لە توێكڵی دارێك دەدات، ئیدی بیرۆكەی دانانی پیتی چاپی بۆ دروست دەبێت. بە دۆزینەوەی پیتی چاپ، دەروازەی نووسین و خوێندەواری بە ڕووی ژیانی مرۆڤ بە شێوە مۆدێرنەكەی كرایەوە. گەرچی مرۆڤی كۆن، لە ڕۆژگاری چاخی كۆن و بەردیندا، لەڕێگەی هەڵكۆڵین و زمانی هێماوە گوزارشتی لە ئایدیاو بیرەكانی دەكرد، بەڵام بە دۆزینەوەی پیتی چاپ، دنیای نووسین بە شێوەی مۆدێرن، كە تاو ئەو كات لە سەر چەرم و بەرد دەنووسرا، هاتە ئاراوە. ئیدی خوێندەواریی، زانست و فێربوون، كە لە خوێندەوارییەوە سەرچاوە دەگرن، بوونە بەشێك لە ژیانی مرۆڤایەتی و بێ خوێندەواریبوون، بێگومان كۆمەڵگە هەر لە دواكەوتوویی دەمێنێتەوە:_(نەخوێندەواری زەقترین نیشانەی ناڕۆشنبیری كۆمەڵگەیە ) (1) چونكە ڕۆشنبیربوون، هوشیاری كەسی و كۆمەڵایەتییانەی ژیان، بێ فێربوونی خوێندنەوەو نووسین، بوونی نییە، (خوێندەواری شتێك نییە كۆتایی هەبێت، بۆ هەمیشە و بەردەوام لەگەڵ مرۆڤ دایە)(2) . لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، گەرچی ڕیشەكانی خوێندەواریبوون، بۆ تێگەیشتنێكی ئایینییانە دەگەڕێتەوە، كە لە ڕێگەی نێوەندە ئایینییەكانی لە شێوەی حوجرە و تەكییە و مزگەوت دەردەكەوێت، بەڵام بە مانا مۆدێرنەكەی هەتا سەرەتاكانی سەدەی ڕابردوودا، خوێندەواری وەك بەشێك لە زانست و فێربوونی هاوچەرخانە بوونی نەبووە، بەڵكو لە سەرەتاكانی سەدەی ڕابردووەوە خوێندەواری و فێربوون لە نێوەندەكانی خوێندن لەدەرەوەی خوێندنی ئایینییانە سەر هەڵئەدات.لەو سۆنگەیەوە، هاندان بۆ فێربوون و زانست و زانیاریی، دەبێتە گوتارێكی سەرەكی لە شیعری شاعیرانی كورد، گەرچی بەرلەو قۆناغە، لە ئەزموونی حاجی قادردا، سەرەتاكانی دەركەوتنی خوێندەواریبوون و بایەخدان بە خوێندن دەردەكەون.( حاجی ڕەخنە لە كۆمەڵگەی كوردی و ئینسانی كورد دەگرێت كە خاوەنی كتێبی كوردی نییە، تەنانەت بایەخ بە نووسین نادات، ڕەخنە لە زانستی باوی نێو كۆمەڵگەی كوردی دەگرێت، كە هەمان خوێندنی سوونەتی هەیە) (3) لە دوای حاجی، شاعیرانی سەدەی بیست، خوێندەواریان وەك هوشیاربوونەوەیەكی گشتی كۆمەڵگە و دەرچوون لە ئەقڵی لاهوتی و كرانەوە و مۆدێرنەبوون بینیوە، بۆیە بەردەوام لە شیعرەكانیاندا هانی تاك و كۆمەڵگە بۆ زانست و فێربوون دەدەن و ئەزموونی فایەق بێكەس لەم ڕووەوە هەڵگڕی گوتارێكی دیاری هەوڵدانە بۆ خوێندەواربوونی كۆمەڵگە و نەزانین، وەك دەرهاوێشتەی نەبوونی زانست و پەروەردە و فێربوون دەبینێت و داوا لە كورد دەكات، چاو لە ئەوروپا بكەن و وەك ئەوان پاپا تەمبێ بكەن و بایەخ بە هوشیاریی و ئەقڵگەرایی بدەن. بێگومان زێوەریش یەكێكە لەو شاعیرانە كە وەك (ڕێبەری قەلاچۆكردنی نەخوێندەواری) ناوی دەهێنرێت، چونكە بایەخێكی گەورەی بە دنیای فێربوون و خوێندەواری لە شیعرەكانی داوە. هەڵبەتە ناونانی شاعیرێك بەڕێبەری هەر بوارێكی ژیانەوە بێت، دەبێ لە ڕووی ئەرگۆمێنتی زانستی، ئەزموون و گوتاری ئەدەبی و شیعری، بسەلمێنرێت و ئەو نموونە جیاكەرەوەیە كە شوناسی ڕێبەربوون بە شاعیرێك دەدات بخرێتە ڕوو، چونكە ڕێبەر كە ڕێبەرایەتی بزاوتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئایینی هەر بوارێكی ژیان دەكات، كارەكتەرێكە هەڵگڕی شوناس و دنیابینییەكی جیاواز و دابڕاوە لە دنیابینی و ئەقڵی باوی سەردەم. ڕێبەر كاتێ سەركردایەتی جووڵانەوەیەك، شۆڕشێك، دیاردەیەكی نوێ و دابڕاو لە ئەقڵی باوی كۆمەڵگە دەكات، دەبێ هەڵگڕی گەلێك خاسیەتی جیاواز بێت، كە لە وانیتر بوونی نەبێت، تاكو بتوانێت شوناسی بە ڕێبەربوون، لە نێو توێژە كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگە وەربگرێت، لێرەوەش گەر لە پەراوێزی ناونیشانی كتێبی ( زیوەر ڕێبەری قەلاچۆكردنی نەخوێندەواری)(4) بڕوانینە شیعرەكانی ئەم شاعیرە و دنیابینی شیعرییانەی لە بارەی دیاردە نوێكانی ڕۆژگاری خۆی و ڕوانگە و تێگەیشتنی لە بۆ كۆمەڵگە هەڵبەسنگێنین، ئەوا دەبینین ناونیشانی ئەم كتێبە دوورە لە دنیابینی شیعرییانەی زیوەر، دیارە مەبەستی ئێمە لێرەدا ئەوە نییە، ئەم شاعیرە هەوڵی بۆ خوێندەواربوونی كۆمەڵگە لە ڕێی شیعرەكانییەوە نەدابێت، كە ئەمەشیان لە شیعری حاجی قادری كۆییدا، زۆر بەر لە زیوەر دەبینرێت، بەڵكو بەو مانایەی ئایا دەكرێ شوناسی ڕێبەر بدرێتە زیوەر وەك شاعیرێك لەو بارەوە؟ هەڵبەتە مرۆڤی خوێندەوار، دنیابینییەكی كراوەی هەیە، كۆمەڵگە و دیاردە و دەركەوتە نوێكانی سەردەم ڕەت ناكاتەوە و بە بەشێك لە گۆڕانكارییە دینامیكییانەی ژیان دەیانبینێت و هانی مرۆڤەان دەدات، ئەم دەركەوتە ژیاریی و كۆمەڵایەتییە نوێیانەی ژیان، بە ئاسایی وەربگرێت ، چونكە بەشێكن لە سرووشتی گۆڕانكارییانەی ژیان، بەڵام زیوەر لە بەشێكی شیعرەكانیدا، دژ بەو دەركەوتە نوێیانەی ژیان دەوەستێتەوە، كە بەرهەمی ئەقڵگەرایی و كرانەوەی كۆمەڵایەتی و ژیاریبوونی كۆمەڵگەن، ئەمەش پێچەوانەی ئەرك و شوناسی ڕێبەرە، چونكە ڕێبەر كەسێكە( دەستی ڕێبوار دەگرێت، پێشی دەكەوێت، هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵیدا دەبێت، لە هەر ترازان و لە رزینێكدا دڵنەوایی دەكات و بڵندی دەكاتەوە و دەیخاتە سەرپێ بۆ ئەوەی گەشتەكە بە سەر ڕێگەدا بەرە و ڕووگە بەردەوام بێت )(5) لەم ڕوانگەیەوە، زیوەر لە شیعرێكیدا، دژ بە كەسانی مەیخۆر دەوەستێتەوە و لە پێگەی كەسی و كۆمەڵایەتییان دەدات و دەیانهێنێتە ئاستی كەر، كە ئەمەش تێگەیشتنێكی نەریتییانە و خێڵەكییانەیە و پێچەوانەی جیهانبینی شاعیرێكە، كە وەك ڕێبەر بناسرێت، چونكە ڕێبەر كار لە پێناو ئازادی و ڕزگاربوون و خۆبەختكاری لە پێناو ژیانی ئەوانیتر دەكات، بێگومان ڕاستە مەی خواردنەوە، ئەوسا و ئێستاش خاسیەتێكی كەسی و كۆمەڵایەتییانەی بێزراو ڕەتكەرەوەیە لە كۆمەڵگەی دواكەوتووی ئێمەدا،، بەڵام ئەمە مانای وانییە هەر كەسێك مەی خۆربێت، ئیدی مرۆڤ نییە، لەو سۆنگەیەوە زیوەر لە شیعرێكدا دەڵێت:_
تۆ كە سادەی عەرەق مەخۆ ڕۆڵە
هاوپیاڵەی مونافیقت زۆڵە
هێزی قاچت نییە هەتا ڕاكەی
دەستەكانیشت لە بۆ دیفاع كۆڵە
كاكە تۆش كە بە جاحێڵی فێربووی
یا كەری یاخۆ بارەكەت مۆلە
لەو شیعرەیدا، زیوەر بە زمانێكی توندو برینداركەر، وەسفی كەسانێك دەكات كە مەی دەخۆنەوە، لە بری ئەوەی هوشیاریان بكاتەوە، لێكەوتە دەروونی و تەندروستییەكانی ئەو كارەیان بۆ ڕوون بكاتەوە، دێت وەك كەر و زۆڵ دەیان ناسێنێت! كە ڕەنگە هەمان ئەو كەسانە تەنها نەنگییەكەیان ئەوە بێت، كە مەی دەخۆنەوە، لە كاتێكدا ڕەنگە لە باری ئاساییدا، مرۆڤی زۆر باش بن. مەی یەكێكە لەو بابەتانەتی لە شیعری كوردیدا، سەرچاوەی گەلێك شیعری جوانە و وەك تێمایەكی شیعری بەرجەستە كراوە، بگرە ئەگەی مەی نەبووایە، خەیام نەدەبوو، مام هێمن چۆن وەسفی ساقی و پیالە دەكات، هەموو ئەو وێنانە، پێچەوانەی ئەو تێگەیشتنەی زیوەرن، كە مافی ئەوەی نییە سەرەتا وەك مرۆڤێك دواتریش شاعیرێك، كەسانێكی دیكە كە هیچ زیانیان بۆ ئەو نییە، بهێنێتە ئاستی كەر. بێگومان لەوەدا ئێمە كێشەیەكمان نییە، كە جیهانبینی ئەم شاعیرە لە شیعرەكانیدا، بەرانبەر بە مەی خۆرەكان چۆن بووە؟ بەڵام نابێ وەك ڕێبەری قەڵاچۆكردنی نەخوێندەواری بناسرێت، چونكە ئەم شیعرانە، پێچەوانەی ئەو شوناسە دەسەلمێنن. هەر لە بارەی ئەوانەی مەی دەخۆنەوە، زیوەر لە دێڕە شیعرێكی دیكەیدا دەڵێت:_
عارەق ناخۆم بە دینارو بە درهەم
نەتیجەش عەینی تابیعی زەر بم
زیوەر لە شیعرەكانیدا، دژ بە هونەری سینەما دەوەستێتەوە و سینەما بە هۆكاری تێكدانی ڕەهەندی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگە دەزانێت و لە شیعرێكیدا، دژ بەوانە دەوەستێتەوە كە دەچنە سینەماو چێژ لە بینینی فیلم و سینەما وەردەگرن، چونكە پێچەوانەی بنەما ئایینییەكانە. بێگومان (سینەما و شیعر ئامانجێكی هاوبەشیان هەیە، كە بریتیە لە وروژاندنی هەستەكان و دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ بینەر لە ئاستێكی قووڵ و ماناداردا) (6) ئەم وروژاندنە هەستییە، كاریگەریەتی لە سینەمادا زیاتر دەردەكەوێت، چونكە بەركەوتەی هەستەكانی مرۆڤ بە دیمەن و ڕووداوەكان، لە سەر ئاستی هەستێك زیاترە، بەو مانایەی بە بینین و بە بیستن، كۆنتاك لەگەڵ دیمەن و وێنەكان دەكەین. سینەما هونەرێكی هاوچەرخ و زادەی پێشكەوتنە ژیاریی و تەكنەلۆژیی و مرۆییەكانە و دەركەوتنی سینەما، ڕۆڵێكی گرنگی لە بە مێژووییكردن و نیشاندانی ڕووداو و كارەساتەكان بینی و هونەرێكە، كاریگەریەتی لە سەر تێگەیشتن و بینینی مرۆڤ جێدێڵێت. ئەم هونەرە، بەرهەمی دنیابیینەكی كراوە و پێشكەوتووانەیەو بەشێكە لە دەرهاوێشتە نوێیەكانی ژیانی مرۆڤ، بۆیە هاتنەوە بە گژ سینەما، دەلالەت لە داخراوی ئەقڵی مرۆڤ دەكات و مرۆڤی خوێندەوار و ڕۆشنبیر، سینەماو هەموو پێشكەوتنێكی ژیاری، بە بەشێك لە گۆڕانكارییە هزریی و مرۆییەكانی ژیان دەزانێت و دژیان ناوەستێتەوە. هەڵبەتە مەبەستی ئێمە لێرەدا، مرۆڤێكە كە هەڵگڕی شوناسی ڕێبەرییە و كەسێكە دەبێتە پێشڕەو بۆ ئەوانیتر، كەچی زیوەر، كە لەو كتێبەدا بە ڕێبەری قەڵاچۆكردنی نەخوێندەواری ناوی بردراوە دژ بە سینەما دەوەستێتەوە و دەڵێت:_
سینەما كارێكی وایكرد هیچ مناڵ ترسی نەما
بۆ تەماشا زۆر كوڕ و كچ بوونە هاوڕێی دایك و باوك
هیچ غەمی باوكیان نیە وای درهەم و فلس نەما
عیلم و فەن ئەوروپا فێربوون كە سەیری وێنەبێ
ئاگری حەسرەت ئەمێنێ هەر لە لەوحی سینەما
وەستانەوە لە دژی هونەر و سینەماش بە تایبەتی، ناكۆك و ناتەبایە، لەگەڵ جیهانبینی مرۆڤێكی خوێندەوار و ڕۆشنبیر، چجای ئەوەی وەك ڕێبەریش ناوی بێت ! ئەم جۆرە دەركەوتە زانستی و هونەریی و ژیارییانە، ڕەنگدانەوەی پێشكەتنەكانی كۆمەڵگە و فۆڕمۆڵەبوونی هزری كەسەكانە و بەشێكن لە سرووشتی گۆڕانكارییانەی كۆمەڵگە و مرۆڤی خوێندەوار نەك هەر دەبێ لەگەڵیان بێت، بەڵكو دەبێ ستایشیان بكات و زەمینەی زیاتری دەركەوتنیان بۆ بڕەخسێنێت، نەك ڕەتیان بكاتەوە، كە لە بنەڕەتدا دژ بە ئازادی كەسین. مرۆڤی رۆشنبیر و خوێندەوار، هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی كۆمەڵگە دەروات، لە ڕێگەی پەیام و ئامانجەكانییەوە، كار لەسەر كرانەوەی هزری و ڕۆشنبیریبوونی تاكەكان دەكات، نەك ئەوەی بڕوای وابێت، ئەمانە مەترسین بۆ سەر كۆمەڵگە و ڕەتیان بكاتەوە و مرۆڤ بێنێتە ئاستی ئاژەڵەكان . ئەم جۆرە ڕوانینەی زیوەر، ڕێك پێچەوانەی ناونیشانی كتێبەكەیە كە نەك ڕێبەری نەخوێندەواری نەبووە، بگرە دژی پێشكەوتن و كرانەوەی كۆمەڵگەش بووە، كە ئەمانەش پێچەوانەی زانیست و فێربوون و خوێندەوارین!
سەرچاوەو پەراوێزەكان:_
1_ پەیامی گیڤاڕا بۆ گەنجان، گیڤاڕا، وەرگێڕانی ، محمەد سەلام ، بڵاوكراوەی دەزگای ئایدیا، ساڵی چاپ _ 2025
2_ ه – س - پ
3_ دیاردە مۆدێرنەكان لە گوتاری حاجی قادری كۆییدا، د _ ئیسماعیل محمودی، گۆڤاری ڕامان ، ژمارە 333 لە 5/7/2025.
4_ زیوەر ڕێبەری قەلاچۆكردنی نەخوێندەواری ، نەوزاد كەلهوڕ، ساڵی چاپ _2010.
5_ چەپكێ گڕ، عەبدولرەحمان ئەحمەد وەهاب، بڵاوكراوەی دەزگای موكریانی ، زنجیرە 1109 ، ساڵی چاپ _ 2023 ، ل 58.
6_ پەیوەندی شیعر و سینەما ، سامان عوسمان، ئەدەب و هونەری كوردستانی نوێ ، ژمارەی ڕۆژی 24/7/2024.
*ئەم بابەتە لە بانێژەی ئەدەب و كولتووری ڕۆژنامەی ڕەوت ژمارە ( 42) ئەیلولی 2026 بڵاوكراوەتەوە.
