
وەسفکردنی ڕەفتارەکان کارێكی ئاسان نییە چونکە بابەتێکی ڕێژەییە بەپێی کات، شوێن و بارودۆخەکان. شێوازی ئاساییبوون یان نائاساییبوونی ڕەفتارەکان دەگۆڕێت؛ بۆ نموونە، دەکرێت لە کۆمەڵگەیەکدا ڕەفتارێک ئاسایی بێت، بەڵام لە کۆمەڵگەیەکی دیکەدا ئاسایی نەبێت. ڕەفتاری ئاسایی ئەو ڕەفتارەیە کە ئاشنا و هاوبەشە بۆ زۆرینەی ئەندامانی ئەو کۆمەڵگەیەی تێیدا دەژی، کە ڕەفتارەکانی لە بیرکردنەوە، هەست و چالاکییەکانی لەگەڵ خۆی و کەسانی دیکەدا دەگونجێت. بەپێچەوانەوە، ئەو کەسانەی کە تووشی کێشە ڕەفتارییەکان بوون بیرکردنەوە، هەست و چالاکییەکانیان لە هەڵسوکەوتی کەسێکی ئاسایی لادەچێت و لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە ناتوانن بگونجێن.
یەکێک لەو گرفتانەی کە دایباب و ڕاهێنەران گرفتاری بوون، کێشە ڕەفتارییەکانی منداڵانی ئۆتیزمە کە هەمەچەشن و جیاوازن و نوێنەرایەتیی جۆرێک لە ڕەفتاری نائاسایی دەکەن. پشتگوێخستنی منداڵانی شەبەنگی ئۆتیزم کە ئاستەنگی و کێشەی ڕەفتارییان لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا هەیە، دەبێتە هۆی لەمپەر لە دۆزینەوەی ڕێگەچارە لە کاتەکانی دواتردا و منداڵەکە پەلکێشی چەندین گرفتی دیکە دەکات.
ئۆتیزم لە ئەنجامی تێکچوونی کۆئەندامی دەمارەوە دروست دەبێت کە کاریگەری لەسەر کارەکانی مێشک و گەشەی سروشتی مێشک هەیە لە بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، توانایی پەیوەندیکردن و دووبارەکردنەوەی ڕەفتار. وەڵامی نائاسایی نیشان دەدەن لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی دەوروبەریان، هەروەها ئەم کێشە ڕەفتارییانە تەنها وەکو کۆمەڵێک ڕەفتاری بێ ئامانج و نامۆ دانانرێت لای منداڵانی ئۆتیزم بەڵکو کۆمەڵێک کەموکورتییە کە منداڵەکە تووشی دڵەڕاوکێ، تووڕەبوون، بێزاری، سەرلێشێواوی، ترس و هەستیاری دەکات.
لە دیارترین کێشە ڕەفتارییەکانی منداڵی ئۆتیزم بریتین لە:
١- نەبوونی وەڵامدانەوەی گونجاو بۆ کەسانی دیکە کە دەبێتە هۆی ئاستەنگی لە پەیوەندیی کۆمەڵایەتیدا؛ بۆ نموونە، ناتوانن وەکو کەسێکی ئاسایی دابنیشن و گفتوگۆ و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسی بەرامبەر بکەن یاخود یاری ناکەن لەگەڵ منداڵەکانی دیکەدا بۆیە ئەم کێشەیە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی هاوڕێ و شکستهێنانی لە لایەنی کۆمەڵایەتییەوە. منداڵی ئۆتیزم ناتوانێت وەکو منداڵێکی ئاسایی بە شێوەیەکی گونجاو هەستەکانی دەرببڕێت؛ بۆ نموونە، کاتێک هەست بە بێزاری و نیگەرانی دەکات ناتوانێت بە شێوەیەکی ڕوون دەریببڕێت، بۆیە ڕەفتاری ئازاردانی خود و شەڕانگێزی وەکو شێواز و ڕێگەیەک بۆ دەربڕینی ئەو هەستانە بەکاردەهێنێت، لەوانە: گازگرتن لە دەست و پەنجەکانی، کێشان بە دەموچاودا، سەرکێشان بە دیواردا، ڕاکێشان و دەرهێنانی مووی سەر.
٢- منداڵانی ئۆتیزم پەیوەستن بە ڕۆتینێکی دیاریکراوەوە کە بە گۆڕانکارییەکی بچووکیش تووشی بێزاری و تەقینەوەی تووڕەیی دەبن. پەیوەستبوون بە ڕۆتین دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی لە گۆڕانکاریییەکانی ڕۆژانە و لایەنی کۆمەڵایەتی و فێربوون. هەندێکی دیکە لە منداڵانی ئۆتیزم جووڵەی جەستەیی شاز و نەگونجاویان هەیە، وەک: ڕاکردن و خولانەوە لە ژوورێکی داخراودا یان ناتوانن وەکو کەسێکی ئاسایی لە شوێنێکدا دابنیشن، ڕۆیشتن لەسەر نوکی پەنجەکانیان، هەستان بە کوژاندنەوە و داگیرساندنی سویچ پلاک، ڕاوەشاندنی دەستەکان (باڵەفڕێ)، زۆرسەیرکردنی پانکە کاتێک دەسوڕێتەوە، بەردەوامبوون لە ڕێکخستنی ئۆتۆمبێل و کەرەستەکان لەسەر هێڵێک، وابەستەبوون بە یارییەکەوە کە دەشێت یاری نەبێت و تەنها کەرەستەیەکی سادە بێت.
٣- هەندێک لە کێشە ڕەفتارییەکانی منداڵانی شەبەنگی ئۆتیزم کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر خێزان دەبێت، بەو پێیەی کە چالاکی و یاریکردنیان سنووردارە، بەرکەوتنی چاویان لاوازە، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ناگونجێن، پێکەنینی بێ هۆکار، گریانی بێ هۆکار و تووڕەبوونی بێ هۆکار نیشان دەدەن. ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەندامانی خێزان جێدەهێڵێت؛ بۆ نموونە: هاوارکردن و نەخەوتن لە شەودا کە لە تەمەنێکی بچووکدا لە زۆرێک لە منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم دەردەکەوێت.
٤- منداڵی ئۆتیزم کەرەستەی زمان و دەربڕینی نییە. ترس و وێنەی دژبەیەک لە منداڵانی ئۆتیزمدا هەیە؛ هەندێکیان لە شتە بێ زیانەکان دەترسن وەکو دەنگی مۆسیقا و هەندێکی دیکەیان لە زۆر شتی مەترسیدار ناترسن و کۆنترۆڵکردنیان ئەستەمە وەکو دەستلێدان لە شتی گەرم و نەترسان لە شوێنی بەرز.
٥- منداڵانی شەبەنگی ئۆتیزم بەدەست کێشەی پەیوەندیکردنەوە دەناڵێنن لە لایەنی زارەکی و نازارەکیدا؛ بۆ نموونە، لە هێما و ئاماژەکانی کەسی بەرامبەر تێناگەن لەکاتی قسەکردندا، یاخود بۆ دیاریکردنی پێویستییەکانیان دەستی کەسانی تر بۆ ئاماژەکردن بەکاردەهێنن، یان بەپێچەوانەوە ئەوەی کە دەیانەوێت بە ئاماژە داوای دەکەن. هەروەها هەندێکیان قسە ناکەن و هەندێکی دیکەیان زمانێکی ناڕوونیان هەیە لە قسەکردندا یان قسەی کەسانی دیکە دووبارە دەکەنەوە بەبێ ئەوەی لێی تێبگەن.
٦- منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووبەڕووی کێشەی خواردنی خۆراک دەبنەوە کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕەفتار، گەشەکردن و تەندروستییان دروست دەکات. چەندین هۆکاری بنەڕەتی و ئاڵۆز ڕۆڵیان لە دروستبوونیدا هەیە، گرنگترینیان بوونی هەستیاریی زۆرە کە هاوڕێیەکی دانەبڕاوی ئۆتیزمە؛ زۆرێک لەم منداڵانە بە شێوەیەکی جیاواز کاردانەوەیان بەرامبەر هەستەکان هەیە، بەو مانایەی کە تام، بۆن، ڕەنگ و پێکهاتەی خۆراکەکان دەبێتە سەرچاوەی بێزاری و تووڕەبوون. لەبەر ئەوەی ڕۆتین و سنوورداربوونی گۆڕانکاری یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی منداڵانی ئۆتیزم، بۆیە ئامادە نین خۆراکی نوێ تاقیبکەنەوە؛ بۆ نموونە، هەوڵدان بۆ خواردنی نوێ، گۆڕینی کاتی نانخواردن، تەنانەت گۆڕینی قاپ و کەوچک دەبێتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ و تووڕەبوون، لەبەر ئەوەی زۆرێک لەم منداڵانە پێداگری دەکەن لەسەر خواردنی چەند جۆرێکی دیاریکراو بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ.
شایەنی ئاماژەپێکردنە کە جیاوازی لە نێوان منداڵانی ئۆتیزمدا هەیە لە کێشە ڕەفتارییەکاندا، و ڕەنگە هەندێک نیشانە
محمد هادی بانی خێڵانی
مامۆستای منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت
