
نەجیبە مەحمود
قەیرانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان, لە نێوان بانگەوازی دوو قۆڵی و داواکاری بۆ گۆڕینی سیستەمی بڕیار کە ماوەی دوو ساڵە پەرلەمانی کوردستان بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکان و قۆرغکاریی حیزبییەوە پەکخراوە، قەیرانێکی گەورەیی دەستوری و یاسایی لە هەرێم دروستکردووە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان هەبووە. لەم چوارچێوەیەدا، کاتێک باس لە چارەسەر دەکرێت و داوا لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکرێت لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دابنیشن بۆ چارەسەری کێشەکان، پرسیارێکی بنەڕەتی دێتە ئاراوە، ئایا چارەنووسی گەلێک و کیانێکی دەستوری تەنها دەبێت لەنێوان دوو حیزبدا یەکلایی بکرێتەوە، لە کاتێکدا هێزە سیاسییەکانی تریش بونیان هەیە و نوێنەرایەتی دەنگی خەڵک دەکەن؟
ئەم دۆخە قابیلی ڕەخنەیەکی توند و ڕەوایە لە زۆر رووەوە کە تا تارادەیەک دەبێتە هۆی بچووککردنەوەی کێشەکان بۆ ململانێی دوو قۆڵی و بەستنەوەی چارەسەری قەیرانە گشتییەکان بە ڕێککەوتنی دوو قۆڵی پارتی و یەکێتییەوە.
کە ئەمەش بەردەوامیدانە بەو عەقڵییەتەی کە حیزب باڵاترە لە دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکان. لە کاتێکدا چارەسەری ڕیشەیی پێویستی بە دانیشتنی فراوان و بەشدارپێکردنی هەموو لایەنە سیاسییەکانە بەبێ پەراوێزخستن.
لێرەدا کۆتاییهاتنی ڕۆڵی دامەزراوەکان ، لە سیستەمێکی دیموکراسی ڕاستەقینەدا، جێگەی گفتوگۆ و بڕیاردان هۆڵی پەرلەمانە نەک کۆبوونەوەی داخراوی حیزبی. پەکخستنی پەرلەمان بۆ ماوەی دوو ساڵ و پاشان چارەسەرکردنی لە ڕێگەی دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان دوو حیزبدا، شەرعییەتی یاسایی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
هەروەها پرسی بەرپرسیارێتی و سەرکردایەتی و خۆدوورخستنەوەی کەسایەتییە یەکەمەکان (وەک سەرۆکی پارتی) لە هاوکێشەکە ، کێشەکە بەتەنها بە گۆڕینی کەسەکان چارەسەر نابێت ئەگەر عەقڵییەتی قۆرغکاری و نەبوونی متمانە و بڕیاری تاکڕەو هەر بەردەوام بێت ، بەرپرسیارێتیەکە دەکەوێتە ئەستۆی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار کە سیستەمی حوکمڕانییان بەرەو شکست بردوە.
بێگومان ناتوانین بلێن لایەنە سیاسیەکانی تریش بەرپرسیار نین لە بێدەنگ بوونیان کە ئەم باردوودۆخەی دروست کردوە .
ئەمەش مەترسیی ڕێگە نادیموکراسییەکان زیاتر و زیاتر دەکات ،لە جیاتی ئەوەی دیالۆگێکی نیشتمانی گشتگیر بکرێت، بیستنی هەواڵی کڕینی پەرلەمانتار و هەوڵی گۆڕینی هاوکێشەی پەرلەمان بە شێوازی ناڕەوا، هۆکاری قووڵبوونەوەی قەیرانەکەیە و زیاتر متمانەی هاووڵاتییان بە پرۆسەی سیاسی لەناودەبات.
لێرەدا ڕۆڵی کەسایەتییەکان ، ڕۆشنبیر و رێکخراوەکان لە ڕەخنە گرتن لە هێزە سیاسییەکان زۆر گرنگە بۆ گەڕانەوەی شەرعیەتی دەستوری، ڕێزگرتن لە دەنگی هەموو لایەنەکان، و کۆتاییهاتن بە مۆنۆپۆلکردنی بڕیاری نیشتمانی. هەرچەندە کاریگەریی ئەم ڕەخنە جەماوەری و مەدەنییانە لەسەر بڕیاربەدەستانی حیزبی لاوازیش بێت، بەڵام تاکە ڕێگەیە بۆ ڕاستکردنەوەی ئاراستەی حوکمڕانی و گەڕاندنەوەی متمانە بۆ پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا.
