هیوا عومەر 


ئەزموونەكە ساوایە یان لە دۆخی چەقینێكی سیاسی و ئابوری و پاشڤەچونێكی دەروونشیكارانەدایە، زۆرجار وەك نوكتەیەكی لێهاتووە ئەزموونی هەرێمی كوردستان بۆچی گەورەنابێت و هەر دەڵێن ئارام بگرن، ساوایە، یان جارناجار دەگوترێت گەرانەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم. 
 قەیرانێكی گشتگیری وەها یەخەی گرتوین چیتر ناتوانرێت وەك گرژییەكی ئاساییی كارگێڕی یان ناكۆكییەكی كاتی و رێكنەكەوتن لەسەر بەرژەوەندییەكانی نێوان دوو حیزبی حوكمڕان پێناسە بكرێت. ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات، دەرەنجامی كەڵەكەبوونی سی ساڵ لە شێوازی حوكمڕانییە كە هەموو كایەكانی ژیانی سیاسی، ئابووری، و كۆمەڵایەتیی ئیفلیج كردووە.

ئەو پرۆژەیەی لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ لە ژێر ناوی «نەخشەڕێگای نیشتمانی بۆ ڕزگاربوون لە تەنگژەكان» لە لایەن حیزبی شیوعی كوردستانەوە لە هەولێر خرایە ڕوو، هەوڵێكی هۆشیارانە بوو بۆ گۆڕینی پارادایمی ململانێكان لە سەوداگەریی كورسی و كێكی دەسەڵاتەوە بۆ ڕزگاركردنی هاووڵاتی و پاراستنی كوردستان و كەرامەتی مرۆڤی كورستانی. 

بۆ تێگەیشتن لە قووڵایی ئەم پڕۆژەیە، پێویستە بینینی قەیرانەكە لە ئاستی ڕووكەشەوە ڕابكێشین بەرەو ئاستێكی فیكریی قوڵتر كە دەروونشیكاریی فرۆیدی و تیۆریی ڕەخنەییی قوتابخانەی فرانكفۆرت لەو بارەیەوە دەتوانێت كۆمەكمان بكات وەك یەكێك لە ڕەهەندەكانی قەیرانەكە.  

لە دیدی دەروونشیكاریی زیگمۆند فرۆیددا، چەمكی «چەقین (Fixation)» ئاماژەیە بۆ حاڵەتێك كە تێیدا كەسایەتی لە یەكێك لە قۆناغە سەرەتاییەكانی گەشەدا بەهۆی تراوما، ترس، یان تێركردنی نادروستەوە دەوەستێت و ناتوانێت پێبگات. فرۆید پێمان دەڵێت: تاكێكی چەقیو یان دەتوانین بڵێن سیستەم، لە كاتی ڕووبەڕووبوونەوەی تەنگژە نوێیەكاندا توانای بەرهەمهێنانی چارەسەری نوێی نییە، بەڵكو پەنا دەباتە بەر «پاشڤەچوون (Regression)» و لە ڕێگەی دووبارەكردنەوەی زۆرەملێوە بەردەوام هەمان هەڵە و هەمان ململانێ كۆنەكان لە فۆڕمی جیاوازدا بەرهەم دەهێنێتەوە.

ئەم مۆدێلە بەڕوونی لە دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا بەرمان دەكەوێت؛ دەسەڵاتی هاوپەیمانیی حوكمران لە ڕووی مێژوویی و فیكرییەوە لە قۆناغی بزووتنەوەی چەكداری و كۆنترۆڵی خێڵەكیدا چەقیوە؛ لە پاش سی ساڵ لە ڕاپەڕین، هێشتا ناتوانێت لە قۆناغی هێزی حیزبی و سەنگەری شەڕی ناوخۆ دەرباز بێت و ببێتە دەوڵەتدارییەكی مۆدێرن و یاسایی. هەركات قەیرانێكی ئابووری یان سیاسی ڕوو لە هەرێم دەكات، دەسەڵات لەبری گەشەكردن و چاكسازیی پێكهاتەیی، پاشەكشە دەكاتەوە بۆ گوتاری توندوتیژ، بەرهەمهێنانی دووبەرەكی، و شاردنەوەی شكستەكانی لە پەنای دروشمی حەماسیی نەتەوەیی. قەیرانەكە پەككەوتنی پەرلەمان یان كابینەیەك نییە، بەڵكو چەقینی تەواوی سیستەمەكەیە لەناو شێوازێكی نەزۆكی بیركردنەوە و پرۆتیكدا. 

ئەگەر لە ڕوانگەی قوتابخانەی فرانكفۆرت و تیۆریی ڕەخنەییەوە (بەتایبەت تێزەكانی هێربێرت ماركۆزە و تیۆدۆر ئادۆرنۆ) لە دۆخی كوردستان بڕوانین، دەبینین چۆن دەسەڵاتێكی ئۆلیگارشی توانیویەتی كۆمەڵگە بە تەواوی تووشی نامۆبوون و هیلاكی بكات.

ئابووریی سیاسیی هەرێم لەسەر بنەمای ڕانتخۆریی نەوت و بازرگانیی قۆرخكراو داڕێژراوە. سامان لە دەستی نوخبەیەكی كەمدا كۆبووەتەوە، لە كاتێكدا كایەی گشتی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بەرەو نیۆلیبرالیزمێكی تاڵانچی و بەتایبەتكردن براون؛ بە جۆرێك تەندروستی و پەروەردەش كراونەتە كاڵا. لەم ژینگەیەدا، هاووڵاتی نەك تەنها لە سامانی وڵاتەكەی بێبەش كراوە، بەڵكو لە ئیرادەی سیاسیی خۆیشی نامۆ كراوە. خەڵك گۆڕدراون بۆ كۆمەڵگەیەكی بەكاربەری بێئیرادە كە لە بەیانییەوە تا ئێوارە لە دڵەڕاوكێی مووچە و بژێویدا هێڵدراوەتەوە، تا توانای ڕەخنە و بەشداریی سیاسییان لێ زەوت بكرێت. 

هاووڵاتی لە چەقی بڕیاردان و سەرچاوەی شەرعییەتەوە، دابەزێنراوە بۆ ئاستی چاوەڕوانكەری بەزەیی دەسەڵات؛ بەشداریی سیاسییان تەنها كورت كراوەتەوە لە چوار ساڵ جارێك دەنگدان، لەدوای ئەوەش ئەگەر دەرئەنجامەكە بەدڵ نەبێت دوای دوو ساڵ لە داخستنی دەرگای پەرلەمان بەم حاڵەوە دەیكەنەوە. 

خاڵێكی هەرە گرنگی نەخشەڕێگاكەی ٣٠ی ٦ ئەوەیە كە تەنها ڕەخنەی دەسەڵات ناكات، بەڵكو خوێندنەوەیەكی ڕەخنەیی بوێرانە بۆ «گوتاری پۆپۆلیستی» دەكات. پۆپۆلیزم چ لە لایەن دەسەڵاتەوە بەكار بهێنرێت بۆ چەواشەكاری، یان لە لایەن بەشێك لە ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ مەرامی هەڵبژاردن، لە جەوهەردا بەرهەمهێنەری هۆشیاریی ساختەیە. 

پۆپۆلیزم لەبری ئەوەی دەست بخاتە سەر برینە ڕاستەقینە و پەیكەرییەكان (كێشەی نادادپەروەریی چینایەتی، قۆرخكاریی ئابووری، و پێویستیی ڕێكخستنی جەماوەری)، كێشەكان كورت دەكاتەوە بۆ هەڵچوونی كاتیی سۆشیال میدیا و بەریەككەوتنی كەسی و بەكەسایەتیكردنی كێشەكان. ئەم شێوازە لە گوتار، تووڕەیی و وزەی ڕاستەقینەی گۆڕانكاری لەناو چینی كرێكار، فەرمانبەران و گەنجانی بێكاردا بەتاڵ دەكاتەوە، بەبێ ئەوەی یەك هەنگاو كێشە بنەڕەتییەكان چارەسەر بكات. 

یەكێك لە گەورەترین ئاستەنگەكانی بەردەم هەر گۆڕانكارییەك لە هەرێمی كوردستان، دابەشبوونی وڵاتە بەسەر جوگرافیای دەسەڵاتی دوو حیزبدا (زۆنی سەوز و زۆنی زەرد). ئەم دابەشكارییە لە ڕاستیدا دوو كانتۆنی حیزبین كە تێیاندا بنەماڵە و دەزگا ئەمنییەكان لە سەرووی یاسا و هاووڵاتیبوونەوەن.

نەخشەڕێگای نیشتمانی تێگەیشتنێكی ڕادیكاڵ دەخاتە ڕوو: تێكشكاندنی زۆنی حیزبی لە پێناو دامەزراندنی زۆنی هاووڵاتی و كورستانی. 

زۆنی هاووڵاتی بە واتای دروستكردنەوەی كایەی گشتیی دیموكراتیدا دێت؛ بە مانای هێناناكاییەی چەمكی هاووڵاتیی كارای كوردستانییە كە خۆی ڕۆڵی هەبێت لە دیاریكردنی چارەنووسی خۆی. 

ڕێگای ڕزگاریی نەخشەڕێگاكە

فرۆید دەڵێت تێپەڕاندنی چەقین و گەیشتن بە تەندروستیی دەروونی، بریتییە لە گواستنەوە لە «مەبدەئی چێژ» (Pleasure Principle) بەرەو «مەبدەئی واقیع» (Reality Principle).

حوكمڕانیی ئۆلیگارشیی سی ساڵە لەسەر مەبدەئی چێژی نوخبەوی بەڕێوەدەچێت؛ خۆشگوزەرانیی نوخبەیەكی كەم لە ڕێگەی فرۆشتنی سامانی سروشتی، قەرزكردن، تاڵانكردنی ژێرخان، و بەخشینەوەی كەمێك لەو ڕانتە بە خەڵك تا بێدەنگ بن. بەڵام ئەمڕۆ ئەم مۆدێلە لە لێواری داڕماندایە.

نەخشەڕێگاكەی ٣٠ی ٦ی حیزبی شیوعی كوردستان جەخت لە پیادەكردنی «مەبدەئی واقیع» دەكاتەوە لە ڕێگەی ئابوورییەكی بەرهەمهێنەر، دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و گێڕانەوەی شەرعییەت بۆ ئیرادەی گەل و بەدامەزراوەكردن. لە كاتێكدا فشارەكانی بەغدا و گۆڕانكارییە ئیقلیمییەكان هەڕەشەی ڕاستەقینەن بۆ سەر قەوارەی هەرێم، وەك هاوڕێیەكەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە حەسرەتەوە باسی دەكرد كە چۆن دەستكەوتێك كە لەوێ خەونی پێوە دەبینن، لێرە بەدەستی خۆمان تەسلیمی دەكەینەوە، ئەم قەوارەیە بە هێزی ئۆلیگاریشی و كەمینەیەكی سەرمایەداری مشەخۆر ناپارێزرێت، بەڵكو تەنها بە هاووڵاتییەكی ئازاد و خاوەن كەرامەت دەپارێزرێت كە نیشتمان بە موڵكی خۆی بزانێت نەك موڵكی چەند دەسەڵاتدارێك.

لە ئەمڕۆدا جارێكی تر ئەم نەخشەڕێگایە بانگەوازێكی مێژووییە بۆ تەواوی هێزە چەپ، دیموكراتخواز و هاونیشتمانیان تا لە دەوری بەرنامەیەكی ڕاستەقینەی گۆڕانكاری كۆ ببنەوە، كۆتایی بە چەقین و پاشڤەچوونی سی ساڵەی حیزبی بهێنن و سەردەمێكی نوێ لەسەر بنەمای دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و سەروەریی هاووڵاتی دابمەزرێنن.

powered by social2s

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا