
ئامادەکردنی: مەغدید حاجی
وتەی بەرایی:
مامۆستا حەمەڕەشید هەورامی، لە ماوەی کاروانی ژیانیدا، لە یەک کاتدا، چەند ئەرک و پەیامێکی پیرۆزی جێبەجێ کردووە؛ وەکو خوێندکار قۆناغەکانی خوێندنی بە سەرکەوتوویی بڕیوە تاکو بۆتە مامۆستا.
وەکو مامۆستا بە دڵسۆزی بە ئەرکی پەروەردەو فێرکردن هەڵساوە.
هەر لە تەمەنی گەنجی هۆشیاری هزری و سیاسی گەشەی کردووەو هەستی بە ئازارەکانی چینە چەوساوەکان کردووە، بۆیە هەر زوو ڕێگای تێکۆشانی لە ڕیزەکانی حزبی شیوعی عێراق گرتۆتەبەر.
مامۆستا وەکو نووسەر هەر لە پەنجاکانەوە شەیدای ئەدەبیات و نووسین بووە.
وەکو باوک لە تەک (خاتوو شارەبانی) هاوسەری هەشت کوڕو کچیان جوان پەروەردەکردووەو هەموویان سەرکەوتووانە خوێندنیان تەواوکردووە.
بۆیە مامۆستا حەمەڕەشید هەورامی نەمرە بە ناوو و مێژووی خەبات و بەرهەمە جوانەکانی. نەمرە بەو خۆشەویستییەی لە دڵ و یادگاریی کەس و کارو هاوڕێیانی جێی هێشتووە.
٭ کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا:
ناوی تەواوی: ڕەشید ئەبو بەکر مەحمود، ناسراو بە (حەمە ڕەشید هەورامی)
ناوی دایکی: شکۆفە محەمەد بەگ بەکر بەگ
حەمەڕەشید هەورامی، ساڵی 1933 لە گوندێکی چکۆڵانەی ئامێزی کۆسارەکانی هەورامان سەر بە شارەدێی بیارە لە باوەشی خێزانێکی هەژارو زەحمەتکێش لە دایک بووە.
بەهۆی کەم دەرامەتی خێزانەکەیان تەنها ئەم خراوەتە بەرخوێندن، خوشک و براکانی(کەریم، عوسمان، حومێرا) خەریکی باخەوانی بوون.
خوێندنی سەرەتایی لە بیارە تەواوکردووە.
لەدوای تەواوکردنی قۆناغی سەرەتایی لە (خانەی مامۆستایانی لادێ) وەرگیراوە،کە خوێندن تیایدا پێنج ساڵ بووە.
لە ساڵی خوێندنی(1951-1952) خانەی مامۆستایانی لادێی لە شاری دهۆک تەواوکردووە.
لە پایزی ساڵی 1952 بۆ یەکەمجار بە مامۆستا لە قوتابخانەی گوندی (نزارە)ی قەزای پێنجوین بە مامۆستای سەرەتایی دامەزراوە. دواتر بۆ گوندەکانی گوڵپ و تەوێڵە گوازراوەتەوە، ئینجا بۆ شاری سلێمانی.
لە ساڵی 1952 تاکو خانەنشین بوونی لە ساڵی خوێندنی(1978- 1979) لە چەندین قوتابخانەی پارێزگاکانی:( سلێمانی،هەولێر، دیوانی،ناسریەو بەغدا) خزمەتی پڕۆسەی پەروەردەو فێرکردنی کردووە.
لە حەفتاکان لە بەغدا وەکو ئەندامی مەکتەبی سکرتاریەتی سەندیکای مامۆستایان دەست بەکاربووە. لە وەزارەتی پەروەردەش کراوە بە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی.
لە ساڵی خوێندنی(1978-1979) بەهۆی فشارو هەڵمەتی داپڵۆسێنەرانەی ڕژێمی بەعسی فاشست بۆ سەر حزبی شیوعی عێراق، مامۆستا حەمەڕەشید خۆی خانەنشین کردووە.
٭ ئاماژەدان بە خەباتی پیشەیی و سیاسی:
مامۆستا حەمەڕەشید هەورامی گەنجینەیەک لە خەباتی پیشەیی مامۆستایان و لە هەمان کاتدا وەکو تێکۆشەرێکی کۆمەنیستی، چینایەتی فەرهەنگێکی ڕۆشنبیری کرێکاران و جوتیاران بوو. لە لادێکاندا ڕۆڵێکی باڵای لە ڕێکخستن و سازدانی جوتیاران بۆ خەباتی چینایەتی بینیوە.
کە خوێندکاربووە لە خانەی مامۆستایان تێکەڵ بە خەباتی قوتابییان بووە،لە ساڵی 1948 لە مانگرتنی قوتابییان بەشداربووە لە دژی حکومەتی پاشایەتی و پەیماننامەی پۆرتسمۆس. هەر لەو کات لە شیوعییەکان نزیک بۆتەوە و تێکەڵ بە شەپۆڵی جوولانەوەی کۆمەنیستی و ئازادیخوازان بووە. یەکەمجار وەکو خوێندکار، دوایی وەکو مامۆستا.
تێکەڵبوونی هاوڕێ حەمەڕەشید هەورامی بە بزووتنەوەی جەماوەری و سیاسی و ڕۆشنبیری بنەمایەکی هزری و فەلسەفی ڕۆشنبیری بۆ دروستکردووە.. لە ساڵی 1954 شەڕەفی ئەندامێتی لە ڕیزەکانی حزبی شیوعی عێراق وەرگرتووە. لە بارو دۆخی پەنجاکاندا لە سەردەمی کێشە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا بەهۆی دژایەتی کردنی سیستەم و زوڵمی دەرەبەگایەتی چەند جار دووچاری ڕاوەدوونان بۆتەوە،هەڕەشەی لێکراوە، چەند جار ماڵەکەی بەر فیشەک دراوە..
مامۆستا جگە لە خەباتی سیاسی و حزبی و جەماوەری، وەکو مامۆستا شان بە شانی لیستی پیشەیی تێکەڵ بە خەباتی پیشەیی مامۆستایان بووە، لە هەڵبژاردن و کۆنگرەکانی مامۆستایان بەشدار بووە.
مامۆستا حەمەڕەشید هەورامی باوەڕی تەواوی بە یەکسانی مرۆڤەکان هەبوو، بەردەوام پێداگیریی دەکرد کە نابێ جیاوازی بخرێتە نێوان مرۆڤەکان، لەسەر بنەمای ڕەگەزو ئاین و نەتەوەو شوێنی لەدایک بوونیان. هەمیشە داکۆکی لە یەکسانی کۆمەڵایەتی کردووە.
بەهۆی خەبات و هەڵوێستەکانی لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو وەکو مامۆستا بۆ باشووری عێراق دوورخراوەتەوە.. لەوێش لەسەر خەباتی نیشتمانی و سیاسی و پیشەیی بەردەوام بوو.
لە دوای هێرشە دڕندانەکەی ڕژێمی بەعس بۆ سەر حزبی شیوعی لە ساڵی (1978 - 1979) هاوڕێ حەمە ڕەشید هەورامی ماڵەکەی لە گەڕەکی مامۆستایانی شاری سلێمانی کردۆتە بارەگایەکی نهێنی حزبی شیوعی و تێکۆشەرانی پەناداوەو پاراستوونی. خۆیشی تاکو ساڵی 1991 درێژەی بە خەباتی نهێنی حزبی داوە. دڕندەیی ڕژێمی بەعسی فاشست نەیتوانیوە وزەی بشکێنێت، چونکە ئەم تێکۆشەرە خاوەن گەنجینەیەک لە خەباتی سووری چینایەتی و فەرهەنگی و نیشتمانی بوو.
لە ساڵانی دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991 تاکو کۆچی دوایی لە ساڵی 2016، مامۆستا پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێیان و مامۆستایان و ئەدیب و نووسەران بەردەوام بوو. هەمیشە خاوەن هەڵوێستی نیشتمانپەروەری نەگۆڕ بوو.
٭ خەباتی لە بواری وێژەو نووسیندا:
مامۆستا حەمەڕەشید هەورامی، بەدەر لەوەی تێکۆشەرو چالاکوانێکی سیاسی و حزبی و مەدەنی بوو، بەشی ئەدەبیات و نووسینیشی فەرامۆش نەکردووە، وەکو سامانێکی نەتەوەیی سەیری کردوون و هەر لە قۆناغی سەرەتایی خوێندنیدا دەستی بە دانانی هۆنراوە کردووە.
وەکو نووسەرو ئەدەب دۆست بۆتە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری کۆمەڵەی کەلەپووری کوردی و هەروەها لە ساڵی 1970 یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نووسەرانی کورد.
بەرهەمە چاپکراوەکانی مامۆستا:
1- مێژووی بیارە،1956
2- کاڵای هەمەڕەنگ..
3- مێژووی گوڵپ..
4- تاریخ لهون،1966، بە عەرەبی بڵاوی کردۆتەوە.
5- هەڵاڵە برایمە، 1971
مامۆستا، لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە تاکو دوو هەزارەکان،زۆر نووسین و بەرهەمی ئەدەبی و مێژوویی لەم گۆڤارو ڕۆژنامانەی خوارەوە بڵاوکردۆتەوە:
( ژین،بڵێسە، هاوکاری، بیری نوێ، التربیە، کەلەپووری میللی، بەیان، ڕێباز، ڕێگای کوردستان، ئابووری کوردستان،هەندرێن، ڕامان)
لە حەفتاکان یەکێک بوو لە ستافی نووسینی هەفتەنامەی بیری نوێ.
٭ باری کۆمەڵایەتی:
مامۆستا حەمەڕەشید هەورامی لە ناوەڕاستی پەنجاکان هاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو(شارەبانی محەمەد ئەمین سلێمان) کردووە.
شارەبانی خان ژنە تێکۆشەرێکی ئازای کۆمەنیست بوو،لە زۆر سەردەم و قۆناغی سەختدا، هاوبەش و پشتیوانی کاروانی ژیانی سیاسی هاوسەرەکەی بوو. ئەم ژنە تێکۆشەرە ئەلقەی پەیوەندی نێوان تێکۆشەرانی شاخ و شار بووە، نامەو بەریدی حزبی گواستۆتەوە، لە ماڵەکەی خۆیان لە بارودۆخی نهێنی داڵدەی تێکۆشەرانیان داوە.. دەڵێن لە دوای هەر پیاوێکی مەزن ژنێکی مەزن وەستاوە. ئەم قسەیە لەسەر ئەم خاتوونە نەمرە جێ بەجێ دەبێت.
بەرهەمی هاوسەریی مامۆستا حەمەڕەشیدو شارەبانی خان، هەشت کوڕو کچی سەرکەوتوون(تەمەن درێژ بن):
1- مەهاباد،1958،ئەندازیاری بیناسازی لە سۆڤیەت تەواوکردووە.
2- سروە،1959، پەیمانگای هونەری لە کەرکوک تەواوکردووە.
3- هاوڕێ، بەشی کۆمەڵناسی لە زانکۆی سەڵاحەدین تەواوکردووە.
4- ئاسۆ،1961، ماستەری لە دەروونناسی بەدەست هێناوە.
5- لهۆن، 1966، پەیمانگای هونەری لە موسڵ تەواوکردووە.
6- بیار، 1968، پەیمانگای هونەری لە بەغدا تەواوکردووە.
7- کۆسەڵان، 1973٫، کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە.
8- تانیا، 1976، کۆلێژی زمانی تەواوکردووە.
شارەبان خانی دایک لە ڕێکەوتی 23-9-1994 کۆچی دوایی کردووە.
مامۆستا حەمەڕەشید هەورامیش لە ڕێکەوتی 31-3-2016 کۆچی دوایی کردووە.
٭ زۆر سوپاس بۆ هاوڕێ کۆساڵان حەمەڕەشید هەورامی کە هاوکارم بوو لە ئامادەکردنی ژیاننامەی باوکی.
سوپاس بۆ مامۆستا هاوڕێ حەمەڕەشید هەورامی کە وەڵامی هەندێ پرسیاری داومەتەوە.
