فایەق ڕەسووڵی 

 

جوانی چییە؟ پێوانەکانی جوانی چین؟ زۆرێک لە بیرمەندان باوەڕیان وایە کە جوانی یەکێکە لە چەمکە فەلسەفییە قوڵ و ئینتزاعییەکان. بەڵام، لە ڕوانگەی ماتریالیستیەوە، پێوانەکانی جوانی وەک هەمان پێوانە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکان، ڕۆڵێکی کۆمەڵایەتیان هەیە و لە کۆتاییدا چینی دەسەڵاتدار پێوانەکان دیاری دەکات.
ئەم نووسینە زیاتر لەسەر ئەم بنەمایە دامەزراوە و دەیەوێت جوانی وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی لە پەیوەندی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی کەلوپەلی جوانکاری وەک دیاردەیەکی مێژوویی و هەروەها پەیوەندییەکەی بە منداڵانەوە، بە تایبەتی کچان، شی بکاتەوە.
تیۆریە ماتریالیستیەکان ئەوە ڕەت دەکەنەوە کە پێوانەکانی جوانی لە سەرانسەری مێژوودا بۆ هەموو چین و توێژەکانی ژنان یەکسان بوونە. ئەگەر بۆ کۆمەڵگە سەرەتاییەکان بگەڕێینەوە، 
دەبینین کە ژنان تەنها پێویستیان بە ڕەنگ کردن و ڕازاندنەوەی خۆیان نییە بۆ ئەوەی بە جوان دابنرێن، بەڵکو زیاتر و زیاتر پێویستیان بە پێشاندانی دۆخی کۆمەڵایەتی، بارودۆخی ئابووری و هەروەها نیشاندانی ئەوەیە کە سەر بە کێن و گروپێکی تایبەتن.
بەڵام بە گۆڕانی بنەما ئابووری و سیاسییەکانی کۆمەڵگا، پێوانەی جوانییش دەگۆڕێت و پێناسەیەکی نوێ وەردەگرێت. ئەوەی ئەمڕۆ بە جوانی دادەنرێت ــ وەک دەستی نەرم و سپی و سۆڵ، نینۆکی درێژ و شێوازی تایبەتی قژ ــ شتێک نییە کە لە کاتی لە دایکبوونەوە هەبووبێت، بەڵکو «دروست کراوە». بەم پێیە، پێناسەی جوانی لەسەر ڕەفتار، کەسایەتی و کردار دانەمەزراوە، بەڵکو زیاتر بە نەرمی پێست، ڕووخساری جوان، تەمەنی کەم و ڕەنگی پێست پەیوەست کراوە.
ئەم ستانداردانەی جوانی لەلایەن ئەستێرەکانی هۆڵیوود، یاریزانانی ناسراو و پاڵەوانانی بواری جوانی، بڵاو دەکرێنەوە؛ لەوانەش پێشبڕکێکانی ساڵانەی «شا جوان». ئەم وێنەیە، وەک نموونەیەکی 
تەواو، لە ڕێگەی میدیا و ڕاگەیاندنەوە پێش لە چاوەکانمان دادەنرێت. بەڵام ئەم پێناسەیە، وەک زۆرێک لە نورمە کۆمەڵایەتییەکانی تر، بەرهەمی کۆمەڵگەی چینایەتییە و جوانی وەک زۆر شتی تری باشی ناو ژیان زیاتر کەوتووەتە ژێر دەستی دەسەڵات و سامانی دەوڵەمەندان.
بە هاتنی ژنان بۆ ناو چوارچێوەی ماڵەوە و بوون بە کاڵایەکی لوکس بۆ کۆمەڵگەی پیاوسالار و دروست بوونی کێبڕکێی جنسی لە نێوان ژناندا کە بازاڕی سێکس-یش هاوت کات هاتە مەیدان، پێوانەکانی جوانی ژنانیش پەیتا پەیتا لە شێوەی سروشتییەوە بۆ شێوەی دەستکرد گۆڕانکاری بەسەردا هات و ڕکابەریی جنسی لە تەنیشت شێوە دەستکردەکەی جوانی بڵاو بووەوە؛ ئەمەش لە سەردەمی ئەمڕۆدا گەیشتووەتە لووتکەی خۆی.
بە گۆڕینی جوانی بۆ کاڵا، کە هاوکات بوو لەگەڵ هاتنە ئارای کۆمەڵگەی چینایەتی، بۆ بەرهەمهێنان و بەدەستهێنانی ئەم دۆخە، میکانیزمێک بە ناوی «مۆد» پەیدا بوو. لە سەردەمێک دا کە مۆد  و ئەم شتانەی کە نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکانیان نیشان دەدا، دابەشبوونی کۆمەڵگا بە دارا و نەدار، ئەرباب و 
ڕەعیەت، بەردەوام بوو. بۆ نمونە، ئەم جیاوازییە کۆمەڵایەتییە لە دەرباری پاشاکانی پێش شۆڕشی فەڕەنساوە دەتوانرێت ببینرێت. ژن و پیاو لە کۆتایی سەدەی ١٨ بە جلوبەرگی گرانبەها، ڕووخساری ڕازێنراوە، زیو و زێڕ و... دەردەکەوتن. بە پێی پێوەری ستانداردی ئەو کات،  ژن و پیاو جوان بوون.
لەو سەردەمەدا نیشانەی جیاوازیی چینایەتیی ژن و پیاو، لە چینە حاکمەکاندا لە بەرامبەر ژنان و پیاوانی چینەی خوارەوە دەردەکەوت. پاشان  پیاوان گۆڕەپانی مۆد-یان بۆ ژنان جێ هێشت. بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا لە ناو ژنان دا مۆد هێمای جیایی و نیشان دانی جیاوازی چینایەتی بوو تا یەکسانی جەندەری. لەگەڵ گەشەکردنی سەرمایەداری و پەیدابوونی ماشینەکانی بەرهەمهێنانی بەرهەم، هاوکات پێویستیی بازاڕ بە بەرهەم هێنانی زیادە هاتە ئاراوە و سەودا کارانی جوانی تەرکیزیان خستە سەر کۆمەڵگای ژنان. کەوابوو مۆد لە بازنەی بەرتەسک و باریکی دەوڵەمەندان دا نەما و لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە بۆ هەموو ژنان بوو بە پێویستییەکی زۆرەملێ تا ئامانجەکانی بازرگانیی 
گەورەی جوانی مسۆگەر بێ.
بەو شێوەیە بوو کە ڕکابەریی بێ ڕەحمانەی سەرمایەداری بۆ کڕینی کاڵا بە سەر ئێمە دا سەپا و تێچوو و سەرنج و کاتی زۆری بە خۆیەوە تەرخان دەکرد.
بیرۆکەی مۆد بە مانا ئەوڕۆییەکەی لە کۆتاکانی سەدەی نوزدەی زایینی و بە  هاوکاری سەنتەری مودی چارلز فریدریک ڤۆرث لە پاریس دەستی پێکرد، بەڵام لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا لە ئەمریکا و ئینگلتەرا بەهێزتر بوو.
ئەمڕۆ «پیشەی مۆد» یەکێکە لە پڕ داهات ترین پیشەسازییەکانی جیهان و بە بەهای چەندین ترلیۆن دۆلار، ساڵانە کۆمپانیا گەلی زۆر ئاوێتەی خۆی دەکا.
هەرچەند ئەم پیشەسازییە دوای پیشەسازیی نەوت گەورەترین پیشەسازیی پیسی جیهانە و بڕی گازە گوڵخانەییەکانی بەرهەمهێنراو لەلایەن ئەم پیشەسازییەوە، لە بڕی گازە گوڵخانەییەکانی پیشەسازیی کیمیاوی و فڕۆکە سازی زیاترە و چەند هەزار مادەی کیمیایی زیانبەخش لە پیشەسازیی مۆد دا بەکاردێت و هاوکات سروشت و بەشەر تووشی زیانێکی بێ سنوور دەکا، بەڵام هەر وا لە 
حاڵی پەرە سەندن دایە و وای لێهاتووە کە بۆتە ئامرازی بە ستاندارد کردنی جەستەی مرۆڤ، بە شێوەیەک کە بۆ پۆشینی جل و بەرکی تایبەت پێویستی بە جەستەی تایبەتیش هەیە. یان بۆ بەکارهێنانی فڵان ئامێری جوانکاری، پێویستی بە پێستی تایبەت هەیە بە پێوەری دیاریکراو. ئەم پیشەسازییە بۆ مانەوەی خۆی بە بێ‌ڕەحمانەترین شێوە دەستی داوەتە چەوساندنەوەی وڵاتە هەژارەکان و لە لایەکی دیکەوە بە پەرە پێدانی کولتوری مەسرەف گەرایی، جۆرەها کێشەی کولتووری، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ژینگەیی بۆ مرۆڤ دروست کردووە.
ئامێرەکانی جوانکاری یەکێک لەم بەرهەمانەن کە لە بازاڕدا زۆرترین بەکارهێنەریان گیرۆدەی خۆیان کردووە. 
بازاڕی ئامێرەکانی جوانکاری و بەکارهێنانی ئەوان دەتوانرێت لە دوو ڕوانگەوە شیکاری بکرێت. یەکێکیان هەر وەک ئاماژەی پێ درا، بە بێ‌ڕەحمانەترین شێوە بۆ مانەوەی خۆی هەوڵ دەدات، بە جۆرێک کە ساڵانە ملیۆنەها دۆلار خەرجی ڕێکلام و ئاگاداریی بۆ ڕاکێشانی سەرنجی 
کڕیارەکان دەکات و ئامانجی ئەوەیە کە ئەو تەوەهومە قێزەونە زیندوو ڕاگرێت کە چون هەموو ژنان حەز دەکەن جوان بن، کەوابوو  وابەستە بوون بە ئامێرەکانی جوانکاری و مۆد کە ئەمڕۆ لەگەڵ جوانی یەکسان‌ دەناسرێن، مەیلێکی دەروونیە. بەڵام لە ڕاستیدا دەکرێت بگوترێت کە ئەمڕۆ بەکارهێنانی ئامێرەکانی جوانکاری بووەتە پێویستییەکی ئابووری و بەهۆی ئەوەشەوە قازانجێکی زۆر بۆ کۆمپانیاکان دابین دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، یەکێک لەو شتانەی کە وای کردووە ئەم بازاڕە گەورەتر بێت، «ڕکابەریی جنسی»یە کە لە ڕاستیدا دەرەنجامی کۆمەڵگای چینایەتیە. هەڵبەت ڕکابەریی جنسی، نە لە نێوان ژن و پیاو کە زۆرتر بۆ دەستەبەر کردنی مافی یەکسانە، بەڵکو لە نێوان ژنان و ژنانە! شتێک کە لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکان دا هەر بوونی نەبووە و ڕکابەرییەکی بەو شێوە بۆ بە دەست هێنانی پیاو نابینرێ. لەوانەیە هەر ئەمەش بووبێتە هۆی ئەوە کە ژنان ببنە سەرکردەی سیستەمی کۆمەڵایەتیی سەرەتایی.
هاوکات لەگەڵ بە کۆیلە بوونی ژنان و بوون بە 
کاڵای لوکسی پیاوان و دوور کەوتنەوەی ژنان لە بازاڕی کار، یا ئەو پەڕی، ئەگەر کارێکیش هەبا بۆ ژنان بە نرخێکی کەمتر بوو، دەتوانین بێژین ژنان دەستیان کورت بۆوە لە ژیان و کار و باری کۆمەڵایەتی و وای لێهات کە نیوەی کۆمەڵگەی پیاو نیوەی دیکەی کۆمەڵگا دابین بکات، لەبەر ئەوە کاسبییەکی گەورە و پڕ لە ڕکابەری بە ناوی «ڕاوی شوو» پەیدا بوو. ئەم ڕکابەرییە گەورەیە کە بە شێوەی جۆراوجۆر ڕوودەدات، بە ئاشکرا یا بە نهێنی، بەشێکی گەورە لە کات و بیرکردنەوەی ژنان دەخوات و گەورەترین ئامرازی ئەم ڕکابەرییە، زیاتر پیشاندانی سێکسە لە ڕێگەی جوانکارییەوە.
لە ڕکابەری بۆ دۆزینەوەی هاوسەر و دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئابووری، جوانکاری بۆ جەختکردنەوە لەسەر سێکس پێویستە. بۆیە ژنان لە هەموو لایەکەوە بەرەو سالۆنە تایبەتەکانی جوانکاری و کەرەستەکانی جوانکاری هروژمیان برد، تاکو بۆ بەدەستهێنانی جوانی ئەزموونێکی دژوار تاقی کەنەوە.   

بەڵام بۆچی و چۆن ئەم پێویستییە دروست دەبێت و چۆنە لەو تەمەنەی کە هەستی سێکسی دەستی پێکردووە و خۆی دەردەخات و پێویستییەکی زۆر بە زانین و ئەزموونکردن هەیە، منداڵ کەلوپەلەکانی جوانکاری بەکاردەهێنێت بۆ شاردنەوەی منداڵیەتی خۆی؟
پێش هەموو شتێک دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ناو دامەزراوەی خێزان؛ ئەو دامەزراوەیەی کە خۆی دروستکراوی سیستەمێکە کە لە ڕاستیدا وەک گەورەترین ناوەندی بەرهەمهێنانی نەوەیەک بەکار دەهێندرێت؛ نەوەیەک کە گەرەکیانە لە هەموو ڕووێکەوە لە ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا بێت. زۆربەی کچان لەو جۆرە پێکهاتەیەدا لە ژێر فەرمان و پەروەردەی دایکان یان ژنانی تری خێزان دان. ڕوون و ئاشکرایە کەسێک کە خۆی بەرهەم و ئەنجامی ئەم پێکهاتەیەیە و نەیهەویستووە یان نەیتوانیوە هیچ گۆڕانێک لە شێوە و شێوازی ژیانی خۆیدا دروست بکات، هەمان ئەو شتە فێر دەکات کە خۆی دەیزانێت!
کەوابوو هەر هەمان شت دووبارە دەکاتەوە کە خۆی پێی  پەروەردە کراوە. کەوابوو  فێری دەکا کە هەر لە ڕێگەی بە کاڵایی کردنی خۆیەوە پێ بنێتە ئەم گۆڕەپانە و  هەر لەو تەمەنە کەمە ڕا خۆی بگەیەنێته ئەو ستانداردانە کە ڕۆژانە لە پێش چاوی جەماوەر ڕێژە دەڕۆن و بە بردنەوەی یاریەکە هەر لەم کەرەستانەی پێویستن کەڵک وەرگرێ!
بۆیە ئەم کچانە، بە پێچەوانەی ژنە بە ساڵاچووەکان، کە هەست دەکەن تەمەنیان لەو کاتە تایبەتییە کە بتوانن سەرنجی پیاوان بۆ لای خۆیان ڕابکێش و بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو سەردەمە، پەنا بۆ کەلوپەلی جوانکاری دەبەن، باوەڕیان وایە کە زووتر دەگەنە ئەم کاتە تایبەتە و خۆیان لە جیهانی گەورەساڵان دا  جێگیر دەکەن. لە ڕاستیدا بەکارهێنانی کەلوپەلەکانی جوانکاری دەبێتە هۆی وەرگرتنی ڕۆڵی جەندەری کە پێشتر بۆ کچان دیاریکراوە، ئەویش بەو پێناسەیەی کە پێشتر لە چوارچێوەی جەندەری دا بۆیان دیاریکراوە. بەم شێوەیە دەتوانرێت بڵێین کە دایکان لەبری ئەوەی کچەکانیان فێری لێهاتووییەکانی ژیان و سەرنج‌دان بە تواناکانی خۆیان بکەن، کچەکانیان بۆ «بازاری هاوسەرگیری» پەروەردە دەکەن. بەڵام کەسێک کە بە خێراییەکی زۆر فڕێ دەدرێتە ناو جیهانی گەورەساڵانەوە، بە هەمان ڕادەش زیاتر لە مەترسیی هەندێک زیان و ئازار دا دەبێت. هەروەها زۆرێک لە هاوسەرگیرییەکانی تەمەنی منداڵیش کە لە تەمەنی بچووکدا ڕوودەدەن، خۆیان نموونەیەکی ئاشکرای منداڵ ئازاری و دەستدرێژیی سێکسیی بۆ سەر منداڵانن. بەڵام وەک بڵێی بردنەوە لەو پێشبڕکێیە! بۆ «ڕاوکردنی شوو» گرینگ ترە لە تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی منداڵان.
لە لایەکی ترەوە، هەمان کۆمەڵگا و هەمان خێزان، باس کردن و ئاشنا کردنی منداڵان بە سیکشوالیتە و  ناسینی خۆیان و ئەو بەرپرسیارێتییانەی بەرامبەر خۆیان و کەسانی دیکە دەشێ هەیانبێ، بە شێوەیەک دەشارنەوە کە ئەم بابەتانەیان بۆ منداڵان کردووە بە تابوو. بۆیە چوونە ناو ئەم باسانە بۆ منداڵان بە دوای خۆیدا کاریگەری و لێکەوتەی زۆر دەهێنێت. بەکارهێنانی کەلوپەلی جوانکاری لە لایەن کچانی کەم تەمەن، هێمای ئارەزوو و پەیوەندیی سۆزداری و ڕاکێشانی هەست و حەزی زۆریان بۆ زانین و تاقیکردنەوەی هەندێک بابەتە. بۆ نموونە، سووراو  وەک هێمای گەورەساڵی خۆ دەنوێنێ؛ واتە نیشانەی توانایی و ئازادی گەورەساڵانە بۆ بەشداری کردن لەو کارانەی کە منداڵان لێیان قەدەغە کراون.
منداڵ کاتێک سووری لێو دەخات، ناڕاستەوخۆ دەڵێت: «ئەمە هێزێک بە من دەبەخشێت تا بتوانم ئەوەی دەمەوێت ئەنجامی بدەم.» ئەوەی ئێمە گەرەکمانە بێژین، ئەوە نییە کە مرۆڤ بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش مێژوو و ناو ئەشکەوتەکان. بەڵکو مەبەستمان ئەوەیە گرنگی بدەین بە شێوازی تێڕوانینمان بۆ دیاردەکان و شیکردنەوەی دروستیان. بابەتەکە لە بنەڕەت دا گرنگی دان بە جوانی یان بە کار هێنانی کەرەستەی جوانکاری بۆ جوانتر دەرخستنی مرۆڤ و ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک نیە، بەڵکو بە ئامراز کردنی جوانکاری بۆ بە کاڵا کردنی مرۆڤە کە کارکردی کەرەسەکانی جوانکاریش بەشێکن لەم پرۆسەیە.
بێ گومان، مرۆڤ ناگەڕێتەوە بۆ دواوە و بەشێک لەو جیهانەی ئێستا سیستەمی سەرمایەداری دروستی کردووە، لەوانە کەرەستەی جوانکاری،  ڕەنگە ببنە بەشێک لە مێژووی مرۆڤ.
بەڵام هەڵسوکەوتی هۆشیارانە لەگەڵ ئەم بابەت و دیاردانە، بە دڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر دیاریکردنی ئاراستەی مێژوو دەبێت. بۆیە، لەم ململانێیە مێژووییەدا زۆر گرنگە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەمانە بکرێت؛ لەوەش گرنگتر ئەوەیە نەوەکانی داهاتوو چۆن پەروەردە بکرێن.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا