قەڵەم کاتێک وەک سەنگەرێک بۆ بەرگری لە ڕاستی و ئازادی بەکاردێت، دەبێتە مەترسیدارترین چەک لە ڕووی ستەم و چەوسانەوە و ناڕەواییدا. پێنووسە ئازادەکان ئەو دەنگە بێدەنگ کراوانەن کە لە ناو ناخی کۆمەڵگەدا دەکوڵێن و ڕێگای ئازادی و ڕۆشنایی بۆ نەوەکانی داهاتوو ڕوون دەکەنەوە. ئەم قەڵەمانە بە پارە ناکڕدرێن و بە هەڕەشە دانانەوێن، چونکە بڕوایان بەوە هەیە کە وشەی ڕاستگۆ دەتوانێت جیهان بگۆڕێت و سنوورەکانی کۆیلایەتی تێکبشکێنێت. لە مێژووی گەلاندا، خامەی ئازاد هەمیشە پێشەوای شۆڕش و نوێبوونەوە بووە، بێ ئەوەی گوێ بە باجە سەختەکانی بدات، بڕیاری داوە ببێتە ویژدانی زیندوی نەتەوەکەی و دەنگی جەماوەری بەشخوراو.
لە کاروانی خەباتی ڕزگاریخوازی و کۆمەڵایەتی ژێر زەبروزەنگدا، خاوەن قەڵەمە ئازادەکان هەمیشە کەوتوونەتە بەر شاڵاوی داپڵۆسین و زیندانیکردن، چونکە دەسەڵاتە ستەمکار و خۆسەپێنەکان لە هیچ شتێک بەقەد وشەی ڕاست و زانیاری دروست ناترسن. پێنووسی ئازاد نەک هەر تەنیا گوزارشت لە ئازارەکانی جەماوەر دەکات، بەڵکوو دەبێتە ئاوێنەیەک کە ناپاکی و گەندەڵی و ناڕاستییەکانی ڕۆژگار دەردەخات. کاتێک  ڕێگای ئازادی دەبێتە مینبەری ئەم قەڵەمانە، ڕێڕەوی خەباتێکی ئەوتۆ دروست دەبێت، کە لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی و سەربەخۆیی دامەزراوە، چونکە ئەم ڕێگایە بە بێ ئامادەیی وشەی بوێر و بەبڕست ناگاتە ئامانجی ڕاستەقینەی خۆی.
سەربەستی نووسین و ئازادی ڕادەربڕین تەنیا دروشمێک نین لەسەر کاغەز بنووسرێن، بەڵکو بەردی بناخەی هەر کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو و بەئاگان. ڕۆژنامەگەریی ئازاد کۆڵەکەی چوارەمی دادپەروەرییە، کاتێک نووسەران و ڕەخنەگران جڵەوی هزر و بیرکردنەوەیان دەدەنە دەست ڕاستی، کۆمەڵگە لە تاریکیی نەزانی و چەواشەکاری ڕزگاری دەبێت. لەم سۆنگەیەوە، ئەرکی ڕۆژنامەنووس و خاوەن قەڵەمە ئازادەکان زۆر لەوە قورسترە کە تەنیا هەواڵ بگوازنەوە؛ ئەرکی ئەوان شیکردنەوەی کوێرەوەرییەکانی خەڵک، دروستکردنی هۆشیاریی بەکۆمەڵ، و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دەسەڵاتانەیە کە دەیانەوێت مێشک و هزری مرۆڤەکان لەخاچ بدەن.
پاراستنی سەربەستی نووسەران و خاوەن پێنووسەکان ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆڤییە کە دەکەوێتە سەر شانی تەواوی جەماوەر. کاتێک نووسەرێک یان هەواڵسازێک جڵەوی بیرکردنەوەی دەداتە دەست ئازادی و ڕاستگۆیی، باجەکەی زۆرجار دوورخرانەوە، ڕاوەدوونان، یان تەنانەت بەخشینی گیانیشیەتی لە پێناو وشەدا. بەڵام ئەم قوربانییدانە بێهودە نییە و دەبێتە هەوێنی بەردەوامی و زیندوبوونەوەی خەباتی ڕەوا. 
وشەی ئازاد وەک تۆوێک وایە لە زەویدا دەچێنرێت، چەندە هەوڵی خنکاندن و داپۆشینی بدرێت، ڕۆژێک دێت سەرهەڵدەدات و دەبێتە درەختێکی بەردار کە سێبەری بۆ هەمووان دەبێت.
نووسینی ئازاد تەنیا لەبەرامبەر دەسەڵاتی ڕامیاریدا ناوەستێتەوە، بەڵکوو بەرەنگاری بیرۆکە دواکەوتووەکان، دەمارگیریی کۆمەڵایەتی، و ئەو جۆرە جیهانبینییانەش دەبێتەوە کە ڕێگامان لێ دەگرن بەرەو ئاسۆی ڕۆشنایی بچین. خامەی سەربەست هەوڵ دەدات بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە ناو ناخی تاکەکاندا ببوژێنێتەوە، هەتا هیچ کەسێک نەتوانێت بە ناوی ئایین، نیشتمان، یان دابونەریتەوە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ پێشێل بکات. ئەم جۆرە لە نووسین دەبێتە پردێک لە نێوان نەوەکاندا، بۆ ئەوەی ئەزموونی ڕابردوو بکاتە وانەیەک بۆ داڕشتنی پاشەڕۆژێکی گەشتر و یەکسانتر.
 قەڵەمە ئازادەکان سەرمایەی بەنرخی هەر نەتەوەیەکن کە دەخوازێت لە ژێر چەپۆکی ستەمکاری ڕزگاری بێت. بە بێ بوونی ئەم دەنگە سەربەست و بەبڕشتانە، هیچ کۆمەڵگەیەک ناتوانێت بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت یان ئازادیی ڕاستەقینە بەدەست بهێنێت. ڕێگای ئازادی هەمیشە بە ڕووناکی ئەم قەڵەمانە ڕۆشن دەبێتەوە، چونکە مێژوو دەیسەلمێنێت کە ئیمپراتۆرییەتە ستەمکارەکان هەڕەسیان هێناوە و لەناوچوون، بەڵام وشە ئازادەکان وەک خۆیان بە زیندویی لە لاپەڕەکانی مێژوودا شەکاوە و نەمر ماونەتەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا