فەرەیدوون سامان


زمانی کوردی لە سەردەمی ئەمڕۆدا کە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵەنگاری و کێشەی سیاسی و دەستووری بۆتەوە، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا بەشکراوە، لە پیڤاژۆیەکانی گەشەسەندنیدا پێویستی بە ژینگەیەکی ئەکادیمی ڕاستەقینە و دیدار و کۆنفڕانسی زانستی هەیە، کە زمانناسان، توێژەران، ئەکادیمیستەکان، تا دەگات بەوانەی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و لە(دیاسپۆرا) تاراوگنشینن و ئەزموونی بەرفراوانیان لە خزمەتکردنی زمانی کوردیدا هەیە، کاری بۆ بکەن تا بتوانن ئاوەزمەندانە کۆوەبن، لە ڕوانگەی جۆراوجۆری زمانناسی، زمانەوانی، پەروەردەیی، کەلتوورییەوە لە بارودۆخی ئێستای کێشەکانی زمانەکەمان بتۆژنەوە و بکۆڵنەوە، بۆیە گرنگە لێکۆڵینەوە لە ئەزموونی ئەو ناوەند و دامەزراوانە بکرێت، کە ساڵانێکە لە کوردستان و تەنانەت لە تاراوگەش هەڵگری درووشمی خزمەت بە زمانی کوردین، و خەبات دەکەن بۆ زمانی کوردی و نووسینی کتێب و پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن و توانستەکانی خۆیان تەرخان کردووە و سوود لە شارەزاییەکانیان وەربگرن، لەبری ئەوەی ئەو زمانە شیرینە پشتگوێی بخەن یان پەراوێزی بخەن.
 زمانی کوردی لەبەردەم چەندان ئاستەنگی فرەڕەهەنددایه و سەبارەت بە زۆر هۆکاریش کێشەکانی چارەسەر نەکراون، بۆیە زیاتر له جاران پێویستی به بایەخی توێژینەوەی زانستی هەیه، ئەم ئالنگارییانە ئیدی تەنیا لەسەر ئاستی دامەزراوەکانی پەروەردە و فێرکردن و خوێندن و نووسیندا سنووردار نین؛ بەڵکو ئەرکی هەموو تاک و کۆمەڵە خزمەت بکات و تا پرۆسەکە درێژدەبێتەوە بۆ پەرەپێدانی میتۆدی نووسینی کتێبی خوێندنی کوردی، ڕاهێنانی مامۆستایان، ستانداردکردنی زارە کوردییەکان، هەروەها دامەزراندنی ناوەند و دەزگە ئەکادیمییە زمانناسییەکان، بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی دیجیتاڵی، کەڵک وەرگرتن لە تەکنەلۆژیای زانیاری و ژیری دەستکرد، پەرەپێدانی فەرهەنگ، بۆ ئەوەی هاوسەنگ بێت لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کە جیهان بەخۆوەی دەبینێت.
 زمانی کوردی پێویستی بە پلانی ستراتیژی درێژخایەن و پڕۆژەی زانستی ڕوون و دیدگەیەکی پراکتیکی-کردەیی هەیە بۆ چۆنیەتی پەروەردەکردنی نەوە نوێیەکان و چۆنیەتی پەرەپێدانی میتۆدی مۆدێرن و چۆنیەتی تێکەڵکردنی لەگەڵ سەردەمی دیجیتاڵی و ژیری دەستکرددا، بۆ ئەوەی لە پێشکەوتنە جیهانییەکان دوا نەکەوێت. 
 دیداری زانستی و کۆنفرانسی زمانناسی دەرفەتێکی ڕاستەقینەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسانە و پسپۆڕان و شارەزایان کۆدەکاتەوە و دیدگەیەکی زانستی ڕوون بەرهەم دەهێنێت، کە دواجار خزمەت بە زمانی کوردی بکات، هەڵبەتە دوور لە ڕەچاوکردنی ناوچەگەرێتی و بەرژەوەندی حزبایەتی، مخابن ڕێکخراوە کوردییەکان بەتایبەتیش ئەوانەی لە تاراوگەن هەژموونیان بەسەر ڕەوەندی کوردیدا هەیە لە زۆربەی ئەزموونەکانیاندا، زمانی کوردییان وەک ئامرازێک بۆ پڕوپاگەندەی ئامانجەکانی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە، نەک پڕۆژەیەکی زانستی سەربەخۆ، بۆ نموونە لە ئەوروپا لە چەندان بۆنەدا هەوڵی سازدانی کۆنفرانسی هاوشێوە دراوە، بە درووشمی زمانی کوردی و قسەکردن لەسەر پرسەکانی زمانناسی، بەڵام بە بۆچوونی من ئەم چالاکییانە نەیانتوانیوە پڕۆژەیەکی زمانەوانی کاریگەر بەرهەم بهێنن، چونکە بەرژەوەندیی لایەنێک لە پێش خودی کەلتوور و زمانەکەی بووە، نەک بە دروشم و ئاهەنگ و چەپڵە و ستایش، کتێب بەرهەم ناهێنن و میتۆد پەرە پێنادەن و مامۆستایان ڕاهێنان ناکەن و هیچ کام لەو گرفتانەی بەردەم زمانی کوردین چارەسەر ناکەن، ئەزموونەکانی ڕابردوو لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا سەڵماندوویەتی زمان لە ڕێگەی دروشمبازییەوە گەشە ناکات، بەڵکو لە ڕێگەی زانین و کار و دامەزراوەکانەوە گەشە دەکات.
پرسی زمانی کوردی نابێت بە هزر و ئاوەزی لایەنێک و ڕێکخراوێک بەڕێوەبچێت و پارت و کەسایەتی سیاسییەکانیش دەبێت ڕێزی ئەمە بگرن، ئەگەر بە ڕاستی لایەنێک جا حیزبی بێت یان حکومی بیانەوێت خزمەتی زمانی کوردی بکەن، پێویستە سەرچاوەی پێویست و پاڵپشتی دارایی پێشکەش بەم جۆرە کۆنفرانسانە بکەن، نەک هەر بانگەواز و بانگهێشتکردنی ئەم و ئەو، ئەوجا بەڕێوەبردنی کاروباری زمانەوانی بۆ زمانناسان، ئەکادیمیستەکان، مامۆستایان، توێژەران و پسپۆڕان جێبهێڵن، بەیاننامە و بەڵگەنامە و پلان و میتۆدەکانی کۆنفرانسی پێویستە لەلایەن پسپۆڕانەوە بنووسرێن، نەک بەبێ زانیاری ئەوان دابڕێژرێن. هیوادارم بە وردی پێداچوونەوە بەم ئەزموونە بکەن و لە هۆکارەکانی شکستی هەوڵەکانی پێشوو بکۆڵنەوە بۆ ئەوەی هەمان هەڵەکان دووبارە نەبنەوە.
 دیدار و کۆنفرانسی زمانناسی کە باس لەو پرسە بنەڕەتییانە بکات کە نوێنەرایەتی ئایندەی زمانی کوردی دەکەن، وەک بە ستانداردکردنی زمانی کوردی، چۆنیەتی دامەزراندنی زمانێکی پەروەردەیی و ئەکادیمی کە توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی نەوە نوێیەکانی هەبێت، دەبێت باسی ئەو ئالەنگارییانەی بەردەم زمانی کوردی لە لە کوردستان و دیاسپۆرادا بکرێت، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە ڕەوەندی کوردی تێدایە، منداڵان ڕووبەڕووی فشارەکانی ئاسمیلەکردن و دابەزینی ئاستی بەکارهێنانی زمانی دایک و نەبوونی میتۆدێکی یەکگرتوو و لاوازی دامەزراوە پەروەردەییە تایبەتمەندەکان دەبنەوە. بەڕای من ئەمانە بابەتی لاوەکی نین؛ بەڵکو ئەو پرسیارانەن کە پێویستە لە پێشەنگی هەر کۆنفرانسێکدا بن کە بۆ زمانی کوردی بەڕێوە دەچن، بەو پێیەی ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ئێستا و داهاتوویدا هەیە. بۆ چارەسەری ئەو پرسە چارەنووسسازانەی زمانی کوردی چی بکرێت باشە؟
بۆ ئەوەی لێرەدا خزمەتی زێتر بە زمانەکەمان بکەین، چەند پێشنیارێک دەخەمە بەر چاوی خوێنەرانی خۆشەویست: 
- هەرچەند لەم قۆناغەدا مەحاڵ نییە، بەڵام هەوڵ بدرێت لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە زمانناسانی کورد کۆوەبن و ڕێککەوتن لەسەر زمانێکی پێوەر و یەکگرتوو بکرێت، بۆ لێک نزیککردنەوەی زارە سەرەکییەکانی زمانی کوردی. 
- لە داھاتوویەکی نزیکدا دەزگە ئەکادیمی و ڕۆشنبیرییەکانی کوردستان بایەخی زیاتر بە ‌شارەزایان و پسپۆرەکانی ناوە و دەرەوەی وڵات بدەن، ئەویش بە سازدانی دیداری زانستی بۆ دانانی قامووسی ھاوبەشی زارەکان و پاککردنەوەی زمانەکەمان لە کاریگەری زمانە بیانییەکان.
- سازدانی خولی ڕۆشنبیریی بۆ ناوەند و ڕێکخراوە زمانناسییەکان، بۆ پەرەپێدانی زمانی کوردی بەردەوام بێت و پسپۆڕانی لایەنە کێشەدارەکانی زمانی کوردی دەوڵەمەند بکەن و حکومەت پاڵپشتی زیاتری ئەم جۆرە ‌پرۆژە زانستییانە ‌بکات.
- ناردنی زمانناسان و شارەزایان بۆ مەیدانی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە، پەروەردەکردنی شیکار و لێکۆڵەرەوەی خۆجێیی، پشتیوانی کردن و یارمەتیدانیان بە سەرچاوەی زمانناسی و ئامادەکردنی کتێبگەلی ڕێزمان و قامووس، نووسینی مادە و کەرەستە بۆ دەکارکردن لە فێرگەکاندا و بۆ ماوەی چەندان ساڵ، چونکە ماوەیەکی زۆر دەخایێنێ ھەتا زمانێکی پێوەر ببووژێندرێتەوە.
- خوێندنی زارەکانی زمانی کوردی لەسەر ئاستی کۆرسی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا، و ساڵانە چەندان خوێنکاری کورد لە بەش و ھەرێمە جیاوازەکانی کوردستان بانگھێشت بکرێن، تا بە شێوازیکی زانستی بڕوانامە لەسەر زمانی کوردی و زارەکانی وەرگرن، ھەروەھا بایەخی پتر بە بەشی کوردولۆژی لە بەشە کوردییەکانی زانکۆکانی کوردستان بدرێت.
- لە وەزارەتی خوێندنی باڵا کەسانی شارەزا دابنرێن بۆ چاودێری بەشە کوردییەکان لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستاندا، پلان و بەرنامەی خوێندن دابنێن. بۆ نموونە کاتێک پێشنیاز دەکرێت بابەتێک لە بەشی کوردی بگوترێتەوە، پێویستە خوێندنی باڵا داوا لە چەند مامۆستایەکی شارەزای ئەو بوارە بکات میتۆدێکی زانستی و پێشکەوتوو دابنێن، بۆ ئەوەی ئەم میتۆدە بکرێت بە بنچینە بۆ خوێندنی ئەو بابەتە.
- بەرنامەکانی خوێندن لە ھەموو بەشە کوردییەکاندا(بنیات + بنەڕەتی) یەکبخرێن و ئەم بێسەروبەرییەی خوێندن کۆتایی پێ بھێنرێت.
- ئەلفابیتاو ڕێنووسێکی یەکگرتوو ھەبێت و زارە کوردییەکان باشتر لە یەکتر نزیک بکەنەوە، ھەروەھا ھەموو کتێب و سەرچاوەکانی بەشە کوردییەکان یەک بخرێن.
- فیلتەری زانستی توند دابنرێت بۆ وەرگرتنی خوێندکار لە خوێندنی ماستەر و دکتۆرا. خوێندنی باڵا لەو زیاتر سووک نەکرێت، ھەموو کەسێک پێشکەشی بکات و دکتۆرایەک یان ماستەرێکی لاواز بەدەست بێنێت و ببێ بە مامۆستا لە بەشە کوردییەکان.
- مامۆستای زارە کوردییەکان کەسانی پسپۆر بن و شارەزایەکی باشیان لە بابەتەکە ھەبێت. بۆ نموونە مامۆستای دەنگسازییە و شارەزاییەکی ئەوتۆی لە ئەدەب نییە، کەچی بابەتی ئەدەبی پێ دەدن بیڵێتەوە. مەبەست تەنھا بە ڕێکردنە نەک گەیاندنی زانست بەشێوەیەکی زانستی. 
-وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕێگە نەدات لە ھیچ کۆلێجێک بەشی کوردی بکرێتەوە بەبێ ھەبوونی مەرجی زانستی و پێداویستییەکانی خوێندن، بۆ نموونە نەبوونی مامۆستای شارەزا و پسپۆر، نەبوونی کتێبخانە، نەبوونی ھۆڵی سیمینار... ھتد.
- بەرزکردنەوەی پلەی زانستی مامۆستای زانکۆ بووە بە شتێکی ڕۆتین و ھەموو مامۆستایەکی زانکۆ ئاستی زانستی ھەبێ و نەبێ پلە بە دەست دێنێ و دەبێ بە پرۆفیسۆری یاریدەدەر و سەرپەرشتی ماستەر دەکات، بۆیە ئەو توێژینەوانەی کە پێشکەش دەکرێن تەرقییە پێویستە بە فیلتەری زانستی تێپەڕ بێت، نەک بە فیلتەری حیزب و عەشیرەت و واستەکردن.
- بایەخی زیاتر بە کوردۆلۆلۆژی بدرێت لە کۆلیژەکانی غەیری بەشی کوردی، کە تا ئەندازەیەک ئەم بەشە لەو چەند ساڵانە فەرامۆش کراوە لەلایەن مامۆستایانی نەشارەزا بەڕێوە دەچێت.
- ھەماھەنگی لەگەڵ ناوەند و رێکخراوە زمانناسییەکانی کوردستان و بەشەکانی دیکەی بکرێت، ھەروەھا پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ناوەندە ئەکادیمیە کوردناسییەکانی ئەوروپا بکرێت، بەتایبەت لە وڵاتانی وەک رووسیا و ئەڵمانیا و بەریتانیا، ھەوڵ بدرێت ساڵانە کۆنفرانسی ھاوبەش سازبکرێت.
- سازدانی دیدار و کۆنفرانسە زانستییەکان لەسەر پرسگەلی زمان بە هەماهەنگی بێت لەگەڵ دەزگەو ناوەندە زمانناسییەکان و هەروەها کەسانی شارەزا و پسپۆر بانگهیشت بکرێن و سوود لە زانیاری و ئەزموونەکانیان وەربگیرێن.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا