
دوو جۆرە خەون هەیە، زیندەخەن و خەون لە خەودا. لەم نووسینەمدا، زۆر بە کورتی و بە چڕی و بە شێوەیەکی گشتی، باس لە خەونەکانی منداڵان لە خەودا دەکەین.
خەون چییە؟
خەونەکان بریتین لە بیرکردنەوە و وێنە یان هەستەکان، کە لە کاتی خەودا ڕوودەدەن. بەشێکە لە چالاکییەکانی مێشکی مرۆڤ لە کاتی خەودا. خەونەکان دیاردەیەکی تەندروستن، گوزارشتێکی هێمایین بۆ پاڵنەر و ئارەزووەکان کە لە نائاگادا کۆدەبنەوە. پەیوەندییان بە ژیانی ڕۆژانەمانەوە هەیە.
لە کاتێکدا کە جەستەمان پشوودەدات، مێشکمان کاردەکات. خەونەکان بە زۆری لە کاتی خەودا، لە قۆناغێکدا ڕوودەدەن کە پێی دەوترێت (جوڵەی خێرایی چاو). ئەو قۆناغەیە کە جەستەمان ئارام و خاودەبێتەوە، بەڵام مێشکمان چالاک دەبێت. زانایان پێیانوایە، مێشک لەم قۆناغەدا، چارەسەری زانیارییەکان دەکات و یادەوەریی سۆزداری و هەستەکانیـش ڕێکدەخات.
دوو جۆرە خەونمان هەیە، خەونی خۆش و دڵخۆشکەر و ڕۆمانسی، لەگەڵ خەونی ناخۆش و ترسناک و دڵتەنگکەر. هەندێک جاریش لەوانەیە خەونەکانمان نامۆ و سەیر و سەمەرە بن.
سەرەڕای پێشکەوتنی زانستی، بەڵام تا ئەمڕۆش زۆر شت لەبارەی خەونەکانەوە نادیارن. پرسیارە بنەڕەتییەکەش ئەوەیە: بۆچی خەون دەبینین؟ هێشتا بە شێوەیەکی بەرفراوان مشتومڕ، لەسەر یەکلایککردنەوەی خەون هەیە.
خەونەکانی منداڵان لە خەودا
زۆرجار دایکان و باوکان، دەبینن منداڵە ساواکانیان، بەدەم خەوەوە بزەخەنە دەکەن یان پێدەکەنن، لەوانەیە خەونێکی خۆش ببینن. یان گرژ و خەمناک دەبن و ڕادەچەنن و لە خەو هەڵدەستن. لەوانەیە خەونێکی ناخۆشیان بینیبێت.
خەونەکانی منداڵان ڕەنگدانەوەی باری دەروونی منداڵانن. ئەم خەونانە بێدەنگن، چونکە کۆرپەکان هێشتا زمانیان نەگرتووە. ناتوانن بە قسەکردن، خەونەکانیان بۆ دایکانیان بگێڕنەوە.
دکتۆر (جودی مێندێل) لە سەنتەری خەوی منداڵان لە نەخۆشخانەی منداڵانی ڤیلادلڤیا، دەڵێت:
«ئێمە بە تەواوی نازانین، منداڵان خەون بە چییەوە دەبینن، بەڵام ڕەنگە خەونەکانیان بێدەنگ بن، بەو پێیەی کە کۆرپەکان زمانیان نەگرتووە، خەونەکانیان لە خەیاڵکردنی بێگفتوگۆن.»
منداڵانیش وەکو گەورەکان خەون دەبینن. بەڵام خەونەکانی منداڵان کورت و سادە و ساکارن، بەشێکی سروشتییە لە ژیانی منداڵان لەگەڵ گەشکردن و پێشکەوتنیاندا.
دەکرێت خەونەکان یارمەتیی منداڵان بدەن، بۆ گوزارشتکردن لە هەستەکانیان، کە ناتوانن بە قسەکردن دەریان ببڕن.
لە ئەمڕۆدا خەونەکانی منداڵان، بوونە بە بابەتێکی سەرنجڕاکێش و لێکۆڵینەوەی زانستییانە. بەو پێیەی جیهانی خەونەکانی منداڵان بە نهێنی داپۆشراون و پرسیاری زۆر دەرورووژێنن.
لە سەردەمی نوێدا، لێکۆڵینەوە لە خەونەکان، لە زانستی دەروونناسی و دەمارەکاندا، تیشک دەخاتە سەر تێگەیشتن لە بناغە بایۆلۆژییەکان و پێشکەوتنە دەروونییەکان، کە ڕەنگانەوەیان لەسەر دیاردەی خەوبینی منداڵان هەیە.
لێکدانەوەی سیگمۆند فرۆید
لێکدانەوەی (سیگمۆند فرۆید)، لە پەرتووکی (لێکدانەوەی خەونەکان) کە لە ساڵی (١٩٠٠) دا نووسیوێتی و چاپیکردووە، بۆ خەونەکانی منداڵان جەخت لەوە دەکاتەوە، کە خەونەکانی منداڵان بەیەکەوە گرێدراو و ڕوونن، ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی ڕۆژانەیانەوە هەیە.
ئەو پێیوایە خەونەکانی منداڵان، گوزارشت لە ئارەزووە سەرکوتکراوەکانیان دەکەن. تێبینی ئەوەشی کردووە، کە خەونەکانی منداڵان زۆرجار سادە و کورتن، زیاتر گوزارشت لە ئارەزووە مەکیزییەکان دەکەن.
هانز هۆپف
دکتۆر (هانز هۆپف) یەکێکە لە دیارترین دەروونناسە ئەڵمانییەکان، کە پسپۆرە لە دەروونناسی منداڵان. نووسەری پەرتووکی «تێگەیشتن لە خەونەکانی منداڵان»ە، کە (٢١٧) پەڕەیە، لە ساڵی (٢٠١٦) دا چاپیکرد و بڵاوی کردەوە.
هۆپف ئاماژە بەوە دەکات، کە خەونەکانی منداڵان پڕن لە خەیاڵ و لە ڕەنگەکان و لە وێنەکان، کە دەتوانن یارمەتیی دایکان و باوکان و پزیشکان بدەن، لە تێگەیشتن لە دۆخی دەروونی منداڵان. لە سەرچاوەکانی ترس و شادی و کێشەکانی منداڵەکانیان تێبگەن.
هۆپف دەڵێت:
«گەڕ دایکان و باوکان پەرتووکەکەی بەکاربهێنن، پێویستییان بە توێژینەوەی دەروونی پێشوەختە نییە، بۆ شیکردنەوەی خەونەکانی منداڵەکانیان.»
هانز هۆپف، تا ئێستا (٢٥) پەرتووکی لەسەر دەروونناسیی منداڵان نووسیوە. بەشداریی لە زیاتر لە (١٠٠) پەرتووک و توێژینەوە لەسەر هەمان بابەت کردووە.
لە لەلایەن کۆمەڵەی پزیشکانی دەروونناسی ئەڵمانیاوە، خەڵاتی دیۆتیما بۆ شیکاری دەروونییان پێبەخشی.
جیهانی خەونەکانی منداڵان
خەونەکانی منداڵان، جیهانێکی تر پڕ لە نامۆیی و نهێنییە. ئاوێنەی دەروونی منداڵانە، دەرگایەکی سەرەکییە بۆ ناو جیهانی دەروونییان.
دەکرێت لە میانەیانەوە، لەوە تێبگەین، کە لە مێشکی نائاگایی منداڵاندا چی دەگوزەرێت. خەونەکانی منداڵان، ڕەنگدانەوەی دۆخی دەروونین، لەو هەڵوێستانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا تووشیان دەبن.
زۆربەی خەونەکانی منداڵان، گوزارشتن لە خواست و ئارەزوو و لە هیواکانیان دەکەن، یان لەو شتانەی لێیان دەترسن.
منداڵان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا، خەون بە زۆر شتی ترەوە دەبینن. وەک ئەو بەڵێنانەی کە دایکان و باوکانیان پێیان دەدەن. وەکو بەڵێندان بە کڕینی پاسکیل، یان بردنیان بۆ سەیران، یان... هتد.
ئاژەڵە ماڵییە، کێوییەکان و باڵندەکانیش، دەینە خەونەکانی بەشێکی زۆری منداڵان.
لە توێژینەوەیەکی ئەمریکیدا، کە زانکۆی ڤێرجینیا ئەنجامی داوە، تیشک دەخاتە سەر خەونەکانی منداڵان. پسپۆران بۆیان دەرکەوتووە، کە ئاژەڵ و باڵندەکان، زیاتر لە خەونەکانی منداڵاندا دەردەکەون، بەراورد بە خەونی گەورەکان. لەوانەیە ئەمەش بەهۆی ئەو بیرۆکەیەوە بێت، کە منداڵان بە پلەی یەکەم، ئاژەڵیان خۆشدەوێت.
وەک دەبینین بەشێکی زۆر لە منداڵانی جیهان، کە دەخەون، دەست لە ملی ورچۆڵە قەدیفییەکانیان دەکەن. وەک ئەوەی هاودەم و هاوڕێیەکی خۆشەویستیان بن.
بەشێکی زۆریش لە منداڵان، خەون بە فڕین لەسەر ڕۆکێتێکی تیژفڕی خەیاڵی، بۆ سەر مانگ و هەسارەکان دەبینن. بەپێی شیکردنەوەی خەونەکان، ئەمە گوزارشتە لە شادی و لە هیواخوازی بۆ ئازادییەکی زیاتر.
جیاوازی خەونەکانی کچان و کوڕان
ماوەی خەونکانی منداڵان و جۆری خەونەکانیان، بەپێی ڕەگەز و قۆناغەکانی تەمەنیان جیاوازن.
زانراوە کە بە زۆری خەونەکانی کچان، لە خەونەکانی کوڕان درێژترن. کچان بە زۆری خەون بە دایک و باوک و بە جلوبەرگی جوانەوە دەبینن. بەڵام کوڕان لە خەونەکانیاندا، زیاتر سەرنجیان لەسەر شتەکانی ڕۆژانەیانە.
گرنگی خەونەکان لە گەشەکردنی دەروونی منداڵان
توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەدەن، کە خەونەکان ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن، لەگەڵ گەشەکردن و پێگەیشتنی منداڵاندا پەردەسەنن.
شارەزایان پێیانوایە کە خەونەکان یارمەتیی منداڵان دەدەن کە ئەزموون و هەستەکانی ڕۆژانەیان پرۆسێس بکەن، کە ڕەنگە نەتوانن بە وشە و قسەکردن دەریان ببڕن.
هەروەها خەونەکان یارمەتیی منداڵان دەدەن، کە فێربن چۆن ڕووبەڕووی دۆخە نوێیەکان یان ترسناکەکان ببنەوە. ئەمەش توانای خۆگونجاندنیان لەگەڵ ژینگەکەیان بەرز دەکاتەوە.
هەندێک جاریش ڕەنگە خەونەکان، ڕێگەیەک بن بۆ ئازادکردنیان لە ترس و دڵەڕاوکی یان لە هەستە نەرێنییەکانی تری.
لێرەدا بە کورتی چەند خاڵێکی سەرەکی، سەبارەت بە گرنگی خەونەکانی منداڵان دەخەینەڕوو:
١ ـ دەربڕینی هەست و ئەزموونەکان:
خەونەکانی منداڵان ڕێگایەکە بۆ دەربڕینی ئەو هەست و ئەزموونانەی، کە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ڕووبەڕوویان دەبنەوە. ڕەنگە خەونەکان هەستی خۆشی و شادی دەربخەن و هەندێک جاریش ڕەنگە دڵەڕاوکێ، ترس، یان گرژی دەرببڕن.
٢ ـ پرۆسێسکردنی ڕووداو و بەرۆکگیرییەکان:
خەونەکان وەک ئامرازێکن، بۆ پرۆسێسکردنی ڕووداو و بەرهەڵستەکان، کە منداڵان لە ژیانیاندا ڕووبەڕوویان دەبنەوە. ڕەنگە ناوەڕۆکی خەونەکان، پەیوەندییان بە بارودۆخی دڵەڕاوکێیان و گۆڕانکاری لە ژینگەی منداڵاندا هەبێت. خەونەکان یارمەتیدەرن لە شیکردنەوە و لێکدانەوەی ئەم ڕووداوانە و پرۆسێسکردنی هەستەکانی پەیوەندیدار.
٣ ـ گەشەکردنی دەروونی:
خەونەکانی منداڵان گوزارشتن لە پێشکەوتنی دەروونی و گەشەکردنیان. ڕەنگە شێواز و ناوەڕۆکی خەونەکان بگۆڕێت لەگەڵ گەورەبوونی منداڵان و گەشەکردنی توانای دەروونی و سۆزداری و کۆمەڵایەتییەکانیان.
٤ ـ خەیاڵ و داهێنان:
خەونەکانی منداڵان فەزای خەیاڵ و داهێنانن. ڕەنگە ڕاستی و فانتازیا لە خەونەکانیاندا تێکەڵ ببن. منداڵان دەتوانن چیرۆک و کارەکتەری نوێ دروست بکەن، بەدواداچوون بۆ توانای داهێنەرەکانیان بکەن.
قسەکردن لەگەڵ منداڵەکانتان و گوێگرتن لە نیگەرانییەکانان و لە هەستەکانیان سەبارەت بە خەونەکانیان دەتوانن تێگەیشتن و پەیوەندی سۆزداری پەروەردە بکەن.
لە کەیەوە منداڵان خەون دەبینن؟
کۆرپەکان خەون بە چییەوە دەبینن؟ زانایان لەم قۆناغە دانەیان نەیانتوانیوە بگەنە هیچ ئەنجامێکی یەکلایکەرەوە، سەبارەت بە خەونەکانی کۆرپەکان.
بەو پێیەی خەونەکان بە سەرچاوەی دەروونی نائاگایی دەزانن و بە ئەنجامی ئەو شتانەی دەزانن، کە لە ڕۆژدا بەسەر مرۆڤدا دێت. بەڵام کۆرپەکان تووشی ڕووداوێک نەبووە، کە خەونی پێوە ببینن. ئەمەش وای کردووە دیاریکردنی ئەوەی کە ڕەنگە خەون بە چییەوە دەبینن قورس بێت.
سەرەڕای ئەوەش، بەپێی تیۆرییەکانی ئێستا، خەونەکانی کۆرپەکان لەوانەیە بریتی بن لە: دیمەن و وێنەی ئەندامانی خێزانەکان و ئەو کەسانەی کە کاریگەرییان لەگەڵدا دەکەن.
زانست و زانایان پشتڕاستی دەکەنەوە، کە منداڵان لە مانگی حەوتەوە لە سکی دایکیاندا دەست بە خەوبینین دەکەن.
بەڵام زۆرینەی زانایانی دەروونناسی منداڵان، پێیانوایە منداڵان لە دووساڵییەوە بە ڕاستی خەون دەبینن.
تا ئەمڕۆش لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکان لەبارەی خەونەکانی منداڵان و شیکردنەوەیان درێژەیان هەیە، چونکە خەونەکانی منداڵان، لەلای دەروونناسیی منداڵان گرنگییەکی زۆریان هەیە، بۆ تێگەیشتن لە دەروونی منداڵان.
کۆتایی
لە کۆتاییدا، پێویستە دایکان و باوکان و پزیشکانی پسپۆری دەروونناسی منداڵان، هانی منداڵانی خەونبین بدەن، بۆ گێڕانەوەی خەونەکانیان و تێگەیشتنێکی زیاتر لێیان.
گرنگییەکی زیاتریش، بەو پەیامە دەروونییانەی منداڵەکانیان بدەن، بۆ یارمەتیدانیان بۆ تێپەڕاندنی سەختییەکان و بەرزکردنەوەی هاوسەنگیی دەروونییان.
(*) بۆ ئەم نووسینەم سوودم لە چەندین سایتی ئینگلیزی و نەرویجی و عەرەبی وەرگرتووە.
نەرویج: ٢٠٢٦
