
نیزام شەبیب
بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە دەرئەنجامی گەڕان و گفتوگۆی دوو ڕۆژ بوو بۆ وەرگرتنی ڕاو و بۆچوونی هاووڵاتییان لەسەر گرانی بەنزین. بەداخەوە زیاتر لە پێنج هاووڵاتی بەسەرکرانەوە، هیچیان ئامادەنەبوون قسە بکەن لەسەر ئەوەی گرانی دۆخی بەنزین بە چ شێوازێک کاریگەری لەسەریان دروستکردبوو. قسەنەکردنیان گلەیی و ڕەخنە بوو، نەک ئەوەی توانای قسەکردنیان نەبێت.
ماوەی نزیکەی مانگێک لە هەرێمی کوردستان قەیرانی دروستکراوی بەنزین دروست بووە و تا ئێستا نرخی بەنزین بە هەموو جۆرەکانیەوە بەرز دەبێتەوە و هەر ڕۆژ ٢٥ دینار دەچێتە سەر. کەس نییە بە بازرگانی چاوچنۆک بڵێت وامەکە یان ڕێگری لێبکرێت. ئەوەی جێگای داخە ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی بەنزین، هاوشێوەی قەیرانیەکانی دیکە، و تەنها ڕۆڵی تەماشاکەر دەبینێت.
«قسەناکەم، هیچ سوودی نییە»؛ هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ساڵانێکە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە دەیان شێوازی ناڕەزایەتی و دەربڕینی جۆراوجۆر داوای چارەسەرکردنی قەیرانەکان دەکەن، بەڵام حکومەت هەر خۆی لا گرنگ بووە و بەگوێی کەسی نەکردووە. بۆیە خەڵکیش بێزار بووە و قسە ناکات.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم ٨ ساڵی بەسەردا تێپەڕی و چەندین قەیران هاوشێوەی کابینەکانی تری سەریهەڵداوە و تا ئێستا چارەسەرنەکراوە: قەیرانی مووچە، گرانی شتومەک، کەمی کارەبا، نەبوونی دەرمان، گرانی بەنزین... حکومەتیش تەنها ڕۆڵی بینەر گرتووەتەوە، دەستەوەستاو دانیشتووە و هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەر ناداتەوە.
هاووڵاتییان دڵنیابوونەتەوە لەوەی حکومەت توانای چارەسەری هیچی نەماوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک ڕووی دەمی تێناکەن و داوای چارەسەری لێناکەن، چونکە دەزانن... لە ئێستا حکومەت ناوێکی گەورە و شارێکی وێرانە.
