گرانبوون و هەڵاوسانی نرخی بەنزین، هۆکار و لێکەوتەکانی فرەڕەهەندن. ئاستی بەرزبوونەوەی نرخەکان بۆ (٣٠٪ تا ٥٠٪) بەراورد بەو نرخەی حکومەت دیاریکردبوو، ناسەقامگیرییەکی گەورەی ئابووری، دارایی، دەروونی و کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دروستکرد.
ئەوەی ئێستا لە بازاڕی بەنزیندا ڕوودەدات، تەنها بارگرانی نییە لەسەر شانی شۆفێران، بەڵکو لەگەڵ خۆیدا شەپۆلێکی گەورەی هەڵاوسان و دابەزینی بژێویی دروست دەکات؛ کاتێک نرخی بەنزین بەم شێوەیە ڕوو لە هەڵکشان دەکات، تێچووی بەرهەمهێنان زیاد دەکات، ئەمەش واتە دروستبوونی شەپۆلێکی تری گرانبوونی گشتی کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی خراپ لەسەر بژێویی تاک و خێزانە پەراوێزخراو و کەمدەرامەت و هەژارەکان بە تایبەتی دروست دەکات.
نرخی یەک لیتر بەنزینی سوپەر لە هەندێک ناوچە گەیشتووەتە (٢,٤٠٠) دینار و نۆرماڵیش بۆ (١,٧٠٠) دینار بەرزبووەتەوە. ئەم بەرزبوونەوەیە لە ماوەیەکی کەمدا بۆ زیاتر لە دوو هێندە، لە دوای پاشەکشەی حکومەت لە دیاریکردنی نرخی بەنزینی بازرگانی بە ٨٥٠ دینار، ئاماژەی چەند ڕاستییەک ئاشکرا دەکات و دەتوانین بەم جۆرە خوێندنەوەی بۆ بکەین:
یەکەم: حکومەتی هەرێم تا ئاستێکی زۆر لە لایەن خاوەن کۆمپانیاکانەوە کۆنترۆڵکراوە، ئەمەش بەشێکە لە پلانی ئاراستەی سیاسەتی نیولیبراڵیزم و بەرژەوەندیی ناوەندێکی ئۆلیگارشی لەناو دەسەڵات و نزیک لە دەسەڵات.
دووەم: دۆخی پەککەوتنی پەرلەمان و دامەزراوە چاودێرییەکان و دەسەڵاتی دادوەری و لاوازیی ئۆپۆزسیۆن و بزافە کۆمەڵایەتییەکان، وای کردووە ناوەندە ئۆلیگارشییەکان ئاسانتر و خێراتر ئاراستەی کارەکانی حکومەت بەپێی پێوەری بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەڵسووڕێنن.
سێیەم: پێچی گۆڕانکاری و ڕەوڕەوەی مێژوو هەندێک جار خاو دەبێتەوە و دەکرێتەوە یان سڕ دەبێت، بە هۆکارگەلێک، بەڵام کورد وتەیەکی فکریی بەهێزی هەیە کە دەڵێت: «هەموو شت لە باریکی دەپچڕێت، زوڵم نەبێت لە ئەستووریدا».
هەڵاوسانی نرخی بەنزین لە ئەمڕۆدا دەرئەنجامی نەبوونی سیاسەتێکی نیشتمانییە لە بواری ئابووری و بەڕێوەبردنی سامانی نەوت و سەرچاوە سروشتییەکان. دوای سێ‌ دەیە لە ئەزموونی دەرهێنانی نەوت، تا هەنووکە هەرێمی کوردستان نەک هەر نەیتوانیوە خۆی لە ئابووریی بەرخۆری دەرباز بکات، بەڵکو خاوەنی هیچ پاڵاوگەیەکی نیشتمانیش نییە بۆ بەرهەمهێنان و دابینکردنی سووتەمەنی پێویست. بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە؛ بەرپرسانی خاوەن دەسەڵات و نزیک لە دەسەڵات و حیزبە دەسەڵاتدارەکان، خاوەنی دەیان پاڵاوگەی نایاسایی و سەدان کۆمپانیای جۆراوجۆرن، ئەمەش لە ئەنجامی بەکارهێنانی دەسەڵاتە لە خزمەتی ناوەندێکی ئۆلیگارشی، دەرئەنجام ئەوان دەوڵەمەند بوون و حکومەتیش کەوتووەتە ژێر باری قەرزێکی زۆر تا ئاستی نزیکبوونەوە لە ئیفلاسبوون.
چارەسەری ئەم قەیرانانە بەوە ناکرێت لە جیاتی خستنەڕووی پڕۆژەی جێگرەوە بۆ ئابوورییەکی نیشتمانی و خۆبەڕێوەبەری و توانای ئیکتفای زاتی لەسەر بنەماکانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، بە عەقڵیەتی گوتارێکی پۆپۆلیستی کە بە ئاسانی بڵاودەبێتەوە، دروشمی گەڕانەوە و تەسلیمبوون بە بەغدا بەرز بکەینەوە! ڕیشەی ئەم گوتارە لەناو هەمان دیسکۆرس و گوتاری سیستم و ئەو هێزانەدا ماوەتەوە کە ئەمڕۆ بەرپرسن لەو قەیرانە قووڵ و سەختانەی کۆمەڵگەکەمان ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
سێکتەری ئابووری، دارایی و سامانی سروشتی لە ئەمڕۆدا لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە دەربازکردن هەیە؛ لە لایەک لەژێر دەستی هێزە دەسەڵاتدارەکان و لە لایەکی تر لەژێر گوتاری ساویلکەیی و چەواشەکاریی بەشێک لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان.
سەرڕێخستنی پڕۆژە و سیاسەتێکی ڕوونی ئابووریی نیشتمانی لەسەر بنەمای دووبارە دابەشکردنەوەی سامان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دەربازبوون لە ئابووریی بەرخۆری و بەدیهێنانی خۆبەڕێوەبەری (ئیکتفای زاتی)، بەشێکە لە ئەرکی نیشتمانی و کۆمەڵایەتیی بزاف و هێزە چەپ و سۆسیالیست و ئازادیخوازەکان، ئەمەش دانەبڕاوە لە ئەرکی نیشتمانی و چینایەتی لە قۆناغی ئەمڕۆماندا.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا