
تازە خەریک بوو ،پایز بە خۆی و خەزان و هەموو گەڵاوەریوەکانی ئاڵای سپی خۆبەدەستەوەدانی بەرانبەر زستان بەرز دەکردەوە. پێشقەڕەوڵ و پێشبار و بارگەوبنەی زستانێکی سەخت گەیشتبووە جێ. پێشینیان گوتەنی تەبیعەت ئەستێور نەدەبوو، هەوری ڕەش و سپی و بۆر بەری ئاسمانیان تەنیبوو، بەوپەڕی توڕەیییش لافوگەزافی قوماندارێتی و پاشایاتی سەرزەویان لێ دەدا. بەفرێکی ئەستوور باری بوو، خاڵخاڵی لە کوێستانان و ڕەشانگی لە دەشت و بنار و لوتکەی چیا بڕیبوو. سەرماوسایەقەیەکی تیژ و سامناک برستی لە بەراز و جووڵەی لە کەڵ بڕیبوو. ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی بیست بوو. ئێمە پۆلێک پێشمەرگەی یاخی چووینە گوندێکی چیانشینی سەرسنوور. لەسەر سەکۆی مزگەوت، پیاوێکی کەشخە و سەنگین و بە ویقار، دەتگوت یوسفی کەنعانە جوانی دەنوێنێت. دەتگوت نالی-یە و چامەی شیعر دەنووسێت، فەرمووی چوونەوە ماڵی خۆیانی لێ کردم. هاتینە سەر قسە، کە زانی مرۆڤی هێمن و لەسەرخۆین، تێگەیشت قسە وەردەگرین. لێی پرسین ئێوە بە نیازی چین؟ منیش گوتم: دەمانەوێت ڕژێمی سەدام بڕوخێنین. دۆخێک دروست بکەین گورگ و مەڕ بەیەکەوە ئاو بخۆنەوە. ژیانێکی ئازاد و شایستە بۆ گەلەکەمان فەراهەم بکەین، کەچی پیاوە کەشخە و جوانمەردەکە گوتی: سەدامیش بڕوخێنن بەو سیاسەت و هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەی ئێستا لە شاخ هەتانە، ناتوانن ژیان و قۆناغ و مێژووێکی نوێی بۆ خەڵک دابین بکەن، چونکە ئێوەی پێشمەرگە بڕیار و ڕاسپاردە و ئەمر لە حزبەکانتان وەردەگرن، نەک لە نیشتمان. ئێوەی حزبەکان هێشتا لە شاخن و نەگەیشتوونەتە دەسەڵات، کەچی لەو شاخ و کێوانە کە هیچ پوول و تەماعێکی لێ نییە، وەکو کۆمەڵێک خێڵی سەرشێت ڕاوی یەکتری دەنێن و سێرەی تفەنگەکانتان سنووری دەسەڵاتی ئێوەیە. ئەی ئەگەر بچنەوە شار و تەماع و دەسەڵات و پارە بێتەگۆڕێ، چتان لێ دەکات؟ دواتر من پێم وایە ئێوە زۆربەتان کوردی حزبین، نەک حزبیی کوردی. ئەی ئەوە نیە کە ئیزگەی هەموو حزبەکان لە جیاتی ئەی ڕەقیب بە مارشی حزبی دەست پێ دەکات. دوای ڕاپەڕین پیاوە کەشخەکەی جارانم لە یەکێک لە کوچەکانی شار، کە هەردوو حزب کردبوویانە شەڕگەی براکوژی، بینی و ئەو منی ناسیەوە. بەداخەوە هەرچی ددانە لە دەمی نەمابوو. پشتی چەمابووەوە و بەگۆچان ڕێی دەکرد، پیروکەنەفت و کەللەسەری بۆ نێو قەبر دەلەرزی. گوتم: وای ئەوە تۆی؟ تۆ کەجوانیت شەوقی لە مانگ بڕیبوو، بۆچی ئاوات بەسەر هاتووە، تەماشا چەندە کەنفت و شپرزەی؟ گوتی: جاران هیوام هەبوو، داخەکەم لە دنیای سیاسەت ئەخلاق باری کرد، دووژمنان منیان کردە چوارپارچە و هەردوو حزبی دەسەڵاتداریش، کوردیان دابەش کرد. دەزانیت من کێم؟ من کوردستانم.
