هۆشیاری عەبدولعەزیز
چەمكی "دەوڵەتی شكستخواردوو" یەكێكە لەو چەمكە نوێ و ئاڵۆزانەی كە ئەستەمە هەروا بە ئاسانی بگەینە ئەو ڕاستیەی كە كۆدەنگیەكی هەمەلایەنە لەسەر پێناسەی هەبێ، بەڵام لە ئەدەبیاتی سیاسیدا ئەم چەمكە لە سەرەتای حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا و بەپێی فەزای بەرژەوەندیەكانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەتایبەت دوای كۆتایەكانی جەنگی سارد بەتەواوەتی گەشەی كرد، سەرەڕای پێناسە جیاوازەكانی چەمكەكەش زۆرینەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان و ناوەندەكانی توێژینەوەی زانستی سیاسی كۆكن لەسەرئەوەی كە"دەوڵەتی شكستخواردوو" بریتییە لە یەكەیەكی دانپێدانراوی لاواز كە ناتوانێ زاڵبێت بەسەر پاراستنی بەرپرسیارێتی ئاسایش و ئارامی ، سەروەریی، خزمەتگوزاریی گشتی و پاراستنی ئەركە نێوخۆی و نێودەوڵەتیەكاندا و ڕووبەڕووی پاشاگەردانیەكی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی مەترسیدار دەبێتەوە، و ناتوانێت ڕێگربێت لەو نوخبە دەسەڵاتدارە مافیای و چەكدارەی كە جگە لە قاچاخچێتی و دزی و تاڵانی، كۆمەڵگا پشتگوێ دەخەن و قۆرخكاری دەبێتە بنەمای پرۆسەی دەوڵەتداری و لاوازبوونی دەسەڵاتی دەوڵەت و، فەشەلی دەسەڵاتی دادوەری و بڵاوبوونەوەی گروپەكانی تاوان و، بازرگانی چەك و، ماددە هۆشبەرەكان و بێ سەروبەری كۆی كۆمەڵگا دادەپۆشێ
گەر لەشیكردنەوەی ئەم پێناسەیەی سەرەوە بڕوانینە دەوڵەتانی شكستخواردوو یان ئەوانەی كە ئەم خەسڵەتانەیان تێدایە ئەوە دەگەینە ئەو ڕاستیەی كە هۆكاری سەرەكی لە شكستخواردنی سیستەمی سیاسی و دەوڵەت بەتایبەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە ئێمەش بەشێكین لەو پێكهاتە جوگرافیە، دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی وشیاری سیاسی و قوڵنەبوونەوەی دیموكراسیەت و شكستی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و بەرفراونبوونەوەی دامەزراوە بەرژەوەندخوازەكانی دەستەبژێرانی سیاسی و ئەوانەی كە دەسەڵات وەك ئامرازێك بۆ كەڵەكە كردنی سەرمایە و ڕاووڕووتی كۆمەڵگا دەبینن, چونكە لەم جۆرە كۆمەڵگایانەدا ئیحتكاركردنی سوڵتە دەبێتە موهیمەی نوخبەی سیاسی و هۆكاری شێواندن و تێكدانی سەقامگیری ژینگە گشتیەكە و ڕێگە بە هاندان و هەلی گونجاوی بازرگانی و بوژاندنەوەی بازاڕ و ڕخساندنی هەلی كار، و دابیینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیانی خەڵك و ژێرخانی ئابووریی، نادرێ, ئەم بێبایەخیەش لەخۆیدا كۆمەڵێك گرێكوێرەی مەترسیدار بەرهەمدێنێ و دواجار لێكەوتە و دەرهاوێشتەكانی ئەو گرێكوێرانە كاریگەری نەرێنی دەبەخشنە كۆمەڵگا، نزیكترین نموونەش لەم قۆناغەدا گەر سەرنج بدەین ئەو دۆخەی كوردستانە كە بە خراپترین شێوە بە دەست هەموو ئەم گرێكوێرانەوە دەناڵێنێت و بوەتە خۆركەی تێكدانی ڕەوشی كۆمەڵایەتی و گرفتی دەوڵەتداری و چارەسەركردنی دیاردە و ڕووداوە نەخوازراوەكان، ئەم حاڵەتە لێكەوتەیەكی سروشتی خورسك نیە و بەدەرنیە لەو تێڕوانینە مەترسیدارانەی نوخبەی سیاسی كەكار لەسەر سەپاندنی هەژموونی خۆیان دەكەن و دەیانەوێ بەجۆرێك لە جۆرەكان ولە ڕێگەی شێواندن و ئەتككردنی دۆخی سیاسی و ئابوریەوە زیاتر جێپێی خۆیان قایمكەن و ببنە براوەی ئەو بارودۆخە
واتا ئەوەی لە پرۆسەی دەوڵەتداری كوردستاندا دەگوزەرێ ڕەنگدانەوەی واقعی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگای كوردی نیە بەتەنها، بەقەدەرئەوەی ڕەنگدانەوەی ئەو قەیران و تەنگەژانەیە كە هەڵگری توخم و ڕەگەزەكانی خەسڵەتی شكستێكی بێچەندوچوونی سیاسیە، ڕێك بەرهەمی ئەو دۆخەیە كە ئەحزابی دەسەڵاتدار لە پێناو مانەوەی خۆیان و كورسی و دەسەڵاتیاندا بەرهەمیان هێناوە و هەرخۆشیان بوونەتە سەرچاوەی ئابووری و بازرگانی وخاوەنی پرۆژە گەورەكانن و تەواوی سێكتەرەكانی دەوڵەتداریان قۆرخكردووە، و ڕاستەوخۆ بوونەتە مۆكڵەی دەرچەی چاكسازی و دەربازبوون لەم جۆرە شكستە، لە حەقیقەتیشدا ئەمە مەترسیەكی گەورەیە بەتایبەت بۆكۆمەڵگایەكی وەك كۆمەڵگای كوردی كە خاوەنی فۆرمی دەوڵەت نیە و گرێدراوە بە دەوڵەتێكی لەخۆی خراپترەوە كە عێراقە، چونكە عێراقیش سەرەڕای ئەوەی گیرۆدەی دابەشبوونی قوڵ بوەتەوە لەلایەن كۆمەڵێك هێزو گروپی تائیفی و مەزهەبی بێ مۆراڵەوە بەڕێوەدەبرێ كە دەستكردی چوارگۆشەی ململانێیەكی مەترسیداری نێوان ئەمریكا و ئێرانن و بوونەتە ئیدارەدەری بەرژەوەندیەكانی ئەوان و ڕەشكردنەوەی ماف و داخوازیە ڕەواكانی خەڵك، لە ڕووی ئیدارەدان و دەوڵەتداریشەوە دەرگیری چەندین قەیرانی قوڵی ناوخۆی و ناوچەی و نێودەوڵەتیە و نەتوانێ بەئاسانی دەربازبێت، گریمانەی دەربازبوونیشی بە ئەگەرێكی زۆرەوە پەیوەستە بە هەڵوەشاندنەوە و لێدان لە بەرژەوەندیەكانی ئەو كەس و گروپ و حزبانەوە كە لە سەر حسابی خەڵك هایلایڤ دەژین، ئەمەش دیسان زەحمەتە و پێناچێ ئەو كەس و گروپ و حزبانەی كە بەرژەوەندیەكانیان گرێدراوە بە خەسڵەتەكانی دەوڵەتی شكستخواردوەوە هەروا بە ئاسانی دەستبەرداری شكستبن و چاكسازی ڕیشەی ڕاگەینن، چونكە ڕاگەیاندنی وەها پرۆسەیەك دواجار بە مەرگی خۆیان تۆماردەكرێ و دەخرێنە زبڵدانی مێژوەوە