
سـەبـاح ئـیـسـمـاعـیـل
“ئەگەر مرۆڤ لە دڵنیاییەوە دەستیپێکرد دەگاتە گومان،
گەر لە گومانیشەوە دەستیپێکرد دەگاتە دڵنیایی”
فرانسیس بێکون
ئەدەبی کوێتی یەکێکە لە ئەدەبە دەوڵەمەند و پێشەنگەکانی ناوچەی کەنداو، کە بەهۆی کراوەیی کۆمەڵگەی کوێت و زوویی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ڕۆشنبیری تێیدا، تایبەتمەندییەکی جیاوازی هەیە، بەڕادەیەک کۆمەڵگەی کوێتی لە ڕووی شانۆ و دراماوە بە “هۆلیوودی کەنداو” ناسراوە. هەڵبەت سەرکوتکردن و زەوتکردنی ئازادییەکان هیچ شتێکی لێ ناکەوێتەوە جگە لە کۆمەڵگەیەکی لاواز، کۆمەڵگەیەکی ڕووکەشی ناسک نەتوانێت درێژە بەتەمەنی بدات، کۆمەڵگەیەک تێیدا گومان و دڵەڕاوکێ و ترس و دوودڵی و گۆشەگیری و کشانەوە بۆ ناوەوە بڵاوبێتەوە. ئازادی مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ ڕێنیسانس. ئەو ئازادییە بەرپرسیار و ڕێکخراو و هۆشیارەی ڕەچاوی ماف و ئەرکەکان دەکات، هەروەک چۆن ڕەچاوی بەرژەوەندیی تاک و بەرژەوەندیی کۆمەڵگە دەکات و پردی پێوەندیی لە نێوان “من” و “ئەویدی”دا دروست دەکات.
لە دەوڵەتۆچکەی کوێتدا نووسەری دیار و پێشەنگ سەریان هەڵ دا، لەوانە (فەهد ئەلعەسکەر، خالید فەرەج، عەبدولعەزیز ئەلسەریع، لەیلا عوسمان، سوعاد ئەلسەباح، ئیسماعیل فەهد ئیسماعیل، سعود ئەلسنووسی، عەبدولحوسێن عەبدولڕەزا، ئەحمەد سەڕاف، مونا ئەلشمەری، بوسەینە ئەلعیسا، تاڵب ڕیفاعی، جەعفەر ڕەجەب…).
شایانی باسە نووسەرانی بوێرانە دەنووسن و سڵ لەوی دەیانەوێت بیڵێن ناکەنەوە. ئەوەتا ڕۆمانێکی وەکو “زەندیقەکەی بەغدا” بەو پێیەی تێیدا ئاوەز گەمارۆ نادرێت، ڕەنگە لە زۆر وڵاتی تری عارەبیدا چاپ ببوایا ڕێگەی بڵاوکردنەوەیان نەدابایا و قەدەغە بکرایا. چونکە ئەم کتێبە بۆ کەسانێک کە خاوەن بیرکردنەوەی کلاسیکین و دوورن لە ڕەخنە، یان خوێنەری بێزارکەرن دەست نادات، کتێبێکە لە خوێندنەوەدا پێویستی بە ئارامی و وردبوونەوە هەیە، نووسەرەکەی بایەخی زۆری بە هەموو بڕگەیەک داوە و ماندووبوونێکی دیاری تێدا کێشاوە، جگە لە زمانە پڕ لە ڕەوانبێژییەکەی و لەسەرووی هەموویانەوە بوێریی نووسەر لە خستنەڕووی بۆچوونەکاندا. ڕۆمانەکە بە شێوازێک نووسراوە وا لە خوێنەر دەکات تامەزرۆی ڕووداو و ڕستە پڕ مانا و ڕەخنە وردەکانی ببێت. هەڵبەت ناوەڕۆکی کتێبەکە پتر هزر و بیروبۆچوونی ڕەیوەندیی لەخۆ گرتووە وەک لە گێڕانەوەی ژیانی ڕەیوەندی خۆی.
“زەندەقە بیروباوەڕێکە پێی وایە بوونەوەر کۆن و ئەزەلییە و سەرەتای نییە، کاتێک نییە نەبووبێت. وشەی زەندەقە بۆ زەردەشتی و مانەوییەکان و هەموو ئەوانەی بڕوایان بە هەبوونی دوو خودا هەیە بەکارهاتووە، دوایی مانای گشتیی تریان پێ داوە و هەر کەسێک گومانی لە تاک و تەنهایی خودا هەبێت، یان گومڕا بێت، یان هیچ ئاینێکی نەبێت پێی گوتراوە زەندیق”.
لە سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپادا دادگەکانی پشکنین، یاخود لێکۆڵینەوە لە بیدعە هەرتیقییەکان لە سەدەی پانزە و شانزەدا ڕۆڵێکی کارایان لە سەرکوتکردنی نەیاراندا هەبوو، وەکو ئامرازێکی سیاسی بۆ تۆمەتبارکردنی هەرتیقان و لە ئاین دەرچووان، بە تایبەتییش دژی جوولەکە و ئەو موسڵمانە مۆریسکییانەی دوای دەرکردنی ئیسلام لە ئیسپانیا ، لەترساندا بە ڕووکەش بووبوون بە کرستیان.
جیۆردانۆ برۆنۆ (١٥٤٨-١٦٠٠ز) ڕەبەن و فەیلەسووفێکی ناوداری ئیتاڵی بوو، بڕوای بە تیۆرەکەی کۆپەرنیکۆس هەبوو دەربارەی سووڕانەوەی زەوی، ئەو دەیگوت گەردوون بێکۆتایە و زەوی ئەستێرەیەکە لە گەردووندا، نەک سەنتەری گەردوون. ئەمە بۆ کڵێسا قورس و دژی لێکدانەوە و بۆچوونەکانی کڵێسا بوو، بۆیە لە لایەن دادگەکانی پشکنینی ڕۆمانییەوە بە تۆمەتی نکوڵیکردن و ڕەتکردنەوەی بیروباوەڕە بنچینەییەکانی کاسۆلیکی بە بێ دین، یان هەرتیقیان دانا، ساڵی ١٦٠٠ حوکمی سوتاندنیان لە گۆڕەپانی کامپۆ دی ڤیتۆ بەسەردا دا.
دەکرێت لیستێکی درێژ بەناوی ئەو ڕووناکبیر و یاخی و ئازادیخوازانەوە بنووسین کڵێسای کاسۆلیکی بە تۆمەتی هەرتەقە بڕیاری سووتاندنی داون، یاخود بە هەرتیقیان تۆمەتبارکردوون، لەوانە (جیۆردانۆ برۆنۆ، سپینۆزا، دیکارت، گالیلیۆ گالیلی، تۆماس کرانمەر، ژان دارک، جۆن ویکلیف، جیرۆلامۆ ساڤۆنارولا، فرا دۆڵچینۆ، یان هوس…).
دواتر ساڵی ١٦٥٦ جوولەکەکانی ئەمستردام “باروخ سپینۆزا”ی فەیلەسووف دەردەکەنە دەرەوەی ناوەندە ئاینییەکەی خۆیان، نەفرەتی دەکەن و ڕەتی دەکەنەوە و وەلای دەنێن و لە ڕیزی بڕوادارانی جوولەکە دەریدەکەن. ئەوجاش نابێت کەس شتێک بخوێنێتەوە ئەو نووسیبێتی. “سپینۆزا خۆی کەسێکی باوەڕدار بوو، دژی ئاینی پیاوە ڕەسمییەکانی دین، دینی ئەوانەی ماکس ڤیبەر ناویاندەنێت فەرمانبەرانی کاروباری موقەدەس. دژی دینی هێز و تاکەکەسە سونەتگەر و تەقلیدییە داخراوەکانی سەردەمی خۆی بوو، کە جگە لە تێگەیشتنی خۆیان بۆ دین هیچ تێگەیشتنێکی دیکەیان قبووڵ نەبوو”.1
یانی ئەوانی باوەڕیان وابوو پەروەردگار لە ئاسمانە، ئەوانەیان دەکوشت و لەداردەدا باوەڕیان وابوو خودا لە دڵاندایە.
“لە مێژووی ئیسلامیشدا شتێکی لەو بابەتە و خراپتریش بەرامبەر بە ئیبن ڕوشدی گەورە فەیلەسووف ئەنجامدراوە. وەک سپینۆزا، ئیبن ڕوشدیش بێدین دەکرێت و دەردەکرێت و نەفی دەکرێت، ئەمەش لە تەمەنێکدا (٧٢ ساڵی) ڕووبەڕووی ئەم کارەساتە دەبێتەوە، خاوەنی چەندان کتێبی فەلسەفی و خوداناسیی گەورە و گرینگ بووە. لە بەیانی تۆمەتبارکردنەکەدا هاتووە: “لە ناو تاریکیی بێئیمانیدا نوقمە… لە دەرەوەڕا خۆی بە کتێبەکەی خوداوەند داپۆشیوە، بەڵام لە قووڵاییدا پڕە لە ئینکارکردن و ڕەخنەکردنی خوداوەند”.2
ئەوجا بڕیار دەدرێت ئیبن ڕوشد لەبەردەم مزگەوتێکدا ڕابگیرێت و هەر کەسێک بچێتە ناو مزگەوتەکەوە دەبێت تفێک لە سەروڕیشی ئیبن ڕوشد بکات.
لە مێژووی ئیسلامدا ناوی گەلێک زەندیق هاتوون، یاخود زۆرێک تۆمەتی زەندیقییان دراوەتە پاڵ و کافرێنراون، ئازار و ئەشکەنجە دراون، یاخود کوژراون، یان دوورخراونەتەوە، لەوانە (ئیبن سینا، ئیبن ڕوشد، فارابی، کیندی، ئەلڕازی، ئەبو عەلای مەعەڕی، خوارزمی، ئەبو حەیان، عەباس بن فرناس، ئیبن هەیسەم، ئیبن باجە، ئەلمەسعودی، ئیبن موقەفەع، بەشار بن بورد، ئەبو نەواس، ساڵح بن عەبدولقەدوس، سوهرەوەردی، بن ئەلسەکیت، ئیبن زەیات، ئیبن سەبعینی ئەندەلووسی، سەدیف بن مەیمون، ئەبو نوخەیلە، دوعبل ئەلخوزاعی، عەلی بن جەبەلە، ئەبو ئەلیەنبوغی، ئەلفەزڵ بن سەهل، قوڕەتولعەین، ئیبن ڕۆمی، جونەیدی بەغدادی، حەللاج، ئەبو عیسا ئەلوەڕاق، ئیبن ڕەیوەندی و…. زۆری تریش).
هەندێکیان لەبەر ئەوەی بوێر بوون و پێش سەردەمەکەیان کەوتبوون و سنووریان بەزاندبوو خوێندنەوەی پێشوەختیان بۆ ڕووداو و دیاردەکانی سروشت و لێکدانەوەی دروستی ئایەتەکانی قورئان هەبوو، بەمەش گەلێک نەزانیان جێلەق دەکرد و ڕەوانەی ماڵەوەیان دەکردن، بۆیە ئیرەییبەرانی کاڵفام چونکە وەڵامیان بە پرسیارەکانیان نەبوو، تۆمەتی زەندیقییان دانە پاڵ. زۆرێک لە مێژوونووسان پێیان وایە تۆمەتی “زەندیقبوون” لە مێژووی ئیسلامیدا تەنها لایەنێکی ئاینیی نەبووە، بەڵکو زۆرجار وەک چەکێکی سیاسی بۆ لەناوبردنی نەیارانی دەسەڵات، یان ئەو کەسانەی کاریگەریی فکرییان هەبووە، بەکارهاتووە.
“لە ڕاستیدا پێکدادان و ململانێی نێوان چەند گرووپێکە لەسەر دەسەڵات و لەسەر پاراستن و بەرگریکردن لە کۆمەڵێک دەسکەوتی دونیایی”.3
لە سەردەمی عەباسییەکاندا (٧٥٠ز – ١٢٥٨ز) گەندەڵی و تیرۆر و تۆمەتبارکردنی بێبەزەییانە و بۆ گەیشتن بە لوتکە، لەسەر تەختی دەسەڵات باوک کوڕ و کوڕ باوک و برا برای دەکوشت. وشەی “زەندیق” بووە هاوشانی هەر کەسێکی ناتەبا لەگەڵ ڕا و دەسەڵاتی پیاوانی ئاین و نەیارانی خەلافەت. سیستمی باج و خەراج و زوڵم و ستەمی کۆمەڵایەتی بە ناوی ئاینەوە گەیشتبووە چڵەپۆپە. ئاکاری خەلیفەکان و دارودەستەکەی لە بەهەدەردانی پارە و سامانی وڵات و خۆشگوزەرانیی خۆیان لەسەر حیسابی برسیکردنی خەڵک و زیاتر هەژاری کردنیان، سیستمی فەرمانڕەواییان دووچاری چەندین گرفتی ئابووری و کۆمەڵایەتیی کردبوو. کاربەدەستانی خەلیفە بەتوندی کەوتبوونە وێزەی خەڵک، سڵیان لە هیچ جۆرە ستەم و نادادپەروەرییەک نەدەکردەوە. خەڵک نەیاندەزانی پەنا بۆ کێ و دەنگی ناڕەزایی بەکێ بگەیەنن، چونکە خەلیفەی موسڵمانان لە هەموویان گەندەڵتر بوو، بۆیە ناڕەزایی و دەنگهەڵبڕینی خەڵکی ناڕازی سەرەتا لە ڕێگەی هۆنراوە و گۆرانی و چیرۆکەکانیانەوە بوو.
“بەهۆی ئەو سیستمی باج و خەراجەی کە دەسەڵاتداریی پەیڕەویان دەکرد، زوڵم و ستەمی کۆمەڵایەتی گەیشتە چڵەپۆپە. ڕەوشت و ئاکاری خەلیفەکانی ئیسلام، کاربەدەستانی دەربار و دەستوپێوەندەکانیان و یاریکردنیان بە خەزێنەی دەوڵەت و هەڵپەکردنیان بۆ خۆشگوزەرانی و گوێنەدانیان بە ژیانی خەڵک سیستمی فەرمانڕەواییان دووچاری چەندین گیروگرفتی ئابووری و کۆمەڵایەتی کرد”.4
“کاربەدەستان دەستیان بەسەر ماڵی ژێردەستەکانی خۆیاندا دەگرت و خەلیفەکانیش دەستیان بەسەر ماڵی وەزیرەکاندا دەگرت، کار گەیشتە ئەوەی بەڕێوەبەرایەتییەک دابمەزرێنن بەناوی بەڕێوەبەرایەتیی دەستبەسەرداگرتن”.5
والیی میسر داوا لە خەلیفە سلێمانی کوڕی عەبدولمەلیک دەکات، “کەمێک بەزەیی بە جووتیاراندا بێتەوە و ڕێژەی خەراجیان لەسەر کەم بکاتەوە، خەلیفەش وەڵام دەداتەوە:
“تاشیریان تیایە بیاندۆشە، کە نەما خوێنیان بدۆشە””.6
جەماوەری زۆرلێکراوی چەوساوە لەژێر زەبری چەوسانەوەی دەرەبەگایەتیدا هاوار و ناڵەیان بوو، لە ڕێگەچارە و تروسکەیەکی ئومێدبەخش دەگەڕان. هیچ هیوایەک بە باشتربوونی دەسەڵات و چاکسازی و ژیانکردن نەمابوو، گەندەڵی هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی گرتبووەوە. بۆیە لەملا و لەولا دەنگی ڕەخنە و ناڕەزایی بەرزدەبووەوە، لە ئاکامدا چەندان ڕاپەڕینی جەماوەری سەریانهەڵدا لەوانە ڕاپەڕینی بابەکی خوڕەم، زەنگ و بزووتنەوەی قرمتییەکان. ئەگەرچی هەموو ئەم ڕاپەڕین و بزووتنەوە و ناڕەزاییانە خەلیفەکانیان لە خەوی خۆشی خۆیان و بێئاگایی لە دۆخی کۆمەڵگە و ڕابواردنی شەو و ڕۆژیان بێدار نەکردنەوە، چونکە خۆیان بە سایەی خودا لەسەر زەوی دادەنا، هەرگیز ئاوڕیان لە ڕابردووی خۆیان و لە حاڵی ئێستای میللەت نەدەدایەوە، سەردەمەکەیان لە گشت لاوە بۆنی ناپاکی و بێئەمەکی و دڵڕەقیی لێدەهات. هەر لە سەردەمی خەلیفە متەوەکیلدا ئەوەندە کۆشک و تەلاری شاهانە بنیاتنران، خەزێنەی دەوڵەت کەوتە سواڵ.
خەلیفەکان خۆشگوزەرانی و کەیف و سەفای فەرمانڕەوایی و تەخت و تاج دڵی بردبوون، ئامادەبوون بۆ مانەوەی خۆیان دەست لە هەموو بەهاکان بەربدەن و نزیکترین کەسی خۆیان لەپێناوی مانەوەدا، یان بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات لەناوبەرن. ئەوەتا خەلیفە مەئموون ئەمینی برای دەکوژێت. خەلیفە متەوەکیل بەدەستی موستەنسری کوڕی دەکوژرێت، موستەنسریش پزیشکە بەرتیلخۆرەکەی دەیکوژێت. خەلیفە ئەلموعتەزبیللا ئەلموئەیەدی برای دەکوژێت. دواتر خەلیفە ئەلموعتەزبیللا ئەلمەهدیی برای دەیکوژێت. خەلیفە ئەلموعتەمید عەلەڵا دەرمانخوارد کرا.
لە سەرەتای سەردەمی یەکەمی عەباسیدا دوای ئەوەی دەسەڵاتداران هەستیانکرد زەندیقان و بیروباوەڕیان بوونەتە هەڕەشە لەسەر دەسەڵاتیان، ئیدی بووبوونە جێگەی مەترسیی تەواو، بۆیە شەپۆلێك لە تیرۆری باوەڕمەندیی پاكتاویی دیكە ڕووی دا، ئەوی خەلیفە ئەلمەهدی و ژمارەیەك خەلیفەی عەباسی لە دوای خۆی ڕابەرییان كرد، لە ژێر دروشمی جەنگان دژی زەندەقە و زەندیقان ئەنجامدران، ئەو تۆمەتەی زۆر جار بڕوابوون بە باوەڕێك، یان بیری مەجووسیی دەگەیاند، دەرەنجامی ئەو شەپۆلانە تەشەنەكردنی تیرۆر و تۆقان و ترس و زمانلێدان و كوژرانی سەدان قوربانیی بێتاوانی كۆمەڵگەی لێبووەوە، لەگەڵ لەداردانی بەپەلە و ئەنقەست لەسەر دەسیسە و تۆمەتی گومانلێكراو و زمانلێدان.
“دوای مردنی مەنسور، ئەلمەهدیی كوڕی جێیگرتەوە، لە كارە هەرە ورووژێنەرەكانی پێوەند بە میتۆدی توندوتیژیی خوێنڕێژی ئەو هەڵمەتە خوێناوییە بەرفرەوانە بوو، كە دژ بەوەی بە زەندەقە و زەنادیقەیان ناودەبرد، ئەوەبوو خەلیفە دامەزراوەیەكی تیرۆریستیی خوێنڕێژیی دروستكرد و هەموو دەسەڵاتێكی عورفی پێ بەخشی. ڕێیدان هەموو ئەوانەی ڕەوانەی لایان دەكرێن بەتۆمەتی زەندیقی بەهەق و ناهەق بكوژن و لەداریان بدەن. ئەو دامەزراوەیە لە دادگەكانی پشكنینی خوێناوی دەچوو، كە لە ئەوروپا دامەزرا، سەرۆكەكەشی بە (صاحب الزنادقە) ناودەبرا. بەسەدان كەس بەدەستی ئەو دامەزراوەیە و لقەكانی لە شارەكانی دی لەداردران، لە نێو ئەو قوربانییانەدا گەلێك شاعیر و زانا و ڕۆشنبیریان تێدابوون. هەندێكیان بەتۆمەتی گومان لەداردران، زۆریان لەسەر بنەمای زمانلێدان و بۆ هەڵبەستن دەگیران، ئەلمەهدی بەجدی بەدواداچوونی بۆ زەندیقان و لەناودانیان دەكرد و بەدوایاندا دەگەڕا و لەسەر تۆمەت دەیكوشتن”.7
لەم نێوەدا گەلێک شاعیر و نووسەر و زانا لە سۆنگەی ڕەخنە و نووسینەکانیانەوە بوونە قوربانیی نەزانان و چەواشەکارانی سەردەمەکەیان و لەخۆڕا تۆمەتی حازربەدەستی کافری و زەندیقبوونیان دەدایە پاڵیان، یان بە هەر بیانوویەکی دی لەناویان دەدان.
ناکۆکیی توند “لە كەسێتیی ئەلمەهدیی فەرمانڕەوای عێراق و توندڕەوی و پەلەكردن لە خووخدەی، هۆكاربوون بۆ ئەوەی دواتر بەشار بن بوردی هاوەڵ و هاودەمی بەبەهانەی لە ئاین هەڵگەڕانەوە بەو شێوە دزێوە بكوژێت”.8
هەروەها خەلیفە هاڕوونە ڕەشید شاعیری ناسراو ساڵح بن عەبدلقەدوسی بەتۆمەتی زەندەقە كوشت و ساڵی 167ك/ 783ز لەسەر پردێكی بەغدای هەڵواسی، ئەمەش دوای دادگاییكردنێكی بەڕواڵەت، وێڕای ملكەچی و باوەڕداری و پەند و ئامۆژگاری و وتە بەنرخەكانی، كە لە قورئانەوە وەریگرتبوون.
حەللاجی شاعیری گەورە و فەیلەسووف لە دوا قۆناغی ژیانیدا لە خەڵوەت و دوورەپەرێزیی سۆفییان دوورکەوتەوە، چونکە نەیتوانی وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە بداتەوە بیر و هۆشی ئەویان ورووژاندبوو، ئیدی چاوی لە زەوی بڕی و بەکردەنی تێکەڵی کۆمەڵگەکەی و ململانێ کۆمەڵایەتییەکان بوو، “لە قۆناغێکی دیاریکراوی گەشەکردنی فکریدا بەرەو ڕووی مامۆستا و ڕابەرەکانی دەبێتەوە و لەگەڵیاندا دەکەوێتە ناکۆکییەوە، تا حاڵ دەگاتە ئەوەی نەفرەتی لێ بکەن و تۆمەتی کافری و بێدینیی شوێنبخەن”.9
ئیدی لە سۆنگەی دەسیسە و زمانلێدانی بەدرۆ و بە تۆمەتی کفر و زەندیقی بە فەرمانی خەلیفە ئەلموقتەدیر هەزار جەڵدەی لێ دەدرێت و چوارپەلی دەبڕنەوە، ئەوجا سەری دەبڕن و تەرمەکەی دەسووتێنن. “هەروەها هەڕەشەی لە هەندێك لە هاوەڵانی حەلاج كرد بەدرۆ دژی شایەدی بدەن گوایا داوای خوایەتیی كردووە”.10
ئیبن ڕەیوەندی (٨٢٧-٩١١ز) توێژەر و وتاربێژی ئێرانی، وەکو یەکێک لە بەناوبانگترین ڕەخنەگرانی فیکری ئایینی بەرهەمی منداڵدانی ئەم ژینگە پڕ لە زەبروزەنگ و گەندەڵی و نەزانی و تۆمەت بەخشینەوەی خۆڕایی و ئیرەییبردنە بوو بەیەکدی. ئەو عەوداڵی دووی زانیاری و زانین بوو، نیشتمانی خۆی جێهێشت و ڕووی لە بەغدای پایتەختی خەلافەتی عەباسی کرد، ئەودەم خەلیفە متەوەکیل فەرمانڕەوا بوو، لەوێ بوو بە یەکێک لە گەورە پیاوانی موعتەزیلە، پێش ئەوەی لێیان هەڵگەڕێتەوە و کتێبی “فچیحە المعتزلە – ئابڕووچوونی موعتەزیلە”یان لەسەر بنووسێت. پاشان بۆ ماوەیەک بوو بە شیعە، دواتر چاوی بە “أبو عیسی الوراق” کەوت، ئیدی ئەم کابرایە وەکو “مامۆستا و هاوەڵی، ڕێڕەوی ژیانی گۆڕی، دوای ئەوەی گومانی لە دڵیدا چاند، بوو بە یەکێک لە گەورەترین و ناسراوترین زەندیقەکانی سەردەمی خۆی و سەردەمانی دواتریش”.11
ئیبن ڕەیوەندی “بەبێ ڕکابەر مامۆستای سەدەی سێیەمی کۆچی و دیارترین بیرمەندانی ڕۆشنگەری بوو و لە هەموویان باڵاتر و سەرکێشترینیان بوو لە بنیاتنانی ئەقڵییەتی زانستی بۆ لێکدانەوەی ژیان و ئایین لە ڕوانگەیەکی مرۆڤایەتییەوە. ڕەیوەندی هاوچەرخی موعتەزیلە، حەنبەلییەکان، شیعە، زەندیقەکان، بێدینەکان، فەیلەسووفان و ئەهلی کەلام و تەواوی جۆرە جیاوازەکان بوو، کاریگەرییان لەسەر دانا و ئەویش کاریگەریی هەبوو لەسەر قوتابخانەکانیان، ڕێبازەکانیان و شێوازی بیرکردنەوەیان”.12
ڕەیوەندی وێڕای هەوڵەکانی نە ڕێبازی تایبەت بە خۆی هەبوو نەیش قوتابی. بۆیە وەک کەسێکی بێ پشت و پەنا، بە ئاشکرا جگە لە ئیبن خەلەکان و شەریف ئەلمورتەزا، نە فەیلەسووفێک، نە ڕۆشنبیرێک و نەیش دەسەڵاتدارێک لە سەردەمەکەی خۆیدا بوێریی ئەوەیان هەبوو بەرگریی لێ بکەن. هەڵبەت ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە سەردەمێکی تاریکی پڕ لە زەبروزەنگ و توندوتیژیدا دەژیان و نزیک کەوتنەوە لەو بابەتە یاریکردن بوو بە ئاگر، هیچ ئومێدێک بە چاکسازی نەمابوو. ئەوەتا لە ڕۆمانەکەدا یوسفی ڕەحال بە نائومێدییەوە بە ڕەیوەندی دەڵێت: “گەڕان بەدوای ڕاستیدا هیچ سوودی نییە، چونکە نایدۆزیتەوە، ئەگەریش بیدۆزیتەوە ئەوا دەکوژرێیت”.
شیرین بانووی دایکی دووەمی ڕەیوەندییش پێیدەڵێت: “ئەگەر دەتوانیت بڕۆ دوور بکەوە، سەربازانی والی لە گشت شوێنێکن، نرخێکی واشیان لەسەر سەرت داناوە خودان دەروونە نەگریسەکان مرخیان خۆشکردووە و چاویان تێبڕیوە، پێش ماوەیەک لێرە بوون، لێت دەگەڕان”، تا دەگاتە ئەوەی پێی بێژێت: ” ناڵێم هەڵبێ و بێدەنگبە… بەڵکو بنووسە و بەردەوامبە، گاڵتە بە گەوجی و گەمژەیی و درۆکانیان بکە، ڕەنگە ئەمڕۆ دژمانت پێ بدەن و بەردەوامبن لە جوێندان پێت، تەنانەت دوای مردنیشت و بۆ هەتا هەتا، زۆر گرینگ نییە ستایش بکەن، یان دژمان بدەن، گرینگ ئەوەیە تۆ وەکو ویستت ژیایت و بڕوات بەوە هێنا خۆت دەتویست”.
“لە بڵاوکردنەوەی ئیلحاد و زەندەقەدا کەس بە ئەندازەی ڕەیوەندی توند نەڕۆیشتووە، ئیبن ڕەیوەندی سەبارەت بە مردن، تیۆریی ئێپیکۆر دەخاتە ڕوو و پێی وایە: “تا من هەم، مردن نییە و کاتێکیش مردن هات، من نیم””.13
زۆربەی کتێبەکانی (سەرجەم کتێبەکانی بە ١١٤ کتێب دادەنرێت) دوای ئەوە تووشی تیاچوون هاتن (کە زۆربەیان بەدەستی ئەنقەست بوون)، هەوادارانی هەندێکیان ڕزگار کرد، نەیارەکانیشی بەبێ ویستی خۆیان بوونە هۆکاری پاراستنی زۆربەی کتێبەکانی، تاكو لە کاتی وەڵامدانەوەدا ناچاری بەڵگەهێنانەوە بوون، دەقەکانی بە نموونە بە تەواوی بهێننەوە.
د.عەبدولڕەحمان بەدەوی، دیارترین بەرگریکار لە ئیبن ڕەیوەندی لە سەردەمی نوێدا، دەڵێت: “ئیبن ئەلڕاوەندی عەقڵانییەک بوو پێش سەردەمی خۆی کەوتبوو، بەڵام ئەوەی لە بیرۆکەکانی گەیشتووەتە دەستمان تەنها ئەو شتانەن کە کتێبەکانی وەڵامدانەوە بۆیان گواستووەتەوە، ئەمەش وادەکات حوکمدان لەسەری یەقین نەبێت”.14
کتێبەکانی ڕەیوەندی بەر لە جیابوونەوەی لە موعتەزیلەکان:
(الابتداو والإعادە، اڵاسماو واڵاحكام، خلق القرێن، كتاب البقاو والفناو، لا شیو إلا موجود، الگبائع فی الكیمیاو، اللۆلۆ).
ئەو کتێبانەشی ڕەخنە و دژەئاین بوون:
(الإمامە، فچیحە المعتزلە، القچیب (كتاب القچیب الژهبی)، التاج، التعدیل والتجویر، الزمرد، الفرند، البصیرە، الدامغ، التوحید، الزینە، اجتهاد الرأی).
لەسۆنگەی کتێبی (الدامغ)ــەوە کە تووڕەیی دەسەڵاتدارانی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە بۆ ئەهواز هەڵات و لای جوولەکەیەک وەکو پەنابەر ژیا و کاری کرد، دواتریش هەر لەوێ لە تەمەنی هەشتا و چەند ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. مخابن ئەمڕۆ لە کتێبەکانی تەنیا (الابتداو والإعادە) و (الفرند) ماونەتەوە.
لەم ڕۆمانەدا “ئەبو حەیانی تەوحیدی”ی فەیلەسووف و نووسەری گەورە وەک لایەنگیری ئیبن ڕەیوەندی دەڵێت:
ڕەیوەندی “گەورەی سەردەمەکەی خۆی بوو، بلیمەت لە نووسیندا، لە هەموو شتێکدا جیاواز لەوانی دی، ئازا، هەڵەشە، بوێر، یاخود ڕەنگە شێت، سەرلەبەری کتێبەکانی ونبوون، سووتێنران، دڕێنران، بە نیەتی پێشوەختە لە ناوبران، نەیانتوانی بەرپەرچی ڕایەکانی بدەنەوە بۆیە ئەوی نووسیبووی سووتاندیان، نەیانتوانی بە زیندوویی بەسەریدا سەربکەون، ئاواتیان خواست بە مردوویی بەسەریدا زاڵبن، وایانزانی مەرگی کەسەکە و سووتاندنی کتێبەکانی مەرگی بیروبۆچوونەکانین، بیریان چوو هزر ژیانی بە بەردا دێتەوە و درەوشاوەتر دەبێت ئەگەرچی جەستەی هەڵگرەکەشی مردبێت، خەڵک دەمرن و سەرتاپای گەردوونیش دەمرێت، بەڵام بیرۆکە نامرێت”.15
بەداخەوە هێند زانیاری لەسەر ژیانی ڕەیوەندی لەبەردەستدا نییە، جگە لەوەی ژیانی پڕ لە تەمومژە و دوورنییە بۆ ڕێونی ناوەی خۆشی گۆڕیبێت، تەنانەت دەگوترێت لە دۆخێکی تەمومژاویدا گیانی لەدەستداوە، گۆڕەکەشی دیار نییە، هەندێکیش دەڵێن کوژراوە، بێگومان ئەمە ئەنجامی ڕەخنە و هەڵوێستەکانی بووە.
کورتەیەک دەربارەی ژیانی نووسەری ڕۆمانی “زەندیقەکەی بەغدا”، جەعفەر ڕەجەب: ساڵی ١٩٦١ لە وڵاتی کوێت لەدایک بووە.
بەکالۆریۆسی لە فەلسەفە لە زانکۆی کوێت بەدەستهێناوە.
لە ڕۆژنامەی “الرأی”ی کوێتی کاریکاتێریستە و ساتیرەوتاریش دەنووسێت ١٩٩٦ـ٢٠١٦.
بەرهەمەکانی:
الحب من أول رسمە – خۆشەویستی لە یەکەمین نیگارەوە (کاریکاتێر)
أنا أفکر اژن أنا مقتول – من بیردەکەوە کەواتە من کوژراوم (کاریکاتێر)
تحت الحزام – لەژێر ناوپەنچکەوە (ساتیرە وتار)
تیس فی ستارباكس – تەگەیەک لە ستارپاکس (ساتیرە نۆڤلێت)
مجرد حقیبە فی المگار – تەنیا جانتایەک لە فڕگەدا (کۆمەڵەوتار)
كلب الرئیس – سەگەکەی سەرۆک (کۆمەڵەوتار)
زندیق بغداد – زەندیقەکەی بەغدا (ڕۆمان)
تفاحە وشجرە وورقە بیچاو – سێوێک و درەختێک و کاغەزێکی سپی (پێشەکییەک بۆ فەلسەفە).
چالاکە لە بواری ڕاگەیاندن و سیاسەتدا. خۆی دەڵێت: هەموو جار کە خۆم دەناسێنم دەنووسم: نیگار دەکێشم و دەنووسم، لە دنیادا مەبەستی دیم هەن و… بەس.
………………………………………………………………………………………………………………..
سەرچاوەکان:
مەریوان قانع، دین و دونیا، سلێمانی ٢٠١٠ ل٨٨.
هەمان سەرچاوە ل٨٨
مەریوان قانع، دین و دونیا ل٩٠
فوئاد مەجید میسری، کۆمەڵگا لە سایەی دەوڵەتی خەلافەتدا، چ٣، سلێمانی٢٠٠٥
د. عبدالحسین زرین کوب، دوو سەدە بێدەنگی، وەرگێڕانی: قادر بیستانی، ٢٠٢١ ل٥١٥
فوئاد مەجید میسری، کۆمەڵگا لە سایەی دەوڵەتی خەلافەتدا، چ٣، سلێمانی٢٠٠٥، ل٧٨
باقر یاسین، مێژووی خوێنڕێژی لە عێراقدا، وەرگێڕانی: سەباح ئیسماعیل، ناوەندی غەزەلنووس، سلێمانی ٢٠١٩ ل١٨٧
باقر یاسین، مێژووی خوێنڕێژی ل١٨٩
فوئاد مەجید میسری، کۆمەڵگا لە سایەی دەوڵەتی خەلافەتدا، چ٣، سلێمانی٢٠٠٥ ل249
١0. باقر یاسین، مێژووی خوێنڕێژی ل٢٣٠
أحمد الصراف. دسمان نیوز – القبس 23/٠١/2022
د.عبدالامیر الاعسم، تاریخ ابن الریوندی الملحد، دار الافاق الجدیدە، بیروت 1975 ص7-8
ویکی پدیا دانشنامەی ئازاد (ابن راوندی)
ویكیبیدیا الموسوعە الحرە (ابن الراوندی)
