
شۆڕش/ ڕێگای کوردستان-بۆكان
وەرگێڕانی بەرهەمێکی ئەدەبی بۆ سەر زمانە جۆراوجۆرەکان، ئەتوانێت فاکتەرێک بێت بۆ نیشاندانی بایەخی ئەدەبی باڵای ئەو بەرهەمە. بەڵام لە کاتێکدا کە ئەو بەرهەمە بە شێوەی سروشتی بچێتە ناو بازاڕی وەرگێڕانەوە و بە شێوەی سروشتی هەوڵی وەرگێڕانی، بە مەبەستی هاوردەکردنی بۆ زمانی وەرگێڕدراو لە لایەن وەرگێڕی زمانەکانی ترەوە بدرێت. نەوەک وەرگێڕانی بەرهەم لەلایەن خودی نووسەرەوە سەودا و مامەڵەی بۆ بکرێت و ببێت بە پڕۆسەیەکی پیشەیی. خەیام لە سەدەی ١١ی زایینیدا ژیاوە و پاش ۷ دەیە لە کۆچی دوایینی، "چوارینەکان"ی بۆ ئینگلیسی و دواتر چەندین زمانی جیهانییتر وەرئەگێڕدرێن. "شازادە بچکۆلە" لە ١٩٤٣دا بڵاو ئەکرێتەوە و ساڵێک لەدوای بڵاوبوونەوەی، "ئانتوان دۆ سانت ئێگزوپێری"ی نووسەری گیانی لەدەست ئەدات. بەڵام "شازادە بچکۆلە" لە پاش مردنی نووسەر ئەبێت بە پلەی یەکەم لە ناو کتێبخانەی فەڕانسی، کە زیاترین وەرگێڕانی بۆسەر زمانەکانیتر بۆ کراوە. کەواتە بایەخی ئەدەبی باڵای بەرهەم بە پێوەری ئەژماری وەرگێڕان بۆسەر زمانەکانیتر لەم کاتانەدا وەها دەرئەکەوێت، کە هیچ چەشنە ئیرادەیەکی نووسەری تێدانەبێت. ئەگەرنا هەر نووسەرێک ئەتوانێت بە کەلکوەرگرتن لە بازنەی پەیوەندیی بەهێز لەتەک کوردانی وڵاتە جیاجیاکانی تاراوگە، بەرهەمەکانی بۆ ئەو زمانانە وەرگێڕێتەوە. لە حاڵێکدا بۆ خوێنەری زمانی یەکەم ڕوون نییە کە ئاخۆ ئەو بەرهەمە لە لایەن خوێنەری زمانەکانیتر تا چ ئاستێک پێشوازی لێئەکرێت.
ئەگەر بەرهەمەکانی "بەختیار عەلی" و "دواهەمین هەناری دونیا" -کە بۆ زیاتر لە دەیان زمان وەرگێڕانی بۆ کراوە- وەک نموونە بخەینە بەر باس، بە ڕوونی بەپیشەییکردنی وەرگێڕانی بەرهەمەکانی، وە هەروەها شێوازی بڵاوکردنەوەیانیش دەرئەکەوێت:
یەکەم: بەرهەمەکانی ناوبراو بۆ ماوەی دەیان ساڵە کە تەنیا لە لایەن "ناوەندی ڕەهەند"ەوە چاپ و بڵاو ئەکرێنەوە.
دووهەم: وەرگێڕانی بەرهەمی ناوبراو کە پێشتر لەلایەن دوو وەرگێڕی ناودارەوە (ئاڕەش سەنجابی و ڕەزا کەریمموجاور) وەرگێڕانی بۆ کراوە، دیسانەوە لە لایەن مەریوان هەڵەبجەیییەوە وەرگێڕدراوەتەوە و لە لایەن نووسەرەوە، بە بەردەوامی بانگەواز و ڕێکلام بۆ ئەم وەرگێڕانە نوێیە ئەکرێت.
سێهەم: وەرگێڕانی بەرهەمەکانی ناوبراو بۆ فارسی کە "نمایەندەگیی فرۆش خزمەتگوزاریی پاشفرۆش"ی لە ئەستۆی "مەریوان هەڵەبجەیی"یە، تەنیا و تەنیا لە لایەن "نشر ثالث"ـەوە کە لە بۆڕژوائیترین و مەسرەفگەراترین (کۆنسومێریزم) بڵاوگەکانی ئێرانە، وە تا ئێستا ٢٦جار لەژێر ناوی "آخرین انار دنیا" لەم بڵاوگەیە چاپ کراوەتەوە دەرئەچێت. ئیتر باسی "حقالتألیف" و حەقدەستی نووسەر و وەرگێڕیش بمێنێت!
*
بەختیار عەلی یان هەر نووسەرێکیتر ئازادن لەوە کە پشت بە داهات لەڕێگەی نووسینەوە ببەستن -ئەگەرچی ئەوە پتر لەوەیە و ڕاستەوخۆ بازرگانییەکی بەربڵاوە-، بەڵام کاتێک وەک بیرمەندێکی دژی سیستەمی سەرمایەداری خۆی دەرئەخات، لە هەمانکاتدا بە دەقێک کە هەڵگری تێزی دژبەر لەگەڵ هێژموونیی سەرمایە و نەریتە کۆمەڵایەتییە باوەکانییەتی، ڕاستەوخۆ و ئاشکرا لە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری و سەنعەتی چاپەمەنی دەئاژوێت.