
لە تازەشارەوە تا قولیجان
گێڕانەوەی خۆڕاگری لەقۆناغی سێی ئانفالدا
هاوڕێ پێشڕەو / گەرمیان
بەشی چوارەم
لە ڕۆژی دووەمی هێرشەکاندا، ٨ی نیسانی ١٩٨٨ دوژمن بە هێزێکی گەورەتر و پڕچەکترەوە گەڕایەوە بۆ مەیدانەکە. پێش دەسپێکردنی جەنگ، من و هاوڕێیان (کیفاح و قالە بیکەیسی) بە کەرێکەوە ڕوومان کردەوە گوندی باشتەپە؛ لەوێ کۆمەڵێک دەسکەوتی سەربازیی وەک کولە ئاربیجی و سندوقە فیشەکی بیکەیسی و کڵاشینکۆفمان کۆکردەوە کە دوژمن لە شەڕەکەی دوێنێدا بەجێی هێشتبوون. لە ڕێگەی گەڕانەوەماندا بۆ گوندی چەوری، تووشی مەفرەزەیەکی یەکێتی بووین (کە هاوڕێیان فەهاد عەبدوڵڵا و محەمەد حاجی مەحمود جغارەچییان تێدابوو). ئاگادارمان کردنەوە کە دوژمن لە نەوجولەوە بەڕێوەیە و باشتەپە شوێنی بەرگریکردن نییە، بەڵام ئەوان سوور بوون لەسەر چوونیان و دواتر بە دۆخێکی سەختدا ناچار بە پاشەکشە بوون.
خەڵکی ناوچەکە بۆ پاراستنی خۆیان، بەچواردەوری ئاواییەکاندا سەنگەری تۆکمەیان بە شێوەی پیتەکانی (L) و (W)ی ئینگلیزی لێدابوو، کە سەری سەنگەرەکانیان بە داری پەڵک و خۆڵێکی ئەستوور داپۆشیبوو؛ ئەم سەنگەرانە بوونە پەناگەیەکی ستراتیژی بۆ پێشمەرگە. پلانەکە وابوو کە هەتا شۆفڵ و تانکەکانی دوژمن نەگەنە لوتکەی خانووەکان، کەس تەقە نەکات، تا لە مەودایەکی نزیکدا زۆرترین زەرەر لە داگیرکەر بدەین.
دوای تۆپبارانێکی سەخت بۆ سەر لفتی ئاغا و چەوری، دوژمن دوو جاشی ناردە ناو گوندەکە و سوپاکەش لە مەودای ئاربیجییەوە وەستان. ئەو دوو جاشە بوونە هۆی ئاشکرابوونی پلانەکە و شەڕ لە کاتێکی چاوەڕواننەکراودا دەستی پێکرد. من و شەهید هێرش لە سەنگەرێکی پشتی ماڵی (عەلی سۆیلە)دا بووین. کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ، کاک عوسمانی حاجی مەحمود بە هێزێکی پاڵپشتییەوە گەیشتە سەنگەرەکەمان و وتی: "بۆ هەر سەنگەرێک دوو پێشمەرگەم ناردووە." و سوپاسی قارەمانێتی پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی کرد بۆ ئەو بەرگرییە کەم وێنەیە.
تا ئێوارە، دوژمن ١٤ جار پەلاماری گوندی لفتی ئاغای دا، بەڵام هەموو جارێک بە شکاوی دەگەڕایەوە. دواجار کاتژمێر ٦:٣٠ی خولەکی ئێوارە، "سەعات سفری" پێشمەرگە بوو هێرشی پێچەوانە دەستی پێکرد. بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە هێرشمان کردە سەر سوپای بەزیو و تا ٣ کیلۆمەتر بەرەو ئاراستەی ناحیەی نەوجول ڕاوەدوومان نان.
لە هەردوو بەرەی لفتی ئاغا و چەوری، دەسکەوتێکی زۆر کەوتە دەست پێشمەرگە، لەوانە:
• دوو ئۆتۆمبێل و بلدۆزەرێک (کە هاوڕێ بەکری مام عەباس بلدۆزەرەکەی هێنایەوە بۆ ناو گوندی لفتی ئاغا).
• ئۆتۆمبیلەکە عەدنان دیسکۆ موستەشاری فەوجی خەفیفە لە ئاوایی چەوری گیرا، کە پڕبوو لە قاز و قەل و گوێرەکەی دزراوی خەڵک.
• چەندین هاوەن و پارچە چەکی جۆراوجۆر.
لەم شەڕەدا، تەنیا هاوڕێ هێرش لەکاتی هێرشبردنمان بۆ سەر تانکێکی دووژمن بەهۆی گڕی دواوەی ئاربیجییەکەی خۆیەوە قاچێکی سوتا، بەڵام بەو برینەشیەوە بەردەوام بوو لە هێرشبردن. خەڵکی ناوچەکەو هێزی بەرگری میللیش بە نان و هێلکە و ئاوەوە هاتبونە هانای پێشمەرگە، کە لە بەیانییەوە بە یەک زەمزەمیە ئاوەوە لە ژێر تۆپباراندا مابوونەوە.
هەر لەو ڕۆژەدا (٨ / ٤ / ١٩٨٨) لە میحوەرەکانی تریش جەنگ بەردەوام بوو:
• لە بەرەی گوندی تاڵاو: ەوە هێزێکی هاوبەشی حزب و یەکێتی لە بناری گڵەوە چوونە هانای گوندەکە و دوژمنیان تێکشکاند. لەم ڕووبەڕووبونەوە قارەمانانەیەدا بەداخەوە (ئەسکەندەری مەلابراهیم) پێشمەرگەی یەکێتی شەهید بوو و (هاوڕێ حەمەسۆفی) پێشمەرگەی بەتالیۆنی ٤ی حزبمان حزبی شیوعی بریندار بوو.
• لە بەرەی توکن و عەزیزقادر: ەوە برادەرانی یەکێتی ڕووبەڕووی ئەو هێزەی دوژمن بوونەوە کە لە کفری و سەرقەڵاوە هاتبوون و تا درەنگانی ئێوارە لە شەڕێکی سەختدا بوون.
