
۱
قسەکردن لەسەر جل و بەرگ و پۆشاک پۆشین پرسێکی هەڕەمەکی نییە. پۆشاک خۆی لە خۆیدا گوزارشتە لەو مانا قووڵەی لەناو هونەر و وردەکاری و شێوە و ڕەنگ و تەقەڵ و داو و دەزووەکانیدا بەرجەستە بووە. بێ سەلیقەیی لە پۆشینی پۆشاک لە هەر کۆمەڵگەیەکدا، گوزارشتە لە نەبوونی کولتووری ناسینی جەستە.
پۆشاک و ڕێکپۆشی، زۆر لەوە زیاترە کە تەنیا جەستە داپۆشێت، بگرە خۆی گەورەترین سەرمایەی سەمبوولی مرۆڤە. هەر پۆشاکێک دەیپۆشین، ئاماژەیە بۆ سیستەمێک لە بەها و ناسنامەی کولتوورێک. پۆشاک وەک مرۆ، خاوەنی یادەوەرییەکی زیندووە، ئەو دەدوێت، لەگەڵ ئێمە و ئەوانیتریش قسە دەکات. هەڵگری دیسکۆرسێکی هێمایی تێکهەڵکێشراوی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و ئایینی و نەتەوەیی و ناوچەییە. واتە پۆشاک ئاماژەیە بۆ سیستەمێکی هزری و ئاکاریی، ئاوێنەیەکە بۆ واقیعێکی کۆمەڵایەتیی، وێنەیەکە بۆ دۆخێکی کولتووری و ئایینی، ڕەنگدانەوەی دۆخێکی ڕامیاری دیاریکراوە. هیچ شتێک لە پۆشاکدا (بێ مەبەست) نییە، هەموو وردەکارییەک لە هەر پۆشاکێکدا، لێکدانەوەیەکی قووڵ و شاراوە هەڵدەگرێت. هەر لە (ڕەنگ و شێوە و قەبارە)و گشت ئەو دەلالەتە ئەرێنی و نەرێنییانەی کە پۆشاکێک هەڵیدەگرێت، لەلایەن کۆمەڵگەوە قۆناغ بە قۆناغ، بەپێی هۆشیاریی گشتیی ڕامیاری و کولتووری و ئایینی شێوە دەگرن. هەر پۆشاکێک ئایدۆلۆژیایەکی خەوتوو یا بەخەبەرهاتووی لەئامێز گرتووە، هیچ شتێک لەوەی دەیپۆشین بێلایەن نییە و هەمی سەمبوولییەتی خۆی هەیە و گوزارشتە لە شتێک. هەموو وڵاتێک، جا لەمپەڕی زەوی یا لەوپەڕیدا بێت، مێژووی خۆی بە بەهای جلوبەرگی هاووڵاتیانییەوە گرێ دەدات.
ئیبن خەلدوون، کۆمەڵناسی توونسی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە سنووری نەتەوەی ئەمازیغییەکان دبێژێت: «سنووری ئەمازیغ لەو شوێنەوە دەست پێدەکات کە خەڵکی تێیدا (کۆسۆس) دەخۆن و لەوشوێنەدا کۆتایی دێت کە خەڵکی سەریان دەتاشن و (بەرنووس) دەپۆشن». لەم وتەیەدا، (ئیبن خەلدوون) بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە چۆن شوناس تا ئاستێکی فراوان، لەگەڵ ستایل و هونەری پۆشاکی مرۆڤەکاندا یەکدەگرێتەوە.
پۆشاک بەشێکە لە یادەوەریی نەتەوە، ناسنامەی گەلان لە شێوازی پۆشاکەکانیاندا دەردەکەوێت و ون دەبێت. بۆ هەر وەرزێک پۆشاکێک و بۆ هەر بۆنەیەکیش ڕێکپۆشییەک هەیە، تەنانەت پۆشاکی مردووانیش لە کفنێکی سادەوە تا ئاوریشم و جلی فەرمی لە نێوان کولتووری نەتەوەکاندا هەمەجۆر و جیاوازە، ڕێک وەک چۆن پۆشاکی زیندووەکانیان جیاوازە، مۆرفۆلۆژیای پۆشاکی مرۆیی بەم شێوەیە خۆی نمایش دەکات.
تابلۆ هونەریی و دەقە ئەدەبییە جیهانییەکان، وردترین وردەکاری و وەسفی پۆشاکیان لە ڕێگەی ڕەنگ و شێوە و گێڕانەوە جیاوازەکانی کولتوورە هەمەجۆرەکانەوە بۆ گێڕاوینەتەوە وەک لە ڕۆمانەکانی: (بێ نەوایان)ی ڤیکتۆر هۆگۆ، (جەنگ و ئاشتی)ی لیۆ تۆلستۆی، (مادام بۆڤاری)ی گۆستاڤ فلۆبێر...هتد دەبینرێت.
هونەر و ئەدەبێک کە بایەخ بە شارستانێتیی بینین و چاو نەدات، گرنگیی بە وردەکارییەکانی پۆشاک و نهێنییەکانی نەدا، یا سەرنج لە وردەکارییەکانی تەلارسازی و بۆنی عەتر و عەتار و بەهارات نەدات، ئەم هونەرە نە شێوەکارییە و نە گێڕانەوەیە، بێجگە لە داهێنانێکی کەمبین و نابینا هیچی دیکە نییە.
۲
تێکەڵاوبوون لە نێوان گەلان و ئایینەکان و کولتوورەکاندا بە درێژایی گەشەی مێژووی شارستانییەتەکان هەبووە دەبێت، لێ بە جۆرێک لە هێمنی و لەسەرخۆیی بەرەو پێش دەچێت و جێگیر دەبێت. بەڵام ئەمڕۆ، سەرمایەداریی دڕندەی کۆمپانیا فرەنەتەوەکان، زەوقی خۆی لە پۆشاکدا بەسەر هەموواندا دەسەپێنێت، بەسەر لیبراڵ و ئیسلامی و عەلمانی و بێدیندا.
چاوی سەرمایەداریی پۆشاک بەپێی خستنەڕوو و داواکاری دەبڕێت. مارکێتینی (زەوق) هیچ شتێکی مەبەست نییە جگە لە بیرکردنەوە لە گیرفان و چەکی دارایی و باڵانسی هەژماری بانکی. کۆمپانیا گەورەکان لە بواری مۆدەی جیهانیدا، چاو لە هیچ شتێک ناپۆشن مەگەر وەبەرهێنانی تێدا بکەن، تاقە شتێک کە لایان گرنگ بێت قازانجە. لە دیدی ئەوانەوە، هەمی شت ڕەسیدە و جەستەش پانتایی وەبەرهێنانە.
هاوتەریب لەگەڵ سەرکەوتنی ئیسلامی سیاسی و لەبەرامبەریشدا ڕووخانی دیواری بەرلین و هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت، گەورە کۆمپانیاکانی بەکاربردنی خۆراک و هاوردەکاری ئەورووپی و ئەمەریکی دەرکەوتن و وەبەرهێنانیان لەسەر (دوانەی حەڵاڵ و حەرام) کرد، لێرەوە بەدواوە (ماکەرۆنی حەڵاڵ، گۆشتی حەڵاڵ، ڕۆنی حەڵاڵ، سابوونی حەڵاڵ، عەتری حەڵاڵ، بیرەی حەڵاڵ) و هاوشێوەکانیان بۆ بەرهێناین! بازاڕگەری تێگەیشت لەوەی، تەنیا ئەوە بەسە لەسەر بەرگی کاڵایەک بنووسێت حەڵاڵ، بۆ ئەوەی کڕیارێکی دیاریکراو ڕاو بکەیت. ئیدی ئەم مۆدەی (حەڵاڵ)ە چووە ناو هەموو شتێکەوە، نەک لەبەر خۆشەویستی و ڕێزگرتن لە هەست و کولتوور و تایبەتمەندیی موسڵمانە باوەڕدارەکان، بەڵکوو بۆ حەپەلووش کردنی پارەکانیان بە شێوازێکی تر. هەموو شتێک مۆری (حەڵاڵ)ی لێدرا، لە هێلکەوە تا پە پەنیر و گۆشت. تەنانەت بۆ یاریی منداڵانیش، لە بووکەڵەی کچان پۆشاکی حەڵاڵیان دروست کرد، بووکەڵەی (باربی) حەڵاڵیان داهێنا، یەکێک بۆ کچانی موسڵمان و یەکێک بۆ کچانی ناموسڵمان!.
۳
ئەمڕۆ لە بابەتی پۆشاک و ڕێکپۆشیدا، لای ئێمە هەرچی دەپۆشرێت نامۆیە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ونبوونی ناسنامە و گۆڕینی کەسایەتی کورد، نیشانەیەکە بۆ تەنگژەیەکی هزری و کولتووری و ئایینی و ڕامیاری. پۆشاکی ئێستای ژنان و پیاوان پێمان دەڵێت: ئەمە سەردەمی تێکەڵبوونی وەرزەکان، تێکەڵبوونی هەستەکان، ونبوونی ئاسۆ، تەنگژەی کولتووری ئێمەیە لە تێگەیشتن لە جەستە.
ئەمڕۆ، سەرنج بدە خەڵقی چی دەپۆشن و چی لەپێ دەکەن، ژنان و پیاوان؟ هەرکاتێک سەیری پۆشاکی ڕێبوارانی بەردەمم دەکەم لەسەر شەقام، زانکۆ، پاس، فەرمانگە، هەمووان، یا زۆربەی هەرە زۆریان، هەستی جوانی و زەوقی شارستانییان لەدەستداوە.
خەڵکی لە نێر و مێ چی دەپۆشن؟ پیاسە بکە لە کایەی گشتییدا، لە بازاڕی میللییەوە تا زانکۆ، لە مزگەوت و بازاڕ و چایخانە و چێشتخانە و پاس و نەخۆشخانە و مەیدانە گشتییەکاندا. لە حەوت ڕۆژی هەفتەکەدا، لە زستانەوە تا هاوین، بە ناو بەهار و پاییزدا بڕۆ، تەنیا دیمەنی نابووت دەبینیت، کە ئاماژەن بۆ مرۆڤگەلێک لە دۆخی بێچارەییدا، لە کاتێکدا ئەوان بێچارە و نەدار نین، هەژار و دەستکورت نین. بەیانیان یەکێکیان دەبینیت کاتێک دەیەوێت بچێتە سەر کارەکەی، پۆشاکێکی لەبەردایە، لە بەیانییەوە تا ئێوارە بەو پۆشاکەوە دەڕوات، لە سەر کار، بازاڕ، وەرشە، ماڵ، مزگەوت، چایخانە! بۆی گرنگ نییە!.
مرۆڤی ئێمە پێشووتر بە ڕێکپۆشییەکەی دەناسرایەوە، پۆشاکی ئوتووکراو، یەکێکی هەبوو بۆ سەر کار، دانەیەکی تر بۆ ماڵەوە، یەکێکی تر بۆ بۆنەکان. ئەمەش هەرگیز بەڵگەی دەوڵەمەندی نەبوو، بەڵکوو وێنەی مرۆڤێکی شارستانی بوو کە ڕێزی لە هاوڵاتیبوون دەگرت و بەهای بۆ فەزای گشتی دادەنا، ئەو لە پێڵاوە بۆ یاغکراوەکەیەوە، لە جلووبەرگە ئوتوکراوەکەیەوە، لە دەموچاوە تاشراوەکەیەوە، هەمی خاوێن و جوان بوو. بەڵام گشت ئەو ڕەفتارانە ئاوابوون لەگەڵ هاتنی ئەو ئایدۆلۆژیا نامۆیانەی کە لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە بەسەرماندا سەپاندیان، چ ئایدۆلۆژیای ئایینی-سیاسی بێت یا سەرمایەداریی بەکاربەری دڕندە.
بنۆڕە حەوت ڕۆژ لە هەفتەیەکدا، لە بەیانییەوە تا ئێوارە، پیاوێک دەبینیت کە لە فەرمانگەیەکی کارگێڕی دێتە دەرەوە، یا لە کار دەگەڕێتەوە ، یا دەچێتە پرسەیەک، یا دەچێتە بۆنەیەک یەک پۆشاکی پۆشیوە کە چڵک و پەڵەی ڕۆنی پێوەیە، پۆشاکێک کە هەرگیز ناگۆڕێت! پێوەی دەخەوێت و کاریشی پێوە دەکات! ئەمە نیشانەی هەژاری نییە، چونکە بابەتەکە پەیوەندی بە داهاتەوە نییە، بەڵکوو بەستراوە بە سەلیقە و ڕەفتاری جوان ویستی شارستانییەوە. پۆشاکێک پێشووتر تەنیا لە بۆنەکاندا دەپۆشرا و هەیبەت و ڕێزێکی دەبەخشی، بەڵام ئەمڕۆ بووەتە پۆشاکی هەفتە و مانگ و گشت وەرزەکان، بووەتە پۆشاکی سەر کار و سەردانیکردن و خەوتن.
یا بڕوانە ئەم کچە بێژەرانەی بە ماکیاژێکی تۆخ و زەقەوە لەسەر شاشەی کەناڵێکی کوردی ڕووبەڕووی بینەران دەبێتەوە، بە شێوازی تورکی باڵاپۆشە، ڕێک بەو شێوازەی خێزانی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، بێ ئەوەی هۆشیار بێت بە ناسنامەی خۆی و بە سەمبوولییەتی ئەوەی پۆشیوێتی و ئەو پەیامەی کە دەیگەیەنێت.
پۆشاک چ پیاوانە بێت یان ژنان، پەیامێکی ڕامیاری و ئایدۆلۆژی و کولتوورییە. پۆشاک فەزیلەتێکی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییە کە دەبێت ببەسترێتەوە بە نیشتمان و بە ناسنامەی ڕۆڵەکانییەوە.
٤
لەبەر ئەوەی پۆشاک بووەتە گۆڕەپانی ململانێیەکی سیاسیی توند، تەیاری ئیسلامی سیاسی دەستی کردووە بە فتوحاتێکی ئایدۆلۆژیی نوێی سەرنجڕاکێش، ئەمەش خۆی لە هەڵمەتێکی بەکۆمەڵدا دەبینێتەوە بۆ باڵاپۆشکردن (حیجاب)ی کچان بەتایبەتی لە زانکۆکانی ئێمەدا. (ئەمە لە دامەزراوەیەکی زانستیدا ڕوودەدات کە بڕیارە بەدوور بێت لە ئایدۆلۆژیا) ئەمە بە جۆرێک ڕوودەدات چما ئەم خوێندکارە کچانە پێش باڵاپۆشبوونیان لە سەردەمی جاهیلییەتدا ژیاون!
نها بە ناوی ئەم ئایدۆلۆژیا ڕەشەوە، بە بەهانەی پاراستنی ئیمان و تەقوای پیاو، دەنگی مەلا و بانگخوازی ئایینیی نامۆ بەرز دەبێتەوە بۆ حەرامکردنی عەتر لە خانمان لە کایەی گشتیدا، گوایە ئەو خانمەی عەتر لە خۆی دەدات و دەچێتە سەر کار، یا بە شەقامێکدا تێپەڕ دەبێت، یا سواری پاس دەبێت، یا دەچێتە زانکۆ، بەرجەستەبوونی تەشەبووسە! چونکە ئەو غەریزەی پیاوی عابید و ئیماندار دەورووژێنێت!.
یا بنۆڕە هەندێک لە پیاوانی کورد لە مانگی ڕەمەزاندا، کتوپڕ شێوازی پۆشینیان دەبێتە عارەبی و سعوودی، لە ڕواڵەتدا دەبێتە پیاوێکی بەدەوی، چونکە بە ساویلەکەیی پێیوایە پۆشینی دشداشە و ئەو جۆرە جلانە دەیکاتە موسڵمانێکی پلە یەک و ڕەنگە لە خودای گەورە نزیکتری بکاتەوە! ئەو وادەزانێت گەیشتن بەم پلە ئایینییانە بە جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی و جلوبەرگی دیکەوە بەدی نایەت و ناتوانێ بە شەرواڵ و کورتەک و چۆغەوە عیبادەت بکات.
له لایەکی دیكەوە، جلوبەرگی ژن و کچی کوردییشیان فەرامۆش كردووە و بە تەواوی كردوویانە بە تورکی و سعوودی، کچانی ئێمە خەماری تورکی دەکڕن و بە شێوازی ئەستەنبۆڵی لە دەوری ملیان دەبەستن و عەبا و حیجابی ڕەشی هاوردەکراوی بیانی بووەتە باوترین پۆشاکیان.
لەم ئاڵنگارییە کولتوورییەی کە بەرۆکی پۆشاکی گرتووە، تەنیا تەوژمە ئایینیە توندڕەوەکان نین کە هۆکارن، بەڵکوو لەوبەریشەوە، بە ناوی شارستانێتیی ڕۆژئاوا، مۆدێل و فاشیۆنەوە ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕن لە دەستکاریکردنی زەوق و شێوازی پۆشینمان.
تەنیا بە تێڕامانێک لەو وێنە کۆنانەی ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستاودەست دەکرێن، بەسە بۆ ئەوەی بزانین مۆدە و بێگانەپەرستی چ دابڕانێکی قووڵ و چ جیاوازییەکی ترسناکی خستووتە نێوان ئێمە و باووباپیرانمانەوە لە شوناسی پۆشاکماندا.
بەداخەوە نها ڕۆژ لەدوای ڕۆژ، تاکی ئێمە لە (من)ی ڕەسەنی خۆی دوور دەکەوێتەوە، تا ببێت بە پاشکۆ و غەریبە. ڕقی لە بەرگی خۆیەتی و ئاشقی پۆشاکی بێگانەیە. ئەمەش نیشانەی ئاوەژووبوونەوەی شوناسی پۆشاکیمانە.
ئاراس سەعید
11ی تەمووزی 2026
