
مژدە علی:(نوسەرو مامۆستا)
گومانی تێدا نییە دیاردەی دووئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە قورسترین و ئاڵۆزترین ئەو میراتە سیاسی و مێژووییانەی کە لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ەوە ڕووبەڕووی قەوارەی سیاسیی هەرێم بووەتەوە. ڕەگی ئەم دابەشبوونە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نەمانی متمانەی سیاسی و تەقینەوەی شەڕی ناوخۆ لە ساڵی ١٩٩٤دا، کە دەرەنجام لە ساڵی ١٩٩٦دا بە کرداری جوگرافیای هەرێمی کردە دوو کەرتی جیاواز؛ ئیدارەی هەولێر لەژێر هەژموونی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئیدارەی سلێمانی لەژێر هەژموونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا. گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکان، ململانێ لەسەر سەرچاوەکانی داهات و گومرگەکان، و دەستێوەردانی دەرەکی، هۆکاری سەرەکی بوون لە قووڵکردنەوەی ئەم درزەدا. هەرچەندە لە ساڵی ٢٠٠٦دا پڕۆسەی یەکگرتنەوەی ڕواڵەتی و فەرمی لە کابینەی پێنجەمدا ڕاگەیەندرا، بەڵام قۆرخکاریی حیزبی بەسەر دامەزراوە ئەمنی، دارایی و کارگێڕییەکاندا، هێشتا وەک شوێنەوارێکی زیندوو لەژێر ناوی (زۆنی زەرد و زۆنی سەوز)دا پارێزگاری لە مانەوەی ئەم دابەشبوونە واقیعییە دەکات.
بێگومان ئەم دوو ئیدارەییە زەبرێکی کوشندەی لە جومگە بنەڕەتییەکانی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دا، کە کاریگەرییەکانی تا پێش ئێستاش بەردەوامن
چونکە:گەورەترین زەبر لە چەمکی دەوڵەتداریی نیشتمانی درا. گەنجان لەبری ئەوەی هەست بە لایەنگیری بۆ چەمکی نیشتمان بکەن، لەسەر بنەمای جوگرافیای حیزبی (زۆنی سەوز و زەرد) دابەش بوون، ئەمەش کۆمەڵگەی تووشی جۆرێک لە شەقبوونی دەروونی و کۆمەڵایەتی کرد.
هەروەهانەبوونی یەکگرتوویی لە داهات و هێزی کاردا، ڕێگر بوو لە دروستبوونی ئابوورییەکی بەهێز. وەبەرهێنانی بیانی و ناوخۆیی زۆرجار کەوتە ژێر کاریگەریی دڵنیایی سیاسی و ئەمنیی زۆنەکان، ئەمەش بووە هۆی پەرەپێدانی ناهاوسەنگ لە نێوان شارەکاندا.
خاڵێکی تردەسەڵاتی دادوەری و دادگاکان ڕاستەوخۆ کەوتنە ژێر کاریگەریی هێزە چەکدارەکان و نفوزی سیاسیی زۆنەکان، بە شێوەیەک کە جێبەجێکردنی یاسا لە زۆنێکدا نەدەگەیشتە زۆنەکەی تر ئەگەر کەیسی سیاسی با یان پشتگیریی حیزبی هەبایە.
بێگومان، نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی کارا، هۆشیار و خاوەن ستراتیژ، یەکێکە لە گەورەترین ئەو هۆکارانەی کە نەک هەر ڕێگەی لە بەردەوامیی دووئیدارەیی نەگرت، بەڵکو دۆخەکەی بەرەو قووڵبوونەوەی زیاتر برد.
لە کایەی سیاسیدا، ئۆپۆزسیۆن وەک ڕاگر و هاوسەنگکەری تەرازووی دەسەڵات سەیر دەکرێت، بەڵام لە ئەزموونی هەرێمی کوردستاندا، ئەم هێزانە بەهۆی چەند هۆکارێکی بونیادی و باری سەرنجەوە نەیانتوانی ئەو ڕۆڵە ببینن:
گەورەترین پاشەکشەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان (چ ئەوانەی پێشتر دەرکەوتن و چ ئەوانەی ئێستا هەن) ئەوە بوو کە نەیانتوانی ببنە هێزێکی نیشتمانیی سەرتاسەری کە لە زاخۆوە تا خانەقین نفوزی هەبێت. زۆربەی ئەم هێزانە لەناو سنووری یەکێک لە ئیدارەکاندا (بەتایبەت ئیدارەی سلێمانی) چڕبوونەوە و نەیانتوانی بە هەمان قورسایی کێبڕکێ لە زۆنی بەرامبەردا بکەن. ئەمەش وایکرد کە لەبری تێکدانی هاوسەنگیی دووئیدارەیی، خۆیان بنەماکانی دابەشبوونەکە قووڵتر بکەنەوە و ببنە هێزێکی ناوچەیی تر.
گۆڕینی ململانێ لە سیستمی سیاسی یەوە بۆ ململانێی شەخسی ئەمە هەڵەیەکی باو و کوشندە
ئۆپۆزسیۆنی کارا کار لەسەر گۆڕینی بنەماکانی سیستمی حوکمڕانی دەکات (وەک جیاکردنەوەی حیزب لە حکومەت و سوپا)، بەڵام ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان زۆرجار کەوتە داوی ململانێی ڕووکەش و میدیایی، یان شەڕی دەستکەوتی سیاسیی کاتی و کورسیی پەرلەمان. کاتێک گوتاری ئۆپۆزسیۆن لە چاکسازیی بنەڕەتییەوە کورتکرایەوە بۆ دروشمی پۆپۆلیستی، متمانەی جەماوەری کەمبووەوە و دەسەڵاتیش پێگەی خۆی پاراست.
خێرا توانەوە لەناو جومگەکانی دەسەڵاتدا
یەکێک لە زەبەرە گەورەکان کە نائومێدییەکی قووڵی لای هاوڵاتیان دروستکرد، پەرۆشیی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بوو بۆ بەشداریکردن لە کابینەکانی حکومەتدا بەبێ ئەوەی گەرەنتیی ڕاستەقینە بۆ یەکخستنەوەی ئیدارەکان یان داماڵینی دەسەڵاتی حیزب لە هێزە چەکدارەکان وەربگرن. ئەم پەلەکردنە لە هاوبەشیکردنی دەسەڵات، بزووتنەوە ڕەخنەییەکانی خاڵی کردەوە لە ناوەڕۆک و وایکرد خەڵک وا هەست بکەن کە جیاوازییەکی ڕیشەیی لە نێوان کارەکتەرە سیاسییەکاندا نییە.
بێگومان خوينەری هێژا لە سیستمێکدا کە پایەکانی دەسەڵات لەسەر هێزی چەکدار و پارە ڕاوەستابێت، ئۆپۆزسیۆنی مەدەنی و پەرلەمانی هەمیشە لەبەردەم سنووردارکردنی تونددایە. لایەنە دەسەڵاتدارەکان توانای ئەوەیان هەبوو (و هەیە) لە ڕێگەی فشارە دارایی و ئەمنییەکانەوە، یان لە ڕێگەی کڕینی لایەنگران و سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە، کاریگەریی هەر بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی لاواز بکەن.
هەڵبەت بێدەنگ بوونی کۆمەڵگەش هەم دەرەنجامی سەرکوتی مێژووییە و هەم بەشێکیشە لە هۆکاری بەردەوامیی دۆخەکە یە. چونکەزۆرینەی ڕەهای خەڵکی کوردستان سەرچاوەی بژێوی و مووچەکەیان بەستراوەتەوە بە حکومەت و دامەزراوەکانەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی حیزبەکان دان. ئەم وابەستەییە دارایییە وەک ئامرازێکی گوشار بەکارهاتووە؛ هاوڵاتی ترسی ئەوەی هەیە ئەگەر دەنگ هەڵبڕێت، بژێوی ژیانی لەدەست بدات.
بۆیە دوای چەندین ساڵ لە تاقیکردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن و گۆڕینی لایەنەکان، کۆمەڵگە گەیشتە ئەو باوەڕەی کە سندوقەکانی دەنگدان ناتوانن هاوسەنگیی ڕاستەقینەی هێزە چەکدار و داراییەکان بگۆڕن. چونکە لەوەشدا. پاوانکاری. دەکراو پارسەنگی هیز بەلای خۆیاندا دەشکاندەوە ،ئەم نائومێدییە وایکرد خەڵک لەبری خەباتی بە کۆمەڵ، پەنا ببەنە بەر چارەسەری تاکەکەسی وەک کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات کە زۆریک لە گەنجانی ولات بەهۆی بێکاری نەبوونی بژێوی ژیان ئەو ڕێگەیان گرتە بەر بە ئیستەشەوە
زۆر گرفتی دی…هتد
.
هەڵبەت لەو نيوەندەشدامیدیای سێبەر و حیزبی توانیویەتی کۆمەڵگە لە ڕێگەی ململانێی لاوەکی و شەڕی میدیاییەوە سەرقاڵ بکات، بە شێوەیەک کە توڕەیی ڕاستەقینەی
یەکێکی تر لەو هۆکارانەی کە وێنای تاکڕەوی لە بڕیارداندا قووڵتر دەکاتەوە، جیاوازیی ڕیشەیی هاوپەیمانێتییە هەرێمییەکانی نێوان جەمسەرەکانی دەسەڵاتە لە کوردستان. سەربەخۆیی پارتی لە دروستکردنی پەیوەندیی ئابووری و سیاسیی ستراتیژی لەگەڵ هەندێک هێزی هەرێمیدا (بەتایبەت لە دۆسیەی نەوت و وزەدا)، زۆرجار وەک بڕیارێکی حیزبی سەیر کراوە کە بازنەی نیشتمانی تێپەڕاندووە. ئەم دابەشبوونە هێندە قووڵە کە هەر زۆنێک بە جیا بڕیاری سیاسی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەدات، ئەمەش وایکردووە کە بڕیارە نیشتمانییەکان قورسایی خۆیان لەدەست بدەن.
کاتێک ململانێی سیاسی لە نێوان دروشمی سەپاندنی زۆرینە" و پاراستنی هاوسەنگیی زۆنەکان کورت دەبێتەوە، پرۆسەی دەوڵەتداری و دامەزراوەیی پاشەکشە دەکات. ڕەفتاری تاکڕەوانە لە بڕیارداندا لە لایەک، و پەنابردنی لایەنی بەرامبەر بۆ بایکۆت یان پشتبەستن بە بەغدا لە لایەکی ترەوە، تەنها هێندەی تر پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان لاواز دەکات.
مێژووی هاوچەرخی ناوچەکە دەریخستووە کە لە کۆمەڵگە فرەیی و دابەشبووەکانی وەک کوردستاندا، هیچ مۆدێلێکی حوکمڕانی سەرکەوتوو نابێت ئەگەر لەسەر بنەمای سازانی نیشتمانیی ڕاستەقینە و هاوبەشیی پێکهاتەیی لە بڕیاردا بونیاد دەنرێت؛ چونکە تەنها پشتبەستن بە زۆرینەی ژمارەیی، بەبێ ڕەچاوکردنی واقیعی هێز لەسەر زەمین، کۆتاییەکەی قووڵبوونەوەی زیاتری درزی دووئیدارەیی دەبێت.
