بەڕوونی
میتودی مارکس لە نووسینی سەرمایە
بەشی شەشەم
ڕەنگدانەوەی شارەزایی قوڵ لە بواری ئەدەب و هونەردا لە نووسینی کتێبی (سەرمایە) شەشەمین خاڵی میتۆدییە، کە لە خوێندنەوەی (سەرمایەدا) دەردەکەوێت.
هەرچەندە (سەرمایە) بەبابەتی توێژینەوەی ئابووری دادەنرێت، بەڵام لە خوێندنەوەی وردی سەرمایەدا چەندین نموونە لە شاکارە ئەدەبییەکانی گەورە نووسەران بەرچاو دەکەوێت، کە مارکس بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتێکی ئابووری سیاسی بەکاریهێناوە.
لە پێشەکی چاپی ئەڵمانی ( سەرمایە) مارکس نووسیویەتی:
(ئەم چیرۆکە باسی تۆ دەکات)، ئەم ڕستەیەش لە کتێبی شاعیری ڕۆمانی (هوراس) ( ٦٥-٨ پ.ز ) هاتووە.
مەبەستی مارکس لەم ڕستەیە ئەوەیە، کە بە خوێنەری ئەڵمانیا بڵێ بەبێ بایە شانت مەجوڵێنە و مەڵێ ئەوەی تۆ باسی دەکەیت پەیوەندی بە ڕەوشی پیشەسازی و کرێکاری ئینگلیزییەوە هەیە و لای ئێمە ڕەوشەکەوا خراپ نییە.
لێرەدا مارکس دەیەوێت خاڵێکی ئابووری گرنگ بگەیەنێتە مەسەلەکان، کە تەنیا پەیوەندی بەکزبوون و توندبوونی ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکانەوە نییە، کە لە ئاکامی یاسا سەرەکییەکانی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری دێتەکایەوە، بەڵکو بابەتەکان کە ئەو لە سەرمایە باسی دەکات، پەیوەندی بە خودی شوناسی یاساکانی بەرهەمهێنانی سیستەمی سەرمایەدارییەوە هەیە.
مارکس هەر لەو کاتەوەی لە زانکۆ خوێندکار بووە، بایەخی بەخوێندنەوەی ئەدەب داوە و تەنانەت خۆی هەوڵیداوە دەقی ئەدەبی و شانۆیی بنووسێت و لە ساڵی ١٨٣٩دا درامایەکی شانۆیی نووسیوە و لەساڵی ١٨٣٧دا چیرۆکێکی کۆمیدی بەناوی (دووپشک و فیلیکس) نووسیوە.
مارکس خوێنەرێکی باشی شاکارە ئەدەبییەکان بووە و بەرهەمەکانی شکسپیر زۆر کاریلێکردووە و لە نووسینی (سەرمایە) هەندێ کەسایەتی شانۆگەرییەکانی شکسپیر ڕەنگی داوەتەوە.
لەچەند ساڵی رابردوودا هەندێ لە نووسەرە مارکسیستەکان لەوانە (فالح عەبدولجەبار) لە کۆڕێکدا ئاماژە بە بابەتی دەقە ئەدەبییەکان لە کتێبی (سەرمایە) دەکات.
شکسپیر کارتێکردنی زۆری لەسەر منداڵەکانی مارکس هەبووە.
مارکس لە نامەیەکیدا لە١٠/٤/١٨٥٦دا بۆ ئێنگلز دەنووسێ:
بەردەوام منداڵەكانم شکسپیر دەخوێننەوە، کەسایەتی شانۆگەرییەکانی شکسپیر وایکردووە، مارکس بۆ ڕوونکردنەوەی بۆچوون و چەمکی ئابووری لەسەرمایە بەکاریبهێنێت.
هەر بۆ نموونە: لە كتێبی سەرمایە کەسایەتی جونڤالستاف لە شانۆگەرییەکانی هنری چوارەم ئاماژەیەکە لەلایەن مارکسەوە بۆ بەکارهێنانی ئەو کەسایەتییە وەک سەرمایەیەکی بەرجەستەکراو لەسەردەمی کەڵەکەبوونی سەرەتایی سەرمایە.
بەهەمان شێوە بەشێک لە ئاخافتنەکانی شابلۆك لە شانۆگەری (بازرگانی ڤینیسیا) لە (سەرمایە) بەدی دەکرێت، کاتێک مارکس ئاماژە بۆ کاری منداڵانی تەمەن ( ٨-١٢ ) کە تا کاتێکی درەنگ لە کارگەکاندا بەکاردەهێنرا.
یەکێک لەو ڕووداوانەی کە ئاماژەیە بۆ شارەزایی مارکس لە ئەدەب لە ڕووداوێکدا دەردەکەوێت، کە مارکس لە ساڵی ١٨٦٧ پێش ناردنی بەشی یەکەمی (سەرمایە) بۆ چاپ بە ئێنگلز دەڵیت: کتێبی (شاکارە نەناسراوەکە)ی بلزاک بخوێنەرەوە.
ئەم چیرۆکە باس لە هونەرمەندێکی شێوەکاری مەزن بەناوی (فرینهوفر) دەکات کە لەماوەی دەساڵدا خەریکی (پورتریە)یەکە و پێی وایە شۆڕشێک لە بواری هونەردا ئەنجام دەدات.
کاتێک ئەم شێوەکارە تابلۆکەی پیشانی دوو هاوڕێی خۆی دەدا، هەردووکیان سەریان سووڕ دەمێنێت، کە تابلۆکە بەکارێکی لاواز دادەنێن و پێی دەڵێن بۆ وات کردووە؟
فرینهوڤەر تەماشای تابلۆکەی دەکات و دەڵێ تابلۆکەم هیچ نییە! من دە ساڵ کارم تیاکردووە و لەدواییدا دوای دەرکردنی هاوڕێکانی تابلۆکە دەسوتێنێت و خۆی دەکوژێت.
ئاماژەکردن بەم ڕووداوە، جگە لەوەی کە مارکس خۆی پێی وایە کە کتێبی (سەرمایە) شاکارە، بەڵام بەجۆرێکی گاڵتەئامێز لەوەدەچێت بیەوێت بە ئینگلز بڵێت، من وەکو پاڵەوانی چیرۆکەکەی بلزاک ناکەم، لەو کاتەی منیش دەمەوێت شاکاری خۆم بخەمە ڕوو.
چیرۆکی (شاکارە نەناسراوەکەی) بلزاک کە مارکس بۆ ئینگلز ناردوویەتی بیخوێنێتەوە، کۆمەڵێک لێکدانەوەی دیکەی بۆ دەکرێت.
بۆ نموونە نووسەری ئەمەریکی (مارشال بریمان) ئەو گاڵتەجاڕییەی هاوڕێیانی فرینهوڤەر بە تابلۆکەی دەکەن و پێی دەڵێن تۆ چیت کردووە و ئەمە تەنیا چەند هێڵێکی ڕەنگاوڕەنگی تێکەڵاوە و چۆن تۆ دوای دە ساڵ ئەم کارەت کردووە، کە هیچ مانایەکی نییە؟
بریمان پێی وایە ئەو چیرۆکەی بلزاک ئاماژەیەکی مۆدێرنانەی تێدایە و ئەو تابلۆیە شێوازێک و قوتابخانەیەکی هونەرییە، کە ئێستا پێی دەگوترێ شێوازی داماڵیین (تجرید)، ئەو شێوازە بۆ نەوەیەک لەو كاتەدا لەوانەیە ڕوون نەبێت، بەڵام بۆ دواڕۆژ بابەتێکی نوێ دەبێت.
مارکس نووسینەکانی خۆی بە کۆتا یاسا دانەدەنا، کە بواری پێداچوونەوە و ڕەخنەگرتنی تێدا نەبێت کە ئەم پێداچوونەوەیە یەکێکە لە میتۆدی مارکس لە نووسینی (سەرمایە).
ئەم ئاڕاستەیە لە بیرکردنەوەیە میتۆدێکی بنەڕەتی مارکس و ئینگلزە لەسەرجەم نووسین و بیرکردنەوەی سیاسییان دا، هەر نموونە لە پێشەکی چاپی شەشەمی مانەفێست ئینگلز دەنووسێت کە (بەشێکی زۆر لەم بەیاننامەیە پیر بووە).
مارکس بەردەوام پێداچوونەوەی بە نووسینەکانی خۆی دەکرد و چاوەڕێی ڕەخنەی خوێنەرانی دەکرد.
لە کۆتایی پێشەکی کتێبی (سەرمایە) لە ١٨٦٧ دەنووسێت، کە ئەو خۆشحاڵە بە هەر تێبینییەک پشت بەڕەخنەیەکی زانستی ببەستێت و دیسانەوە بۆ ئەدەب دەگەڕێتەوە، كە ئاماژە بە ڕستەیەکی دانتی کە لە (کۆمیدیای ئیلاهی) بەکارهێناوە دەكات و دەڵێت: بە ڕێگای خۆتدا بڕۆ و واز لە خەڵکی بهێنە چی دەڵێن با بیڵێن.
(فرانسیس وین) یەکێکە لەو نووسەرانەی کە پێی وایە کارل مارکس لە کتێبی سەرمایە شاعیری دیالیکتیکە.
لە ژێر ئەو ناونیشانە نووسەری ناوبراو لە ڕۆژنامەی گاردیان لە ٨ی تەمموزی ٢٠٠٦ وتارێکی بڵاوکردەوە و پێی وایە (سەرمایە) جگە لەوەی شیکردنەوەیەکی ئابوورییە، شاکارێکی ئەدەبی تەواونەکراوە و کۆمەڵێک نموونەی ئەدەبی هونەری تێدایە کە تایبەتە بە میلودرامایەکی سەردەمی ڤیکتوری یان کارەساتێکی گریکی یان کارێکی کۆمێدی جوناتان سویفت، کە ناوبراو نوسەرێکی ئەنگلۆ-ئیرلەندییە.
لە کتێبی سەرمایە کۆمەڵێک (کۆلاجی) ئەدەبی ڕادیکاڵانە بەدی دەکرێت و مارکس لە نووسینی کتێبی (سەرمایە) وەک هونەرمەندێکی لێهاتوو کاریکردووە و پیی وابوو کە کارەکەی (هەمووکەیەکی هونەرییە).
لە نووسینەکانی دا مارکس ڕستەکانی (تیمونی ئەتینا) سەبارەت بە دارایی کە (بنەمای چەوساندنەوەی ڕەگەزی مرۆییە) و ڕستەی سوفوکلیس لە شانۆگەری (ئینتیگۆن) کە دەڵێت: (پارە…پارە، نەفرەتییەکی مرۆڤە و هیچ نەفرەتییەک نایگاتێ) بەکاردەهێنێت.
(فرانسین وین) لە میانەی وتارەکەیدا ئاماژە بە کۆمەڵیک نووسەری مەزن دەکات، کە وتە و دەستەواژەکانیان لە کتێبی سەرمایە بوونی هەیە، لەوانە شکسپیر، گۆتە، میلتون، ڤولتێر، هومر، بلزاک، دانتی، شیلر، سۆفۆکلیس، ئەفڵاتۆن، زینون، سیرفانتس، تۆماس مۆر، جگە لە چیرۆک و ڕۆمانە ڕۆمانسییەکان و گۆرانی و میلۆدراما و شانۆگەرییە کۆمیدییەکان.
دەرئەنجام ڕاستە لەسەرەتای کتێبی (سەرمایە) پێناسەی مارکس وەک فەیلەسوف و ئابووریناس و سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەنووس و سۆسیۆلۆجیست کراوە، بەڵام دەبووایە ئاماژە بەوەش بکرایە لەو پێناسەیەدا، کە مارکس ڕۆشنبیر و ڕەخنەگرێکی مەزنی بواری ئەدەب و هونەر بووە و ئەمەش شوناسی گشتگیرییە لە توانا و وزە و کەسایەتی مارکس.