
کاتێک لە ڕەوشی ئێستای میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان دەڕوانین، بە ڕوونی هەست بە لادانێکی گەورە، بنەڕەتی و مەترسیدار دەکەین لەو ئەرکە نیشتمانی، کولتووری و هزرییەی کە دەبوایە لەسەر شانیان بێت. لەبری ئەوەی ڕاگەیاندن ببێتە پردێک بۆ بونیادنانی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی، پەرەپێدانی ئەقڵی ڕەخنەیی و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی، گۆڕاوە بۆ گۆڕەپانێکی بەرفراوان بۆ پەیڕەوکردنی ڕێبازێکی شۆڤینانەی داپڵۆسێنەر کە بە شێوازێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو کار لەسەر بێدەنگ کردن و تیرۆرکردنی وشەی ڕەسەنی کوردی دەکات. ئەم کارەساتە کولتوورییە کاتێک چڕتر و مەترسیدارتر دەبێتەوە کە دەبینین تەواوی کایەکانی بڵاوکردنەوە، سەکۆ میدیاییەکان، چاپەمەنییەکان و تەنانەت ناوەندەکانی توێژینەوەش داگیرکراون لەلایەن تاقمێکەوە کە تەنیا نوێنەرایەتی بەرژەوەندییە تەسکەکانی هێز و سەرمایە دەکەن و دەیانەوێت پانتایی گشتی بە بیرۆکەی پاشکەوتوانە بارگاوی بکەن، بەمەش جۆرێک لە تاریکی و بێدەنگی بەسەر ئەقڵی کۆمەڵگەدا دەسەپێنن.
ئەم پرۆسەی تیرۆرکردنە تەنیا کوشتنی جەستەیی نووسەران و ڕووناكبیران نییە، بەڵکو تیرۆری واتا، شێواندنی بیر و تێکدانی بنەماکانی زمانی کوردییە وەک گرنگترین ناسنامەی بوونی ئەم گەلە. ئەو زمانەی کە بە درێژایی مێژووی پڕ لە تەوژمی سەرکوتکردن، سایەی پاراستنی ئێمە بووە لە بەرامبەر سڕینەوەدا، ئێستا لەژێر سایەی میدیایەکی بازرگانی، حیزبیی و ملکەچبوودا ڕووبەڕووی داڕمانێکی ناوەکیی گەورە دەبێتەوە. ئەو زمانە پاراو و دەوڵەمەندەی کە دەبوا مەکۆی هزری هەمەلایەن، فەلسەفە، و داهێنانی وێژەیی بێت، ڕۆژانە لەسەر شاشەکان و لەسەر زاری کارەکتەرە دەستکرد و بێباجەکاندا دەشێوێنرێت، بێ ناوەڕۆک دەکرێت و بەهاکەی دادەبەزێنرێت بۆ ئاستی زمانێکی بازاڕیی ڕووکەش. ئەم داڕمانە بە هیچ شێوەیەک ڕێکەوت یان دەرئەنجامی نەزانینێکی سادە نییە، بەڵکو بەشێکە لە ڕێڕەوەیەکی نەبینراوی بەرنامە بۆ داڕێژراو بۆ دوورخستنەوەی تاکی کورد لە واتا بنەڕەتییەکانی بیر، وێژە و ڕەخنە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەک بەرهەم بهێنرێت کە نەتوانێت لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەو باوەڕە وشکەی بۆی کێشراوە، بیر بکاتەوە و تەنیا وەک بەکاربەرێکی گوێڕایەڵ بمێنێتەوە.
له لایهكی ترهوه، گۆڕهپانی بڵاوكردنهوه، نووسین و گهیاندن به تهواوی كهوتووهته ژێر ڕكێف و ههژموونی ههڵگرانی بیری بیابانیزم؛ ئهو هزره ڕهق، وشك و فیز لێدەرەی، كه هیچ پەیوهندییهكی به ژیاندۆستی، جوانی، هۆشیاری، فرەیی کولتووری و مێژووی لێبوردەیی کوردەوارییەوە نییە. ئەم گرووپە، کە بیرکردنەوەی هاوردەکراوی بیابانی و چەقبەستوو بەسەر کۆمەڵگەدا دەسەپێنن، هەوڵدەدەن هەموو جیاوازییەکی بۆچوون ، داهێنانێکی وێژەیی و هەموو جۆرە پرسیارکردنێکی ئەقڵانی ڕەت بکەنەوە. ئەوان بە پشتیوانی دارایی و لۆجستیی بێسنووری دەزگا سێبەرەکان، سەکۆکانی ڕاگەیاندنیان کردووەتە مینبەرێک بۆ بڵاوکردنەوەی ژەهری توندڕەوی، سڕینەوەی بیری ئازاد و بێدەنگ کردنی هەر بانگەوازێکی پێشکەوتوو، کە داوای ڕۆشنگەری و نوێبوونەوە بکات. لەم دۆخە پڕ لە خنکانەدا، پانتایی بۆ داهێنەران، شاعیرانی ڕاستەقینە، فەیلەسوفان و بیرمەندان ئەوەندە تەسک کراوەتەوە کە ناچارن لە گۆشەگیری و پەراوێز خراویدا بژین، لە کاتێکدا کایەی گشتی، هۆڵەکانی چاپ و دەزگاکانی بڵاوکردنەوە بۆ ڕازیبوون بە بیری تاریک و باوەڕی وشکی بیابانی ئامادە دەکرێن و بە پارەی خەیاڵی دەورە دراون.
کارەساتەکە کاتێک ڕیشەییتر و بریندارکەرتر دەبێت کە دەبینین کارەکتەرە سەرەکییەکانی پشت ئەم پرۆژە وێرانکەرە، زۆرجار کێن. ئەوانە لە ڕاستیدا چەتەکانی ڕابردووی جەنگ، تاڵانی و ململانێ ناوخۆییەکانن کە دوێنێ بە چەک و خوێنڕشتن جومگەکانی ژیانیان تێکدەدا، و ئەمڕۆ لە ڕێگەی میدیا، دەزگای سێبەر و ئەو پارە دزراوەی کە لە دەمی خەڵکی برسیەوە گرتوویانەتەوە، درێژە بە هەمان پرۆسەی داگیرکاریی ئەقڵی و سەرکوتکردنی ڕۆشنبیری دەدەن. ئەم گروپانە، بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی ڕەهای سەرچاوە داراییەکان و جومگەکانی بڕیاردانی ڕامیاری و کارگێڕی، توانیویانە تەواوی دەزگا میدیاییەکان بکەنە قەڵایەک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، شاردنەوەی ڕاستییەکان و سپیکردنەوەی مێژووی ڕەش و تاوانکارییان. ئەوان بە باشی لەو ڕاستییە تێگەیشتوون کە هۆشیاریی کۆمەڵگە، زیندووبوونەوەی وشەی ڕەسەن و گەشەکردنی بیری ڕەخنەیی گەورەترین مەترسییە لەسەر مانەوەی تەختی دەسەڵاتیان، بۆیە بە ئاشکرا و پەنهان جەنگێکی بێوچان و چەپەڵ دژی هەر دەقێکی ڕەخنەیی، هەر وشەیەکی ڕاستگۆ و هەر سەکۆیەکی سەربەخۆ ڕادەگەیەنن و هەوڵ دەدەن مانا ڕاستەقینەکانی نووسین بێ بەها بکەن.
ئەم هاوپەیمانییە نەگریس و سێقۆڵییەی نێوان هێزی چەکداری نافەرمی، سەرمایەی قۆرخکار، و پاشکۆکانی بیری هاوردەکراوی بیابانیزم، هێرشێکی گشتگیرە بۆ سەر بنەماکانی گیانی داهێنان و نوێگەری لە کوردستاندا. کاتێک دەزگاکانی بڵاوکردنەوە و چاپەمەنییە گەورەکان تەنیا بۆ پیاهەڵدان بەسەر شکستی دەسەڵاتداران، بڵاوکردنەوەی پەڕتووکی بێ ناوەڕۆک و پەرەپێدانی دواکەوتن تەرخان دەکرێن، وشەی کوردی دەبێتە یەکەمین و گەورەترین قوربانیی ئەم گەمە گڵاوە. لەم بازاڕە شێواوەی کە تێیدا بێدەنگی دە کڕدرێت و هاواری ماف دەکوژرێت، نووسینی بەپێز، داهێنانی زانیاریی و توێژینەوەی بێبنی هزری و فەلسەفی بە تەواوی دەخرێنە دەرەوەی بازنەکە، چونکە نەک هەر هیچ سوودێکی مادی بۆ مافیاکانی ڕاگەیاندن نییە، بەڵکوو پایەکانی دەستبەسەرداگرتنی هۆشی و کۆمەڵایەتی ئەوان بەسەر جەماوەردا دەلەرزێنێت و ڕێگە لە گەمژەکردنی ڕێکخراوی تاکی کورد دەگرێت.
لەژێر تیشکی ئەم بارودۆخە تاڵەدا، بێدەنگیی پێشەنگانی ڕۆشنبیر و دەستەبژێری ڕاستەقینە دەبێتە جۆرێک لە هاوبەشیکردن لە تاوانەکەدا؛ بۆیە، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە مەترسیدارە پێویستی بە گۆڕینی شێوازی ململانێکە هەیە. دەبێت وشە جارێکی تر وەک ئامرازێکی سەرەکیی بەرگری, ڕۆشنگەری و هۆشیارکردنەوە پێناسە بکرێتەوە. ئەرکی مێژوویی و ئاکاریی نووسەران، ئەدیبان و ڕۆشنبیرانی ڕەسەن و دڵسۆزە کە چیتر ڕێگە نەدەن مێژوو، بیر و زمانی ئەم گەلە لەلایەن کۆنەپەرستان، بازرگانانی جەنگ و میراتگرانی تاڵانییەوە پەلکێش بکرێت و مێژوویەکی شێوێندراومان بەسەردا بسەپێنرێت. هاوارکردن لە دژی ئەم تیرۆرە ڕۆشنبیری و میدیاییە ڕێکخراوە و هەوڵدان بۆ بونیادنانی کایەی سەربەخۆ، ڕەسەن و نوێخواز بۆ داهێنان، تەنیا ئەرکێکی وێژەیی سادە نییە، بەڵکوو جەنگێکی مێژووییە بۆ بەرگریکردن لە زمانی دایک، شوناسی نەتەوەیی و پاراستنی مرۆڤی کورد وەک زیندەوەرێکی ئازاد، خاوەن دیدی ڕەخنەیی و شکۆ لەسەر خاکی خۆی، دوور لە ژێردەستەیی هزریی و کۆیلایەتیی نوێی ڕاگەیاندن.
