هۆشیاری عەبدولعەزیز

لە ماوەی دوو سەدەی رابردوودا و بەدیاریكراوی لە دوای شۆرشی پیشەسازی پرسی شكۆ و كەرامەتی مرۆڤ لە بەهای پەیوەندیە كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریەكاندا سەری هەڵدا و وەك بابەتێكی جەوهەری لە بازنەی لێكدانەوەكانی ماركسدا ڕەنگیدایەوە ، چونكە ماركس بە قوڵبوونەوەو تێگەیشتن لە فەلسەفەی كلاسیكی ئەڵمانی و ئابوری سیاسی كلاسیكی ئینگلیزی و سۆسیایزمی فەرەنسی گەیشتە ئەو یەقینەی كە مرۆڤ لە بەرامبەر دیاردەكانی وەك كۆیلایەتی، دەرەبەگایەتی و سێستەمی سەرمایەداریدا  شتێكی وای بۆ نەگەڕاوەتەوە و نەیتوانیوە لە بەرانبەر ماف و داخوازیەكانیدا شكۆ و كەرامەتی بپاریزرێ ، لەم تێگیشتنەوەیە كە ماركس پێیوایە شكۆ و كەرامەتی مرۆڤ بەهایەكی حاشاهەڵنەگری هەیە و لە چوارچێوەی پەیوەندی مرۆڤ بە مرۆڤەكانی تر و بە دەوروبەریەوە شایانی رێزە و ناكرێ پەراوێزبخرێ ، واتا كاتێك شكۆ و كەرامەتی مرۆڤێك پێشێل دەكرێت كۆمەڵگایەك دەكەوێتە ژێر هەڕەشە و مەترسیەكی جدی و ڕووبڕووی توندتیژی و هەڵاواردن و زۆرداری دەبێتەوە و ناچار دەكرێ بە ملكەچی و ژێردەستەیی و چەوساندنەوە، بەمەرجێ پاراستنی شكۆ و كە‌رامە‌تی مرۆڤ بە‌ یە‌كێك لە‌ بەها گەورەكانی مافە‌كانی مرۆڤ دادە‌نرێت و گرێدراوە بەمافی ئازادیی تاكەكەسی و نیشتەجێبوون و كار و خزمەتگوزاری گشتی و ژیانی شایستەوە و بەبێ ئەوانە شكۆ و كەرامەتی مرۆڤ لەكەدارو تێكشكاوە 

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا شكاندن و بەسووك تەماشاكردنی شكۆ و ئیرادەی مرۆڤ، بەشێكە لەپرۆسەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراوی سیاسی، ئابوری، كۆمەڵایەتی و بەهەمان ئاراستەی ئەو پەیوەندییانەدا دەبرێ كە كۆمەڵگا خورسكانە كاری لە سەر دەكات و گرێدراوە بەبەها  ئابوریی و ئەخلاقیی و دینییەكانەوە، بەشێكیشە لەو پرۆسە چاكسازیەی كە كۆمەڵگا پێویستی پێیەتی ، بەتایبەتی كۆمەڵگایەكی وەك كۆمەڵگای ئێمە كە پڕیەتی لە سیاسی و بەرپرس و بزنسمانی  نەخۆش و كۆمەڵگایان بە شێوەیەك شێواندوە كە تەنها چاوی لە نان و موچەیەو هیچیتر 

بۆیە دەبینی نوخبەی سیاسی دەسەڵاتدار لە كۆمەڵگای كوردیدا زۆر بە دیقەتەوە مامەڵەی ئەو دۆخە دەكات و هەوڵیداوە لەهەناوی خودی كۆمەڵگاوە كار لە سەر پاراستن و مسۆگەركردنی مانەوەی پایەكانی دەسەڵاتەكەی خۆی بكات و یەكێك لەو هۆكار و فاكتەرە كاریگەرانەش كە دەسەڵات لە مەنگەنەیداوە بۆ ئەو مەبەستە ژیانی خەڵك و  بێبەها كردنی شكۆی مرۆڤ و شكاندنی ئیرادەی تاكە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پرسێك كە ئەحزابی دەسەڵاتدار مەبەستێتی ، ئەمەش بەرهەمی پرۆسەیەكی چڕ و پڕی ئەحزابی دەسەڵاتدارە لەسەر سایكۆلۆژیەتی تاكەكان تا بتوانێ لەو ڕێگەیەوە هاوڵاتیەكی تێكشكاوی حزبی بەرهەمبێنن كە تەنها لە پێناو  بەرژەوەندیەكانی حزب و پاراستنی سەرۆك و بنەماڵە و پۆخڵەواتی بەرپرسە دەوڵەتدار و حزبیەكانی خۆیاندا  بێت و هیچی تر 

ئەمەیە دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستیەی كە ئەگەر شكۆ و ئیرادەی تاك لێرە و لەژێر سایەی ئەحزابی دەسەڵاتدار و خاوەن كۆمپانیاكانی حزب دا  كێشە بووایە هێندە برسێتی و هەژاری و ڕاوڕووت و گەندەڵی و هەڕاجكردن و فرۆشتنی سەروەت و سامانی نیشتمانی و تێكدانی شیرازەی كۆمەڵایەتی نەدەبوونە  دیاردە و بابەتێكی لاوەكی وەك ئەوەی كە لەم كۆمەڵگایە هەستی پێدەكرێ ، ئیشكالیەتەكە لەوەدایە لێرە درك بەو مەترسیانە ناكرێ كە دەسەڵات بێباكانە داوا و داخوازیەڕەواكانی هاوڵاتیانی  ژێرپێناوە، لەوەش ترسناكتر ئەوەیە كە هاوڵاتیان فریو بە پەیمان و چەواشەكاری دەسەڵات بخۆن و چاوبەس بكرێنەوە بە دروشم و گوتاری دیماگۆجیانە و ئەو هەموو ڕووداو پێشهاتانەی كە ئەمانە خولقاندویانە بە سەر خەڵكدا ، لە كاتێكدا هەموان ئەو ڕاستیە دەزانن كە هیچ كەسێك مەجبور نیە سیما و كەسایەتی خۆی بۆ بژیوی ژیانی بگۆڕێت ئەگەر سێستەمی سیاسی دەسەڵاتدار شكۆ و كەرامەتی نەڕووشاندبێ و كۆیلە ئاسا نەكەوتبێتە داوی ئەو پەتپەتێن و دزی و فزیوو گەندەڵیەوە كە خودی ئەحزابی حوكمڕان بەرجەستەیان كردوە

 بەكورتی پێموایە هیچ گۆڕانكاریەك ناتوانێ‌ ئەلتەرناتیڤی ئەو هەڵومەرجەبێت كە ئەگەر شكۆ و ئیرادەی تاكەكانی ئەم كۆمەڵگایە بەو جۆرەی هەیە داشۆراو تێكشكاوبێت و نەگەڕێتەوە دۆخی سروشتی خۆی ، چونكە مرۆڤ دەبێت بژی و خاوەن ماف و پێداویستیەكانی بێت، نەك دەسەڵات بە نرخی سەرمایەیەكی گەورە نیشانەی پرسیار لەسەر ماف و داخوازیە ڕەواكانی خەڵك دانێت و وەك خێر و سەدەقە بە خودی خەڵكی پێبفرۆشێتەوە. 

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا