عەلی مەحمود محەمەد
بهشی دووهم كۆتایی
هەڵاتنی خاوەر قادر و هاوڕێكانی
پێدەچێت لە سەربازگەی تۆبزاوە بواری هەڵاتن هەبووبێت، هەرچەندە بەپێی بەدواداچوونەكان لە نوگرە سەلمانیش بواری هاتوچۆ هەبووە، بەڵام هەڵكەوتەی جوگرافیای سەربازگەكە و ژینگەكەی، بواری هەڵاتن نەبووە لە نوگرە سەلمان، هەرچەندە لەم سەربازگەیەدا منداڵە هەرزەكارە كوڕەكان ویستووویانە هەڵبێن، بەڵام پیاوانی رژێم بە لێدان دووریانخستوونەتەوە، ئەمە دەقی چاوپێكەوتنی دلێر كەریمە لەگەڵ خاوەردا، كە لەم سەربازگەیەدا هەڵاتووە "نوێژی عیشا بوو، دنیا تاریك بوو بوو، وتم ئێستا دەڕۆم، دوو ژنی تر وتیان ئێمەش دێین، یەكێكیان خەڵكی تەوێڵە و بیارە بوو، ئەویتریشیان خەڵكی مەملەحە بوو، بەو تاریكە و بەنهێنی لە زیندانەكە هەڵدێن، دەچنە سەر قەبرستانێك و دەیانەوێت شوێنێك بدۆزنەوە بۆی بڕۆن، ناشارەزایی بڕستی لێ بڕیبوون. ئۆتۆمۆبێلێك بەو جادەیەیا تێدەپەڕێت و سەریاندەخات و دەیانگەیەنێتە كەركوك. لەوێشەوە دەگەڕێنەوە چەمچەماڵ، دیارە كابرای شۆفێر دەزانێت ئەمانە قوربانی ئەنفالن و دڵی پێیاندەسووتێت و هاوكاریان دەكات بۆ دەربازبوون.
رەحمە نەجمەدین كە لە هەمان زینداندا لەگەڵ خاوەر قادر بووە وتی زانیمان خاوەر رایكردووە چونكە بەردەوام دەیگوت رادەكەم، كە دەنگۆی راكردنی بڵاوبووەوە و هاتنە لامان پرسیاریان كرد بزانن كەی و چۆن هەڵاتووە، براژنم رەسمیە كە زمانی دەزانی و وەكو بەرپرسی بەشەكەمان بوو وەڵامیدانەوە كە ئاگامان لێ نییە و بەوردی بۆی بگەڕێن هەر لەم ناوەیە.
ئەوانەی لە زیندانەكە دەبن دواتر دەبرێنە تكریت و لەوێش ناوی خاوەر و هاوڕێكانی دەخوێننەوە و خۆیانیش هەڵهاتبوون. دیارە لیستی ناوی قوربانییەكان هاوپێچكرابوون، بەرپرسانی زیندانەكە نەیانوێرابوو ناویان بسڕنەوە، ئەوان لە تكریت باردەكرێن بۆ زیندەبەچاڵكردن و لێبوردنەكە دەیانگرێتەوە و رزگاریان دەبێت. لە كتێبی لە كەریم باسامەوە بۆ تكریت ئەو مەرگە ساتانەم تۆماركردووە. بەڵام میمكە خاوەر وا دەزانێت ئەوانیش مردوون، تا دوای ئازادبوونیان، كە دێنەوە و باسی دەكەن بە چ حاڵەتێك دەربازیان بووە..... زۆربەی ئەو ژنانەی لە دووبز بوون بەهۆی مناڵەكانیانەوە نەیاندەتوانی هەڵبێن، تەنیا ئەو سێ ژنە منداڵیان لەگەڵ نەبووەو هەڵهاتوونە.".
وەك چۆن لە كاتی گرتندا جاشەكان هۆكار بوون بۆ گرتنیان، دوای رزگاربوونیشی جارێكی دیكە بەدواوەین بۆ بەگرتدانەوەی "كە هاتوونەتەوە جاشێكی ناسیاریان دەچێت هەواڵ دەداتە بەعس، بەڕێوەبەری ئەمن دێت و بە دایك و باوكی میمكە خاوەر دەڵێت فڵان كەس هەواڵی لێتانداوە، بێم خۆی ناگرم لەبری خاوەر ئەو برایەی دەگرم كە ماوە، من چی لە گرتنی ژنێك بكەم، بۆیە و لەوە بەدوا بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان دەگوازنەوە بۆ شوێنێكی نزیك بەغدا و تا دوای راپەڕین لەوێ ژیان دەگوزەرێنن".
ژمارەی ئەنفالكراوانی سەربازگەی دووبز
تا ئێستا هیچ ئامارێك بۆ هیچ كام لەو سەربازگانەی ئەنفالكراوانی بۆ بردراوە نەكراوە بە سەربازگەی دووبزیشەوە، ئەوەی هەیە گریمانەیە، لیستێكی ئەنفالكراوانی هیچ كام لە سەربازگەكان نییە كەوتبێتە دەست، یاخود حكومەتی هەرێم ئامارێكی وردی بۆیان كردبێت، میدل ئیست وۆچ لە پەرتووكەكەیدا دەڵێت "كەمپەكە - كە دوو بینا بوو لە ناو یەكدا حەوت هەزار گیراوی كوردی تێدایە."
ئەبو ئەیمەن ژمارەی زیندانیكراوانی دووبز تەنها لە سێ رۆژی 8 و 9 و 10ی نیسان بە 10322 كەس دەداتە قەڵەم، وەلێ یەكێك لە زیندانییان كە لەو زیندانەدا بووە، ژمارەی زیندانییان بە 9000 كەس دەداتە قەڵەم. نێرگز، مامانەكەی زیندانی دووبز ژمارەی زیندانییان بە 25000 كەس دەداتە قەڵەم.
چەندیان رەوانەكران
زیندانی سەربازگەی دووبز كاتی بوو، رۆڵی یەدەگی تۆبزاوەی دەبینی بۆ دیسانەوە رەوانەكردنەوە بۆ دوامەنزڵگا، دوای كۆمەڵكوژی پیاوە گەنج و هەرزەكارەكان و بەشێك لە ژن و منداڵەكانی سەربازگەی تۆبزاوە و سەربازگەی تكریت، ئەوجا نۆرە هاتەوە سەر زیندانییانی ناو سەربازگەی دووبز بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنووسیان، كە لە دوو مانگی یەكەمدا دوو گرووپیان لێیان نارد بۆ نوگرە سەلمان، بەڵام كاروانەكانی دوای ئەوە هەموو بۆ سەربازگەی تكریت بوون، تكریت سەربازگەی ئامادەكاری بوو بۆ ناردن بۆ گۆڕە بەكۆمەڵەكان.
زیندانییەكان بەپێی قاوش و ژمارە بردراون نەك ناو، خێزانی وا هەبووە هەندێكیان بردراون بۆ گۆڕە بەكۆمەڵەكان هەندێكی دییان ماونەتەوە لە دووبز، دواتر بە لێبوردنی گشتی دەرچوونە، یەكێك لە زیندانییە رزگاربووەكانی دووبز دەڵێت " 9000 ئەنفال لە سەربازگەی دووبز بوو، زیاتر لە 5000 یان بردران و نەگەڕانەوە، من 6 خوشكمی تێدا بوو، لە ئەوانەی نەگەڕانەوە ".
ژنێك دەگێڕێتەوە كە لەكاتی لێبوردنەكە بردمانیان بۆ تكریت دواتر ئێمەیان هێنایەوە، دوو منداڵ لە رێگا مردن تەرمەكانیان بەجێهێڵرا. یەكێ دیكە دەڵێت 50 ژن و منداڵ بردران لە هۆڵەكەی ئێمە بە لێبوردنی گشتی گەڕاینەوە.
خاوەر قادر دەڵێت: هەینی بۆ هەینی 350 كەسیان بە ئۆتۆمۆبیلی تایبەت دەبرد، بۆ نموونە دایكەكە بكەوتایەتە بەر حسابەكە دەبرا و منداڵەكەیان نەدەبرد. یان بەپێچەوانەوە، منداڵەكە بكەوتایەتە بەر حسابەكە دەیانبرد و دایكەكەیان بۆ وەجبەكەی تر جێدەهێڵا. لەو هەموو ئەنفالكراوە تەنیا دوو هۆڵی گەورە خەڵك مایەوە. لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا هەموو خەڵكەكەیان برد .
لە دووبزەوە دەڵێن 4 بۆ 5 وەجبە ژن و منداڵ بردراون بۆ تكریت بۆ رەمیكردن، ژنێك دەڵێت دوای 20 رۆژ لە دووبز بە 16 پاس كچە عازەبەكانیان بردووە، ژنی گەنجی منداڵداریشیان لەگەڵ بووە، ماڵ هەیە بەس كچەكەی بەتەنها جیاكراوەتەوە و بردراوە.
ئەم ژن و مندالانە بە لێدان بردراون بۆ تكریت، بە سەیارەی داخراوی سەوز، دیارە چیرۆكی بردنەكان بەشاراوەیی ماوەتەوە، بەڵام لەو كاروانەی كە بەر لێبوردنەكە كەوتن ، زۆر منداڵ لەناو ئۆتۆمۆبێلی مەرگەكان مردوونە.
میدل ئیست وۆچ كە زانیاری تەواوی چنگ نەكەوتووە لەسەر ژمارە و جێگای بردنی ئەنفالكراوان، دەڵێت "بەڵام هەزاران كەسیتر لە بەندییەكان كە ڕەنگە نیوەی ژمارەی گیراوەكانی دووبز بووبێتن، ڕاپێچی لایەكی تری نادیار كران و لە تاریكیی ئەنفالدا ونبوون". ئەو لایە نادیارە سەربازگەی تكریت بووە، ئەوەی بۆی رەوانەكرا نەگەڕایەوە، جگە لە دوا كاروان، كە لە دوای ئەوەی لەوێ باركران بۆ گۆڕە بەكۆمەڵەكان بەهۆی لێبوردنەكەوە گەڕێنرانەوە.
یەكێك لە ئەنفالكراوە ئازادكراوەكانی سەربازگەی دووبز دەڵێت "سەربازگەكە 24 هۆڵ بوو، 15 هۆڵیان باركراون و بردران بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان.
لە دووبز ئەو ژن و منداڵانەی بردراون بۆ گۆڕە بەكۆمەڵەكان، شتومەكەكانیان لەگەڵ خۆیان نەبردووە.
چۆن هێنانی ئەنفالكراوان بۆ سەربازگەی دووبز لە ژێر سەرپەرشتی ئەمن بووە، بە هەمان شێوە مانەوەشیان لەوێ و بردن و گواستنەوەشیان لە ژێر سەرپەرشتی ئەمنی كەركوكدا بووە.
منداڵبوون
زیندانی سەربازگەی دووبز، لەبەر ئەوەی جێگای ژنانی گەنج و منداڵ بووە، بۆیە منداڵبوون یەكێك لە كێشە بەرچاوەكانی ئەم زیندانە بووە، هەر لە ژانی دایكانەوە بۆ مامانی و ناوكبڕین و خوێنبەربوون تا دەگاتە برسێتی و نەخۆشی و نەبوونی شیر و داودەرمان كێشەی ئەم گرووپە بووە.
بە بەرد و چەقۆ ناوكی منداڵیان بڕیوە، بە قوماشی هەنگوچك پێچاویانەتەوە و ناوكیان گرێداوە، یەكی دیكە ناوكی منداڵی بە شووشە بڕیوە، ئەوی دی بە بەرد، ژن هەبووە لە ئاودەست منداڵی بووە، نێرگز دەڵێت لەم زیندانەدا مامانیم بۆ نزیك 200 منداڵ كردووە كە لێرە لە دایكبوونە، هەبووە یەكسەر مردووە، هەبووە پاش چەند رۆژێك، تیاشیان هەبووە ئێستا زەلامە.
نێرگز دەڵێت سەرەتا بە بەردی نوكتیژ ناوكی منداڵی بڕیوە، دواتر جەرەسەكان مووسیان بۆیان هێناوە، ژن منداڵی بووە، پەڕۆ نەبوو خوێنەكەی پێ بسڕێتەوە، پەڕۆ نەبوو منداڵەكەی پێ پاك بكەیتەوە و لێی لوولدات، خواردن نەبوو بیدەیتە دایكەكە لەو كاتە.
جل و بەرگی منداڵەكانی دیكەیان كردۆتە بەر منداڵە لە دایكبووەكان، جل و پەڕۆیان بۆیان كۆ كردوونەتەوە، یان بە گونیەی پەتاتە دایانیان پۆشیوە، شیرو دایبی نەبووە، منداڵە لەدایكبووەكانی ناو زیندانەكانی ئەنفال، لە دووبز و نوگرە سەلمان و تۆبزاوە لە هەموو روویەكەوە بێناز بوون.
وێڕای ئەمە وەك ژنێكی زیندانی دەگێڕێتەوە، ژنانیان بردووە دەرزیان لێیانداوە، بۆ ئەوەی سووڕی مانگانە نەكەن، خوار سكمان دەیدا لە ئێش.
منداڵێكی كەمئەندام ئاوا چیرۆكی لەدایكبوونی خۆی دەگیڕێتەوە لە زیندانی دووبز "ئەو كاتەی كە دایكم و خوشك و براكانم دەگوزانەوە بۆ زیندانی سەربازگەی دووبز، دایكم بە منەوە دووگیان بووە، زۆرجار دایكم دەیوت: رۆڵە ناوكی تۆمان بە بەرد بڕیوە، چونكە چەقۆ و هیچ كەرەستەیەكی دیكە نەبوو و تەنانەت داوایان لە هێزەكانی ناو زیندان كردووە كە چەقۆیەك یان تەنانەت مووسێكی بەكارهاتووش بێت بیاندەنێ بۆ ئەوەی ناوكی منداڵەكەی پێ ببڕن، بەڵام نەیانداونەتێ، بۆیە دایكم بەناچاری لە حەوشەی زیندانەكە بە دوو بەرد ناوكی بڕیوم، تەنانەت خوشكم شەش بۆ حەوت قاعە دەگەڕێت بۆ ئەوەی پارچە پەڕۆیەك پەیدا بكات لە منییەوە بهاڵێنن، دەستیانناكەوێت، تا دواجار لە یەكێك لە قاعەكان كوڵوانەیەك لەلای پیرەژنێكی خەڵكی گوندی» تەختە مینا» پەیدا دەكەن و دەیكەنە پۆشاك بۆمن.".
نەخۆشی
لە زیندانی سەربازگەی دووبز چارەسەری پزیشكی نەبووە، تەنانەت بۆ نەخۆشییە قورسەكانی وەك گورچیلە و شێرپەنجەش، سیلدارەكان جیانەكراونەتەوە، لەناو خەڵكەكەدا بوونە، هیچ خزمەتگوزارییەكی پزیشكی لەو زیندانانەدا نەبووە، چارەسەریش بۆ نەخۆشییە مەترسیدارەكان نەبووە، وێڕای بارودخی سەختی ژیان لە ناو زیندانەكەدا.
لە دووبز كەش سارد بووە سەرەتا، تیفۆید و سكچوون و رشانەوە بڵاوبۆتەوە، رۆژانە خەڵك بەتایبەت منداڵ پێی مردوونە، دواتر گرانەتا و سورێژەش هاتۆتە سەری لەگەڵ حوما ماڵتا. هەموو زیندانییەكان لەسەر زەوی رەق خەوتوونە، بە منداڵە ساواكانیشەوە، بەرپرسانی زیندانەكە تەنانەت هەندێكجار بەتانییەكانیان لە خەڵك سەندووە و لە پێش چاویان سووتاندوویانە، بەم هەموو هۆكارەوە نەخۆشی زۆر بووە.
بەپێی وتەی شایەدحاڵێك "لە دوبز منداڵیان بێ دایكی بردووە بۆ نەخۆشخانە بە مردوویی هێناویانەتەوە، نەشیانهێشتووە دایكی بەشداری پرسەكەی بكات".
لە سەربازگەی دووبز ئاودەست نەبووە، لە ناو هۆڵەكە دەستیان بە ئاو گەیاندووە. هەر لەوێ میكرۆبیان بە خەڵكدا رشتووە، گیانیان پڕ بووە لە مێشوولە كە پێشتر ئەو جۆرەیان نەبینیوە.
لە زیندانی دووبز كچێك بە ناوی بەیان عەودل جەوهەر خەڵكی گوندی كوەلە شێت بووە، هەروەها شەوان كارەبایان لەسەر خەڵك كوژاندۆتەوە.
هەر لە زیندانی دووبز وەك تۆبزاوە و نوگرە سەلمان، منداڵەكانیان جیاكردۆتەوە دواتر هێناویانەتەوە.
منداڵە پانزە ساڵانەكان
لە چاوپێكەوتنێكدا رائیدی ئەمن صەباح ئەلحەمدانی باسی ئەوە دەكات گوایە لە كاتی ئاماركردندا زۆر منداڵی پانزە ساڵ زیاتری بە منداڵی كەمتر لەو تەمەنە دیاریكردووە، كردوویانەتە ناو ژن و منداڵەكانەوە، لە لایەكەوە ئەمە دەربڕی ئەوەیە لەسەرەتاوە بڕیارەكە زانراوە كە هاووڵاتییانی نێرینەی تەمەن 15 ساڵ بە سەرەوە چارەنووسیان بۆ مەرگە، بەڵام لە واقیعدا ئەوەی روویداوە پێچەوانەكەی راستە، زۆر منداڵی كەمتر لە 15 ساڵیان فڕێ داوەتە ناو گەورەكانەوە، ئەوانەی لە دووبز بوونە رەتیدەكەنەوە منداڵی گەورەتر لە 15 ساڵ لە كەمپەكە هەبوو بێت و زیندەبەچاَكردنی زۆر منداڵی كەمتر لە 15 ساڵ لێرەدا بە نموونە دێننەوە كە لە تۆبزاوەوە نێردراون بۆ مەرگ لە تیمی ناونووسین رزگاریان نەبووە.
سكاڵاكەرێك بۆ دادگای تاونەكان دەڵێت "لە 12 ساڵی بەسەرەوە منداڵەكانیان برد نەگەڕانەوە، دەستیان لە پشتەوە بەسترایەوە و پێشتر پیاوەكانیان بردبوو، گوێمان لە تەقە بوو".
یەكێكی دیكە دەڵێت"كوڕەكەی 12 ساڵ بووە دیار نییە، نەبردراویشە بۆ دووبز ".
خاوەر قادر كوڕە 15 ساڵانییەكەی كە ئاماری 1987 یشی كردووە، بۆ میوانی چووە بۆ ماڵی خاڵی، لەگەڵ پیاوەكان راماڵراوە بۆ گۆڕە بەكۆمەڵەكان "كوڕە 15 ساڵانەكەی لە شارەوە چووە بۆ ماڵی خاڵۆكانی بەر ئەنفال كەوتووە، لە تۆبزاوە لێكدادەبڕێن، تەنها 2 كاتژمێر لە تۆبزاوە پێكەوە دەبن".
زۆر شایەدحاڵ هەیە كە كوڕی پانزە ساڵ و روو لە خواریان بردراون لەگەل َپیاوەكان و نەگەڕاونەتەوە تا ئێستا گۆڕ ونن.
فەرەج رزگاربووی گۆڕە بەكۆمەڵەكان دەگێڕێتەوە "دوو منداڵیان لەگەڵ بووە"خەڵكی قیڕە بوون" موویان لێ نەهاتووە، زۆر منداڵ بوونە رەمی كراون ".
ئەوانەشی نیمچە بوونە و بردراون بۆ زیندانی دوبز بەردەوام لەبەر هەڕەشەدا بوونە، یەكێ لەوان ئاوا چیرۆكی خۆی بۆ میدل ئیست وۆچ دەگێڕێتەوە"ئەو منداڵانەی كەمێك كزربوون و دەیانتوانی هەڵبسووڕێن پاسەوانەكان بەزۆر قاوش و ئاودەستەكانیان پێپاكدەكردنەوە. كوڕێكی چواردە ساڵ كە پێنج مانگی لە سەربازگەكەی دووبزدا بەسەربردبوو دەگێڕێتەوە و دەڵێ: "ئەمن و ئیستیخبارات و بەعسییەكان چاودێرمان بوون، هەمیشە دەهاتن و بێ هۆ بەندییەكانیان فەلاقە دەكرد و چەند جارێك دەستیان بەستوومەتەوە و لێیانداوم، جارێكیشیان سێ ئەمن بە دار زۆریان لێدام و پشت و قاچمیان داڕزاند. لەو قاوشەشدا كە تیایدا دەخەوتم دووجار لە بەیانییەوە تا ئێوارە بەستمیانەوە بێئەوەی رێگەبدەن هیچ بخۆم. من نەمدەتوانی و بۆم نەبوو بپرسم بۆچی و هیچ كەسیش نەیدەتوانی بەرپەرچی یاسای بەعس بداتەوە".
بەگشتی چەند منداڵێكی دەوروبەری 15 ساڵ لە زیندانی سەربازگەی دووبز بوونە، ژمارەیان كەم بووە، هیچ منداڵێكی زیاتر لە 15 ساڵ لە دووبز نەبووە.
سەردانی بەرپرسان
بەپێی وتەی زیندانییەكان، عەلی حەسەن مەجید ئەندازیاری پرۆسەی ئەنفال، 3 جار سەردانی زیندانی سەربازگەی دووبزی كردووە، هەر جارەی گرووپێكی ئەنفالكراوانی لەگەڵ خۆی بردووە، نەزانراوە ئەو زیندانییانە چییان لێ هاتووە، ئەوەی زانراوە بۆ گۆڕە بەكۆمەڵەكان بووە.
هەروەها عزەت دووری جێگری ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشیش چووە بۆ زیندانی سەربازگەی دووبز، بە زیندانییەكانی وتووە ئێوە كەسوكاری پێشمەرگەن بەرتاننادەین.
چ هێزێك سەربازگەكەی پاراستووە
ئەو هێزەی سەربازگەی تۆبزاوەی بەڕێوەبردووەو پارستوێتی هێزێكی هەمەرەنگ بووە، ئەبو ئەیمەن كە لە رێكەوتی 4-4-1988 ەوە لە دائیرەكەیەوە پێیرادەگەیەنن ئامادە بێت بۆ دەوامكردن وەك جەیشی شەعبی لە سەربازگەی بارەگای كەتیبەی هەندەسەی عەسكەری لە دووبز، دەڵێت ئێمە وەك جەیشی شەعبی 70 چەكدار بووین دیاریكراین بۆ دەوامكردن لە سەربازگەی دووبز، لە دبس، داقوق، حەویجە، ناوەندی پارێزگای كەركوكەوە هاتبووین، كە بانگكراین كەسیشمان نەماندەزانی بۆ چی بانگكراوین؟.
هەر ئەو دەڵێت دوای دوو رۆژ چەند مەفرەزەیەكی سەربازی هاتن بۆ ئامادەكردنی سەربازگەكە، ئاو و كارەبایان چاككردەوە.
بەپێی وتەی رائیدی ئەمن سەباح حەمدانی بێت ئەو بەرپرسی زیندانی دووبز و مونەسقی نێوان هەردوو سەربازگەی دووبز و تۆبزاوە بووە، پێدەچێت دووبز هەر وەك بەشێك لە سەربازگەی تۆبزاوە مابێتەوە لە ژێر سەرپەرشتی ئەمنی كەركوكدا بووبێت، زیندانیانییان لەوێ راگرتووە بۆ قۆناغی دواتر، بەشێكیان بۆ نوگرە سەلمان نێردراون، زۆریشیان بۆ تكریت و گۆڕە بەكۆمەڵەكان، ئەوەشی ماون ریكەوت هێشتوویانییەتەوە دواتر ئازادكراون.
زۆرینەی زیندانییان باسی ئەوە دەكەن كە حەرەسەكان عەرەب و زۆربەیان خەڵكی حەویجە بوونە.
زیندانییان باسی ناوی وەك كەنعان و ئەبو نەعمان ابو عارف و ئەبو عروبە هەردووكیان وەك بەرپرس لە دووبز باس دەكەن، پێدەچێت بە فەرمی داوایان لێكرابێت ناویان نهێنی بێت، تەنها بەو ئەبو وانە بانگی یەكتربكەن، بۆیە تا ئێستا ئاشكرای ناكەن.
یەكی دیكە باس ئەوە دەكات كە حەرەسەكان سەرباز بوونە و بێرییەی سووریان لەسەربووە.
لە پاڵ ئەبو ئەیمەن باسی هادیە كوێریش دەكرێت كە حەرەس بووە لە دووبز، هاوكاری زیندانییانی كردووە بۆ نامە هێنان و پەیوەندیكردن.
"میدل ئیستیش باسی چەكداری جل زەیتونی دەكات كە حەرەسیاتی زیندانییەكانیان كردووە" چەكداری جل زەیتوونییان لەتەكدایە. پاشان دوكاندارەكانی دووبز سەرنجیان دەدا وا كۆمەڵ كۆمەڵی شەش حەوت كەسیی ئافرەتی بەندكراو بەیاوەریی پاسەوان دێنە لایان و هەر زوو زانییان كە ئەمانە لە سەربازگەكەی دووبزەوە دێن.".
میدل ئیست مۆفەق نەبووە لە باسكردنی كەمپی دووبز، نەیتوانیوە وەك خۆی نیشانی بدات، كە سەربازگەیەك بووە ئامادەكاری تێدا كراوە بۆ زیندەبەچاڵكردن، زۆر زانیاری نادروست كە لە دڕندەیی زیندانەكە كەمدەكاتەوە، بەمەش لێرە زیان بە دۆسیەكە دەگەیەنێت، تەنانەت بەڕێوەبەری زیندانەكەش دەكاتە كوردێك كە وا نییە" بەڵام لەگەڵ ئەم هەموو (باشییەیدا) ئەگەر بەراورد بكرێ، دووبزیش دیسان ترس و سامێكی كەم نەبوو. بۆ گاڵتەجاڕیی دەوران، گیراوەكان ڕوانییان بەڕێوەبەری ئەم سەربازگەیە هاوڵاتییەكی كوردە و پیاوێكی خەڵكی دەڤەری هەولێرە بە ناوی حاجی ئەحمەد فەتاح و حەجی مەككەی كردبوو.".
هەرچەندە بەرگ سەوز و زەیتونییەكان دەشێت ئەمن بووبێتن، وەك خێروڵڵا حەمادی لە دانپێنانەكەیدا دەگێڕێتەوە، لە كاتی پێویستدا بەرگی سەربازیمان بێ روتبە دەپۆشی.
گێچەڵی سێكسی
ژمارەیەكی زۆر لەو ژنانەی لە زیندانی سەربازگەی دووبز بوونە، بۆ دادگای باڵای تاوانەكان ئەوەیان گێڕاوەتەوە، كە گێچەڵی سێكسی لەو زیندانەدا لە هەموو زیندانەكانی دیكەی ئەنفالكراوان زیاتر بووە، ئەو شایەدحاڵانە دەڵێن كچانی جوانیان دەركردۆتە دوەرەوە دواتر هێناویانەتەوە، شەوان كچانیان بردۆتە ناو باخەكانی دەوروبەری زیندانەكە و تەعەدایان لێكردوون، ئەفسەرەكان شەوان كچانی كوردیان بردووە، 12ی شەو بەدواوە كچانیان بردووە، ئەمانە و زۆر چیرۆكی دیكە دەگێڕنەوە.
ئەشكەنجەدان
هەرچەندە زیندانەكانی ئێرە هەموو ژن و منداڵ بوونە، بەڵام لە زیندانی دووبز یش وەك تۆبزاوە و نوگرە سەلمان لێدان هەبووە، تەنانەت وەك دەگێڕنەوە بە لێدان بە كێبڵ، دوو منداڵ مردوون. سەربازگەكە دەرگاكەی زۆر كات داخراوە، هەروەها شەوان كارەبایان لەسەریان كوژاندۆتەوە.
دەرچوون
ئەبو ئەیمەن دەڵێت زیندانییەكان پێنج مانگ و یانزە رۆژ لە سەربازگەی دووبز مانەوە، ژنێكیش خەڵكی توكنە دەڵێت شەش رۆژ دوای لێبوردنە گشتییەكەی 6-9 لە سەربازگەی دووبز ئازادكراون، ئیتر نازانم ئەوانیش دوای بڵاوكردنەوەی لێبوردنەكە لە وەقائعی عێراقی لە رێكەوتی 20-9 ئازاد كراون یان زووتر.
هەژار غازی عەزیز بابە كە هەر لەو زیندانە لە دایكبووە دەڵێت "رۆژی 20/10/1988 رژێمی بەعس لێبوردنی گشتی دەركرد و ئێمە گەڕاینەوە بۆ چەمچەماڵ - شۆڕش، لە قادركەرەمییەكان نیشتەجێبووین"..
كە لە زیندان ئازادكراون، زیندانییانی سەربازگەی دووبزیش وەك نوگرە سەلمان بردراون بۆ عەربەت، دواتر دابەشكراونەتە دوو بەش، چەمچەماڵ و كەلار" رزگاری، شۆڕش".
نێرگز دەڵێت تاكو رێكەوتی 25-10-1988 لە سەربازگەی دووبز ماوەتەوە، ئەوان بە چەند گرووپێك بەردراون ، ئەمان بەشی كۆتایی نەبوونە، وەلێ پێدەچێت تاكو كۆتایی ئۆكتۆبەر هەموو بەربووبێتن.
سەربازگەكەش فرۆشرا
هادی غەزایی كە لە شێخەكانی ساڵەییەو كوردە و خزمی ئەحمەد موختارە كە زۆر بۆ ئەنفالكراوان باش بووە، دە ساڵ قایمقامی شاری دووبز بوو، وەك دەگێڕنەوە قاعەكانی سەربازگەی دووبزی ..... دا بە كەسێك بە ناوی ئەحمەد بایز، بە ........، ئەویش شیش و قاپی و جەمەلۆنی بانی و پەنجەرەكانی دەردێنێ و دەیانفرۆشێت، خەڵكیش دوای ئەوە شوێن كەلاوەكەی دەكەنە خانوو، ئێستا هیچ شوێنەواری ئەو سەربازگە گرنگە نەماوە، بۆتە ماڵ و گەڕەكێكی لەسەر ئاوەدانكراوەتەوە، ئێمەش دەمانەوێت سەربازگەی نوگرە سەلمان لە دووری نزیك 1000 كیلۆمەتر بكرێتە مۆنێمێنت، كەچی ئەوەی ماڵی خۆمان كاولكرا بەدەستی خۆمان، ئێستا بە ملیۆنان و ملیاران دۆلار هەمان سەربازگەمان بۆ دروست نابێتەوە؟.
سەرچاوەكان:
سی دی دۆسیەی ئامادەكراوی ئەنفال لە لایەن دادگای باڵای تاوانەكانەوە.
محكمە الانفال اعداد ریكار مزوری بمساعدە المحامی ایاد كاكەیی
بەرنامەی بەڵگەنامەیی خۆم لەوێ بووم ، تەلەفزیۆنی ئازادی، كەناڵی گەرمیان
جینۆساید لە عێراقدا ..پەلاماری ئەنفال بۆ سەر كورد - هیومان ڕایتس وۆچ/ میدڵ ئیست وۆچ
-لە تۆپخانەوە بۆ عەر عەر ، كوردستان كەركوك 2004 ، چاپخانەی ئۆفێستی
-لە تاوانی ئەنفالدا: ژنێك ویستی بمرێ، كەچی ژیا!- دلێر كەریم رێگای كوردستان ژمارەی تایبەت 11-4-2023
-چیرۆكی ئەو منداڵەی لە زینداندا لەدایكبوو2024-06-10-جەواد حەیدەری
- نێرگز لە دۆزەخی ئەنفالدا عارف قوربانی 2020 چاپخانەی حەمدی