هۆشیاری عەبدولعەزیز
ئەقڵیەتی مێگەلی و شوێنكەوتنی قەرەباڵەغی یەكێكە لەو پروسە مەترسیدارە مێژویانەی كە زۆر جار لە تەواوی كۆمەڵگاكانی مرۆڤایەتیدا دەهاوێشتەیەكی نەرێنی بەخشیوە و بوتە هۆكاری بەرجەستەكردنی زۆر لە سیستەمە دیكتاتۆر و ستەمكارەكانی دنیا و دەرئەنجامی ئەوەش لە نێووبردنی سەدان هەزار قوربانی بوە ، چونكە لەم جۆرە پرۆسەیەدا زۆرینەیەك بەبێ خوێندنەوەی ڕەهەند و دەرهاوێشتەكانی قەرەباڵەغی مەیلی ئەوە دەكەن وەك ئەوانی دیكەبن، تەنانەت گەر پێویست بكات لەسەر حسابی بژاردەكانیشیان هەنگاوبنێن، واتا تاك لەم نێوانەدا تێڕوانینی خۆی لەدەست دەدات و دەیەوێ بیسەلمێنێ كە ئەویش وەك ئەوانی تر شوێن هەموان كەوتووە
ئەمەش لە زانستی سۆسیۆلۆژیادا بە دەروونناسی قەرەباڵەغی جەماوەری دەناسرێت و یەكەمین كەسیش كە ئەمەی زیاتر ڕوونكردەوە گەورە نووسەری فەرەنسی (گوستاڤ لۆبۆن)بوو كە بۆ یەكەمجار لە ساڵی ١٨٩٥دا كتێبێكی لەژێر ناوی ( دەرونناسی قەرەباڵەغی ) دا بڵاوكردەوە، لۆبوون نووسەرێكی پێشەنگە لە بواری لێكۆڵینەوە لە ڕەفتاری گروپ و كاریگەریی دەروونی قەرەباڵغی لەسەر تاكەكان. ئەم كتێبە بە یەكێك لە دیارترین بەرهەمە سەرەتاییەكان دادەنرێت لەسەر دەروونناسی قەرەباڵغی، كە تا ئەمڕۆش وەك كۆڵەكەی بەردی بناغەی تێگەیشتنی زانستی لە ڕەفتاری بەكۆمەڵ دەناسرێ. لۆبۆن پێیوایە قەرەباڵەغی یان گردبوونەوە جەماوەریەكان خورسكانە كاریگەری دروست دەكەن و وادەكەن كەسایەتی نا وشیاری ناو قەرەباڵغی و جەماوەر، بكەوێتە ژێر كاریگەری ئەو مێگەلەی تێیدا دەژی، لەم شیكردنەوەیەدا قەرەباڵەغی جەماوەر دەبێتە خاوەن بڕیار و ئەوان پرسەكە هەڵدەسوڕێنن و دەكەونە ژێر كاریگەری سەركردەیەكی كارێزمی یان بیروبۆچونێكی ئاینی مەترسیدار
لۆبۆن پێیوایە، لەم پرۆسەیەدا بەشداربوی جەماوەری ژیریی خۆی پشتگوێخستوە و درۆ لەگەڵ نەفسی خۆیدا دەكات، پشتیوانی بۆچونی هەڵە دەكات، تەنها لەبەر ئەوەی كۆمەڵەكەی بینیوە و دەیەوێ وەك ئەوان دەركەوێ ، چونكە كاتێك تاكەكان بە كۆمەڵ كۆدەبنەوە، لە ڕەفتارەكانیاندا تەواو جیاواز دەبن لەوەی وەك تاكێك هەن. لە جەماوەردا تاكەكان لە ناسنامەیەكی بەكۆمەڵدا چەسپاون كە لۆبۆن بە "ڕۆحی بەكۆمەڵ" ناوی دەبات. لەم ڕۆحە بەكۆمەڵەدا حەماسەت و سۆز گەشە دەكات و جەماوەر دەتوانێت ئەو كردارانە ئەنجام بدات كە تاكەكان ناتوانن بە تاك ئەنجامی بدەن و سڵی لێدەكەنەوە، ئەم سڵكردنەوەیەش مرۆڤ توشی جۆرێك لە شڵژان دەكاتەوە و ناچاری دەكات كۆنتڕۆڵی بڕیار و بیركردنەوەكانی خودی خۆی لەدەست بدات و بكەوێتە ژێركاریگەری ژینگەی دەوروبەرو لەسەر ئەو بنەمایە كەسایەتی خۆی بونیاد بنێ كە ئەمەش ڕوویدا ئەوە بیركردنەوەی تەندروست یان ئەوەی پێی دەوترێت "بیركردنەوەی ڕەخنەیی بوونی نامێنێ و تەنها دەبێتە تاكێكی شوێنكەوتەی قەرەباڵەغی و بەنێوو پرۆسەیەكی مێگەلیدا تێپەڕ دەبێ
زۆر جاریش هێزو گروپێكی سیاسی یان ئاینی یان سەركردە و كەسایەتیەكی كاریزمی ئەم عەقڵیەتە مێگەلیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەكانی خۆی و سەرخستنی مەخسەدێك دەقۆزێتەوە و خۆی لە بری هەموو ئاراستەیەكی فیكر ی و دونیابینی و دیدگای تاك بیر دەكاتەوە و لەسەر ئەو بنەمایە ژینگەی ڕووداوەكان دەپارێزێ و لەم پێناوەشدا هەوڵدەدات شەقام بجوڵێنێ، و ئەوانی تر بكاتە دێوەزمەی ڕووداوەكان، بۆیە گەر لەم ڕوانگەیەوە ئاوڕێك لە دۆخی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مێژووی گۆڕانكاریەكان بدەینەوە كە ئێمەش بەشێكین لێی ، دەبینی زۆرینەی ئەوانەی لە رابردوودا كەوتنە شوێن قەرەباڵەغی و دەرگیری بەرداشی كێشمەكێشەكان بوون، كەوتنە نێوان هەڵبژاردەیەكی زۆر خراپەوە و نەیانتوانی ئەو كۆسپ و لەمپەرانە تێپەڕێنن كە پێشتر گروپگەلی جیاواز تاكیان پڕ دەكرد لە كۆمەڵێك چەواشەكاری و درۆ و خەونی شیرین و رازاوە لە بەرامبەریشدا متمانەیان لەناوبرد و خۆیان بوونە جێگرەوەی هەمان فۆرم و بە روون و ڕاشكاوی كاریان لە سەر گەوجاندن و چەوساندنەوەی كۆمەڵگا كرد و هەمان پرۆسەیەیان ئەزموونكردەوە و بەهەمان تونێلدا تێپەڕین كە ڕژێمە دیكتاتۆرەكانی ناوچەكە دروستیانكرد
بەكورتی لەدەرئەنجامی نەبوونی وشیاری سیاسی و تێنەگەیشتن لەو زەرف و زەمەنەی كە ئەو واقیعە سیاسی و كۆمەڵایەتیەی بەرجەستە كرد خەڵك بوە قوربانی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، ئاین و خێڵگەرایەتی ، ململانێی بەرژەوەندی و گەندەڵی ، چونكە لە نێوان ئەو هەمووقەرەباڵەغیەدا ڕۆڵی تاك نادیدە دەكرێت و بەپێی خواست و بەرژەوەندیەكانی خۆیان قەرەباڵەغیە جەماوەریەكان هەڵدەسوڕێنن نەك بەپێی تێگەیشتن و بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگاو چەسپاندنی دیموكراسی و بەهێزكردنی پایەكانی كۆمەڵگای مەدەنی