
محەمەد چاوشین
هەراوهۆریایەکی قووڵ لەسەر سکانداڵەکەی لەتیف سەلەفی، هەرێمی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و وڵاتانیشی گرتووەتەوە. هەرکەس لە دیدی خۆیەوە شیکاری بۆ ئەم بابەتە دەکات، بەڵام کەمتر دەچنە قووڵایی سەرچاوەی کێشەکەوە کە کێشەیەکی گەورە و مەترسیدارە.
ئەو بەزمەی لەتیف سەلەفی وەک کەسایەتییەکی ئایینی لەناو کۆمەڵگەی کوردستانیدا ناویتەوە، تەنیا کێشەیەکی تاکەکەسی یان خێزانی نییە، بەڵکوو کێشەیەکی جڤاکی و کۆی کۆمەڵگەیە؛ چونکە ناوبراو سەرکردایەتیی ڕەوتێکی گەورەی ئایینی دەکات و خۆیشی لە هەناوی شەرع و ئاییندا هاتووەتە دەرەوە.
لە لایەکی تریشەوە، ئەم سکانداڵە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو سیستمەیە کە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا بەرقەرارە. بەهۆی ئەو سیستمە سیاسییەی ئێستای هەرێمی کوردستانەوە، هەر وەک چۆن دەیان گرفتی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری خوڵقاون، هاوکات زەمینەیەکی لەباریشی بۆ هاتنەپێشەوەی ڕەوتە ئایینییە کۆنەپەرست و توندڕەوەکان ڕەخساندووە.
حزبە باڵادەستەکانی کوردستان کە سوکانی فەرمانڕوایی ئەو سیستمەیان بەدەستەوەیە، هەر وەک چۆن بۆ پاراستنی پێگە و شوێنیان لەناو کۆمەڵگادا به تایبهت بۆ كاتی ههڵبژاردنه ڕووكهشهكان، بیری عەشیرەتگەری و بنەماڵەیی دەبووژێننەوە، بە شێوازێکی زۆر ترسناکیش زەمینەیەکی قووڵی میدیایی و دارایی بۆ ئەو ڕەوتە ئایینییە توندڕۆیانە دەڕەخسێنن و پشتیوانیشیان دەکەن. ههموو چهشنه ئازادییهكیان پێ بهخشیوون و جڵهویان بۆ شل كردوون.
ههر به هۆی ئهم زهمینه لهبارهشهوه بووه كه سیستمی سیاسی له ههرێمی كوردستاندا بۆی ڕهخساندوون، ئەم ڕەوتە ئایینییانە بە هەموو دەنووک و باڵەکانیانەوە، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بە دەیان شێواز کاریان لەسەر ناشیرینکردنی پێگەی ژن و پەلاماردانی شیعر، ئەدەب، هونەر، گۆرانی و جەژنە نەتەوەییەکان کردووە و دەکەن، کەسیش پێی نەوتوون خوار برۆتان چاوە.
بێگومان، سەرهەڵدان و تەشەنەکردنی ئەم گوتارە توندڕەوانەش پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە دەسەڵاتی سیاسییەوە هەیە لە هەرێمی کوردستاندا، کە زۆرجار ئایین وەک ئامرازێک بۆ سڕکردنی هۆشیاریی جەماوەر و دوورخستنەوەیان لە کێشە بنەڕەتییەکانی وەک هەژاری، بێکاری و نادادیی ئابووری بەکاردەهێنێت. دهسهڵات له ههرێمی كوردستاندا، ههمیشه سهرنجی خهڵك لهسهر كێشه بنچیینهییهكان لادهبات و فۆكسی خهڵك دهخاته سهر شته لاوهكییهكان. ئهمهیش تهنها بۆ هێشتنهوهی ئهو دۆخهیه كه سستمهكه خۆی گهرهكیهتی ههبێت.
کەواتە، لەو کەیسەی لەتیف سەلەفیدا، کێشەکە تەنیا تاکەکەسێک نییە، بەڵکوو ئەو ژینگە یاسایی، ئابووری و کۆمەڵایەتییە نادادپەروەرەیەکەیە ڕێگە بە بەرهەمهێنان و دەرکەوتنی ئەم جۆرە دیاردانە لەناو کۆمەڵگەی کوردستانیدا دەدات؛ کە تەواو نامۆن و لە وڵاتانی هەرێمایەتییەوە هەناردە دەکرێن بۆ تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی و لەبەریەک هەڵوەشاندنی بیری نەتەوەیی لەناو گەلی کورددا.
بۆ ئەوەی لەم نووسینەدا خۆم لە درێژدادڕی بپارێزم، کورت و پوخت دەمەوێت بڵێم: بۆشایی و نەبوونی دەستوورێکی عەلمانی، فاکتەری سەرەکیی زۆرینەی کێشەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردستانییە، بە سکانداڵەکەی لەتیف سەلەفیشەوە.
تەنیا دەستوورێکی عەلمانی و پێشکەوتنخوازە کە جیاکاریی ئایینی و نەتەوەیی ناکات و دەبێتە چەتری پارێزەر بۆ هەمووان.
لە دەستوورێکی عەلمانیی پێشکەوتنخوازدا، ماف و ئەرکەکان لەسەر بنەمای نەتەوە، ڕەگەز، یان بیروباوەڕی ئایینی دابەش ناکرێن. موسڵمان، مەسیحی، ئێزدی، کاکەیی، یان بێدین، هەمووان لەبەردەم یاسادا یەکسان دەبن و هیچ لایەنێک ناتوانێت ناسنامەی خۆی بەسەر ئەوی تردا بسەپێنێت.
بوونی دەستوورێکی عەلمانی لە کوردستاندا، ڕێگری دەکات لەوەی هێزە کۆنەپەرستەکان یان کەسایەتییە ئایینییەکان، گوتاری توندڕەوی و تەکفیرکردن دژی پێکهاتە جیاوازەکان بەکاربهێنن.
عەلمانییەت لە یەک کاتدا هەم مافی پەرستش بۆ باوەڕداران دەپارێزێت، هەم مافی ئازادی بۆ ئەوانەی جیاواز بیر دەکەنەوە.
یەکێک لە تایبەتمەندییە جوانەکانی بوونی دەستوورێکی عەلمانی ئەوەیە کە کاتێک دەسەڵاتی سیاسی و یاسادانان لەژێر کاریگەریی گوتاری ئایینیدا نەبن، دەوڵەت و حکوومەت دەبنە چەتر بۆ هەمووان و جیاکاری ناکەن؛ ئایینیش دەبێتە پەیوەندییەکی تایبەتی نێوان مرۆڤ و خودا، نەک ئامرازێک بۆ جیاکاریی یاسایی.
عەلمانییەت دژایەتیی ئایین نییە ــ وەک ئەوەی ڕەوتە ئایینییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن و چەمکەکە چەواشە دەکەن ــ بەڵکوو تەنیا گەرەنتییەکە بۆ پاراستنی دادپەروەری، پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە جیاوازیی بیرکردنەوە!.
عهلمانییهت و بوونی دهستوورێكی سیكۆلار دهرمانێكی كاریگهره بۆ كۆمهڵگایهكی نهخۆش كه ژهنگ و خۆركه لێی دابێت.
