هۆشیاری عەبدولعەزیز

زۆرجار تەوافقی دیموكراسی و ڕێكخستنی دەوڵەت لە سەر بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینەی نیشتمانی بەیەكێك لە هەرە گرنگترین پرۆسە سیاسیەكانی سەردەمی نوێ دەزانرێ و لە زۆر لە وڵاتانی دیموكراسی مەدەنیدا مومارەسە دەكرێت و هۆكارێكی بابەتیانەشە بۆ درێژەدان بە مانەوەی سیستەمی سیاسی و دوورخستنەوەی لە لەناوچوون و هەرەسهێنانی كۆمەڵگا ، واتا ڕەنگە تەوافقی دیموكراسی لە  هەندێك لە وڵاتاندا پاڵنەرێكی گرنگ بێ بۆ بەردەوامیدان بە سیستەمی سیاسی و پاراستنی لە زۆر قڵش و درزی ناوخۆی و دەرەكی و وەك  بژاردەیەكی گرنگ تەماشادەكرێ لە سەر ئاستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و  لە زۆربەی ئەو وڵاتانەش كە ئەم مودیلە وەك سیستەمی دەسەڵاتداریەتی پەیڕەو دەكەن، دەسكەوتی باش بەدەست هاتوە و توانراوە بكرێتە بنەمایەك بۆ ڕێگری كردن لە شەڕی ناوخۆیی و شكستهێنانی پرۆسەی سیاسی، چونكە زۆرجار بەبێ پشتبەستن، بە تەوافقی دیموكراسی سیستەمی سیاسی دووچاری قەیرانێك دەبێتەوە كە لە بارودۆخێكی چەقبەستوویی جێ دەمێنێ و، كۆی پرسە سیاسییەكان بەهەڵواسراوی دەمێنێتەوە و، دواتر چەندین كاریگەریی خراپ لە بواری كۆمەڵایەتی و ئابووری دروست دەكات و، كۆمەڵگە بەرەو داڕمان دەبات.

دەبێ ئەو ڕاستییەش لە بیر نەكەین، كە ئەگەر پرۆسەی ئیدارەدانی دەوڵەت لە سەربنەمای تەوافقی دیموكراسی بونیاد بنرێ و هەڵقوڵاوی لێكتێگەیشتنی بابەتیانەبێت دەتوانێ ببێتە كۆڵەكەیەكی بەهێز لە بۆ پاراستنی قەوارە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكە و دەكرێ لەو ڕێگەیەشەوە كۆمەڵگایەكی مەدەنی كراوە بەرهەمبهێنرێ ، بەتایبەت بۆ وڵاتانێك كە ململانێ و كێشمەكێشە سیاسیەكان لە ڕێگەی هەڵبژاردن و حكومەتی زۆرینەوە چارەسەر ناكرێن و خاوەنی فرەیەكی نا هاوسەنگی سیاسی و كۆمەڵایەتین و كەمتر پشت بە سازانی نیشتمانی دەبەسترێ

لەم جۆرە كۆمەڵگایانەدا بە كۆمەڵگای كوردیشەوە گەر كەلتوورێكی سیاسیی باڵا نەبێت  بۆ ئیدارەدان و ڕێكخستنی كۆمەڵگا و پاراستنی شكۆ وئیرادەی تاك، ئەوە كۆمەڵگا ڕووبەڕووی دووئاراستەی مەترسیدار دەبێتەوە و  دەبێتە ناوەندی ململانێیەكی وێرانكەر و دەگاتە ئەو ئاستەی یان بەرەو ستەمكاریی كەمینەیەكی قۆرخكاری دەسەڵات هەنگاو دەنێ ، یانیش ئاراستەیەكی دیكتاتۆرییەتی زۆرینە كاریگەری نەرێنی دەچێنێ و قۆناغ و بارودۆخێكی مەترسیدار دێتەپێش و زۆرداری و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات دەبێتە دیارترین سیمای ئەو كۆمەڵگایە

بۆیە گەر لەم ڕوانگەیەوە ئێستای ململانێ سیاسییەكان و پارسەنگی هێزەكان و تێگەیشتن لە كاریگەری هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان و هەرەشە و ریسكەكانی ناوخۆ بخۆێنینەوە  و درك بە مەترسیەكانی بكەین  ئەوە تێدەگەین كە كورد لەو ماوە زۆرەی حوكمڕانی خۆیدا نەیتوانی سود لە تەوافقی دیموكراسی ببینێت و بیكاتە بنەمایەك بۆ خۆرێكخستنەوە و بونیادنانی دەوڵەت ، ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەحزابی حوكمڕان لە سی ساڵی حوكمڕانی خۆیاندا جگە لە بەفیڕۆدانی بەشێك لەتوانا نیشتمانی و نەتەوەیەكان و لەدەستدانی چەندین دەرفەتی مێژوویی بۆ كورد و دۆزە ڕەواكەی نەیانتوانی چارەسەری قەیرانی دەسەڵات بكەن و بچنە قۆناغێكی نوێوە و بەیەكجاری دەست لەململانێ تەقلیدی و سیاسیەكانی نێوانیان هەڵگرن و بابەتیانە پێكەوە كار لە سەر چارەسەركردنی ناكۆكی نێوانیان بكەن و  زاڵبن بەسەر كێشمە كێشەكانی نێوانیاندا، لەو ڕێگایەوە كار لە سەر بەهێزكردنی ژێرخانێكی ئابوری نیشتمانی بكەن تا جارێكی تر ئەو ئەزموونە نەشێوێنرێ و نەبینەوە بە قوربانی  بەرژەوەندیە ناوچەی و جیهانیەكان ، دەبوایە لەم سۆنگەیەوە ئەو ڕاستیەیان  لە بەرچاو گرتبایە كە ئەو تەوافقی دیموكراسییەی كە لەو ماوە زۆرەدا كاریان لە سەركرد بۆ واقعی سیاسی كۆمەڵگای كوردی زەرورەتێكی مێژوویە و نابێ لە دەستی بدەن ، چونكە توانای سیاسی و ئاستی بوونی سەرچاوەی سروشتی ودارایی و سەرماییە مرۆییەكانی كۆمەڵگای كوردی لە ئاست ئەو بارودۆخە سیاسیە ناوچەیەی كە ئاماژەمان بۆ كرد توانایەكی دیاریكراوە و ڕەنگە ئیمكانی ڕووبەڕووبونەوە و ململانێی ئەو دۆخەمان نەبێت كە نەیارانی كورد كاری لە سەر دەكەن لە ناوچەكەدا 

بەكورتی بایەخن ەدان بە كاریگەریە نەرێنیەكانی ئەو بارودۆخە قەیراناویە و شاردنەوەی قەیرانەكان و پەردەپۆشكردنی گەندەڵی و كون و كەلەبەرەكانی پرۆسەی دەوڵەتداری و پاراستنی بەرژەوەندی تەسكی حیزبی و بنەماڵیەكان و هەڵپەیان بۆ پلە و پۆستە باڵاكانی عێراق ونەبوونی هیچ سازان و ستراتیژێكی دیاریكراوی نیشتمانی بۆخۆی مەترسیەكانی كەوتنی قەوارەی هەرێم زیاتر دەكات و زیاتریش لە ئەگەرەكانی دارۆخانی یەكجارەكی نزیك دەكاتەوە

 

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا