هیوای کفری

بە پشت بەستن بە هەموو ئەو گۆڕانکاریانەی لە کۆمەڵگادا ڕوو دەدەن، ئاساییە مرۆڤەکانیش گۆڕانکاریان بەسەردا بێت. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە گۆڕانکاریەکان بە خواستی مرۆڤ نین، بەڵکو لە ژێر کاریگەری تەوژم و ڕەوت و ئاراستەکانی قۆناغدا دەبێت. واتا ئەو قۆناغانەی کاریگەرییان لە سەر مرۆڤ دەبێت، جۆری و بیرکردنەوەی مرۆڤ دیاریدەکەن.
ئەم بۆ وڵاتە پێشکەوتووەکان و تاکی هۆشمەند جیاوازی هەیە. هەمیشە لە ڕوانگەی باشتربوونی ژیان و فرەبوونی ڕەخنەگرتن لە سیستەم و دەسەڵات و حکومڕانی و حزب و گوتاری سیاسی و ڕاگەیاندنەکان هەنگاو دەنێن. ئەمە لە پێناو باشتربوونی گوزەران و ژیانی تاکەکاندا دەکەن. بەڵام بۆ ئەو وڵات و شوێنانەی کە پێچەوانەیە، بیرکردنەوەیان جیاوازترە.

کاتێک باس لە ڕەهەندی مرۆڤ دەکەین بە مانای سادە و بازاڕی، باسی دوو ڕووی تاک ناکەین. باسی ئەوە نییە کە کەسێک لە گێڕانەوەی قسەی پێچەوانەدا رۆڵی خراپی هەبێت، یان چۆن ستایشی کەسێک دەکات لە ڕووبەڕوودا و لە پاشملە خراپی دەڵێت. ئەوە بە تەواوی بابەتێکی کۆمەڵایەتی ڕووتە و پەیوەندی بە ناخی تاک و شێوازی پەروەردە هەیە.
یەک دونیا پرسیاری تایبەتی و کەسی هەیە، گشتاندنی بۆ ناکرێت بۆ سەر هەمووان. بەڵام کاتێک باسی ڕەهەند دەکەین، ئەوە مەبەستێکی قووڵی هزری لە پشتیەوە هەیە. بۆ باسکردنەیش بە بێ گەڕانەوە بۆ تیۆر و زانایان گرنگی کەمترە.
شیکردنەوەی بیرمەندی هیربرت ماركوز
بۆ شیکردنەوەی ئەم بابەتە، دەگەڕینەوە بۆ تێڕوانینی هیربرت ماركوز، بیرمەندی لایەنگری بیری مارکس. لە پەرتووکە بە ناوبانگەکەیدا (مرۆڤی یەک ڕەهەند)، دەڵێت:
لە کۆمەڵگا و لە سایەی سیستەمی سەرمایەداریدا، کاتێک کە مرۆڤ دەکرێتە ناو بازنەیەکی کۆمەڵایەتی و ئابووری وەهایان لێدەکات کە بیر لە ڕەخنە نەکەنەوە. تەنها یەک لایەنی دیاریکراوی ئاراستەکراو بن، بیرکردنەوەیان دەخاتە ژێر کاریگەری تەواوی ئەو کەناڵ و گوتار و ئاراستەی کە ڕەخنە نەگرن.
ئەمە بۆ هەرێمی کوردستان و مرۆڤ لە ئێستادا تەواو دروستە. قۆناغەکانی ڕابردووی قەیران و نەبوونی مووچە و گرانی و سەختی ژیان، پێدانی مووچە و پەیڕەوکردنی سیستەمی نیومووچە و چارەکە مووچە، کارەبای کەم و هاوینی گەرم و زستانی سارد، نەبوونی بەنزین، تەواوی سەختی ژیان، دانەمەزراندن و بێکاری، دامەزراندنی لە کۆمپانیای کەرتی تایبەت بە کرێی کەم و کاری سەخت و زۆر، دانانی کرێکار لە رێگەی حزب لە کۆمپانیاکانی خۆیان، هتد.
هەموو ئەوانە ئامادەکاری بوون بۆ ئەوەی مرۆڤێک بەرهەم بێت کە تەنها چاوەڕوانی مووچە بکات. واتا ڕازی بێت بە ئەوەی بیر نەکاتەوە و ڕەخنەیش نەگرێت.

حالی ئێستای هەرێمی کوردستان

ئێستا کادیرانی حزبە حکومڕانەکانی هەرێمی کوردستان وەهایان بە گوێ خەڵکدا داوە کە تەنها مووچە وەربگرین، ئیتر ئێمە حەقی سیاسەتمان نییە. کێ حکومڕانی دەکات؟ حکومەت بەرنامەی چییە؟ کێ سەرۆک بێت؟ کێ وەزیر بێت؟ ئێمە تەنها مووچەمان دەوێت.
ئەوەندەیان بەنزین بە گران هێنا و فرۆشتیان. ئێستا بە بەنزینی ٧٥٠ هەزار دیناری پاڵاوگەکانی خۆیان خەڵکیان ڕازی کردووە. دامەزراندنیان ڕاگرت و ئێستا ژێربەژێر بە دامەزراندنی بە شێوازی گرێبەستی بێ داهاتوو، خەڵک دادەمەزرێنن و مووچەکەیش بە چەند مانگێک ڕەوا نابینن.
هەموو سێکتەرەکانی ژیانی تاکیان کردووەتە کەرتی تایبەت. هەر مووچەیەکت پێدەدرێت لە بازاڕدا، بێ دابین کردنی ژیانێکی شکۆمەندانە خەرج دەکرێت. تەواوی مووچە و پارەی دەستکەوتی کرێکارێک بەشی یەک نەشتەرگەری ناکات لە کاتی نەخۆشکەوتندا. ڕۆژانەی کرێکارێک یەک کیلۆ گۆشتی تەندروست و گونجاو ناکات.
بەڵام ڕەخنە نەماوە و هەمووان بە شێوەیەک ڕازین. ئەوەیە ماركوز دەڵێت: مرۆڤ وەها لێدەکەن یەک ڕەهەند بێت و توانای ڕەخنەی نەمێنێ، تەنها ماركوز نییە. ئەمە رێک چەمکی (نامۆبوون) یان (ڕاماڵین)ی مارکسە سەبارەت بە مرۆڤ دەگەیەنێت.

حکومڕان و حزبی سیاسی لە کوردستان
حکومڕان و حزبی سیاسی حکومڕان لە کوردستاندا پەیڕەوی ئەم چەمکانە دەکەن. مرۆڤییان لە هەموو ئومێدێکی شۆرش و گۆڕانکاری بەتاڵکردووەتەوە و نامۆیان کردووە بە تێکۆشانی ڕاستەقینە.
هەرچی ئەندامبوون و کادیری بارەگا و بانگەشەکاری هەڵبژاردن و ڕاگەیاندنکاری حزبی هەیە، بە پارە نەبێت کار ناکات. بڕوای بە هیچ جۆرێک بیروباوەڕی ڕاستەقینەی سیاسی نەماوە. ئەمە بۆ تاکی بێ لایەنی سادە لە بیرکردنەوەیش دروستە، بەڵام ئەوان هەموو ڕۆژێک نین. بەڵکو لە ڕۆژانی هەڵبژاردندا بە شێوازی جیاواز کاریگەریان دەبێت لە سەریان.
گوتاری سیاسی و کاریگەری لە تاک
گوتاری سیاسی یەکێک لە هاوبەشە کاریگەرەکانی سەر تاکی یەک ڕەهەندە لە هەرێمی کوردستاندا. گوتاری سیاسی حزبە حکومڕانەکان و هەندێک لە دەرەوەی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستانیش، تەنها بیر لە ژیانی ڕۆژانە دەکاتەوە و بە زمانێکی سادەی یەک دوو کاتژمێر کاریگەری بوون دەخرێتەڕوو.
ئەم بێ پلان و بنەما نییە، بەڵکو بە مەبەستی هەرزان کردنی ژیان و ئاراستەی یەک ڕەهەندی هەنگاو دەنێت. واتا گوتاری سیاسی بە قووڵی تاکی کوردستانی تێنەگەیاندووە لەوەی کە ژیانی بێ ڕەخنە مردنە.
ژیان بریتی نییە لەوەی لە بەردەم ڕاگەیاندنێکی دروستکراوی حزبی حکومڕاندا، فەرمانبەرێک یان کرێکارێک یان ئافرەتێکی بێ ماڵ و حاڵ و خوێندکارێکی دانەمەزراو قسەکانی بکات بە گریانەوە، بۆ ئەوەی داواکەی جێبەجێ بکرێت.
بەڵکو دەبێت مرۆڤ ڕەخنە لە سەراپای بەرنامەکان بگرێت. بزانێت کە حزبێکی بێ بنەما و ئایدولۆژیا و تێڕوانی فەلسەفی ناتوانی قەیرانی بێکاری و سەرهەڵدانی هەژاری چارەسەر بکات. ناتوانێت بایەخ بدات بە کەرتی تایبەت و فەرامۆشکردنی کەرتی گشتی جێبەجێ بکات. ناتوانێ هەلی کار و دامەزراندنی هاوسەنگ بۆ هاوڵاتیان جێبەجێ بکات.
چونکە ئەوان بەرنامەکەیان ئەوەیە کە هەنگاوەکانی سەرمایەداری بچەسپێنن. ڕەفتاری ڕۆژانەیان و کار و کردەوەکانیان ئەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە.
ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی یەک ڕەهەند
ڕاگەیاندنێکی بێ شوماری سەرچاوەی داهات ناڕوون. کۆکردنەوەی دەیان ڕۆژنامەنووسی یەک ڕەهەند لە بیرکردنەوە بە ناوی من تەنها کاری ڕۆژنامەوانی دەکەم. داهێنانکردن لە شێوازی ڕازی کردنی خەڵک لە چەپڵەلێدان و بانگەشەکردن بۆیان، بە بیانووی ئەوەی ڕاگەیاندنێکی باشن.
وەهایان کردووە ئاراستەیەکی تایبەتیان بۆ خەڵک دروست کردووە. لە ناو پەیامی ڕاگەیاندندا ئاراستەی پەیوەست بوون بە قسەی تاک و هەوڵی تاک بۆ خزمەتکردن زیاتر زەقە. ئەو تاکە ڕۆژنامەنووسەیش دواتر نوێنەرایەتی حزبی حکومڕان دەکات لە هەڵبژاردندا و بە هەمان شێوە جێبەجێکاری سیاسیەتی ئەو حزبانە دەبێت.
ئۆباڵی سەرهەڵدانی قەیرانەکان زیاتر لە سەر ئەوانە، واتا هەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی قووڵی ڕەخنەگرتنی جەماوەری و بە بەرنامەدایە. هەوڵەکانیش بۆ ئەوەیە مرۆڤی یەک ڕەهەندی هەبێت و فرەڕەهەند نەبێت. هزری هۆشمەندی تاک کۆنترۆڵکراو بێت و ئاراستەی قسەکردن و پشتگیریان ڕوون و دیار بێت.
سەرچاوەکانی گۆڕانکاری کە تاکە لە کۆمەڵگادا بە فشاری پارە ئەم دەست و ئەو دەستی پێدەکرێت. ڕەخنەیش هەر جارێک ئاراستەی لایەک دەکرێت کە خۆیان ئارەزووی دەکەن و ڕای گشتی لە سەر کۆدەکەنەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا