
ستار ئەحمەد
کاتێک ئاین دەکرێتە چەکی داگیرکاری
مێژووی خوێناوی و پڕ لە کارەساتی ناوچەکە جارێکی دیکە لە دەلاقەیەکی ڕەشەوە خۆی نیشان دەداتەوە و نەتەوەیەک دەخاتەوە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختی مان و نەمان. ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوا دەگوزەرێت، تەنیا ململانێیەکی ڕامیاری یان کێشەیەکی سنووری نییە، بەڵکو زیندووکردنەوەی هەمان ئەو مۆتەکەی جێنشینیەیە، کە چەندین دەیەیە جەستەی ئەم نیشتمانەی شەڵەژاندووە. کاتێک دەسەڵاتێکی سیاسی و سەربازی لەسەر بنەمای توندڕەوی و سڕینەوەی ئەویتر بونیاد نراوە، پەنا بۆ دەقە پیرۆزەکان دەبات بۆ ئەوەی ڕەوایی بدات بە خوێنڕشتن، لە ڕاستیدا پەردە لەسەر قووڵایی ئەو مەترسییە لادەبات کە نەک هەر گەلێکی دیاریکراو، بەڵکو هەموو بەها مرۆییەکان دەکاتە ئامانج. ئەحمەد ئەلشەرع و ئەو تاقمەی لەژێر فەرمانی ئەودا کار دەکەن، بە هەمان ئەو عەقڵییەتەی، لە ڕابردوودا لە باشووری کوردستان کارەساتی گەورەی خوڵقاند، جارێکی دیکە ناوی ئەنفال دەهێننەوە ناو کایەی جەنگ و داگیرکاری.
ئەمجارەیان وەزارەتی ئەوقافی ئەو حکومەتە، لە نووسراوێکی فەرمیدا کە هەڵگری ژمارە دووسەد و پەنجایە و لە هەژدەی یەکی ساڵی دوو هەزار و بیست و شەشدا دەرچووە، داوا لە تەواوی مزگەوتەکان دەکات کە لە کاتی نزا و پاڕانەوەکانیاندا پەنا بۆ ئایەتەکانی سورەتی ئەنفال بەرن. ئەم هەنگاوە تەنیا بانگەوازێکی ئاینی نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنی جەنگێکی سەرتاسەرییە کە تێیدا مرۆڤ، خاک، دار و بەردی ناوچە کوردییەکان وەک دەستکەوتی جەنگ تەماشا دەکرێن. ئەوەی جێگەی سەرنج و نیگەرانییەکی قووڵە، ئەوەیە کە چۆن دەسەڵاتێکی سیاسی بە ئاشکرا باس لە وڵاتگیری دەکات و دەیەوێت شوێنپێی ئەو جێنشینییە کۆنانە بکەوێت کە مێژووەکەیان پڕە لە چەوساندنەوە و سڕینەوەی شوناسە نەتەوەییەکان. ناونانی هێرش بۆ سەر ماڵ و حاڵی خەڵکێکی بێتاوان بە وڵاتگیری، سوکایەتییەکی گەورەیە بە چەمکی پیرۆزی و مرۆڤایەتی، چونکە لە پشت ئەم وشانەوە عەقڵییەتێک وەستاوە، بڕوای بە پێکەوەژیان و فرەیی نییە و دەیەوێت بە زەبری هێز و بە ناوی خوداوە، نەخشەیەکی نوێ بۆ ناوچەکە بکێشێت کە تێیدا هیچ ڕەنگ و دەنگێکی جیاواز بوونی نەبێت.
پێویستە لێرەدا بگەڕێینەوە بۆ لاپەڕە تاریکەکانی کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، کاتێک ڕژێمی پێشووی عێراق بە هەمان شێوە و بە هەمان ناونیشان، گەورەترین تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دا. لەو سەردەمەشدا، بەکارهێنانی ناوی ئەنفال تەنیا هەڵبژاردنی ناوێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو هەوڵێک بوو بۆ ئەوەی کوشتنی کورد وەک ئەرکێکی ئاینی نیشان بدرێت و تاڵانکردنی ماڵ و سامان و خاکیان وەک دەستکەوت ڕەوایی پێبدرێت. ئەو کاتەش سورەتی ئەنفال کرا بە چەترێک بۆ شاردنەوەی ڕووی فاشیستیی دەسەڵات، و ئەمڕۆش حکومەتەکەی ئەحمەد ئەلشەرع، بە هەمان هەناسە و بە هەمان تینوێتی بۆ خوێن، دەیەوێت ئەو برینە کۆنە لە جەستەی ڕۆژئاوادا بکاتەوە. ئەم جۆرە بەکارهێنانە چەوتەی دەقە ئاینییەکان نیشانەی ئەوەیە کە ستەمکاران هەمیشە هەوڵ دەدەن مێژوو و بیروباوەڕ بدوێنن تاوەکو جەلادەکان وەک پاڵەوان و قوربانییەکان وەک تاوانبار بناسێنن.
بەکارهێنانی ئایەتی ژمارە نۆ لە سوورەتی ئەنفال، کە باس لە داوای یارمەتی و بە هاناوەهاتنی هێزی غەیبی دەکات، ئامانج لێی دروستکردنی جۆش و خرۆشێکی نابەجێیە لەناو ئەو جەنگاوەرانەی کە بۆ سڕینەوەی ناسنامەی گەلێکی تر هاندراون. ئەمە هەوڵێکە بۆ پاک کردنەوەی ویژدانی ئەو کەسانەی کە چەکەکانیان ڕووبەڕووی منداڵ و ژن و خەڵکی سڤیل دەکەنەوە. کاتێک دەوڵەتێک بە شێوەیەکی فەرمی داوای نزا و پاڕانەوە بۆ وڵاتگیری دەکات، لە ڕاستیدا دان بەوەدا دەنێت کە هیچ بەهایەکی مرۆیی و نێودەوڵەتی بۆ سنوور و مافەکان دانانێت و تەنیا یاسای هێز و داگیرکاری دەناسێت. ئەم عەقڵییەتە نەک هەر مەترسییە بۆ سەر کورد، بەڵکو مەترسییە بۆ سەر هەموو ئەو نەتەوە و پێکهاتانەی کە لە ناوچەکەدا دەژین و نایانەوێت ببنە بەشێک لەو جێنشینییە تاریكەی ئەوان خەونی پێوە دەبینن.
جێگەی داخە کە مێژوو بەم شێوەیە دووبارە دەبێتەوە؛ ئەو کاتەی لە باشوور هەزاران گوند وێران کران و بە هەزاران مرۆڤی بێتاوان زیندەبەچاڵ کران، هەمووی لە ژێر هەمان ئەو ناونیشانەدا بوو، کە ئەمڕۆ وەزارەتی ئەوقافی سووریا لە نووسراوە فەرمییەکەیدا بەکاری دەهێنێت. ئەمە نیشانی دەدات کە دوژمنانی ئازادی لە هەر کوێ بن و هەر کاتێک دەسەڵاتیان هەبێت، پەنا بۆ هەمان ئەو کەرەستە ژەهراوییانە دەبەن کە مرۆڤەکان دەکاتە دوژمنی یەکتر. گەڕانەوە بۆ شکۆی بەنی ئومەیە کە لە ناوەڕۆکی ئەم بانگەوازانەدا هەستی پێ دەکرێت، گەڕانەوەیە …