
دهۆک بەڕۆژی/سۆران
هۆکارە جۆراوجۆرەکانی بەشداری نەکردنی ئافرەتان لە بواری سیاسی لە کوردستان، بەشێوەیەکی بنەڕەتی دەگەڕێنەوە بۆ ئەو ڕاستییەی کە لە سەرەتاوە ژینگەیەکی گونجاو بۆ بەشداری راستەوخۆی ئافرەتان دەستەبەرنەکراوە. ژینگەیەک کە لە هەموو لایەنەکانەوە – واتە ئامادەکاری حیزبەکان و گۆڕانکاری لە بوارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە – بۆ ئەوەی بوار و مەیدان بۆ خستنەگەڕی تواناکانی ئافرەتان بکرێتەوە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکاری جیاجیا، کە خۆیان لەم بنەمایانەی خوارەوەدا دەردەخەن:
بنەمای یەکەم: کلتووری ڕامیاری لە کوردستانی عێراقدا، بەڕوونی کلتوورێکی پیاوسالارە، کە بڕیارە سیاسییەکان و دەسەڵاتەکانی بەدەست پیاوانە.
بنەمای دووەم: ڕەگەزی نێرینە دەستی بەسەر هەموو بوارە سیاسییەکان لەم هەرێمدا گرتووە، کاری سیاسی بە شێوەیەک قۆرخ کردووە کە شێوازی هەڵسوکەوت و پەیوەندییەکانی ناو حیزب و دامەزراوەکان بەپێی ئارەزوو و خواستە نێرینەکان دیاری کراوە، ئەمەش ڕەهەندی ژنایەتییەکانی لە سیاسەت دوورخستووەتەوە.
بنەمای سێیەم: کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان نەیتوانیوە خۆی لەگەڵ پێکهاتە و ناوەڕۆکی کاری سیاسیی نوێدا بگونجێنێ. لە لایەکی ترەوە، دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، هەرچەندە ئافرەتان چەند دەرفەتێکی نیمچە سەربەخۆیان بۆ چالاکی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری دەستکەوت، بەڵام ئەم دەرفەتانە نەگەیشتن بەو ئاستەی کە بتوانن ڕۆڵی کاریگەر لە بەشداریی سیاسییاندا ببینن.
بنەمای چوارەم: ئافرەتی کورد لە کوردستانی عێراق، لەژێر رژێمە توندوتیژە عەرەبییە پێشووەکاندا رووبەڕووی چەوسانەوە و بێبەشبوونی سیاسی بووەتەوە. ئەو نەک تەنها وەک کوردێک بەڵکو وەک ژنێکیش چەوسێنراوەتەوە. ئەم بارودۆخە بووەتە هۆی دواکەوتن و ناشارەزایی لە ڕۆڵی خۆی لە کۆمەڵگەدا. هەرچەندە ئافرەتی کورد لە ڕووی مێژووییەوە خاوەن پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بووە. لە کاتێکیشدا ژنی کورد بواری گونجاوی بۆ کراوەتەوە تواناکانی خۆیی سەلماندووە، بۆ نموونە ئەو ژنانەی کە دەچنە ئەوروپا توانیویانە لە گەڵی بواری گرنگی ئەو کۆمەڵگەیانە پێگەی سیاسی، ئابووری و زانستی پێگەی بەرچاویان هەبێت.
بنەمای پێنجەم: ژیانی سیاسی لە کوردستان، لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە شێوازێکی تایبەتی بەخۆیەوە بینی کە کۆمەڵگەی کوردی لە ژێر کاریگەری بۆچوونی دواکەوتوویی و دابونەرێتی کۆندا بوو. ئەم شێوازە، جێگەی ململانێ و ناکۆکی لەسەر چۆنییەتی بەشداربوونی ژن کەمکردووەتەوە. هەرچەندە ئافرەت خۆی لە خەباتی سیاسی کورددا بەشدار بووە، بەڵام هەمیشە فاکتەری نێرینە زاڵبوو بەسەر دەنگی و دەستپێشخەرییەکانی ژناندا.
بنەمای شەشەم: ئافرەتان لە ناو هەموو حیزبە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستاندا پشکی کەمینە پێکهێنن، ئەمەش بەهۆی نەدانی دەرفەتی یەکسان و کەمبوونی پاڵپشتی ماددی و مەعنەوییە. کەمبوونی ئەم پشکە لەناو حیزبەکاندا، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گواسترایەوە بۆ پێکهاتەی حکوومەتی کوردستان، کە ئەنجامی کەمی رێژەی بەشداربووانی ژن لە دەسەڵاتی جێبەجێکردا دروستکرد.
کەواتە، بەپێی هەموو ئەو ڕاستییانەی کە لەسەرەوە باسکران، دەردەکەوێت کە ئافرەت لە کوردستانی عێراق لە رووی چالاکی سیاسی و جۆری هەڵسوکەوت و پراکتیزەی سیاسییەوە ڕۆڵی سنوورداری هەیە. جگە لەوەش، هەمیشە لە سەرەکییەترین پشکەکانی بەشداریکردن دوورخراوەتەوە، لە لایەکی تروەوە کات و توانا و وزەی خۆی بۆ ئەم بوارە تەرخان نەکردووە. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە چالاکی سیاسی ئافرەتان لە کوردستان، بەهۆی کۆمەڵێک دواکەوتووی کۆمەڵایەتی، ئابوری، و ڕۆشنبیرییەوە سنووردار کراوە. لەلایەکی دیکەوە، سەرکردایەتیی کوردیش هەمیشە داوای ئازادی و یەکسانی ژن و پیاوی کردووە، ئافرەتانی هانداوە بۆ ئەوەی شان بە شانی پیاو بەشداری بنیاتنانی سیاسەتی کوردستان بکەن. بەڵام لە واقیعدا، ئافرەتان نەیانتوانیوە بەهۆی ئەم ئاستەنگە زۆرانەوە، بەشێوەیەکی کاریگەر و گونجاو ئەرکی سیاسی خۆیان جێبەجێ بکەن و ئەو رۆڵە هاوشێوەیەی کە چاوەڕوان دەکرێت، بەدی بهێنن.
