
فەرەیدوون سامان
زۆرجار لێرەو لەوێ دەبیستینەوە کە مەرج نییە زمان تاکە ئامراز و ناسنامەی نەتەوەیەک بێت، هەندێکجار ئیتنیک و هەندێجاریش ئایین و ئایینزا، شوێن ناسنامەی نەتەوەیی دەگرنەوە، بەتایبەت ئەو نەتەوە ژێردەستانەی بە حوکمی کۆلۆنیالیزمی و جینۆسایدی کەلتووری زمانەکەیان لە دەستداوە، زمانی نەتەوەی داگیرکەریان بەسەردا سەپێنراوە، بۆ نموونەش پێستڕەشەکانی ئامریکا و ئەوروپا کە لە بنەچەدا خەڵکی ئافریکان و ئێستا بە زمانەکانی ئینگلیزی و فرەنسی قسە دەکەن، بەڵام بە نەتەوەش نەئینگلیزن، نە فرەنسی، زۆر لە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و باکووری ئافریکا وەک قیپتی و نووبی و ئەمازیغ وسریان و درووزەکانی سووریاو لوبنان بە عەرەبی دەئاخفن، بەڵام عەرەب نین و خۆیشیان بە عەرەب نازانن، لەو ساڵانەی دواییدا بەشێک لە ئێزەدییەکانیش هەمان بۆچوونیان هەیە کە ڕاستە بە زمانی کوردی دەپەیڤن، زاری کورمانجی زمانی پیرۆزی ئایینەکەیانە، بەڵام هەن و کەمیش نین ئەوانەی خۆیان بە کورد نازانن، خۆیان وەک نەتەوەی ئیزیدی بە خەڵک دەناسانێن، من لە چەند سەردانێکمدا بۆ ناو ئێزیدییەکانی ئەرمەنستان و گورجستان، هەروەها بۆ ئالمانیا لەگەڵ چەندان کەسایەتی وەک بەڕێزان پیر دیمیتری و د.خەلیل جندی ڕەشۆ و ئەمین باباشێخ و ..تد، هەڤپەیڤینێکی تنێروتەسەلمان لەسەر ئەو پرسە کردووە، هاوکات لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٥ لە دواسەردانم بۆ ئاڵمانیا و بەشداریکردنم لە کۆنفرانسی ئیزیدییەکان لە هانۆفەر، بەئاشکرا هەستم کرد کە زۆرینەی ئامادەبووانی ئەم کۆنفرانسە، کە نوێنەرایەتی دەستەبژێرێک لە ئیزیدییەکانیان دەکرد، نایانەوێت بڵێین ئیمە کوردین، بەڵکو بانگەشەی نەتەوەی ئیزیدی بوون دەکەن، بەهەرحال کەم وزۆر ئەو توێژە ئازادن لەوەی هەڵگری هەر ناسنامەیەک بن، ڕەنگە ئەمە بۆ بەشێک لە شەبەکەکانی دەشتی نەینەواش ڕاست بێت، کە زۆرجار جەخت لە زمانی شەبەکی و نەتەوەی شەبەک دەکەنەوە، هەلبەتە من نەک لەگەڵ ئەو بۆچوونانەیان نیم، و بە بۆچوونێکی زانستی نازانم، بەڵام ئیدی سەبارەت بە زۆر هۆکار واقیعێک هاتۆتە ئارا دەبێت زانستییانە لێکۆڵینەوەی لەسەر هۆکارەکانی ئەم پاشەکشەیە و پاشگەزبوونەوەیی ئەم پێکهاتانەی گەلی کوردستان بکەین.
ئەمڕۆ دەبینین لە شارە گەورەکانی وەک ئەستەنبۆل و تاران و بەغدا و دیمەشق بە ملیۆنان هاووڵاتی کورد لەو پایتەختانە دەژین و بە زمانی ئەو نەتەوەسەردەستانە قسە دەکەن و زمانی دایکی خۆیان لەبیر کردووە، بەڵام شانازیش بە نەتەوەی خۆیان دەکەن کە ڕۆڵەی نەتەوەی کوردن، لە مێژووی کۆن و نوێماندا نموونەی ئەو جۆرە کوردانە زۆرن کە لە دیاسپۆرا ژیاون و پەروەردە بوون، مخابن زمانی شیرینی کوردییان لێ زەوتکراوە و لەدەستداوە، بەڵام لە بوارە سیاسی و کەلتوورییەکاندا توانیویانە خزمەت بە دۆزی ڕەوای نەتەوەکەیان بکەن.
چونکە زمان یەکێکە لە دیاردە زیندووەکانی مرۆڤ، بەردەوامیش لە پەرەسەندن و گۆڕاندایە. شانبەشانی گەشەسەندنی هزری مرۆڤ و گۆڕینی شێوازی ژیانیان گەشە دەکات، ئەمەش لە جیاوازی نێوان زمانی ئاخاوتن و زمانی نووسین ڕەنگ دەداتەوە، سەرباری قەدەغەکردن و دژایەتی کردن و نەبوونی دەوڵەتێکی نەتەوەیی بۆ کورد، بەڵام خۆشبەختانە زمانی کوردی توانیویەتی بە زیندووی خۆی ڕابگرێت و گەشە بکات.و بۆ نموونە ئێستا لە وڵاتانی پێشکەوتووی وەک ئالمانیا و ژاپۆن و چین، لە زانکۆیەکانی ئەم وڵاتانەدا بەشی کوردی کراوەتەوە و زمانی کوردی دەخوێنرێت.
یەکێک لە کێشەکانی زمانی پێوەر و ستانداردی کوردی فرە زارییە، وەلێ توێژینەوە زمانەوانییەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە فرەچەشنی زارەکان دیاردەیەکی هەڕەمەکی نییە، بەڵکو لە ئەنجامی پرۆسەیەکی درێژخایەنی مێژوویی و کولتوورییە، کە ڕەنگدانەوەی گەشەسەندن و کارلێکی مرۆڤە لەگەڵ ژینگەدا، زمانی کوردی وەک نموونەیەکی زیندووی ئەم کارلێککردنە دەمێنێتەوە، ئەویش وەک هەر زمانێکی سەر ئەو زەمینە خاوەنی چەندان ئیتنیک و زار و بنزارو دەڤۆکە، زاناکانی بواری زمان پێیانوایە لە ڕووی مێژووییەوە زمانی ئاخاوتن پێش نووسینە، وەک چۆن یەکەمیان هەزاران ساڵ پێش ئەوەی بنووسرێتەوە وەک ئامرازێکی پەیوەندی کردن سەریهەڵداوە، بە تێپەڕبوونی کات زارەکان لە زمانە دایکییەکانەوە لق و پۆپیان دەرکردووە، یاسا و وشەسازی و ڕستەسازی خۆیان پاراستووە، لەگەڵ هەندێک جیاوازی لەگەڵ زمانی پێوەردا، بەکارهێنانی زمان ڕۆژانە توانای مێشکی مرۆڤ نیشان دەدات کە دەستبەجێ هەڵەی زمانەوانی دەستنیشان بکات، تەنانەت بەبێ زانیاری فەرمی ڕێزمانی، زمانناسان ئاماژە بەوە دەکەن کە زمان وەک ژینەوەرێکی زیندوو وایە؛ خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییە زانستی و کولتوورییەکان دەگونجێنێت و بەردەوام زاراوەی نوێ لەخۆدەگرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ گەشەسەندنی هزری مرۆڤدا هاوسەنگ بێت، بۆیە هەموو بیرۆکەیەکی نوێ پێویستی بە چوارچێوەیەکی زمانەوانی هەیە بۆ دەربڕینی، ئەمەش پەیوەندی نێوان هزر و زمان دەکاتە پەیوەندییەکی دانەبڕاو لە یەکگرتندا، لەم چوارچێوەیەدا زمانی کوردی لە بازنە ئەکادیمییەکاندا سەرنجێکی بەرچاوی بۆ خۆی ڕاکێشاوە، بەتایبەتی لە سەدەی نۆزدەهەمەوە کە ڕۆژهەڵاتناسان و زمانناسان لە چوارچێوەی توێژینەوەی زمانناسی هیندوئەورووپیدا لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردووە.
ئەم توێژینەوەیانە گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە زمانی کوردی زمانێکی سەربەخۆیە و سەر بە لقی هیندۆ ئێرانە، لەسەر بنەمای لێکچوون لە وشەسازی و پێکهاتەی فۆنۆلۆژی لەگەڵ زمانە ئەوروپی و ئاسیاییەکان، بەڵگەکانی پەیوەست بە ناوی ڕووەک و ڕێوڕەسمە کۆنەکان و شێوازی ژیانی هاوبەش، وەک مەڕداری و کۆچەری، گریمانەی ڕیشەی هاوبەشیان لەنێوان ئەم زمانانەدا زیاتر بەهێزتر کرد لە ناوچەکانی کە لە چەمی ئۆراسیا تا هیمالایا درێژدەبنەوە.
لە تایبەتمەندییە سەرنجڕاکێشەکانی زمانی کوردی توانای درووستکردنی واتای نوێی هەیە بە زیادکردنی بزوێن بۆ ناو، کردار، یان ئاوەڵناوەکان، کە ڕەنگدانەوەی دەوڵەمەندی زمانەوانی و نەرمی دەربڕینە، هەروەها بە کۆمەڵێک هاوواتای زۆر تایبەتمەندە، تایبەتمەندییەک کە لەگەڵ زمانە زیندووەکانی سەرەکیدا هاوبەشی دەکات، مخابن دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی نەتەوەی سەردەست لە سەدساڵی ڕابردوودا بە پلان و بەرنامەی تایبەت خراپ ئیشیان لەسەر ئیتنیک-پێکهاتەکانی گەلی کوردستان کردووە، هەردەم لە هەوڵی ئەودابوونە کە چۆن لەک و لوڕ و کەلهور لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە نەتەوەی کورد دابڕینن، ئیستاش هەمان سیاسەت بەرامبەر هەورامییەکان پەیرەو دەکەن، لە تورکیاش زمانی کوردییان بە هەڕەشە لەسەر ئاساییشی نەتەوەیی خۆیان زانیوە، بۆیەش هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان کار لەسەر لێکترازانی زارە کوردییەکان بکەن، بۆ نموونە شێوەزاری زازاکی- کە لە بنەڕەتدا سەر بە زاری گۆرانە، لە زمانی کوردی دایک دایبڕێنن، یان وەک زمانێکی سەربەخۆ بیناسێننن، وەک چۆن پێشتر و ئیستاش ئیش لەسەر کوردانی ئێزیدی و شەبەک و هەورامی و فەیلییەکان دەکەن، بە جۆرەها شێوە دەیانەوێ چی وەک زمان و چی وەک نەتەوە لە نەتەوەی کوردی دابڕێنن.
