ڕێگای کوردستان

زیاتر لە ساڵێک و چەند مانگێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا، پەرلەمان دوای دانیشتنێکی کراوەی بێ ئەنجام، پەکخراوە و حکومەتی کاربەڕێکەریش درێژە بە تەمەنی خۆی دەدات، لەم نێوەندەدا، ئەوەی جێگەی پرسیارە، بێدەنگیی ئەو هێزانەیە کە ساڵانێکە لەسەر شەقام و لە شاشەکانەوە هاواری گۆڕانکاری دەکەن،

چاودێران پێیان وایە بێدەنگیی ئێستای ئۆپۆزسیۆن، بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت ببینێت دەرئەنجامی شکانی ئێسکی نێوان دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە بەکوێ دەگات، تا خۆیان وەک رزگارکە یان لایەنی سێیەم نمایش بکەن.
بەشداریکردن لە دانیشتنێکدا کە سەرۆکی پەرلەمانی تێدا هەڵنەبژێردرێت، یان بەشداریکردن لە حکومەتێکدا کە داهاتووی دیار نییە، دەکرێت وەک خۆسووتاندن لێکبدرێتەوە، بۆیە بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

دەنگدەر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، بە ڕێژەیەکی بەرچاو رووی لە هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات کرد، هۆکارەکانیش روون بوون کە
تۆڵەکردنەوەبوو لە دەسەڵات، خەڵک توڕە بوون لە دواکەوتنی مووچە، نەبوونی خزمەتگوزاری ، قۆرخکاریی بازاڕ، زۆری باج و ڕەسومات، گەندەڵی.

بە بۆچونی چاودێرانی سیاسی ، دوای ئەزموونی بزووتنەوەی گۆڕان، خەڵک هیوای وابوو جوڵانەوەو بەرە تازەکان بتوانن مۆدێلێکی جیاواز پێشکەش بکەن، نەک تەنها کورسی پڕبکەنەوە، بەڵام کاتێک دەنگدەر دەبینێت هێزەکەی دوای هەڵبژاردن بێدەنگە و پەرلەمان پەکخراوە، هەست دەکات دەنگەکەی سوتاوە.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، بێدەنگیی ئێستای ئۆپۆزسیۆن و نزیکبوونەوەیان لە حزبە دەسەڵاتدارەکان بۆ بەدەستهێنانی پۆست، قومارێکی سیاسییە. ئەگەر ئەنجامەکەی باشترکردنی ژیانی خەڵک بێت، ڕەنگە پاساوێک هەبێت، بەڵام ئەگەر تەنها بۆ پڕکردنەوەی کورسی و ئیمتیازات بێت، ئەوا ڕەنگە ئەم خولەی پەرلەمان ببێتە کۆتا بزمار لە تابووتی متمانەی خەڵک بە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لە هەرێمی کوردستان.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا