د. دارا محمد


ئەم جەنگەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران وەک جەنگی دوازدە رۆژە نابێت، چونکە لەم جەنگەدا ئیسرائیل تەنها نییە بەڵکو ئەمریکاش بەشدارە، هەر بۆیە گورزی سەر ئێران و هاوکێشە سیاسیەکان جیاواز دەبن. لە ڕاستیدا دەبێت ئەوەش بڵێین کە ئیسرائیل نەخشە داڕێژەر و بکەری سەرەکی پشتی ئەم جەنگەیە و ترەمپ لەسەر بنەمای سیاسەت و ئارگیومێنتەکانی ئیسرائیل هاتۆتە ناو جەنگەکەوە. ئەمە ڕایەکی بەهێزە لەناو میدیا و کەسانی باڵادەستی ناو سۆشیال میدیای ئەمریکادا کە ئیسرائیل دەستی پشتەوەی ترەمپە بۆ دەستپێکردنی شەڕەکە. خاڵێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە کە بەشێکی گەورەی بڕیاردانی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنی شەڕەکە لەلایەن ترەمپەوە دراوە. بێگومان چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیدارەکەیدا لە دوو مانگی پێشوودا کردووە سەبارەت بە ئەگەرەکانی هێرش بۆ سەر ئێران. ناردنی کەشتییە جەنگییەکان بۆ دەریای ناوەڕاست ئاماژەیەکی ڕوون بوو بۆ دەستپێکردنی شەڕ. ترەمپ پێیوابووە، بە پێی ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمز، کە ئیسرائیل لە هەموو بارێکدا هێرشەکە دەکات و ئەمەش وادەکات کە ئەمریکا بهێنرێتە ناو شەڕەکەوە، لە بەرئەوە ترەمپ جارێکی دیکەی نییە و دەبێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیسرائیلدا جەنگەکە بەڕێوەبەرێت. ئامانجی ئیسرائیل لەم جەنگەدا بە هەموو شێوەیەک لەناوبردنی رژێمی ئێرانە و کۆتایهێنانە بەو مەترسیەی کە ئیسرائیل  بە کۆتا هەڕەشەی دەبینێت لە ناوچەکەدا و پاش ئەمە هێزێکی گەورەی پڕ لە مەترسی نامێنێت. بەڵام ڕەنگە تورکیای ئەردۆگان، پاش نەمانی ئێران هەڕەشەیەکی دیکە بێت بۆ سەر ئیسرائیل. بێگومان دەبێت تورکیا بە جۆرێکی جیاواز مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. کەواتە لە ئێستادا ئەمریکاش لەسەر هەمان ڕەوتی ئیسرائیل دەیەوێت ڕژێمی ئێران بگۆڕێت، بەڵام لەمەدا ترەمپ بەردەوام ڕای خۆی دەگۆڕێت، بۆیە ئیسرائیل دەبێت بە پەلە ئەو کارانە بە ئەنجام بگەیەنێت تا ترەمپ دەرفەتی ئەوەی نەبێت پلانی وەک ئەوەی فەنزوێلا دابڕێژێت

کەواتە ئەگەر ئامانجی سەرەکی گۆڕینی ڕژێم بێت، پێدەچێت ئەمریکا و ئیسرائیل پێویستیان بە کورد بێت. دەنگوباس و ڕاپۆرتەکان لە ئێستادا قسەیەکی زۆر لەسەر ئەوە دەکەن کە ئەمریکا و ئیسرائیل کار لەسەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن تا هێزەکانی خۆیان ڕێکبخەن و پڕچەکیان بکەن بۆ چوونە ناو ئێرانەوە. هەروەک ڕۆژێک دوای لێدانی ئێران ترەمپ قسەی لەگەڵ بارزانی و تاڵەبانیدا کردووە. هەرچەندە قسەیەکی زۆر لەسەر ئەوە دەکرێت کە دەبێت کوردی ڕۆژهەڵات ئەم هەلە لەدەست خۆی نەدات و بچێتە ناو جەنگەکەوە بۆ لێدانی ڕژێمی ئێران و ڕزگارکردنی شارەکانی ڕۆژهەڵات. لێرەدا چەند خاڵێک گرنگە بخرێنەڕوو. 

یەکەم، هەڵەیە ئەگەر حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵات لە ئێستادا بچنە ناو ئەم گەمەیەوە، هێشتا زۆر زووە و دەبێت بۆمبارانەکە بە تەواوی هێزی لێدانی ئێران شەکەت بکات و توانای بەرپەرچدانەوەی گەورەی نەبێت. مەترسی گەورەی ئەم کارە ئەوەیە کە کوردستانی باشور دەکەوێتە بەر هێرشی رۆکێتەکانی ئێران، ئەویش لەبەرئەوەی کە زۆرینەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، جگە لە پژاک، هێزێکی گەریلایی و ڕێکخراوەیی تۆکمەیان لە شاخەکاندا نییە و بارەگاکانیان و خێزانەکانیان لەناو شار و شوێنە دیارەکاندایە، کە ئەمەش دەبنە ئامانجی سەرەکی هێرشەکانی ئێران، جگە لە بنکەکانی ئەمریکا لە کوردستان.

دووەم، کورد دەبێت ئیتر وانە لە دۆخی ڕۆژاڤا و سەردەمەکانی پێشوترەوە وەربگرێت کە نەبێت بە داردەست بەبێ ئەوەی دەستکەوتەکانی خۆی مسۆگەربکات. هەر کارێکی سەربازیی و ئامادەیی بۆ چوونە ناو ئێرانەوە دەبێت لەسەر بنەمای رێکەوتنێکی فەرمی و نووسراو لەگەڵ ئەمریکادا بکرێت کە کورد دەبێت ئەو مافانەی بۆ مسۆگەر بکرێت کە داوای دەکات. واتە دەبێت لانی کەم، ڕێکەوتن لەسەر ئەوە بکرێت کە سیستمی داهاتووی ئێران دەبێت لە سەر بنەمای فیدراڵیزم دابمەزرێت کە کورد بتوانێت خۆی بەڕێوەبەری تەواوی خۆی هەبێت. سیستمێکی فیدراڵی و نامەرکەزی بۆ ئێران و ناوچەکە گرنگیەکی زۆری بۆ کورد و نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە هەیە کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا دەوڵەتە مەرکەزیەکانی ناوچەکە خەریکی هەمیشە سەرکوتکردن و قڕکردنی کورد بوون.  

سێیەم، هەندێک باس لە دابینکردنی ناوچەی دژە فڕین دەکەن لەسەر ئەو شارانەی دەشێت لەلایەن حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە ڕزگار بکرێن، بەڵام ئەمە لە دۆخی شەڕدا مسۆگەر ناکرێت. ئەم سیناریۆیەیە کاتێک ڕوودەدات ئەگەر شارەکانی کوردستان ڕزگار بکرێن، بەڵام حکومەتی ئێران نەڕوخێت و ئەمریکا دانیشتن لەگەڵ رژێمی ئێراندا بکات. ئەوکات، ئەگەر ئەمریکا کورد نەپارێزێت لە ڕێگەی ناوچەی دژە فڕینەوە، ئەوا دەبێتە یەکێک لە دۆخە کارەساتبارەکان. کەواتە هێزە سیاسیەکنی ڕۆژهەڵات دەبێت مسۆگەری ئەوە لە ئەمریکا وەربگرن سەبارەت بە ناوچەی دژە فڕین لە ئەگەری نەڕووخانی ڕژێمی ئێراندا.

چوارەم، بێگومان یەک گوتاریی هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات لە ئێستادا زۆر گرنگە، واتە ناکرێت ئەم هێزانە لە ئێستادا خەریکی شەڕی ئایدۆلۆژی بن و بە کۆمەڵێک شتی لاوەکیەوە خەڵک دابەش بکەن، کە ئەمە نیشانەی بێبەرنامەیی و نەبوونی عەقڵی سیاسییە. کارێکی باشە کە ئەو پێنج هێزە سیاسییەی ڕۆژهەڵات بەرەیەکیان پێکهێناوە و کۆمەڵێک خاڵی سەرەکیان وەک بەرنامەکاریان داڕشتووە، بەڵام دەبێت زۆر بە هەماهەنگی و پێکەوەیی کاربکەن و هێزەکانی دیکەش ئامادەیی کارکردن لەگەڵ ئەم بەرەیەدا نیشانبدەن و ببنە بەشێک لە بەرەیەکی بەرفراوان و خاوەن گوتارێکی سیاسی و پراگماتی.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا