هۆشیاری عەبدولعەزیز 


لەو ژینگە سیاسیە ئاڵۆز و لێڵاوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، "متمانە" گرانبەهاترین و لە هەمان کاتدا مەترسیدارترین پێوەرە بۆ ئاڵوگۆڕی سیاسی و خوردکردنەوەی بەرژەوەندییە فرە ڕەهەندەکان کە لەم قۆناغەدا فاکتەری گۆڕانکاری و دووبارە پێداچونەوەی ئەو دۆخەن کە ناوچەکەی داگرتووە ، لەم قۆناغەشدا ئەم پرسە بۆ هێز و ڕەوتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ڕاستەوخۆ لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویی و ئەگەری هەرەسی سیستمێکی سیاسیی تاقەتپڕوکێندان لە ئێران بابەتێکی گرنگە و دەبێ بە هەستیاری مامەڵەی لەگەڵ بکرێ ، بەتایبەت کە ئەمریکا لە ناو هاوکێشەکەیە و ئەمەش ئاراستەی پرۆسەی متمانەکردنەکە دەگۆڕێ ، بە تایبەت لە ژێر سێبەری دۆناڵد ترامپ و دیدگای "ترامپیزم"دا ئەم بابەتە تەنیا پرسێکی دیپلۆماسی نییە، بەڵکو گەمەیەکی چارەنووسسازە لە نێوان مانەوە وەک کارەکتەرێکی خاوەن قەوارە یان توانەوە لەناو تاقیگەی بەرژەوەندییە گەورەکاندا. ئەم وتارە هەوڵ دەدات لە ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزە بکۆڵێتەوە و وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە ئایا واشنتۆن دەتوانێت ببێتە گەرەنتیکەری مافەکانی کورد لە ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی؟ 
یەکەمین تەحەدا لە تێگەیشتن لە فەلسەفەی سیاسیی دۆناڵد ترامپەوە دەست پێ دەکات. ترامپ وەک نوێنەری قوتابخانەی "ڕیالیزمی بازرگانی" فۆرمی هاوپەیمانیی لە "پەیماننامەی ستراتیژی"یەوە گۆڕی بۆ "گرێبەستی کاتی". لەم دیدگایەدا، ئەمریکا نەک وەک پارێزەری پرەنسیپە دیموکراسییەکان، بەڵکو وەک کارەکتەرێکی تەواو پراگماتی دەردەکەوێت کە تەنیا لەو شوێنەدا سەرمایەگوزاری دەکات کە قازانجی کاتی، ئابووری و ئەمنیی ڕاستەوخۆی تێدابێت.
کەوایە بۆ کوردانی ڕۆژهەڵات، ئەمە پەیامێکی مەترسیداری دووفاقییە و ناکرێ هەروا ڕووکەش ببینرێت ، چونکە لە لایەکەوە تارانێکی لاواز خواستی ستراتیژیی واشنتۆنە و لەلایەکی تریشەوە  کورد وەک کارەکتەرێکی ناوخۆیی دەتوانێت لەم فشارەدا هاوکار بێت، کەواتا سروشتی ئەم جۆرە سیاسەتە ئەوەیە کە بە ئاسانی "کارتەکان" لەسەر مێزی گفتوگۆ دەگۆڕێتەوە. مەترسییەکە لێرەدایە: ئەگەر لە ئێرانی پاش کۆماری ئیسلامی، هێزێکی ناوەندیی توندڕەوی تر یان سیستمێکی مەیەل بە ڕۆژئاوا فۆرمەڵە بێت کە بەڵێنی پاراستنی یەکپارچەیی خاک و دابینکردنی وزە بدات، واشنتۆنی سەردەمی ترامپ دوودڵ نابێت لەوەی داواکارییەکانی کورد وەک قوربانییەکی پێویست پێشکەش بە "سەقامگیرییەکی گەورەتر" بکات و  ئەجیندای هەموو پرسەکە بگۆڕێ. 
مێژووی پەیوەندییەکانی کورد و ئەمریکاش لەڕابردوودا  پڕە لەو ڕووداوانەی کە کورد وەک "هاوپەیمانی کاتی" بینراوە. وانە تاڵەکانی ڕابردوو ئاماژەی ڕوونن کە متمانە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا کارێکی سۆزداری نییە. لە ڕێککەوتننامەی جەزائیری ١٩٧٥ و بەجێهێشتنی بزووتنەوەی کورد لە بەرانبەر ڕێککەوتنی تاران و بەغدا، تا بڕیاری کتوپڕی کشانەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵی ٢٠١٩، و پەلامارەکانی کاتی ڕێفراندۆم بەڵگەی ئەو ڕاستییەن کە ئەمریکا چۆن دووفاقانە لە ناو هاوکێشەکەدا مامەڵەی کرد و چۆن لە کاتی دووڕیانەکاندا، هاوکێشە جیۆپۆلیتیکییەکانی "دەوڵەت" هەڵدەبژێرێت بەسەر "نەتەوەیەکی بێدەوڵەت"دا. 
بۆ کوردانی ڕۆژهەڵات، متمانەکردن بە بەڵێنی تەنیا یەک ئیدارە یان یەک کەسایەتی، مەترسییەکی ستراتیژیی گەورەیە. چونکە لە ستراکتۆری سیاسیی ئەمریکادا، دامەزراوەکانی وەک پنتاگۆن و دەزگای هەواڵگری ناوەندی (CIA) دیدگایەکی درێژخایەنیان بۆ "هاوسەنگیی هێز" هەیە. ئەوان زۆرجار سەیری کورد دەکەن وەک "هێزێکی تاکتیکی" بۆ تێکدانی سەقامگیریی نەیارەکانیان، نەک وەک پڕۆژەیەک بۆ دروستکردنی قەوارەیەکی سیاسی کە ببێتە هۆی تووڕەکردنی هاوپەیمانە تەقلیدییەکانیان وەک  تورکیا و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی. بە سروشتیش ترامپ،  کەسایەتییەکی بزنسمانە و مامەڵە و سەودا دەکات و  زیاتر مەیەلی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ "سەرکردە بەهێزەکان"دا هەیە و پشت لە  پاراستنی بەرژەوەندییە گەورەکانی خۆی ناکات لە ڕاگرتنی ئەو هاوسەنگیە ناوچەیی و ناوخۆیانەی کە لەم جۆرە سەودایەدا چنگی دەکەوێ. 
پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا ئەمە بەو مانایەیە کە کورد دەبێت بە تەواوی بێئومێد بێت لە هاوکاریی نێودەوڵەتی؟  بێگومان نەخێر. بەڵام دەبێت میکانیزمی پەیوەندییەکە لە "متمانەی سۆزداری"یەوە بگۆڕێت بۆ "ناچاریی سیاسی". لە فەزای سیاسیی جیهانی نوێدا، متمانە بوونی نییە، تەنیا "بەرژەوەندیی هاوبەش هەیە. بۆ ئەوەی ئەمریکا ناچار بکرێت حیساب بۆ مافەکانی کورد بکات، پێویستە کوردانی ڕۆژهەڵات وەک کارەکتەرێکی حەتمی، یەکگرتوو و خاوەن پڕۆژەی سیاسیی واقیعی لەسەر زەوی و لە ناوەندە دیپلۆماسییەکاندا خۆیان بسەلمێنن و ڕەنگدانەوەیان هەبێ لەسەر ئەو هەڵومەرجەی هاتۆتە پێش. 
بەکورتی کوردانی ڕۆژهەڵات لەبەردەم دووبارە  ئەزموونکردنەوەیەکی مێژوویی دان کە تێیدا متمانە بە ئیدارەیەک کە دروشمی "ئەمریکا لەپێش هەمووانە" بەرزدەکاتەوە، دەبێت متمانەیەکی تەواو "هۆشیارانە" بێت. ئەمریکا تەنیا پشتگیری لەو لایەنە دەکات کە خاوەنی هێزە و بوونی وەک پێویستییەکی ستراتیژی دەبینرێت. کەواتە، کلیلی سەرکەوتن لە واشنتۆن نییە، بەڵکو لە یەکگرتوویی و ڕێکخستنی هێزی ناوخۆیی ئۆپۆزسیۆنی کوردیدایە و پێویستە کورد "هێزی ناوخۆیی" بکاتە بنەما، و واشنتۆن تەنیا وەک هاوبەشێکی تاکتیکی ببینێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە گەورەکان، نەک وەک گەرەنتیکەرێکی ئەبەدی کە هیچ متمانەی پێ ناکرێ.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا