
حەسەن ڕازانی
بەهانەکان وەک کە باسیان لێوە دەکەن:
ئێران چەکی ئەتۆمیی هەیە یان درووستی دەکات، یان یورانیوم دەپیتینێ و بۆچەکی ئەتۆمیی ئامادەی دەکات!
ئێران سەرچاوەی تیرۆریزمە!
بەڵام:
ئایا ئەوە ئێران بوو بزووتنەوەی تاڵیبانی لە ئەفغانستان درووست کرد؟
ئایا ئەوە ئێران بوو داعشی درووستکردو بەریدایە گیانی خەڵکی سوریاو ئێراق؟
ئایا ئەوە ئێران بوو کە گروپە تیرۆریستە ئیسلامیە سوننە تونڕەوەکانی لە نێو سوریادا درووستکردنو بە چەکی قورس تەیاری کردن و ناوی لێنان بەرەی ئۆپۆسزیۆن و گوایە لە دژی رژێمەکەی ئەسەد دەجەنگان بەڵام کاری تریان پێدەسپێررا؟
ئایا ئەوە ئێرانە کە لە هەرچوار لای دنیاوە بۆ جیهاد لە دژی خەڵکی ئێراق و سوریا تیرۆریستی تێڕا دێنە ناو سوریاو ئێراقەوە؟
ئایا چیچانیی و ئوغوریەکانی چین لە ئێرانەوە دێنە ناو سوریاو ئێراق یان لە تورکیای ئەندامی ناتۆوە؟
ئایا ئەبو محمد جۆلانی،
گەورە تیرۆریستی جیهانی،
بە پاڵپشتی ئێرانیی،
بووە سەرۆکی سوریاو گەلانی؟
دوێنێ چل ملیۆنتان دەدا،
لەبۆ سەری جۆلانی،
ئێستاس ڕاناوەستن،
لە سەناو پێدا هەڵدانی!
چەندین نموونەی تر هەن و چەندین گرووپی تیرۆریستی تر هەن کە بە هەر چوار لای دنیادا بڵاوکراونەتەوەو بەردراونەتە گیانی خەڵکی سیڤیل و هەر هەمووشیان ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی ئەمریکا سەرچاوەی بژێویی و پڕچەک کردنی ئەو گرووپانەن نەک ئێران!
ئەمریکا خۆی بۆ خۆی، خۆی کردۆتە پۆلیسی جیهان نەک ئێران!
من بەرگریی لە ئێران ناکەم و پێشم وایە و بە بەڵگەش سەلماوە کە سیستەمی ئاخوندیی سیستەمێکی دژە ئینسانیی و بە ڕژیمی پەت و سێدارەش ناسراوە. بە زەبری سەرکوت و سێدارەو برسیکردن بە دەیان ساڵە خۆی سەپاندووە!
بەڵام ئەمریکا لە ئێران نادات چونکە ئێران لە گەڵ کورد خەراپە، یان لە گەڵ گەلانی ئێران خەراپە، یان چونکە سیستەمی ئاخوندەکان سیستەمێکی دێموکراسی و ئینسانیی نیە، یان لە بەر ئەوەی سیستەمی ئێران سیستەمێکی عیلمانی نیە، بەڵک و ئەمریکا لە ئێران دەدات چونکا بە کورتی و کرمانجی ئێران ناچێتە ژێرباری داخوازیەکانی ئەمریکا!
ئەم بۆچوونەی من دیسان ڕاستە بۆ ڕژێمەکانی سوریاو ئێراق و یەمەن و سۆدان و میسرو لیبیاو تونس و تەواوی ئەو دەوڵەتانەی کە لە بەناو بەهاری عارەبیدا سەرەونگوون کران و ناتۆ بە سەرپەرشتی ئەمریکا هەریەکەی بەهانەیەکی لێدۆزینەوە. من پێم وایە ئەگەر ئەو دەوڵەتانەی بەهاری عارەبیی وەک پێویست ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لە ئەدایان ڕازی بوانایە هەرگیز ڕۆژیان نەدەگەیی بە ئەمڕۆ!
بۆ نموونە ئەمریکاو هاوپەیمان و هاوئاوازەکانی سەدامیان نەڕوخاند چونکە سەدام لە گەڵ کوردو گەلی ئێراق خەراپ بوو، یان سەدام چەکی کۆمەڵکوژی هەبوو، یان کیمیاوی بەکار هێنا لە دژی کوردان،. بەڵکو لە سەر شتیتر سەدامیان ڕوخاند کە دوروو نزیک پەیوەندی نەبوو بەوهۆیانەی کە لە ڕاگەیاندنەکانەوە باسیان لێوەدەکردن!
هۆیەکانیش تەنها بەهانە بوون و هیجی تر! بەهانە بوون بۆ ئەوەی هەم خەڵکی ئەو وڵاتە ڕەکێش بکەنە ناو سوپاکەی خۆیان و هەمیش شەرعیەتێکی نێو دەوڵەتی، کە هەر خۆشیان بەرپرسی ئەو شەرعیەتەن، بدەنە هێرش و پەلامارو وێرانکاریەکانیان.
من دیسان دەیڵێمەوە هەموو ئەو ڕژێمانەی کە لە بەهاری عارەبییدا ڕووخێنران و ئەوانەی کە ئێستا لەسەر کارن،هیچیان دووروو نزیک پەیوەندییان بە خەڵکەوە نیەو هەموویان دژە خەڵکن یان دیکتاتۆر بوون یان ئێستا دیکتاتۆرن!
بەڵام میژوو سەلماندوویەتی ناتۆ بە سەرپرشتی ئەمریکا دژی دیکتاتۆریەت نیە لە جیهانی عارەبیی و ئیسلامییدا، بەڵک و دژی ئەو سیستەمەیە کە لە گەڵ ئەمریکا نەبێت.
تۆ لەگەڵ ئەمریکا بە ئیتر کوڕی باشیت و عەیبت نیە ئەگینا تۆ تیرۆریستیت!
تکایە بە وردی دیقەت لە ناوچەکەو رژێمەکانی ناوچەکە بدەن بۆتان دەردەکەوێت کە ئەم قسەیەی من ڕاستە!
تێبینی: تکایە ناوەڕۆکی ئەو بابەتەی منه والێکمەدەنەوە کە من پێمناخۆشە ڕژێمی ئێران بڕتووخێت،یان من دژی سەربەخۆیی کوردم. بەڵکو ئەوەیە کە من نامەوێت ڕژێمێکی دیکتاتۆر بڕوخێنرێت و یەکێکیتر لە خۆی خەراپتر بهێنرێت! من دژی شەڕو وێرانییم کە مەبەستی تەنها وێرانیی و شەڕە لە بەرژەوەندی بازرگانانی شەڕ یا لە بەرژەوەندی جیهانی سەرمایەو کۆمپانیاکانی چەک و شەڕە!