
ڕێگای کوردستان
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی تایبەت لە دیمەشقەوە، بۆ ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان، دۆخی ناوخۆیی سوریا، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کەوتوونەتە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەحمەد شەرع و چەکدارەکانی، گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار و قەیرانێکی قووڵی مرۆیی، ئەمنی ، ئابووریی لێکەوتووەتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە پێشێلکارییەکان بەرانبەر بەو کەسانەی ناچنە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع و گروپەکانی بەردەوام لە زیادبووندان.
سەرچاوەکە ئاشکرای کردووە، هەر کەسێک ناڕەزایەتی دەرببڕێت یان بەتەواوی ملکەچی بڕیارەکانی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع نەبێت، ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی هەڵمەتی گرتن، کوشتن و ئەشکەنجەدانی توند دەبێتەوە. سوکایەتیکردن بە کەرامەتی خەڵک بووەتە دیاردەیەکی ڕۆژانە و بەڕوونی جیاکاریی تایفی، ئایینی و مەزهەبی پەیڕەو دەکرێت، ئەمەش ترس و دابەشبوونێکی کۆمەڵایەتیی گەورەی لەنێو پێکهاتەکاندا دروست کردووە.
لە ڕووی ئابووری و ژیان و گوزەرانەوە، سەرچاوەکەی ڕێگای کوردستان ڕایگەیاند، کە خەڵک لەوپەڕی نەهامەتیدا دەژین. بێکاری، هەژاری، نەبوونی ، برسێتی بەتەواوی باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە. گرانیی بازاڕ و کاڵاکان گەیشتووەتە ڕادەیەک کە بەشێکی زۆری خەڵک تەنانەت توانای کڕینی نانی ڕۆژانەشیان نەماوە، ئەم دۆخە نالەبارە و نەبوونی سەرچاوەی داهات، هۆکار بووە بۆ سەرهەڵدان و تەشەنەسەندنی دیاردەی دزی و ڕاوڕووت.
هاوکات، قەیرانی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک کارەبا و ئاوی پاک و سووتەمەنی، تەواو خەڵکی هەراسان کردووە، دەسەڵاتیش هیچ پلان و هەنگاوێکی بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە نییە.
لە لایەکی دیکەوە، دامەزراوەکان ئیفلیج بوونە و حکومەت مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابین ناکرێت، بەهۆی ئەم فشارە دارایی و ئەمنییانەوە، بە سەدان پزیشک، پەرستار، ئەندازیار، فەرمانبەر، مامۆستا و وانەبێژ لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، یان بەناچاری خۆیان دەستبەرداری پیشەکانیان بوونە ، ئەمەش کەرتی تەندروستی و پەروەردەی بەرەو داڕمانی یەکجاری بردووە.
سەرچاوەکەی ڕێگای کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە خەڵک بەتەواوی لەم دەسەڵاتە بێزار و تووڕەن، چونکە ژیان لەژێر سێبەری برسێتی و سەرکوتکردندا بۆیان سەخت بووە و گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی ئەم شێوازە حوکمڕانییە هیچ ئاسۆیەک بۆ ژیانێکی شایستە ناهێڵێتەوە.