نادر عەبدولحەمید

  • بەراوردێک

سەرهەڵدانی سەرمایەداریو پوکانەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی دەرەبەگایەتی، وەک پڕۆسەیەکی هێواش و ئارام لە کۆتایی سەدەی هەژدەدا، لە هەرسێ ولایەتی بەسڕە و بەغدا و موسڵی ژێردەسەڵاتی ئیمپڕاتۆڕیەتی عوسمانی لە ئارادابوو، بەڵام هاتنی ئیمپریالیزمی بریتانیا بۆ کەنداوی عەرەبی لە جەنگی جیهانی یەکەم و دەرکێشانی ئەو سێ ویلایەتە بە شەڕێکی خوێناوی لەژێر دەستیدا و شکڵپێدانی دەوڵەتێک لە (١٩٢١)دا لە ژێر ئینتیدابی خۆیدا بە ناوی دەوڵەتی عێڕاقەوە، گوڕ و تەوژمێکیخێرای بەخشی بەو ڕەوەندە لەسەرهەڵدانی سەرمایەداری، و کۆمەڵگەی ناو ئەو چوارچێوە سیاسییە تازەیەشی خستە ناو تونێلی ئاڵوگۆڕێکی یەکجار زۆر خێراوە.

ئەمەش بەهۆی پەرەسەندنێکی خێرای بازرگانی و پێکهێنانی دامەزراوە دەوڵەتییەکانی وەک سوپای عێڕاق، کردنەوەی خوێندگاو خەستەخانەکان، دروستکردنی ڕێگاوبان و بەنداوەکان، دامەزراندنی پیشەسازی مۆدێرن و بەکارهێنانی ئامێری تەکنۆلۆژیای تازە لە کشتوکاڵدا، هەروەها بەرهەمهێنانی نەوت و کۆچی دێهاتییەکان بۆ شارەکان.

بەم شێوەیە کۆمەڵگەی عێڕاق قەڵەمبازێکی زۆر گەورە دەهاوێت ڕووەو بوون بە کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداری،وە لە سێ دەیەی ساڵانی سییەکان، چلەکان و پەنجاکانی سەدەی بیستدا پڕۆسەکە کامڵ و بەئاکامی خۆی دەگات،هەر لەم سی (٣٠)ساڵەدا(١٩٣٠-١٩٦٠) ئاڵوگۆڕێکی گەورەش لە فکر و فەرهەنگ و کلتور و دابونەریتەکاندا دێتەدی؛ چەندین بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و فکری تازە لەدەرونی ئەو کۆمەڵگەیەدا سەرهەڵدەدەن، حزبە سیاسییە مۆدێرنەکان شکڵدەگرن، کێشمەکێشی سیاسی و فکری بەهێز لە نێوان ئەو ڕەوتانەدا دێتەدی، کە هەر یەکەیان دەیەوێت بە ئاقارێکی دیاریکراودا، ئەو پەرەسەندنە ئابوورییە سەرمایەدارییە، ئەو ڕەوەندە مێژووییە ڕوو لە گەشە و پێشکەوتن و هاتنەئارای جیهانێکی نوێ ئاڕاستە بکەن و نوێنەرایەتی فکری و سیاسی بکەن، ئەویش لە ڕێگەی گرتنەدەستی دەسەڵاتی دەوڵەت و کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگە لە ڕێگەیەوە.

بەڕوخانی ڕژێمی پاشایەتی (١٩٥٨) و لە میانەی کێشمەکێشێکی خوێناوی ساڵانی شەستەکاندا، دەسەڵاتی سیاسی چینی بورژوازی بەیەکجاری بەسەر کۆمەڵگەداجێگیر دەبێت. ڕەوتیمیلیتانت و فاشیستی ناسیونالیستی عەرەبی (حزبی بەعسی عەرەبی سۆشیالیستی) لە کۆتایی ئەو دەیەدا (١٩٦٨) دەست بەسەر دەسەڵاتدا دەگرێ، و بە وەدەرنانی هەموو ڕکەبەرەکانی خۆی لە ڕەوتە ناسیونالیست و ڕیفۆڕمیستە ناسیونالەکانی تر، وەبەقەلاچۆکردنی (قیادە مەرکەزی)باڵی چەپی - حزبی شیوعی عێڕاقی لە (١٩٦٩) و ئیمتیازدان بە باڵی ڕاستی (لیژنە مەرکەزی) ئەو حزبە وەک ڕەوتێکی بورژوا ڕیفۆڕمیست و پێکهێنانی بەرە لەگەڵیدا لە حەفتاکانی سەدەی بیستدا، (هاوڕای ڕێککەوتنامەی ١١ ئازاری ١٩٧٠ و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان)، توانی دەسەڵاتی حزبی خۆی و چینی بورژوازی سەقامگیر بکات و گوڕێکی زۆر خێراتر، لە ساڵانی حەفتاکاندا، ببەخشی بە گەشە و پەرەسەندی سەرمایەداری عێڕاق،تا سەرەتای هەشتاکانی سەدەی بیست.

ئەوەی جێگە مەبەستی ئێمەیە لێرەدا، لەپەیوەند بە مەسەلەی ژنانەوە، ئاماژەدانە بەوەی کە یەکێک لە پێداویستییەکانی ئەم ڕەوەندە لە پەرەسەندن و گەشەی سەرمایەداری چ لە باری ئابوری - کۆمەڵایەتیەوە و چ لە باری فکری - سیاسی و کلتورییەوە، بریتی بووە لە هاتنەدەرەوەی کچان و ژنان لە ماڵ بۆ پەیوەست بوون بە خوێندگا و دامەزراوە دەوڵەتییەکان و هاتنەناو بازاڕی کار و بوون بە بەشێک لە ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتی و سیاسیـیەکانی ئەو کۆمەڵگەیە، کە پێویست بوون بۆ کەڵەکەی سەرمایە و شکڵگیریدەوڵەتی بورژوازی و دەسەڵاتەکەی.

بەم شێوەیە،شەش دەیە لە پەرەسەندنی سەرمایەداری عێڕاق(١٩٢٠-١٩٨٠)، تا ئەو جێیەی پەیوەستە بە مەسەلەی ژنانەوە،قۆناغی بەجێهێشتنی جێگەوڕێگەی کۆیلایەتی، بێمافی و چەوسانەوەی ناو سیستمی دەرەبەگایەتی - عەشیرەتگەری پیاوسالارانە و پێشا سەرمایەداری بووە، ڕووە و بەدەستهێنانی جێگەوڕێگەیەکی کۆمەڵایەتی تازە و بڕێک لە ماف و ئازادیەکان لە کۆمەڵگەیەکی شارنشینیدا. ئەم ڕەوەندە، سەراسەری و عێڕاقیانە بووە بە کوردستانی عێڕاقیشەوە کە دواتر تایبەتی تر باسی دەکەین.

ئێرە جێگەی هەڵسەنگاندنی ئەو قۆناغە دیاریکراوە نیـیە، بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە گەرچی ژنان جێگەوڕێگەیەکی تازەیان بەدەستهێنا لە ناو کۆمەڵگەدا، بەڵاملەڕووی یاسایی و دەستوریەوە، ڕیفۆڕمێکی ڕیشەیی ئەنجام نەدرا؛ جیایی دین لە دەوڵەت ڕانەگەێندرا و یەکسانی یاسایی ژن و پیاویش لە دەستور و لە یاساکان و لە دادگاکاندابە شێوەیەک دەخرانەڕوو وەمامەڵەیان لەگەڵدا دەکرا کە لەناوەڕۆکدا ناکۆک نەبن لەگەڵ شەریعەتی ئیسلام، بگرە یاساکانی کوشتنی ژنانیش بەدەست پیاوانی خانەوادە و عەشیرەت بەناوی پارێزگاری لە ناموس پاکانەی بۆکراوە. ئەمە جگە لەوەی ڕەوتە ناسیونالیست و ڕیفۆڕمیستەکانیش، مەسەلەی ژنان و ڕێکخراوە وبزووتنەوەکەیان خستۆتە خزمەت ئەجەندای سیاسی بورژوازیانە و بەرژوەندە حزبییەکانیانەوە.

گەرچی هەر لەو ماوەیە (لە گەشە و پەرەسەندنی ئابوری سەرمایەداری عێڕاق)، بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوازی، چوارچێوەیەکی زۆر بەرتەسک بوو بۆ وەڵامدانەوە بە خواست و گەشەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاران و لاوانی شۆڕشگێڕ، بزووتنەوەی کرێکاری و جوتیارانی زەحمەتکێش، بەڵام لە نەبوونی حزبێکی پێشڕەوی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕدا کە چەکداریان بکات بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستی، وە وزەی شۆڕشگێڕانەی ئەو بزوتنەوانە وەگەربخات (لەمیانەی شۆڕشێکی بێوچاندا) بەرەو سۆشیالیزم، بۆرژوازی توانی کۆنترۆڵیان بکات، دایانبمرکێنێتەوە و بیانخاتە خزمەت بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە، هەم لەڕێگەی ڕەوتە ڕیفۆڕمیستەکان و هەم لەڕێگەی سەرکوتی ڕێکخراوەکانیان و گرتن و ڕاوەدوونانی ڕابەران و ترۆریانەوە.

دوای ئەوەش کە ڕەوەندی پەرەسەندنی سەرمایەداری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لە حەفتاکانی سەدەی بیستدا، سەرەتا لە وڵاتانی میسر و تورکیا و ئێران بە ئاکامی خۆی دەگات و ئەو سێ وڵاتە توشی قەیران و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتیەکان و ڕاپەڕین و شۆڕشە ناوخۆییەکانی خۆیان دەبنەوە، لە عێڕاقیشدا ئەم ڕەوەندە لە پەرەسەندنی سەرمایەداری،هاوڕای شەڕێکی ماڵوێرانکەری عێڕاق-ئێران لە هەشتاکاندا لە گوڕ و تەوژمی خۆی دەکەوێت،بە وەستانی زۆرێک لە کارگە و پڕۆژە ئابورییەکان و وێرانبوونیان و فرۆشتنیان بە کەرتی تایبەت.

داگیرکردنی کوێت، جەنگی کەنداوی یەکەم (١٩٩٠)، گەمارۆی ئابووری لەسەر عێراق،تێکڕای ئەم ڕووداو و ئاڵوگۆڕانە؛بێکاری و برسییەتی و گەندەڵی پەرەپێدەدات، مەیدان ئاوەڵا دەکات بۆ سەرهەڵدان و گەشەی ڕەوتە ئیسلامییەکان و مەدەنیەت پاشەکشە پێدەکات و ڕەشەکوژی ژنان (بەتایبەت لە کوردستاندا) دەکاتە دیاردەیەکی بەرچاو.

ڕوخاندنی ڕژێمەکە (٢٠٠٣)، و لەگەڵیشیا داڕمانی دەوڵەتی عێڕاق و وەڕێخستنی "پڕۆسەی سیاسی" ئەمریکی بۆ شکڵپێدانەوەی لەڕێگەی هێزە میلیشییە قەومی و ئیسلامیـیە کۆنەپەرست و تائیفەگەراکانەوە،ئەم ڕەوەندە لە بێکاری و برسییەتی، لە گەندەڵی و تاڵانی سامانی گشتی کۆمەڵگە، لە پاشەکشەپێکردنی مەدەنیەت و ژێردەستەیی ژنان،دەباتە شوێنێکی زۆر سامناکترکە لە مێژووی ئەم وڵاتە لەئارادا نەبووە و لە جیهانیشدا وێنەی کەمە.

زیندوکردنەوەی کۆیلایەتی ڕاستەوخۆی ژنانی ئێزیدی و بازاڕی کڕین و فرۆشتنیان لە لایەن ڕێکخراوی داعش و دەسەڵاتێکی ترۆریستی ئیسلامییەوە، تەنها ئەکتێکی دابڕاو لە بارودۆخی گشتی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبوو، بەڵکو بەشێکی ئۆڕگانیکی ئەو بارودۆخە گشتیە بوو کە سەرمایەداری ناوچەکە لە کۆتایی سەردەمی (جەنگی سارد) و چڕبوونەوەی کێشمەکێشە بەرژەوەندە جیۆ-سیاسیەکانی ئیمپریالیستی ئەمریکی و هێزە ئیقلیمیەکان، بووە هۆی چالاکبوونی ڕەوتە میلیشیە قەومی و ئیسلامییە کۆنەپەرستەکان لە تەواوی ناوچەکەدا.

ئەگەر بەراوردێک لە نێوان ئەو دوو ماوە مێژووییەدا بکەین لە عێڕاقدا، واتا ماوەی شەش دەیە (١٩٢٠-١٩٨٠) لە ڕەوەندی ڕوو لە پەرەسەندن و گەشەی سەرمایەداری، لەگەڵ ماوەی چوار دەیە (١٩٨٠-٢٠٢٠) لە ڕەوەندی گێژاوی سیاسی و قەیرانە ئابوری و کێشمەکێشە سیاسیەکان کە ئێستاش بەردەوامیان هەیە، دەبینین دوو ڕەهەندی پێچەوانەی ئاڕاستە لە بارودۆخی ژنان لە ئارادان، وە ئەوەمان نیشاندەدات پلەی سەربەستی و ماف و ئازدیەکانی ژن، یا پلەی ژێردەستەیی و ستەمی پیاوسالاری بەسەریاندا، زۆر بە توندی شەتەکدراوە بە بارودۆخی گشتی کۆمەڵگە و ڕەوەندی پەرەسەندن و گەشەی سەرمایەداری یان ڕەوەندی قەیران و باڵادەستی ڕەوتە بورژوا کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان لە کۆمەڵگەدا.

ئەوە سەیر دێتەبەرچاو کە ساڵانی پەنجاکان، شێستەکان و حەفتاکان، نە ئینتەرنێت لە ئارادا بوو، نە کەناڵە ئاسمانییەکانی تەلەفزیۆن، نە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبوک و یوتیوب، وە نە تەلەفۆنی شەخسی مۆبایل ... وە نەزانستە سروشتی و کۆمەڵایەتییەکانو تەکنۆلۆژیا ئەوەندەی ئێستا پێشکەوتوو بوون، وە نە زۆری بەرهەم و بوونی جۆرەها نیعمەت و مەلەزات لەئارادا بوو، بەمانایەک شارستانیەت ئەوەندەی ئێستا پێشکەوتوو نەبوو کە جیهانی ئەمڕۆ لێی بەهرەمەندە، کەچی لەگەڵ هەموو ئەم پێشکەوتنانەی کۆمەڵگەدا، لە ئێستادا بارودۆخی ژنان و ماف و ئازادییەکانیان، هەڵاواردنی ڕەگەزی بەدژیان و خستنەژێر فشاری ژنان بۆ "بەها" کۆنەپەرستە دینی و قەومییەکان، زۆر زیاترە لە چاو ئەو ساڵانە لە پەرەسەندنی سەرمایەداری کە ئاماژەمان پێداوە، ئەوەش زۆر بەسادەیی دەگەڕێتەوە بۆ باڵادەستی ڕەوتە سیاسییە کۆمەڵایەتییە کۆنەپەرستەکان، کە قەیرانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری مەیدانی گەشە و پەرەسەندنیان بۆ دەخوڵقێنێت و دەستیان ئاوەڵا دەکات، تا هەڵمەتبردنە سەر ئازادی و کەرامەتی ژنان و کچان بکەنە ئامڕازی سەرکوتی هەر بزووتنەوەیەکی ئازادیخواز و داسەپاندنی ئیستیبداد و خەفەقانی فکری و سیاسی بەسەر گشت کۆمەڵگەدا.وە لەدوا شیکردنەوەدا لە پێناوتەنگەبەرکردنەوەیهەلومەرجی گەشە و پەرەسەندن، وە چوونەپێشی بزووتنەوەی سۆشیالیستی لە دەرونی کۆمەڵگەدا،کە ئاڕاستەکەی ڕووەو تێکشاندنی دەسەڵاتی سیاسی گەندەڵ و زاڵمانەی بورژوازی، وتێکدانیسیستمی چەوسێنەرانەی سەرمایەدارییەکە بنەمای قەیران و کارەساتەکانی کۆمەڵگەن.

ئەمەش ئەوە دەگەێنێت کە مەسەلەی ئازادی و ڕزگاری ژنان لە ستەم و بێڕێزی و پلەدوویی، یەک مەسەلەی کۆمەڵایەتی سیاسی کۆمەڵگەیە، پەیوەندیەکی توندوتۆڵی هەیە بە سیستم و بناغەی ئابوری کۆمەڵگە و ڕەوت و حزبە سیاسییەکان و دەسەڵاتی دەوڵەت و حکومەتەکانەوە، وەناتوانرێ داببڕێندرێت لە کێشەی ڕزگاری گشت کۆمەڵگە لەدەست ڕەوتە فکری و سیاسییە کۆنەپەرست و فاشیستە مەزهەبی و قەومییەکان.ناکرێ، مەسەلەی ژنان، تەنها وەک کێشەی بەشێک لە کۆمەڵ کە دەرگیری کلتور و دابونەریتێکی دواکەوتووی پیاوسالارانەیە وێنا بکرێت و چارەسەرەکەشی بدرێتە دەست کاروچالاکی ڕێکخراوەکانیکۆمەڵگەی مەدەنی و مافی مرۆڤ و ڕیفۆڕمی یاسایی.

  • جێگەوڕێگەی چینایەتی کچان و ژنان

پەرەسەندنی سەرمایەداری عێڕاق و قەیرانەکانی، گەشەی تەکنۆلۆژیا و بەکارهێنانی لەهەردوو بواری بەرهەمهێنان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکاندا، لەگەڵ گرتنەبەری سیاسەتی نیولیبراڵی ئابووری لەلایەن هەردوو حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لە ڕاگرتنی دامەزراندن و کارپێنەدان لە کەرتی گشتیدا، هەروەها کەمکردنەوەی بودجەی خزمەتگوزارییەکان و ڕادەستکردنی کەرتی گشتی بەکەرتی تایبەتی، گشت ئەمانە، (بەتایبەتیش لە بیست ساڵی ڕابردوودا) بوونەهۆی هەڵوەرینی بەشێکی بەرفراوان لە توێژە مامناوەند و وردەبورژوازییەکان بۆناو ڕیزەکانی پڕۆلیتاریای عێڕاق و کوردستان، و باڵکێشانی بێکاری و برسیەتییەکی لە ئەندازەبەدەر بەسەر کۆمەڵگەدا. ئەمەش نەک هەر ڕەهەندێکی عێڕاقی و کوردستانی، بەڵکو ڕەهەندێکی سەرمایەداری جیهانیشە.

ئەوەی مەبەستمانە لێرەدا، ئەوەیە،ئەو ئەجەندایانەی کە بورژوازی گرتوویەتیەبەر لەبواری ئابووری سیاسیدا، وە ئەو ئاڵوگۆڕە ئابووری و کۆمەڵاتییانە کە هاتوونەدی بەدوایدا، جێگەوڕێگەی کچان و ژنانی لە کۆمەڵگەدا گۆڕیووە و زووربەی هەرەزۆریانی پاڵناوە بەرەو ڕێزەکانی پڕۆلیتاریا چ لەسەر ئاستی سەراسەری عێڕاق و چ لەسەر ئاستی کوردستاندا، نەک هەر ئەوەش بەڵکوئەو توێژەش لە پڕۆلیتاریا پێکدەهێنێت کە زۆرترین نەهامەتییەکانی بێکاری و برسییەتی و فشاری ڕەوتە کۆنەپەرستەکان و جەنگ و دەستدرێژی دەکەوێتەسەر.

لە حاڵێکدا لە دروستبوونی دەوڵەتی عێڕاقەوە (١٩٢١) تا هەشتاکانی سەدەی بیست، قۆناغێک بوو لە پەرەسەندن و گەشەی سەرمایەداری، کە ئەجەندای سیاسەتی ئابووری لای بورژوازی، پەرەپێدانی کەرتی گشتی، ئابووری بەپلان و نەخشە، و شکڵدان بوو بە سەرمایەداری دەوڵەتی، ئەمەش دەرگای جیهانێکی باشتر و پەیوەست بوون بە چینی مام ناوەند و ژیانێکی بەجۆرێک خۆشگوزەرانی بەڕووی کچان و ژناندا ئاواڵا دەکردەوە. هەتا ئەگەر کچان و ژنان خۆشیان هەلی خوێندن و کاریان لەبەردەمدا نەبوایە لە ڕێگەی شووکردنەوە بە ئەفرادی توێژە مامناوەند و وردەبورژوای خۆشگوزەرانەوە ژیانێکی باشتر چاوەڕێی دەکردن.

ئەم دەرگایە لە هەشتاکانەوە هەنگاو بەهەنگاو بەرەو داخستن دەچێت و لە ئێستاشدا بەتەواوی کڵۆمکراوە لەسەر دەستی ڕەوت و هێزە کۆنەپەرستەکانی ئیسلامی سیاسی لە عێڕاق، وە لە کوردستانیشدا لەسەر دەستی ڕەوت و حزبە ناسیونالیستە گەندەڵ و تاڵانکەرەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، ئەڵبەتە بە بەشداری و هاوکاری ڕەوتە ئیسلامییەکانی کوردستانیشەوە، کە تێکڕای ئەو هێز و ڕەوتە قەومی و ئیسلامییە عێڕاقی و کوردستانییانە، چ ئەوانەی لە دەسەڵاتدان و چ ئەوانەی لە ئۆپۆزیسیۆنیدان، ئەجەندای نیو-لیبرالیزمی ئابوورییان هەیە، بەم شێوەیە تەواوی ڕەوتەکانی بورژوازی لە سیاسەتی ئابووری و چینایەتیدا یەکگرتوون بەدژی چینی کرێکار و توێژە زەحمەتکێش و چەوساوەکانی کۆمەڵگە لەوانە ژنان، کە پەیوەستە بە باسەکەمانەوە لێرەدا.

بەم پێیە کاتێک باس لە مەسەلەی ژن، ئازادی و ماف و بزووتنەوە ڕزگاریخوازانەکەی دەکرێت، دەبێ لەسەردەمی مێژوویی خۆیدا باس بکرێت، ناکرێ بەهەمان پێوانە، بەهەمان ڕوانگە و هەڵسەنگاندنی سەردەمی گەشەی ئابووری و ئەجەندای شکڵدان بە سەرمایەداری دەوڵەتییەوە لە ساڵانی (١٩٢٠ تا ١٩٨٠) بێین مامەڵە لەگەڵ مەسەلەی ژندا بکەین لە ئێستادا (بەتایبەت لە بیست ساڵی ڕابردوودا) کە سەردەمی قەیران و ئەجەندای نیولیبرالیزمە.

لە ئێستادا نەک هەر وەک بابەتێکی تیۆرییانە، سیستمی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوازی، بەرژەوەندیی هەیە لە بێکاری ژنان و ڕەتاندنیان بەرەو کونجی ماڵ و خزمەتی مناڵ و پیاو، نەک هەر بەرژەوەندی هەیەلە نایەکسانی و بێمافی ژنان و چەوسانەوەیان،بەڵکو بە واقعی و عەمەلیش زوربەی هەرەزۆری کچان و ژنان ئەو توێژ و بەشە لە چینی کرێکار پێکدەهێنن کە وێڕای وەحشیانەترین چەوسانەوە، قەیرانەکانی سەرمایەداریش زۆرترین قوربانی لە ڕیزەکانیان دەگرێت.

لە سەردەمی زێڕینی پەرەسەندن و گەشەی سەرمایەداری عێڕاقدا، کێشەی سەرەکی و بنەڕەتی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان چۆنیەتی بەجێهێشتنی کۆیلایەتی و پیاوسالاری عەشیرەتگەری دەرەبەگایەتی و بەدەستهێنانی ڕیفۆڕمی هەرچی زیاتر بوو لە مافە مەدەنییەکان و دەسکەوتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، کە چوارچێوەی خودی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوازی سنورداری دەکردنەوە و نەیدەهێشت لە ئەندازەیەک واوەتر بچن، بەڵام لەسەردەمی قەیرانە ئابووری و سیاسییەکانی سەرمایەداری عێڕاقدا کێشە سەرەکی و بنەڕەتییەکەی ئەم بزووتنەوەیە، (هەروەها بزووتنەوەی لاوان و خوێندکارانیش) تەواو شیفتی کردووە و گۆڕاوە و بەدەوری تەوەرە، سەنتەر و چەقێکی تردا پێناسەکەی مانای ڕزگاریخوازانەی خۆی وەردەگرێت.

لەمڕۆدا مانای واقعی دوو چەمکی؛ (١) یەکسانی ژن و پیاو، (٢) ڕزگاری ژن لەدەست ستەم،گرێیان خواردووە بە ڕزگاری گشت کۆمەڵگە لەدەست ڕەوتە کۆنەپەرست و فاشیستە مەزهەبی و قەومییەکانی بورژوازی.

ئەمەش واتا بزووتنەوەی ڕزگاری ژنان و خەبات لە پێناو هێنانەدی یەکسانیدا،هەتا بەدەستهێنانی ڕیفۆڕمێکی ڕیشەییش، لەڕووی بابەتییەوە،بۆتە بەشێکی جیانەکراوەی بزووتنەوەی سۆشیالیستی چینی کرێکار بەدژی سەرمایەدری، ڕووەوهەڵتەکاندنی دەسەڵاتی بورژوازی و ژێڕەوژورکردنی بناغەی سیستمە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکەی.

نەک هەر مێژووی فێمنیزمی لیبڕاڵ و ڕیفۆڕمیستی جیهان، بەڵکو کاروچالاکی ڕێکخراوەکانی هاوشێوەشیان لە عێڕاق و کوردستاندا ئەوەی سەلماندوە کە هەتا هێنانەدی سادەترین ڕیفۆڕم و بەدەستهێنانی کەمێک ئازادی و گۆڕینی یاسایەک، کە مەرەکەبی سەرکاغەز نەبێت، پەیوەستە بە پەرەسەندن و بەهێزبوونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ڕزگاریخواز و پێشڕەوەکانی کۆمەڵگە و بوونیبزووتنەوەیەکی کرێکاری بەهێزی خاوەن ئاسۆیەکی سۆشیالیستی کە توانای داسەپاندنی پاشەکشەی هەبێت بەسەر ڕەوتە کۆنەپەرستەکانی بورژوازی و بتوانێ سنوردابنێ بۆ دەستدرێژی و سەرکوتی دەسەڵات و حکومەتەکەیان.

-*-*-*

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا