
لە پێشهاتێکی مەترسیداردا بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و سەقامگیریی ناوچەکە، ئامارە سیاسی و سەربازییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەرێمی کوردستان وەک زۆر لەوڵاتانی ناوچەکە بووەتە ئامانجی زنجیرەیەک هێرشی بێپچڕانی درۆن، کە تێیدا زیاتر لە 200 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران و گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی لە ناوخۆی عێراق ئاراستەی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم کراون و زەرەروزیانی گیانی و ماڵی بەدوای خۆیدا هێناوە.
بەپێی شرۆڤە سیاسییەکان، ئەم هێرشانە تەنها کردەی سەربازی کاتی نین، بەڵکو گوزارشت لە گوشارێکی سیاسی توند دەکەن بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان. سەرچاوە ئاگادارەکان هێرشەکان بۆ دوو ئاراستەی سەرەکی پۆلێن دەکەن:
• هێرشە ڕاستەوخۆکانی ئێران: کە زۆربەیان بە پاساوی لێدانی بنکەکانی ئۆپۆزسیۆن یان ناوەندی هەواڵگری ئەنجام دراون (کە لایەنی کوردی بە توندی ڕەتی کردوونەتەوە).
• گروپە چەکدارە ناوخۆییەکان: ئەو گروپانەی لەژێر چەتری "بەرگری ئیسلامی لە عێراق" یان ناوە جیاوازەکان کار دەکەن و کێڵگە نەوتییەکان، فڕۆکەخانەکان و بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانانیان کردووەتە ئامانج.
ئەم ئاستە بەرزە لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای درۆن، هەرێمی کوردستانی خستووەتە ناو جەرگەی ململانێیەکی ئیقلیمی کە مەترسی لەسەر ڕەهەندەکانی سەروەریی نیشتمانی ، ئاسایشی وزە هەیه و وەک هەڕەشەیەکی جدی دەبینرێ بۆ سەر ئایندەی هەرێمی کوردستان و ئەوە نیشان دەدات کە هەرێم لەبەردەم جەنگێکی ناوچەیی نوێدایە. چاودێران پێیان وایە کە پێویستە حکومەتی عێراق و هەرێم هەماهەنگییەکی باڵاتر بکەن بۆ دابینکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو تا بتوانرێت ڕێگری لەم جۆرە پێشێلکاریانە بکرێت.