ستار ئەحمەد

ڕۆژی دەی ئازار لە مێژووی هاوچەرخی گەلی کورددا، تەنها یادکردنەوەی جۆرە پۆشاکێک یان نمایشێکی ساڵانەی ڕواڵەتی نییە، بەڵکو گوزارشتێکی قووڵ و فرە ڕەهەندە لە زیندوو مانەوەی نەتەوەیەک کە لە ڕێگەی نەخش و نیگارەکانی سەر جەستەیەوە، پەیامی ئاشتی، خۆڕاگری و ڕەسایەتی بە جیهان دەگەیەنێت. جلی کوردی بۆ تاکی کورد تەنها کەرەستەیەک نییە بۆ داپۆشین، بەڵکو شوناسێکی نەتەوەیی و فەرهەنگییە ،کە مێژوویەکی دوور و درێژی لە پشتەوەیە و ڕەگ و ڕیشەی دەچێتەوە سەر بنەماکانی شارستانییەت لەسەر ئەم خاکە. ئەم پۆشاکە تایبەتمەندییەکی دەگمەنی هەیە، کە لە کەم نەتەوەی جیهاندا بەدیدەکرێت، ئەویش پەیوەندییەکی توندوتۆڵ و ئۆرگانییە لەگەڵ ژینگە و سروشتدا؛ ڕەنگە گەش و جۆراو جۆرەکانی جلی ئافرەتان، وەک سوور و زەرد و سەوز و مۆر، ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی گوڵزار و بەهاری کوردستانن، وەک ئەوەی سروشت خۆی لە ناو ئەم پۆشاکەدا ڕازابێتەوە و جوانییەکانی چیا و دەشتەکانی نیشتمان لە کراس و فەقیانە و هەورییەکاندا کۆبووبێتنەوە. لە بەرامبەریشدا، پۆشاکی پیاوان بەو شێوازە توندوتۆڵ و قایمەی، وەک مرادخانی و ستارخانی و کەواو پانتۆڵ، گوزارشت لە سەختی چیاکان و ژیانی تێکۆشان و جوامێری دەکات، کە هەمیشە ئامادەیی بۆ پاراستنی خاک و شکۆی نەتەوەیی تێدا ڕەنگی داوەتەوە.
گرنگیی ئەم پۆشاکە تەنها لە بواری جوانکاریدا کورت نابێتەوە، بەڵکو لە کایە سیاسی و شۆڕشگێڕییەکاندا ڕۆڵێکی کارای بینیوە؛ جلی کوردی لە سەنگەرەکانی ئابڕوو  و لە ناو داستانە مێژووییەکاندا، هێمایەک بووە بۆ ناسینەوەی خەباتکاران و تێکۆشەرانی ڕێگەی ئازادی. لەو سەردەمانەی کە دوژمنان هەوڵی سڕینەوەی زمان و فەرهەنگی کوردییان دەدا، پۆشینی ئەم جلە خۆی لە خۆیدا جۆرێک بوو لە بەرەنگاریی مەدەنی و سیاسی، بە جۆرێک کە دوژمنان لە بینینی ئەو پۆشاکە دەترسان، چونکە دەیانزانی ئەو کەسەی ئەو جلەی پۆشیوە، کۆڵەکەیەکی پتەوی ناسنامەکەی پاراستووە. بۆیە پاراستنی ئەمڕۆی ئەم سامانە، ئەمەکدارییە بۆ خوێنی قوربانیان و ڕەنجی باپیرانمان ،کە لە ناو هەر بستێکی ئەم خاکەدا، بەم پۆشاکەوە گیانی خۆیان بەخت کردووە. لە سەردەمی جیهانگیری و تێکەڵبوونی کولتوورەکان و کاڵبوونەوەی تایبەتمەندییە نەتەوەییەکاندا، جەختکردنەوە لەسەر پۆشینی جلی کوردی ڕێگری دەکات لە ونبوونی دابونەریتە ڕەسەنەکانمان و هەستێکی بەهێزی یەکگرتوویی لە نێوان هەموو پارچەکانی کوردستاندا دروست دەکات. کاتێک لە زاخۆوە تا خانەقین، و لە دیاربەکرەوە تا مەهاباد، هەمووان بەم پۆشاکە دەردەکەون، سنوورە دەستکردەکان دەسڕێنەوە و وێنەیەکی یەکگرتووی نەتەوەیی نیشان دەدرێت ،کە هیچ هێزێکی دەرەکی ناتوانێت بێدەنگی بکات.
ئەرکی نووسەران، ئەدیبان و ڕۆشنبیران لەم یادەدا ئەوەیە کە تەنها لەسەر ئاستی ڕواڵەت نەمێننەوە، بەڵکو فەلسەفەی پشت ئەم پۆشاکە و مێژووی دروستبوونی شێوازە جیاوازەکانی وەک شال و شەپک، ڕانک و چۆغە، یان سەڵتە و کڵاش بۆ نەوەی نوێ شی بکەنەوە. جلی کوردی لە ناو شیعری شاعیرە کلاسیک و هاوچەرخەکانماندا و لە تابلۆی شێوەکارە لێهاتووەکانماندا، هەمیشە وەک هێمایەک بۆ شکۆمەندی، پاکی و نیشتمانپەروەری تۆمار کراوە. ئەم پۆشاکە تابلۆیەکی زیندووە ،کە مێژووی ئێمە بە ڕەنگی ئاڵوواڵا دەنووسێتەوە و هەر کوتە قوماشێکی، گێڕانەوەی چیرۆکی دەستڕەنگینیی ژن و پیاوی کوردە لە بەرهەمهێنانی جوانی و پاراستنی شکۆدا. پێویستە لە ناوەندە پەروەردەیی و ئەکادیمییەکاندا بایەخی زۆرتر بە لێکۆڵینەوە لە مێژووی پۆشاک بدرێت و ڕێگری بکرێت لەوەی مۆدێرنێتەی بێگیان، سیمای ڕەسەنی جلی کوردی بشوێنت. پاراستنی جلی کوردی، پاراستنی بەشێکی گرنگی گیانی نەتەوەیە و ئەرکێکی پیرۆزی سەرشانی هەموو تاکێکی کوردە بۆ ئەوەی ئەم میراتە بە پاکی بۆ داهاتوو بمێنێتەوە. با ڕۆژی جلی کوردی ببێتە هەوێنێک بۆ ئەوەی لە هەموو کایەکانی ژیاندا ڕێز لە ڕەسایەتی و مێژووی خۆمان بگرین و بە شانازییەوە بە جیهان بڵێین.. کە ئێمە خاوەن شارستانییەتێکین ،کە جوانی، خۆڕاگری و ئازادی لە ناو یەک پۆشاکدا پێکەوە گرێداوە. ئەمڕۆ پۆشینی جلی کوردی تەنها وەبیرهێنانەوە نییە، بەڵکو بەڵێن نوێکردنەوەیە لەگەڵ خاک و مێژوودا ،کە تا کورد مابێت، ڕەنگ و شێوازی ئەم پۆشاکە وەک بەشێکی دانەبڕاو لە کەسایەتییەکەی دەمێنێتەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا