
ڕێگای كوردستان
حزبی شیوعی كوردستان جەخت لە پێویستیی یەكخستنی تواناكانی توێژی مامۆستایان دەكاتەوە و پشتیوانیی خۆی بۆ پڕۆژە و چالاكییە مەدەنییەكانی "ئەنجومەنی داكۆكیكار لە مافەكانی مامۆستایان" ڕادەگەیەنێت.
لە دیدارەكەدا كە ئەمڕۆ ٨-٢-٢٠٢٦ لە بارەگای كۆمیتەی ناوەندی بەڕێوەچوو، هاوڕێ ئەبو كاروان سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی و هاوڕێیان سوبحی مەهدی و باباعەلی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، پێشوازییان لە شاندێكی ئەنجومەنی داكۆكیكار لە مافەكانی مامۆستایان كرد.
لە گفتووگۆیەكی ڕاشكاوانەدا شاندی میوان ستراتیژی كاركردنی ئەنجومەنەكەیان وەك بزووتنەوەیەكی پیشەیی بۆ داكۆكیكردن لە شایستە دارایی و یاساییەكانی مامۆستایان خستە ڕوو .
لای خۆشیانەوە سەركردایەتی حزبی شیوعی وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی بۆ داواكارییەكانی مامۆستایان جەختیان لە گرنگیی یەكخستنی ڕیزەكانی ئەنجوومەنەكە و تەواوی مامۆستایان كردەوە و ئاماژەیان بەوە كرد كە "خەباتی مەدەنیی قۆناغبەندی" كاریگەرترین ئامرازە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكان.
لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر زەروورەتی فراوانكردنی بنكەی جەماوەریی ئەنجومەنەكە كرایەوە، بە جۆرێك كە بتوانێت زۆرترین دەنگی مامۆستایان لە دەوری یەكتر كۆبكاتەوە و ببێتە هێزێكی فشاری كاریگەر بۆ سەر ناوەندە بڕیاربەدەستەكان لە پێناو دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ مامۆستایان.

