
گۆران هەڵەبجەیی
بەندە ماوەیەکە ڕەخنەم لە هەڵوێستی هەندێک لە پیاوانی ئایینی و ئەو گەنجانەی پەروەردەی دەستی ئەوانن هەیە. ڕەخنەکەم لەسەر دوو ڕەهەند بووە:
یەکەم، ڕەهەندی نەتەوەیی: زۆرێک لەو مەلا و بانگخواز و ئەندامانەی حیزبە ئیسلامییەکان، هەمیشە نەتەوەی خۆیان کردووەتە قوربانیی ئایدیۆلۆژیاکەیان. بەجۆرێک دژی هەر شتێک بوون کە پەیوەندیی بە کولتووری کوردییەوە هەبێت، بۆ نموونە: نەورۆز، ناوی کوردی، سەیران، گۆرانی، جلوبەرگی کوردی و زۆر شتی دیکە. ئەم بانگخوازانە (هەڵبەتە نەک هەموویان) بەم تێڕوانینە دژە کولتوور و نەتەوەییە، نەوەیەکیان پەروەردە کردووە کە زۆر لە خۆیان تووندڕەوترن.
دووەم، بڵاوکردنەوەی خورافیات: ئەمەش جۆرێکە لە گێلکردنی کۆمەڵگە و دابڕانی لە دنیای پێشکەوتن و زانست و مەدەنییەت.
بەندە وەک پڕەنسیپ هەرگیز دژی ئیمانداریی کەسی نیم، بە مەرجێک ئەو ئیماندارییە زیان بە کۆمەڵگە نەگەیەنێت و نەبێتە هۆی دەستوەردان لە ژیانی خەڵک. ئایینداری پەیوەندییەکی تایبەتە لەنێوان تاک و خوای خۆیدا و دەبێت هەر لەو چوارچێوەیەشدا بمێنێتەوە. بەڵام نیشتمان بۆ هەموومانە و پێویستە بە هەموومان خاوەندارێتیی لێ بکەین و بیپارێزین، ئیتر سەر بە هەر حیزب و ئایین و مەزهەب و ئایدیۆلۆجیایەک بین.
ئەم دۆخە پڕ تراژیدیایەی کە لە ڕۆژئاوا لە ئارادایە، هەموومانی خەفەتبار کردووە و لە دۆخێکی دەروونیی خراپدا دەژین. زۆربەی گەلی کوردستان لە هەموو پارچەکاندا بە دەنگ هاوارەوە بۆ ڕۆژئاوا هاتوونەتە سەر شەقامەکان. ئەمە ئەرکێکی نیشتمانی و ئینسانییە و پێویستە سەرجەم چین و توێژەکانی خەڵک بەشداریی تێدا بکەن.
ئەوەی جێگەی سەرنج و مایەی ستایش و دەستخۆشییە، بەشداریی گەرمی توێژی ئایینییە، لە مەلا و بانگخواز و ئیمانداری ئاسایی. جاران زۆربەی ئەم مەلا و بانگخوازانە ڕۆڵێکی نەرێنییان هەبوو سەبارەت بە هەر ڕووداوێکی سیاسی و نەتەوەیی. ئەگەر دژیشی نەبوونایە، ئەوا بێدەنگییان هەڵدەبژارد بە بیانووی ئەوەی کە ئەوان دەست لە سیاسەت وەرنادەن.
پێشتر کێشەکە لەوەدا بوو کە ئەم توێژە وا تێگەیشتبوون ئەگەر خۆشەویستییان بۆ نەتەوەکەیان هەبێت، ئیمانیان لاواز دەبێت، بەڵام بۆیان دەرکەوت کە ئەمە وانییە. زۆر جار گوتراوە و دەگوترێت، هەروایشە، کە ئیمانی مسوڵمانانی کورد لەهی نەتەوەکانی دەوروبەر بەهێزترە. هەر بۆیەش کاتێک دەوڵەتە ئیسلامییەکانی سەر بە نەتەوەی دیکە، بەتایبەتی عەرەب، هێرشیان دەکرایە سەر، ئەم مەلایانە بە بیانووی پاراستنی یەکڕیزیی مسوڵمانان، بێدەنگ بوون.
لە مێژووی کۆن و نوێدا هەرگیز ڕووی نەداوە مەلایەکی عەرەب دژی دەوڵەتە نەتەوەییەکەی خۆی هەڵوێست بنوێنێت. بەڵام کە مەسەلەکە پەیوەندیی بە کوردستان و نیشتمانەوە هەبێت، ئیتر ئەم مەلایانە لە باخچەلی (سەرکردەی ڕەگەزپەرستی تورک) ڕەگەزپەرستتر دەبن. ئەگەر لە یادتان بێت، لە کاتی داگیرکردنی عەفریندا، لە هەزاران مزگەوتی تورکیاوە دوعای سەرکەوتنیان بۆ سوپای خۆیان دەکرد. تەنانەت یەکێکیان کە پۆشاکی سەربازیی لەبەر کردبوو، لە نزیک بەرەکانی جەنگ دەیگوت: "بەزەییتان بە مار و مێروودا بێتەوە، بەڵام بەزەییتان بە کورددا نەیەتەوە." لەلای عەرەبیشەوە، وەزیری ئەوقافی سووریا فەتوای جیهادی دەرکرد و ئەو هێرشانەی دژی کورد بە "فتوحات" ناودەبرد.
لەملاشەوە، "یەکێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمانان" کە سەرۆکەکەی قەرەزاوییە و فەرمانی قەتەر و ئەردۆغان جێبەجێ دەکات، بەیاننامەیەکی ڕسوایانەی دەرکرد کە تەنیا ئیدانەیەکی لاوازی تێدا بوو، بەڵام هیچ هەڵوێستێکی کرداریی نەبوو. بەمەش ڕیسواییەکی گەورەیان بۆ خۆیان تۆمار کرد. هەزاران بەناو عالِمی ئیسلامیی عەرەب هەن، یەکێکیان ویژدانی نەبزووت و دژی ئەو فەتوایە قسەیەکی هەبێت. یەکێکیان نەهاتە دەنگ و بە وەزیری ئەوقاف بڵێت: "بەپێی کام ئایەت و حەدیس فەتوا دژی میللەتێکی مسوڵمان دەردەکەیت؟" کەواتە ئەوانیش هاودەنگن لەگەڵ وەزیری ئەوقافی سووریا. هەر لەم دۆخە دژوارەدا، موفتیی سوننەی عێراق دژی کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ ڕۆژئاوا لە هەندێک پارێزگای عێراق وەستایەوە و لەو بارەیەوە هۆشداریی دا.
شتێکی گرنگ هەیە کە پێویستە مەلا و بانگخواز و مسوڵمانانی کورد بیزانن، ئەویش ئەوەیە کە چ لای دەوڵەتان و چ لای حیزبە ئیسلامییەکان و هەرچی سمبول و ناوەندێکی ئیسلامیی عەرەب و فارس هەیە، کورد بە هەموو چین و توێژەکانییەوە (ئایینی، مەزهەبی، ئایدیۆلۆژی، چەپ، نەتەوەیی، مسوڵمانی مولتەزیم، مەلا و بانگخواز و ئەندامانی حیزبە ئیسلامییەکان و تەنانەت بێباوەڕانیشەوە) بە یەک چاو سەیر دەکرێن، ئەویش دوژمنە و بەس.
ئەم هەڵوێستە نوێیەی ژمارەیەکی زۆر لە مەلا و بانگخوازانی کوردستان، کە لە ڕێگەی مینبەر و سۆشیال میدیاوە دەریانبڕیوە بەرانبەر مەزڵوومییەتی نەتەوەکەیان، وەرچەرخانێکی مەزنە و بەرز دەینرخێنم. بەو هەڵوێستە پڕ جوامێرییەتان سەلماندتان کە ئێوە بەشێکی دانەبڕاون لە خەڵکی کوردستان. هەرگیز ڕێگە مەدەن مەلای عەرەب و فارس بە ناوی ئاینەوە بمانچەوسێننەوە و کەرامەتمان پێ بشکێنن و بە کەممان بزانن.
لەپاڵ ئیماندارییەکەتاندا، نەتەوە ستەملێکراوەکەی خۆتان لە یاد مەکەن و خاوەندارێتیی لێ بکەن.
ڕاستە هێشتا هەندێک مەلا خۆیان لە بەرەی دوژمندا دەبیننەوە، بەڵام ئەوانە کەمینەن و لەلایەن خەڵکەوە نەفرەتیان لێ دەکرێت.
دەستان خۆش بێت، ئەم هەڵوێستە جوامێرانەتان پیرۆز بێت.