دامەزراوەکانی بەتورککردن و ئاسمیلەکردن لە چاوی ئەو منداڵە هەتیوانەی ئەرمەنەوە کە هەڵهاتن و دەربازبوون 

لێکۆڵینەوەی: پرۆفیسۆر  د.ڕوبینا پێرومیان 

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

فرۆشتن لە بازاڕی کۆیلەدا - 

بەشی سێیەم 

بازاڕەکانی کۆیلە هەمیشە شانۆیەکی ئەزموونی ئازار و ئەشکەنجەدان بوون بۆ ئەو کچ و کوڕانەی کە بەم شێوەیە زەلیلکەر و نامرۆڤانە نمایش دەکران. ئاورۆرا ماردیگانیان تیرۆری خۆی لە ماڵی بەکران ئاغای کۆیلەفرۆشی بەدناوی موش بیر دەکەوێتەوە. "دە هەزار کچی ئەرمەنی، کچە ناسک و هەڵبژاردەکانی ماڵە مەسیحییەکان، کچانی زانکۆ و کۆڵێجەکان، مامۆستایانی گەنجی قوتابخانە، کچی ماڵە دەوڵەمەند و هەژارەکان، ئەزموونی هەمان هەستی تۆقین و تێرۆریان دەکرد کە ئەو ڕۆژە بەسەرمندا هات کاتێ تێگەیشتم کە لە ماڵی ئەم کۆیلەفرۆشە بەدناوەدا دیلم". ئەوجا باسی ئەم پرۆسە قێزەونە و ئەو کچە کڵۆڵ و چارە ڕەشانە دەکات کە تووشی بوون. بازاڕ پڕ بوو لەم کاڵا بازرگانییە، بۆیە نرخ هێجگار هەرزان و کەم بوو. ئەرشالویس بە یەک مەجیدی (نزیکەی ٨٥ سەنت) کڕدرا و بردیانە ئەو ماڵەی کە جەودەت بەگی والیی وان، کە دواتر بوو بە فەرماندەی سوپای تورکیا کە دژی ڕووسەکان کاری دەکرد.

هریپسیمێ زینیان (عەجەمیان)ی تەمەن هەشت ساڵان، وەک پێشتر باسمانکرد، لە نێو ئەو کۆمەڵە منداڵەدا بوو کە لە کەمپی ئاوارەکانی دێرەزور لە دایکیان جیاکرابوونەوە، ئەو باس لەوە دەکات کە ئەو منداڵانەی لە دۆڵێکی ئەو  نزیکانەدا کۆکرابوونەوە، هاواریان دەکرد و دەگریان. ئەو شەوە منداڵەکانیان بە بێ نان و ئاو هێشتەوە و خەریکبوو لە تینواندادەخنکان،دنیا تاریک بوو،چەم و جۆگە ئاوێکیان دۆزییەوە و بە هەڵاداوان کەوتنە سەری و تا توانییان لێیان  خواردەوە.  بۆ بەیانیەکەی بە ترسەوە دەموچاوی یەکتریان بینی کە پەڵە پەڵە خوێنی پێوەبوو. تومەز ئەم جۆگەیە خوێناوی خزم و کەسوکارە کوژراوەکەی خۆیان بووە کە لێیان خواردووەتەوە.دواجار منداڵەکان بۆ دوور بران و فرۆشرانە بەدووەکان. ناوی هریپسیمێ گۆڕدرا بۆ حەمدیە و دەموچاو و قۆڵەکانی خاڵکوت (تاتۆ) کرابوو، وەک هەموو ژنانی خێڵە بەدووەکان ولەو ماڵە عەرەبەدا ژیاوە تا لە ساڵی ١٩١٩دا لەلایەن ئاردرانیک و هێزەکەیەوە ڕزگارکرا.16

دەستدرێژیکردن - دەستدرێژیکردنە سەر کچان و ژنانی گەنج و پیر و تەنانەت کوڕانیش بەربڵاو بوو. بەگوێرەی دادریان، لە هەندێک ناوچەدا "کەنیسەکانی ئەرمەنی وەک سۆزانیخانەی کاتی بەکاردەهێنران".17

هێنری مۆرگنتاو بەبێ بەکارهێنانی ئەم وشەیەش دەستدرێژیی سێکسیی بەربڵاودەسەلمێنێت و دەڵێت: "لە پشتەوە سوپایەکی بچووکی کچان بەجێماوە کە وەک کۆیلە فرۆشرابوون - کە زۆرجار لە بەرانبەر یەک مەجیدی، یان نزیکەی هەشتا سەنتدا- و کە دوای خزمەتکردنی مەبەستە دڕندەکانی کڕیارەکانیان، ناچار بوون ژیانی لەشفرۆشی بەڕێوەببەن"18. کەرۆپ بێدوکیان، ئەو کوڕە تەمەن نۆ ساڵەی خەڵکی سیڤاز بە ڕێگای ڕاگواستنیانەوە، ئەو هێدمە و شۆکە ترسناکەی بیر دێتەوە کە تووشی بوو کاتێبە چاوی خۆی ئەو ئەتککردنە قێزەونەی بینی کە لەلایەن شەش کوڕی تورکەوە دژ بە کچێکی جوان ئەنجامدرا. ئەوان جلەکانی دڕاند و دەستدرێژییان کردە سەری و ئەوجا فەرمانیان پێکرد هەستێت و بە ڕووتی سەما بکات، دواجاریش بینی کە چۆن بە ترس و تۆقینەوە بەرەو ڕووبارەکە (فورات) ڕایکرد و خۆی خنکاند.١٩

دیرۆهی کۆیمجیان هایگاس بە نووسینی چیرۆکی ژیانی بە ئەرکی خۆی دەزانێت قسە بۆ هەزاران کچ و ژنی ئەرمەنی بکات کە "بۆ هەمیشە لەلایەن دەستدرێژکارانی تورکەوە تێکشکان و وێران بوون".٢٠

ئێستەر/ گێزیر خەدیجەی دایکی مارگرێت ئانهێرست عەجەمیان، ژیانێکی نوێی لە ئەمریکا دەستپێکردبوو بەڵام بە ئازاری یادەوەریی ئەزموونە تاڵ و ترسناکەکەیەوە دەژیا: "تەنها شتێک کە لەگەڵ خۆم هێنابووم بۆ ئەمریکا یادەوەریم بوو -ئەو شتەی کە بەتوندی دەمویست لە دوای خۆمەوە بەجێیبهێڵم"٢١. ئەو تەنانەت پێش ئەوەی چیرۆک و بەسەرهاتەکەی بۆ کچەکەی بگێڕێتەوە، بە بێمەبەست کاریگەریی ئەو ئەزموونە ترسناکەی بۆ گواستەوە. مارگرێت بە دەم ترسی تورکەکان و خراپە و شەڕخوازیی سێبەرێکی بەدقوومەوە گەورە بوو کە بەسەر ماڵەکەیاندا دەسووڕایەوە. ئێستەر لە تەمەنی ٩٨ ساڵیدا بڕیاریدا چیرۆک و بەسەرهاتەکەی بگێڕێتەوە، "هەر کاتێ من مردم، ڕاستی لەگەڵمدا دەمرێت. دەبێت تۆ و منداڵەکانت بزانن من چیم بەسەرهاتووە و بە چیدا تێپەڕیوم". ئێستەر و خێزانەکەی لە ئەماسیاوە کەوتنەڕێ و ئەو کاتە تەمەنی سێزدە ساڵ بوو. ئەم خێزانە خۆیان ڕادەستی  ستەم و مەینەتیی درێژایی ڕێگەی ڕاگواستن کرد و تا دەهات لێیان کەم دەبووەوە، تا لە دواجاردا ئێستەر خۆی بە تەنها مایەوە، نەخۆش و لەڕ و لاواز خەریکبوو لەبرسا بمرێت. ژنێکی ئەرمەنی بەتورککراو ڕزگاری کرد و خستیە ژێر بەزەیی و چاودێریی خۆیەوە. بەڵام دواتر دایە دەست ژن و مێردێکی بەساڵاچووی بێ منداڵی تورکەوە. لەو ماڵە تورکەدا ناوی گۆڕدرا بۆ گێزیر خەدیجە و وەک کچێکی ماڵەکە مامەڵەی لەگەڵدا کرا بەڵام لەلایەن یوسف بەگی "باوکیەوە"، کە ئەفسەرێکی سەربازیی خانەنشینکراو بوو دەستدرێژیی سێکسیی کرایە سەر. بەڵام گاڵتەجاڕییە ترسناکەکە ئەوەبوو کە هانمی هاوسەری یوسف بەگ، بەڵێنی دابوو وەک ئەو کچەی کە هەرگیز نەیبوومامەڵەی لەگەڵ بکات و ئاگاداری بێت، کەچی "منی وەک سۆزانییەک بۆ هاوسەرەکەی بەکاردەهێنا". ئێستەر ڕایکرد بۆ خانەیەکی هەتیوان کە هەموو هەفتەیەک تورک و کوردەکانی دەوروبەری دەهاتن بۆ ئەوەی یارمەتیدەرێک، منداڵێک، یان هاوسەرێکیان دەستبکەوێت. لەوێ گەنجێکی تورک ئێستەری هەڵبژارد و وەک ژنی خۆی بردیەوە بۆ ماڵەکەی، بەڵام دوای ئەوەی کە زانی پەردەی کچێنیی نەماوە، بە بەردەوامی لێی دەدا و جنێوی بە ئایینەکەی دەدا، "دینینی سیکترdinini siktir"، واتە هەی بێدین. ئەو بەردەوام بەرگەی لێدان و جنێودان و سووکایەتیکردن بە ئایینەکەی و باوباپیرانی  و بەو هیوا و ئیرادەیەی کە ڕۆژێک هەر دێت بەرەو ئازادی هەڵبێت، بەرگەی گرت. ئێستەر لەو ماڵەدا تەنها کەنیزەک و کۆیلەی سێکس بوو، بەڵام خۆشبەختانە منداڵی نەبوو. لەو کاتەشەوەکە تووشی هێدمە و شۆکە ترسناکەکانی ڕێپێوانی مورگ بوو، لە سووڕی مانگانە کەوت. بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو ستەمکاری و دڕندەییانەی بەرانبەری ئەنجامدرا، ددان بەوەدا دەنێت کە ئەو پیاوە دڵڕەق و دڕندەیەی خۆشویستووە. ئاخۆ لێکدانەوەیەکی دەروونیی هەیە بۆ ئەم جۆرە پەیوەندییە، کە لە ناو ژنانی فڕێنراوی سەردەمی جینۆسایددا شتێکی نامۆ نەبووە؟

ئێستەر بە خراپ مامەڵەکردن و لێدان و دەستدرێژیی سێکسی، ژیانی خۆی لەو ماڵەدا بۆ ماوەی سێ ساڵ ڕاکێشا تا دەرفەتێکی بۆ هەڵهاتن بۆ شوێنی لەدایکبوونی دۆزییەوە. بەڵام کاتێ لە کۆتاییدا هەڵهات و گەڕایەوە بۆ شارەکەی خۆی، لەلایەن ئەو ئەرمەنانەی کە بووبوون بە موسڵمان و خۆیان لە ڕاگواستن بەدوورگرتبوو و دەیانویست ساڵانی سەخت و تاریکی لەبیر بکەن، تووشی سەرکۆنە و سووکایەتی پێکردن هات. "مۆرتسیرMortseer(لەبیرکردن!) بوو بەو وشەیەی کە هەموویان بەکاریاندەهێنا". ئێستەر گاڵتە و سووکایەتیی زۆری پێکرا چونکە "کەوتبووە ناو 'بۆیاخی ڕەش'ەوە [کە توانج و ناتۆرەیەکی ئەرمەنییە بۆ کەسێک کە لەگەڵ دوژمندا خەوتبێت] و جارێکی تر هەرگیز پاک نابێتەوە". دواجار لەلایەن خێزانێکی ئەرمەنییەوە داڵدەدرا و بردیانە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

لە سەرەتای ژیاننامەکەیدا کە لەلایەن مای ئێم دەرداریانەوە نووسراوە22 ڤێرگین بۆ جیهانی ڕایدەگەیەنێت، "من لەوێ بووم! شایەتحاڵ بووم! قوربانی بووم!"، ئەوەی کە بینیم و بەسەرم هات و بەرگەم گرت، لە خەیاڵبەدەرە. ڤێرگین خوێنەر دەباتە مەیدانەکانی کوشتن بۆ گوێگرتن لە هاواری ئازار و پاڕانەوە بۆ بەزەیی و بانگەوازی بێدەسەڵات کە "ئەڵڵا نێردەهسەنAllahnerdehseen؟" (خوایە تۆ لە کوێی؟). ڤێرجین بێتاوانی خۆی و ڕۆحی خۆی و باوەڕەکەی لەدەستدا بەهۆی دڕندەییەکانەوە: "باوەڕم بە ئایین نەما، لەو کاتەوەی لە دەستی دەستگیرکەرە عەرەبەکانم هەڵهاتوومنە نوێژم کردووە و نە چوومەتە کەنیسە و لەو کاتەوە بەردەوام ڕقم لە نوێژە".

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا