سامی ئەلمالح

دوابەدوای ڕوونبوونەوەی سیاسەتەکانی ترەمپ، کە لە لێدوان و وتارەکانی چەندبارەیان دەکاتەوە، وەک لە دوایین جار لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی داڤۆس پێداگری لەسەردا کرد، سیاسەتەمەدارانی کەنەدا و یەکێتی ئەوروپا هەر بە کاردانەوە و ناڕازیدەڕبڕین نەوستان و کەوتنە جموجۆڵ ودەستپێشخەری نائاسایی. ئەم دەستپێشخەرییانە ئامانجی ئاشکرایان لە کەمکردنەوەی پشتبەستنی ئابووری و ئەمنی بە ئەمریکا و گرنگیدان بە سەربەخۆیی و گەیشتن بە بەرژەوەندییە ستراتیژییە هاوبەشەکانە، چڕ دەکرێتەوە.

هەرچەندە سەرکردەکانی کەنەدا و یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا جەخت لەسەر پابەندبوونیان بە پاراستنی پەیوەندییە مێژووییەکان لەگەڵ ئەمریکا دەکەنەوە، خوازیاریش نین ئیستفزازی سەرۆک ترامپ بکەن، بەڵام کەوتوونەتە جووڵە و ڕوویانکردە  بەدیلەکان و  پەیوەندیی هەمەچەشنیان لەگەڵ ڕۆژهەڵاتدا پەرە پێدەدەن، بەتایبەتی لەگەڵ هیندستان و چیندا.

یەکێتیی ئەورووپا بە سەرکردایەتی ئورسولا ڤۆن دێر لایین، ئەو ڕێکەوتنە بازرگانییانەی کە لە ساڵی ٢٠٢٣ لەگەڵ هیندستان کە بڕی نزیکەی سەد ملیار دۆلار واژۆیان کردبوو، پەرەپێداوە و فراوانتر کردووە. ئەم فراوانکردنە بریتی بوو لە واژۆکردنی گەورەترین ڕێککەوتنی بازرگانی ئازاد تا ئێستا، بە ئامانجی قووڵکردنەوەی پەیوەندییە ئابووری و ستراتیژییەکان. ئەم ڕێککەوتنە کە بە "دایکی هەموو ڕێککەوتنەکان" ناوزەد کراوە، 25%ی بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی و یەک لەسەر سێی بازرگانی جیهانی پێکدەهێنێت. هەوڵیشدەدات باج لەسەر چەندین کاڵا و پیشەسازی و خزمەتگوزاری کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا نەهێڵێت. ڕێکەوتنەکان کاریگەرییان لەسەر ژیانی نزیکەی دوو ملیار کەس هەیە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی یەکێتیی ئەورووپا، جگە لەوەش ڕێککەوتنێکی هاوبەشی ئەمنی و بەرگری لەگەڵ هیندستان بۆ کاردانەوە و ڕووبەڕوو بوونەوەی ژینگەیەکی ستراتیجی کە تادێت ئاڵنگەریەکانی زیاتر دەبێت و بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوولا واژۆکراوە.

پەکین پایتەختی چین، میوانداری مارک کارنی سەرۆک وەزیرانی کەنەدای کرد و پێش ئەویش ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا. لە ٢٩ی ئەم مانگەدا پێشوازی لە کییر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کرد، بڕیاریشە بەم نزیکانە فریدریش مێرتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا سەردانی بکات. ئەم سەردانانە جگە لە ناردنی پەیامێکی ڕوونە بۆ ئەمریکا کە ئەگەر و بەدیل هەیە بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، هەروەها دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییە بازرگانی و ئابووری و ئەمنییەکاندایە. ئەو هاوکارییانە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی ستراتیژیین کە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەش دەکەن. جەختیش لەسەر کۆتاییهێنان بەو چەقبەستووییەی پەیوەندیەکانە و هەوڵێکە بۆ تێپەڕاندنی پرسەکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ و سیخوڕی.

بەگشتی چین، وێڕای چاودێریکردنی پەرەسەندنی گرژییەکان و پەرەسەندنی بێمتمانەیی نێوان ئەمریکا و هاوبەشەکانی لە ئەوروپا، ئەمریکای باکوور و ئەمریکای باشوور، ژیرانە جەخت لەسەر پشتیوانی خۆی بۆ پەیوەندییە دادپەروەرەکان دەکاتەوە کە لەسەر بنەماکانی هاوکاری و تەحەدا و کێبڕکێ بنیات نراوە، بە ئامانجی ستراتیژیی چارەنووسساز کە بریتییە لە: گفتوگۆ و گەیشتن بە ئاشتی جیهانی.

یەکێتیی ئەورووپا وەک کایا کالاس لێپرسی سیاسەتی دەرەوە جەختی کردەوە، بەرەو دروستکردنی "سوپایەکی یەکگرتوو" هەنگاو دەنێت کە توانای بەرگریی سەربەخۆی یەکێتییەکە لە خۆپاراستن و نەهێشتنی پشتبەستنی بە ئەمریکا و سەرکردایەتیکردنی ناتۆ. بۆ ئەم مەبەستەش وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا ڕێککەوتوون کە بودجە و خەرجییەکانیان بۆ پیشەسازییە ئەمنی و بەرگری و سەربازییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکەن. خەرجییەکان لە ساڵی ٢٠٢٥دا گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی کە نزیکەی ٣٨١ ملیار یۆرۆ بووە.

لە کەنەداش بەهەمان شێوە. مارک کارنی سەرۆک وەزیران زۆر ڕوونە لە خستنەڕووی دیدگایەکی نوێ بۆ ئایندەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. دۆزینەوەی بەدیل و دەرفەتی بەرچاو بۆ وەبەرهێنانی بەرفراوان کە ڕێگە بە کەنەدا و یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی دیکە بدات پەیوەندیی هاوکاری و کێبڕکێ لەسەر بنەمای دیالۆگ و ڕێزگرتن لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان دابمەزرێنن، بەبێ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆ، سەپاندنی ئیرادە، یان هەڕەشەکردن لە باڵادەستی ئابووری و سەربازی.

بە دڵنیاییەوە ئەم دەستپێشخەرییانە و ئەم بزووتنەوەیە، لە ماوەی وا کورتدا، لێرەدا ناوەستن. چەندین بابەتی زەق چاوەڕوانن، لە شەڕ و تیرۆرەوە تا ناوچە جێناکۆکەکان، جگە لە ئاڵنگەری گرینگی جیهانی: وەک ژینگە و گەرمبوون و دەردانی گازی ژەهراوی، بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، وزە و زیرەکی دەستکرد، کە دیارە دەبێتە جێگای زیاتر گرنگیدان و کردار و دەستپێشخەری و هاوکاری نێودەوڵەتی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان. وەک ئەوەی لە چالاکی و پێداگری سەرکردەکانی ئەوروپا و کەنەدا لەم وەرچەرخانەدا بەدی دەکرێ، هیچ بوارێک بۆ دوودڵی، پاشەکشە، مانەوە بە وابەستەیی، ملکەچبوون بۆ مەرجی بەهێزەکان، یان دەستبەرداربوون لە سەڕوەری و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان نییە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا