
حزبی شیوعی و پەیەدە، جەختی لەسەر دەکەنەوە ،پەلامارەکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سوریا بۆ سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود مەترسیدارە و هەڕەشەی لە سەر ژیانی هاووڵاتیان دروستکردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٧/ ١/ ٢٠٢٦ شاندێکی نوێنەرایەتی پەیەدە لە باشور سەردانی بارەگای مهکتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستانیان کرد .
شاندەکە پێکهاتبوو لە د. جاویدان کمال ئەندامی ئەنجومەنی گشتی پەیەدە و نوێنەری باشور، بێریڤان محهمهد ئەندامی ئەنجومەنی گشتی و بەرپرسی ژنان لە باشور .
لەلایەن هاورێیان باباعهلی جەباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی ناوەندی و هاژە شێخ سڵێمان و ئومێد محەمەد ئەندامانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی ناوەندی پێشوازییان لێکرا.
لە دیدارێکی دۆستانەدا، باس لە بارودۆخی سیاسی لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکە و عێراق و کوردستان بەگشتی و گرژی و ئاڵۆزیەکانی هەردوو گەرەکی شێخ مقسود و ئەشرفیەو هێرش و پەلامارەکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سوریا بە تایبەتی کرا، کە لەلایەن هێزەکانی سوریا گەمارۆدراون و بۆردومانی چڕی هاووڵاتیان دەکات و هەڕەشەی بۆ سەر ژیانیان دروستکردووە.
د. جاویدان پێشنیاری کرد کە لایەنەکانی باشور لەسەر ئەم بابەتە قسەیان هەبێت بۆ پشتگیری کردنی ڕۆژئاوا بە هەر جۆرێک بێت، وەک کۆنگرەی رۆژنامەوانی بێت یان بەستنی کۆنفرانس بێت.
هەروەها باسی لەوەکرد کە باشە لەم بارودۆخەدا کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان پشتگیری بکرێت و چالاک بکرێتەوە لە لایەن لایەنە سیاسیەکان بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ هەر گۆرانکاریەک لە ناوچەکە.
لەکۆتاییدا زۆر سوپاس حزبی شیوعی كوردستانی کرد کە هەمیشە هاوکار بووە بۆ رۆژئاوا.
لای خۆیەوە هاوڕێ بابا علی ڕایگەیاند حزبی شیوعی ، پشتیوانی لە هەر هەوڵ و هەنگاوێک دەکات بۆ ڕێگریکردن لە ئاڵۆزیەکانی ڕۆژئاواو کۆتایهێنان بە لەشکرکێشی بۆ سەر گەڕەکە کوردیەکانی حەڵەب و یەکڕیزی و یەک دەنگی کوردستانیشی لەم قۆناغە بەگرنگ زانی.
