ستار ئەحمەد

 

​لەنێوان لاپەڕەکانی مێژوودا، هیچ کاتێک وەک ئەمڕۆ وێنەکان تەڵخ و ئاڵۆز نەبوون و ململانێی نێوان حەق و باتڵ بەم شێوەیە تێکەڵ نەکراوە. مرۆڤ کاتێک بە وردی سەیری واقیعی سیاسیی ناوچەکە و کردارە وێرانکەرەکانی ئەحمەد شەڕع (جۆلانی) دەکات، تووشی شۆک دەبێت؛ چۆن دەکرێت کەسێک کە بانگەشەی ئیمان دەکات، بگاتە ئاستێک کە "ژەهری هاوپەیمانی" لەگەڵ یەهود و سەهیۆنیزم تێکەڵی خوێنی بڕوا بکات و لە هەمان کاتدا ببێتە جەلادی سەرسەختی برا کوردە موسڵمانەکانی خۆی؟ ئەمە ئەو لادانە گەورەیەیە کە نە عەقڵ و نە شەرع قبوڵی ناکەن؛ چۆن دەبێت مرۆڤێک ببێتە دۆستی دڵسۆزی ئەوانەی قورئان بە "بکوژی پێغەمبەران" ناویان دەبات، بەڵام بەرامبەر بە ژن و منداڵی کورد کە هاودین و هاوقیبلەی خۆین، سنگت پڕ بێت لە ڕق و کینە، ماڵیان وێران بکەیت و دەربەدەریان بکەیت؟ نەتەوەی کورد کە مێژوویەکی پڕ لە قوربانی و ئیمانی هەیە، بۆچی دەبێت لەلایەن کەسێکی وەک شەڕعەوە بکرێتە ئامانج و خوێنی بڕژێنرێت، لە کاتێکدا خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا ڕێڕەوی ئەم پەیوەندییەی دیاری کردووە و دەفەرموێت: 《إِنَّمَا الْمُۆْمِنُونَ إِخْۆەٌ》. هەر ململانێیەک و دوژمنایەتییەک بەرامبەر بە کورد، لادانە لەم دەقە ڕەهایە، بەتایبەت کاتێک ئەم دوژمنایەتییە تەنها بۆ ڕازیبوونی دڵی بێبڕوایان و داگیرکەرانی قودس بێت.

​لەلایەکی تری ئەم هاوکێشە پڕ لە خیانەتەدا، پیلانگێڕییەکانی سەهیۆنیزم دەبینین؛ ئەو لایەنەی کە قورئانی پیرۆز بە ڕاشکاوی باسی سەرکێشییەکانیان دەکات و وەک سەختترین دوژمن دەیناسێنێت و دەفەرموێت: 《ڵتَجِدَنَّ أَشَدَّ النَّاسِ عَدَاۆەً لِّلَّژِینَ ێ‌مَنُوا الْێهُودَ ۆالَّژِینَ أَشْرَكُوا》. کاتێک خودا دەفەرموێت ئەوان "سەختترین دوژمنن"، ئیتر چ جۆرە عەقڵێک ڕێگە دەدات ئەحمەد شەڕع دەست لەناو دەستیاندا دابنێت و زەوی سووریا پێشکەش بەوان بکات، بەڵام لە بەرامبەردا خاکی کوردان بکاتە گۆڕەپانی تۆقاندن، وێرانی و ئاوارەکردن؟

"...ئەم دۆستایەتییە (دۆستایەتیی ئەحمەد شەڕع و یەهود) تەنها تاوانێکی سیاسی نییە ،بەڵکوو تاوانێکی گەورەی شەرعییە کە بنەمای «دۆستایەتی و بێبەریبوون»

تێکدەشکێنێت. خوای گەورە بە ڕاشکاوی هەڕەشە لەوانە دەکات کە دۆستایەتی بێبڕوایان دەکەن و دەفەرموێت: 《ۆمَن ێتَۆلَّهُم مِّنكُمْ فَإِنَّهُ مِنْهُمْ》. ئایا ئەمە بەس نییە بۆ ئەوەی بزانین ئەحمەد شەڕع کە دۆستایەتی یەهود دەکات و لە بەرامبەردا دەبێتە دوژمنی ژن و منداڵی کورد، لە ڕاستیدا لە بازنەی ئیمان چووەتە دەرەوە و بووەتە یەکێک لەوان؟

​ئەحمەد شەڕع و گرووپەکەی، کورد تەنها وەک ئامرازێک و سووتەمەنییەک بۆ جەنگەکانی خۆیان بەکاردێنن و کاتێک بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ بێگانە یەکدەگرێتەوە، بەبێ دوودڵی خێزانە کوردەکان بێسەروشوێن دەکەن و لە زێدی باوباپیرانیان دەریان دەپەڕێنن. چۆن ویژدانی مرۆڤێکی بڕوادار قبوڵی دەکات لەگەڵ بکوژانی منداڵانی فەلەستین لە یەک مێزدا دابنیشێت، بەڵام بەرامبەر برایەکی کوردی خۆی کە لەسەر هەمان ئایینە و پێکەوە بەرەو یەک مزگەوت دەچن، چەکی غەدر و خیانەت هەڵبگرێت؟ ئەمە لوتکەی سەرلێشێواوی و دۆڕانی ئاکارییە. پێویستە هەمووان بزانن کە شکۆی ڕاستەقینە تەنها لە پاراستنی خوێنی هاودینەکاندایە، نەک لە هاوپەیمانییەتییەکی شەرمەزارانە لەگەڵ ئەوانەی کە دوژمنی خودا و مرۆڤایەتین. هەر کەسێک وەک ئەحمەد شەڕع شکۆی خۆی بە دوژمنانی ئایینەکەی بفرۆشێت و دەستی بچێتە خوێنی ژن و منداڵی کورد، خوای گەورە لە دونیا و قیامەتدا سەرشۆڕی دەکات. ڕێگەی ڕزگاری تەنها لە یەکڕیزیی ئیمانداران و بێبەریبوونە لەوانەی کە خاکی موسڵمانان هەراج دەکەن و براکانی خۆیان دەربەدەر و ماڵوێران دەکەن.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا