لە کاتێکدا گەلانی ئازادیخواز بە ئاواتی ساڵێکی ئارام و ئاشتییەکی جیهانییەوە پێشوازییان لە ساڵی نوێ دەکرد، ترەمپ و ئیدارەکەی بە هێرشکردنە سەر گەلی ڤەنزوێلا و بەزاندنی سەروەریی وڵاتەکەیان، جارێکی تر ئاشتیی جیهانی و مافی نەتەوەیی ئەو وڵاتەیان پێشێل کرد.

دۆناڵد ترەمپ بە ڕوونی ئەوەی سەلماند کە هەوڵ دەدات بۆ بەردەوامیدان بە ڕێبازی مێژوویی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سپاندنی هەژموونی جیهانی و گواستنەوەی جوگرافیای شەڕ؛ ئەمە کردەوەیەکی دوژمنکاریی سەربازییە دژی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە شایانی توندترین سەرکۆنەکردنە؛ چونکە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەرجەم پرەنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتییە.

نیازە سەرەکییەکانی ئەمریکا بۆ لادانی سەرۆکی ڤەنزوێلا، لە چوارچێوەی ستراتیژێکی "ئابووری" و "سیاسیی نێودەوڵەتی"دایە بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی وەک جەمسەرێکی جیهانی. ئەمریکا کە ئێستا توانای گەشە و کێبڕکێی ئابووریی (لە ئاستی جاران) لەدەست داوە، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی مسۆگەرکردنی سەرچاوەکانی وزە و نەوت، ئەو هاوسەنگییە لارەی لە ئاست جەمسەرە ڕکابەرەکانی تری جیهاندا هەیەتی، ڕاستی بکاتەوە.

ئەم هێرشە سەربازییە، گەڕانەوەیە بۆ میتۆدی "سیاسەتی واقیعی سەپێنراو" کە ئەمریکا لەگەڵ کاندیدکردنەوەی ترەمپ سەرلەنوێ کاری پێ دەکاتەوە؛ بەڵام لە قۆناغی ئێستادا توندتر لە جاران و لە ڕێگەی پێشکەوتنی بێوێنەی تەکنەلۆژیای سەربازی و سیخوڕیی مەیدانییەوە ئەنجامی دەدات. پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، نەک تەنیا لەلایەن ئەمریکاوە، بەڵکو لەلایەن جەمسەرەکانی تریشەوە، لە ئێستادا کراوەتە ڕێگەیەک بۆ مسۆگەرکردنی بەرژەوەندیی جیۆپۆلیتیکی و سەپاندنی هاوکێشەی تازە بەسەر جیهاندا. ئەوەی لە ئەمریکای لاتین ڕوو دەدات، لەمساڵ و ساڵانی داهاتوودا لە وڵاتانی تری ئەو ناوچەیەش دووبارە دەبێتەوە کە بەرهەڵستکاری تەماحەکانی ئەمریکان، بەتایبەتی ئەو نەتەوە و دەوڵەتانەی لە ڕووی سەربازییەوە بێهێزن.

مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان

٣ی ١ی ٢٠٢٦

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا