
بۆ پشتگیریکردن لە خۆڕاگریی کوردانی حەڵەب لە گەڕەکەکانی (شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە) و ئیدانەکردنی هێرش و تاوانەکانی گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بە حکومەتی سوریا دژ بە خەڵکی ئەم دوو گەڕەکە کوردنشینە.
لەسەر بانگەوازی مەڵبەندی هەولێری حزبی شیوعی کوردستان دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی ٩-١-٢٠٢٦ خۆپێشاندان و گردبوونەوەیەکی جەماوەریی لەبەردەم بارەگای مەڵبەند، بە بەشداری دەیان هەزار کەس لە سەرجەم چین و توێژەکان، کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان، ڕێکخرا.
سەرەتای گردبوونەوەکە بە وتنەوەی دروشمی پشتیوانی بۆ بەرخودانی خەڵکی گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود دەستی پێکرد، پاشان وتاری مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان لەلایەن ڕێباز هاشم سکرتێری مەڵبەندی هەولێری حزبی شیوعی کوردستان خوێنرایەوە، جەخت لەسەر پێویستی پشتیوانی لە ڕۆژئاوا و خەباتی هەموو بەشەکانی کوردستان کرایەوە.
لە هەمانکاتدا لە خۆپێشاندانی هەولێر پشتیوانی لە خەڵکی راپەڕیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرا.
سروودێکی هونەرمەندی شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکری لەگزی و تێکستی شیعری ناسری حیسامی کە بۆ بەرخودانی حەڵەب تۆمارکرابوو پەخشکرا و هەروەها شیعرێکی شاعیر قوبادی جەلیزادە بۆ خۆڕاگریی کوردانی حەڵەب خوێنرایەوە.
پاشان ئاپۆرای جەماوەر ڕوویان لە شەقامی شەست مەتری کرد و بووە گۆڕەپانی گردبوونەوەی دەیان هەزار کەس لە کوردستانییان.
خۆپێشاندەرانی هەولێر داوای پاراستنی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانیان لە جینۆساید کرد و ئیدانەی بێدەنگی جیهان لە بەرامبەر هێرشەکانی سەر کوردانی حەڵەبیان کرد.
شایانی باسە خۆپێشاندانی جەماوەریی هەولێر تەنها لەژێر ئاڵای کوردستان بەڕێوەچوو.
خۆپێشاندان بە دروشمی نەتەوەیی و مرۆیی هەتا ئێوارەیەکی درەنگ بەڕێوەچوو.
لە کۆتاییدا مەڵبەندی هەولێری حزبی شیوعی کوردستان سوپاسی جەماوەری کرد کە بە گەرمی و حەماسەوە بەرەو پیری بانگەوازەکەی هاتن و بەشدارییان لە خۆپێشاندان کرد.





