
دوای تێپەڕبووونیی نزیکەی ساڵێک و دوو مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ، هێشتا پەرلەمان پەکخراوەو حکومەتی نوێش پێکهنەهاتووەو پێش ناچێت بەم نزیکانە پێکبهێنرێت.
لەماوەی ئەم ماوە دوورو درێژەی دوای هەڵبژاردن ، پارتی ویەکێتی وەک براوەی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنی 20/10/2024 ی پەرلەمانی کوردستان ، چەند کۆبونەوەیەکیان بۆ گەیشتن بەڕێکەوتن لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ ئەنجامداوە،بەڵام لە کۆبونەوەو دانوستانەکانی نێوان هەردوو حزبەکەدا، پۆست و دەسکەوتی حزبی خراوەتە سەرو بەرژەوەندیە باڵا نشتیمانیەکانەوە.
ئەمڕۆ جارێکی تر هەردوو حزبەکە کۆبونەوە، بەڵام بەپێی زانیاریەکان كۆبوونەوەكەی نێوانیان هیچ بەرەو پێشچونێكی نوێی بەخۆوە نەبینیوەو هیچ جۆرە رێككەوتنێك لەسەر پۆست و پرسەكان نەکراوەو كۆبوونەوەكەیان گەڕانەوەبووە بۆ خاڵی سەرەتا، بۆیە ماوەی کۆبونەوەکە تەنها 20خولەک بووەو کۆتایی پێهاتووە.
هەر بەپێی زانیاریەکان شاندی یەکێتی داوای لە شاندی پارتی کردووە، کە گفتوگۆكان لەو شوێنەوە دەستپێدەكەنەوە كە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق راگیرا، بەڵام شاندی پارتی بە شاندی یەكێتیان راگەیاندووە، کە ناگەڕێنەوە بۆ پێش گفتو گۆکانی پێش هەڵبژاردن، چونکە هەڵبژاردنەکان گۆڕانکارییان دروستکردووە، بۆیە دەبێت بە جۆرێکی تر گفتوگۆکان دەستپێبكەینەوە، دوای ئەم وەڵامەی شاندی پارتی، شاندی یەکێتی کۆتایی بە کۆبونەوەکە هێناوەو هیچ وادەیەکیشیان بۆ کۆبونەوەی داهاتوو دیاری نەکردووە.